(کۆنگره‌ی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد) و بێبه‌شکردنی نان خواردنی ئینسانێک

  

ده‌وه‌ن


 

(ئه‌وه‌ی به‌یه‌کسانی نان له‌ناو منداڵه‌کانیدا دابه‌ش ناکات گه‌وره‌ی ماڵ نییه‌)
کازانتزاکیس

بۆ به‌ڕێزان : مه‌لا به‌ختیار (ووته‌بێژی مه‌کته‌بی سیاسی ی.ن.ک) و نوێنه‌ری سه‌رۆک کۆماری عێراق.
فه‌له‌که‌دین کاکه‌ی( نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود به‌رزانی)
سه‌رۆکی یه‌کێتی نوسه‌رانی کورد.
ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی کورد.

ڕۆژی پێنج شه‌ممه،‌سه‌عات(11)ی سه‌ر له‌به‌یانی،له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی،هه‌شته‌مین کۆنگره‌ی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد،ده‌ستی پێکرد و منیش وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین و خاوه‌ن قه‌ڵه‌می به‌ره‌ی گه‌له‌که‌م و دڵسۆزی زمانی کورد،وه‌ک هه‌موو میوانێکی ئاسایی به‌شداریم کرد و پێم خۆش بوو،که‌ له‌ دوایی بێده‌نگی هه‌ژده‌ ساڵ،به‌سه‌ر نه‌به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌کێتی نووسه‌راندا،به‌شداری بکه‌م و گوێڕایه‌ڵی هاوڕێیان و نووسه‌رانی کورد بم،له‌ ئاست ئه‌م نوێ بوونه‌وه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ نووسه‌رانی کورد و خوێنه‌رانی کورد.سه‌ره‌تا نوێنه‌ری سه‌رۆکی کۆماری عێراق ووتارێکی پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوون کرد و نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم ووتاری خۆی خوێنده‌وه ‌و وه‌زیری ڕۆشنبیری و پارێزگاری سلێمانی ووتاری خۆیان پێشکه‌ش کرد و هه‌ر هه‌موومان بانگهێشت کراین بۆ ئوتێل ئاشتی بۆ نانخواردنی نێوه‌ڕۆ،ئێمه‌ش من و به‌رێزان( مه‌حمود زامدار و محه‌مه‌د که‌ساس) هه‌ر سێکمان چوین بۆ ئوتێل ئاشتی بۆ به‌شداری کردنی نانخواردنی نێوه‌ڕۆ که‌ هه‌ر هه‌موو میوانه‌کان،ده‌عوه‌ت کرابوون،به‌ هه‌موو بۆچوون و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌،کاتێک چووینه‌ ئوتێل ئاشتی،بینیمان هه‌ر هه‌موو براده‌ران سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی نانخواردنی نیوه‌ڕۆ بوون،ئێمه‌ش چووینه‌ ڕیزه‌وه‌و ڕاسته‌ڕێ تووشی نووسه‌ری ژن (مه‌هاباد قه‌ره‌داغی)بووین،دوایی چاک و چۆنی و هه‌واڵ پرسین،پێیان ووتین ئه‌رێ ئێوه‌ کارتی نانخواردنتان پێیه‌ ؟ ئێمه‌ش ووتمان نه‌خێر ووتیان ده‌بێت بچن بۆ لای (عه‌بولڕه‌حمان فه‌رهادی) بۆ ئه‌وه‌ی کارتی نانخواردنتان بداتێ،منیش پێم چاک بوو کارتی نانخواردن بۆ ( خۆم و مه‌حمود زامدار و مه‌هاباد قه‌ره‌داغی)وه‌ربگرم،که‌چی ئه‌وه‌ی جیگه‌ی داخ بوو که‌ قه‌ت چاوه‌ڕوانی نه‌بووم،(عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی)له‌ناو زیاتر له‌ سێ سه‌د میوان،ووتی( ده‌وه‌ن) تۆ ئه‌ندامی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد.نیت،له‌به‌ر ئه‌وه‌ تۆ مافی نانخواردنت نییه‌،چونکه‌ تۆ ناوت له‌م زنجیره‌دا نییه‌ کا ناویان نووسیوه‌،منیش ووتم زۆر سوپاس و هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌،دوایی به‌ڕێزان(حه‌مه‌ که‌ساس و قوبادی جه‌لیزاده‌ و محه‌مه‌د موکری) چه‌ندین هاوڕێی تر هاتن بۆ لام و ووتیان ئه‌وه‌ کارتی ئێمه‌ بڕۆ نانی خۆت بخۆ،به‌ڵام من ڕازی نه‌بووم و چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئوتێل ئاشتی و ملی ڕێگه‌ی ماڵه‌وه‌م گرته‌ به‌ر،سه‌یره‌ مرۆڤێک هێند بێ شه‌رم بێت و خۆی به‌ خاوه‌نی قه‌ڵه‌م و ئاینده‌ی کورد بزانێت که‌چی ئه‌مه‌ ڕفتاری بێت و هاوزمانێکی خۆی له‌به‌ر چاوی هه‌مووان بێبه‌ش بکات له‌ نانخواردن،ئه‌م ڕه‌فتاره‌ جگه‌ له‌ ڕه‌فتارو ئه‌خلاقی(به‌عسیانه‌)هیچی تر نییه‌.
به‌هه‌موو ته‌مه‌نی یانزه‌ ساڵ ئاواره‌یم له‌ ووڵاتی ئه‌ڵمانیا،هیچ که‌سێک هێنده‌ی (عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی)عه‌زیه‌تی ڕۆحی نه‌داوم و جارێک له‌جاران بێگانه‌یه‌ک له‌ ڕۆژئاوا بێ شه‌رمی به‌رامبه‌ر نه‌کردووم.به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ له‌ کوردستان تووشی ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵانه‌ ده‌بین و نامه‌ردیت به‌رامبه‌ر ده‌که‌ن.
پێم وایه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌،که‌ چیدی قبوڵی هه‌ندێ ڕه‌فتاری ناته‌ندروست نه‌که‌ین و له‌به‌رامبه‌ریدا،ده‌سته‌ودامان کڕو بێده‌نگ نه‌بین،زۆر جار بێده‌مگی بۆ خۆی هه‌ڵوێسته‌،هه‌ندێ جاریش پێویست ده‌کات،وه‌ک قه‌ڵایه‌ک بووه‌ستینه‌وه‌ له‌ ئاستیدا،ئه‌وه‌ی لێردا من گه‌ره‌کمه‌ باسی بکه‌م و به‌ وویژدانه‌وه‌ ئه‌م دێڕانه‌ بخه‌مه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی کورد،ئه‌وه‌یه‌ پیاوه‌ بچوک و هیچ نه‌زانه‌کان باش بناسن و خوێنه‌رانی کوردیش توشی هه‌ڵخه‌ڵه‌تان نه‌بن له‌ ئاستیاندا.
پێم چاکه‌ (عه‌بدوڵڕه‌حمان فه‌رهادی)باش بزانێت که‌ من هیچ کاتێک پێویستیم به نێوانخوازی (واسط)نییه‌ و هه‌موو ته‌مه‌نمیشم لێوان لێوه ‌بووه‌ له‌ خۆبه‌خشی بۆ نیشتیمانه‌که‌م و هاوڕێکانم.منی خاوه‌نی ئه‌م دێڕانه‌ گوڵی گه‌نجێتی،خۆمم پێشکه‌ش به‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌م کردو حه‌وت ساڵ،شان به‌شانی هاوڕێکانم پێشمه‌رگه‌ بووم و له‌هیچیشی په‌شیمان نیم و سه‌ربه‌رزیشم که‌ هه‌موو ده‌م خۆم له‌به‌ره‌ی ئازادیخوازانی نیشتمانه‌که‌مدا ده‌بینم.
بۆ ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵیش ده‌بێت،ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ماڵپه‌ڕی چراکان و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ماڵپه‌ڕی چراکانم،که‌ ده‌توانم بڵێم گه‌وه‌ره‌ترین ماڵپه‌ڕی هونه‌ری شێوه‌کارییه‌ له‌ جیهاندا،ئه‌مه‌ش بۆمن و هاوڕێکانم جێگه‌ی سه‌ربه‌رزی و نیشتیمانپه‌روه‌ریه‌ که‌ خۆبه‌خشانه‌ کار ده‌که‌ین بۆ پێشخستنی جیهانی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی کورد،له‌هه‌ر شوێنیکی ئه‌م جیهانه‌دا بن.
له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ووڵات توانیومه‌ چه‌ندین شیعر و لێکۆلینه‌وه‌ له‌سه‌ر شیعر و شانۆ بنوسم و له‌ گۆڤاره‌کانی(ئاینده‌ و هه‌نار) و ماڵپه‌ڕه‌ کوردیه‌کاندا بڵاو بکه‌مه‌وه‌.
ئه‌ی پێم ناڵێیت (عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی) تۆ چیت هه‌یه‌ شانازی پێوه‌ بکه‌یت و خۆتی پێ باڵابه‌رز بکه‌یت،یان له‌کام قات و قڕی ڕۆژانی سه‌ختی نیشتیمانه‌که‌م به‌شداریت کردووه‌و به‌رگریت له‌ مافی خاکه‌که‌ت کردووه‌،پێم خۆش نییه‌ له‌ ئێستادا باسی هه‌ندێ شتی تر بکه‌م،به‌ڵکو ڕۆژان دێت و ئه‌و کات باسی هه‌موو وورده‌کارییه‌کانی تر ده‌که‌م.کورد ووته‌نی (هێنده‌ بدوێ تا گوێت لێبگرن)



 

           

 

18/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com