لە دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی لاو
سۆرانی مامە حەمە، رێکخراوی چاودێری کۆردۆساید(چاک) لە
شاری هەڵ لە باکوری ئینگلتەرە ، کۆرێکی گشتی بەرێکخست
تایبەت بە تیرۆری رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستانی
عێراق .
سەرەتای کۆڕەکە خولەکێک وەستان بوو بۆ گیانی پاکی
ئەوانەی "لە ڕێی روناکردنەوەی ڕێگا تاریکەکان گیانیان
بەخشیوە" پاشان کۆیار رەوف بەرپرسی راگەیاندنی
رێکخراوەکە لە بەریتانیا، بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد
و بەڕێز هادی بوتیماری ئاشنای ئامادەبوان کرد کە
بەرپرسی کۆمیتەی بەریتانیای ریکخراوەکەیە.
بوتیمار سەرەتای لێدوانەکانی بۆ رونکردنەوە لە سەر ئەم
رێکخراوە تەرخان کردو کار و چالاکیەکانی رێکخراوەکەی
لە بەریتانیا بە ئامادەبوان ناساند. دواتر بوتیمار
باسی لە رەوشی رۆژنامەگەری و ئەو باردوخە ناهەموارەکرد
کە تیایدا رۆژنامەنووسان لە کوردستان لە سایەیدا درێژ
بە کاکرەکانیان دەدەن . لە میانەی ووتەکانیدا بوتیمار
ئەوەی خستە روو کە بە بروای رێکخراوەکەی ئەوان، تیرۆری
هاوڵاتییەک یان رۆژنامەنسێک لە و ناوچانەدا دەسەڵات
دەخاتە بەرەی بەرپرسیارێتییەوە، لەوەش لاوەتر
نەدۆزینەوەی تاواناباران و پەرەنەدان بە کەیسی
تیرۆرکردنی رۆنامەنووس سۆرانی مامە حەمە کە ئێستا
ماوەی دوو ساڵی خایاندووە ، ئەوەندەی تر قورسای ئەو
بەرپرسیارێتییە لە سەر حوکومەت بە گشتی و دەسەڵاتی ئەو
ناوچەیە بە تایبەتی زیاد دەکات.
لە بەشێکی تری قسەکانی دا ، بۆتیمار باسی لە
تیرۆرکردنی خوێندکاری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان کرد
کە ئەویش هەتا ئێستا تاوانبارانی نەدۆزراونەتەوە و
کەیسەکەی لەلایەن گروپێکی لێکۆڵەرەوە بەڕێوە دەبرین کە
سەربەخۆ نینو تەنانەت لە ڕاپۆرتەکانیشیاندا زانیاری
هەڵەیان بڵاو کردۆتەوە لەسەر چۆنێتی کوشتنی
رۆژنامەنووسەکە، لایەنێک کە خێزانی سەردەشت عوسمان
خۆیان لە چەند بەیانامەدا راستیان کردۆتەوە و
زانیاریەکانی ئەوانیان بە هەڵە ناساندووە. بۆ ئەمە
بۆتیمار و رێکخراوی کوردۆساید پێشنیاری ئەوەیان کرد کە
پێویستە گروهێکی لێکۆڵەرەوەی سەربەخۆ پێکبهێنریت کە
تیایدا لایەن و رێکخراوە مەدەنییە سەربۆخۆکانی دەرەوە
ناوەوە و دەزگا بێلایەنە نێونەتەوەییە دادوەرییەکان
تیایدا بەشدار بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە لارێدا نەبرێت و
راسگۆیانە و دادخوازانە تاوانباران و بەرپرسیارانی ئەم
تیرۆرە بدۆزنەوە و بە سزای خۆیانی بگەیەنن.
دواتر ئامادەبوان تێکرا گوێێان ووتاری "یەکەمین زەنگی
کوشتنم لێیدا" بە دەنگ، کە ووتاری خوێندکاری شەهید
زەردەشت عوسمان بووە دەربارەی ئەو هەڕەشانە بەر لە
تیرۆرکردنی لییان کردبوو نووسیبوی . پاشان کۆیار رەوف
ووتارێکی خوێندەوە لەسەر هۆکارەکانی پشتەوەی
تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە و پێویستە چی بکرێت بۆ
گەیاندنی ئەم کەیسانە بە دەرەوە و رێگا چارەکان. بۆ
ئەمەش رەوف ئەوەی ئاشکرا کرد کە رێکخراوی کوردۆساید
چەندین پەیوەندی گرتووە لەگەڵ چەند رێکخراوێکی بیانی
دەرەوە کە بنکە و بارەگایان لە لەندەی پایتەختی
بەریتانیا هەیە، لەوانە بنکە یاساییەکانی کە پارێزگاری
پیشەوەرانی راگەیاندن دەکەن ، لەوانە وەکدەزگای بەرگری
یاسایی راگەیاندن (Media Legal Deface Initiative ( و
چەندانێکی دیکە.
دوای ئەم لیدوانانەش لەلایەن رێکخراوەکەوە کۆڕەکە
کرایەوە بۆ ئامادەبوان و باسەکان بە لێدوان و هەندێک
پرسیار و وەڵام پەیوەند بە دیموکراسی و سەرکەوتگەری
رۆژنامەنووسان و پێگەی رۆژنامەگەری کوردی ئەمرۆ خۆی لە
قەیراندایە و دوچاری ئەم بەرهەلستیانەش بۆتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری دەنگەکان، هادی بوتیمار
هۆکارەکانی رێکخستنی ئەم کۆبونەوەیەی رونکردەوە و ووتی
: " بەو رێژەی کە 3- 4 هەزار کورد لە شاری هەڵ
نیشتەجێن، ئێمە ئەمە وەک سەرمایەیەکی نەتەوەی تەماشا
دەکەین و هاتین کە بەچالاکیەکانمان هەوڵبدەین
بەشداریان پێ بکەین لەو کێشانەی کە پەیوەستن بە ناوخۆی
وڵاتەکەمانەوە و بۆ بە دیموکراتیزە کردنی ئەو وڵاتە و
پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان و بەرقەراری
ئاسایش لە ناوچەکە، کە لە بۆشایاندا دوو رۆژنامەنووس
تا ئیستا بونەتە قوربانی"
سەربەست موراد کە دانیشتوی شاری (هەڵ) و ئامادەی ئەم
یادکردنەوە تراژیدییە بوە، بە دەنگەکانی راگەیاند :
"ئەم کێشەیە پەیوەستە بە ئێمەوە وەک رەوەندی کوردی ،
کە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسێکە لە کورستان، بۆیە پێم خۆش
بوو کە هاتمە ئێرە و چەند راو بۆچونێکیشمان لە سەر
کێشەکان گۆریەوە لەگەڵ رێکخراوی کۆردۆساید (چاک)
کۆمیتەی بەریتانیایان"
بوتیمار دڵخۆش بووبە باسەکانی ناو کۆڕەکە، ئەو
رەخنانەی ئامادەبوانیشی بەرز نرخان لەمەر کەیسەکە و بە
لێدوانی گرنگی ئەژمار کردن ، وەک باسەکان لەسەر
قۆستنەوەی کەیسەکەی سەردەشت و بە قوربانی بوونی ئەو
مرۆڤە کە هەندێک بۆ مەرامی سیاسی بە سیاسییان کرد و لە
پێناوی قازانج و ئامانجە سیاسییە جۆروا و جۆرەکانیان
بەکاریان برد کەئەمەش دەرفەتێکی دایە دەسەڵات ئەویش
سیاسیانە و زێدەتریش حیزبیانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا
بکات. بوتیمار ووتی: " چەند مەسەلەی گرنگ ئەمڕۆ لێرە
باسکران و چەند لایەنێکیش بۆ ئێمە روون بۆوە کە
پێدەچێت فەرامۆشمان کردبن یان پشتگوێ خرابن ، ئەوەی
زۆر گرنگ بوو ئەوە بوو کە کۆک بوین لەسەرئەوەی کە
سیستەمی یاسای و جێبەجێکردن لە کوردستان پێویستە
سەربەخۆ بن و لە ژێر رکێفی حزب و میلیشا بەرێوەنەبرێن
، هەروەها پیشەی رۆژنامەگەریش پێویستە بە ئەکادیمیانە
و هاوجەرخانە پەرەی پیبدرێت و مامەڵەی لەگەلدا بکرێت
تا بەسەر کۆسپەکانی و نابەرپرسیاریتیشدا سەر بکەوێت"
لە پەیامی کۆتایشیدا بۆ رەوەندی کورد لە بەریتانیا،
بۆتیمارئهوهی شیکردەوە کە ئەوان خوازیارن رەوەندی
کوردی خۆیان لە ناو رێکخراوە مەدەنییەکان و رێکخراوە
سەربەخۆکانی وەک "کۆردۆساید (چاک)" رێکخراو بکەن ،
چونکە پەیام و ئامانجە مەدەنی و دادخوازییەکانی ئەوان
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و بەرگرتن بە دووبارە
کوشتنەوەی سەردەشت و سۆرانەکان پیویستی بە هاوکاری و
دلسۆزی و کەڵک وەرگرتنە لە بەهرە و توانا زانستی و
ئەکادیمی و مەیدانیەکانی ئەوان"
|