له‌ كوێ‌ ژیان و ئارامیت هه‌بوو, ئه‌وێ‌ ووڵاتی تۆیه ........

  

دیـدار نانــــه‌كه‌لی



‌ به‌شی یه‌كه‌م



ئینتیمابوون بۆ خاك ووڵات , به‌ هه‌موو واتا و لێكدانه‌وه‌كانی بریتیه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و ئه‌شق له‌گه‌ڵ دار و به‌ردی زێدێك كه‌ له‌ خۆشه‌ویستی ژیان, ئینسان تێدا دێته‌ وجود.
ئه‌و به‌رگری و پاراستنه‌ی هه‌موو كه‌سێك له‌ خولقانیه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ سیفاته‌ ئیجابیه‌كانی ده‌بێت و به‌رامبه‌ر زۆرله‌ ڕووداو و پێشهاته‌كانی ژیانی به‌كاری دێنێت. به‌ شێكی هه‌ره‌ زۆری بۆ به‌رده‌وامی دان به‌و هه‌ست و ئه‌وینه‌ی بۆ خاك به‌كارده‌خرێ‌. موحیبه‌تیش پرۆسه‌یه‌كی هێنده‌ ساكار و ئاسان نیه‌ هه‌موو كه‌سێك جێگای بۆ بكاته‌وه‌ له‌ هه‌ست و ده‌روون و دڵی خۆی. له‌ ژیانی هه‌رتاكێكی كۆمه‌ڵگادا هۆكار و بنه‌ما بۆ بنیاتی خۆشه‌ویستی جۆربه‌جۆره‌. خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكۆتایی ته‌مه‌ن كاڵ نه‌بێته‌وه‌.وه‌لێ‌ خۆشه‌ویستی بۆ خاك به‌ دایكی موحیبه‌ت ده‌ناسرێت.چونكه‌ له‌وێدا ئه‌شق بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ژیان دروست ده‌بێت.یان به‌ واتایه‌كی دیكه‌. ئه‌و ئه‌شقه‌ی بۆ خاك و ووڵات هه‌یه‌ به‌ لانه‌ و بێشكه‌ی ئه‌وینه‌كانی دیكه‌ دا ده‌نرێت. ئه‌وه‌ی ئێستا دركی پێده‌كرێت و بۆته‌ باس و خواسی میدیا و توێژه‌ره‌كان نه‌ بوونی ئه‌و ئینتیما زۆر پێویسته‌یه‌ بۆ خاك, له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری گه‌نجی كوردستان.كه‌ زۆر هۆكار هه‌ن بۆ دروست بوونی ئه‌و حاڵه‌ت و دیارده‌یه‌، چونكه‌ له‌ هیچ شوێن و سه‌رده‌مێك ناتوانرێت ئه‌شق و خۆشه‌ویستی به‌ زۆره‌ملێ‌ تێكه‌ڵ به‌ خوێن و ئاكاری هه‌ركه‌سێك بكرێت و ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ش ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌قڵ و توانای مرۆڤــ. بۆیه‌ ده‌بێ‌ هه‌موومان سه‌ربه‌ستی و هه‌ق بده‌ینه‌ چۆنیه‌تی لێكدانه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردنی هه‌موو گه‌نجانی ووڵات سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌.چونكه‌ ئه‌و خاك و ووڵاته‌ نه‌بۆته‌ جێگای متمانه‌ و سایه‌ و سێبه‌ری حه‌سانه‌وه‌ی ئه‌به‌دیان. به‌ڵكو زۆر جار هۆكاری واهه‌ن ده‌بنه‌ مایه‌ی دروست بوونی ڕق و بێزاری له‌و خاكه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها خۆشه‌ویستیه‌كمان هه‌بێت ده‌بێ‌ بۆ ئه‌و بێت.هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ بۆ ووڵات نه‌ما هه‌رگیز بۆ لایه‌نه‌كی دیكه‌ی ژیانیش نابێت..گه‌نج له‌ ووڵاتی ئێمه‌دا هه‌موو كات په‌راوێزخرا و ته‌نانه‌ت به‌ش خوراوه‌. له‌ ساده‌ترین بنه‌ماكانی ژیان بێ‌ به‌شه‌. نه‌ خه‌مخۆرێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌یه‌ نه‌ سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردن تروسكایی ده‌خاته‌ سه‌ر ڕێگا دروست و سه‌ركه‌وتووه‌كان. ئاینده‌یه‌كی ته‌مومژ و ئێستاشیان نائومێدیه‌. چونكه‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر نایانگه‌یه‌نێت به‌ ئامانج. ئه‌وه‌تا له‌ بواری خوێندن و په‌روه‌رده‌ به‌ بوونی چه‌ندین گرفت و سیسته‌مێكی نادروستی خوێندن سه‌ریان لێ‌ شێواوه‌ و دوواجاریش به‌و زانكۆ و كۆلیژه‌ی كه‌ حه‌ز و خولیایانه‌ پێی ناگه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئاڵۆز. دووای ده‌رچوونیش نه‌ دامه‌زراندن هه‌یه‌ و نه‌ له‌ دامه‌زراندنیش كار به‌ شاره‌زایی و پسپۆریه‌كه‌ی ده‌كرێت. لێره‌دا ته‌واوی ماندووبونی خوێندنی به‌هه‌ده‌رچوو. له‌ بواری كاركردنیش ته‌واوی ئه‌و كۆمپانیا و ڕێكخراوانه‌ی ئێستا له‌ گۆره‌پانی كوردستاندا هه‌ن ده‌ره‌كین و نه‌ك بۆخۆیان ده‌ستی كاری بیانی به‌كاردێنن به‌ڵكو حكومه‌ته‌كه‌شمانیان له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی خۆیان ڕاهێناوه‌ و پشت به‌ كادیر و كرێكاری بیانی ده‌به‌ستن.
ئه‌وه‌ش له‌ بنیاتی ژیان و پێكهێنانی لانه‌یه‌ك, هیچ گه‌نجێك نیه‌ پاش دروستكردنی ژیانی هاوسه‌ری توشی سه‌دان گیروگرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی شوێنی نیشته‌جێ‌ بوون و ده‌رفه‌تی كار تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی لێك جیابونه‌وه‌, كه‌ ئێستا ته‌ڵاق بۆته‌ دیارده‌یه‌ك و ڕێژه‌كه‌ی رۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زۆربوون و زیادبوون دایه‌.له‌ كاتێك چینێكیش هه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ بێ‌ ماندوبوون و هه‌ولێك جیاوازی زه‌وی و ئاسمانیان دروستكردوه‌ه‌ له‌ ژیان و گوزه‌ران.به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت ئه‌و هه‌موو سه‌رمایه‌داره‌ی كوردستان له‌ كوێ و به‌چی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و پله‌یه‌.ئاخر ناره‌حه‌تی گه‌نجی كورد سه‌ره‌تا له‌ نه‌بوونی ئه‌و نا عه‌داله‌تیه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا هه‌مووی سامانی ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ و به‌شی هه‌رتاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌.ده‌بێ‌ ئه‌و گه‌نجه‌ی ویستویه‌تی به‌ ماندووبون و هیلاكی و دڵسۆزی كاربكات و ژیانی بگوزه‌رێ‌ به‌ هه‌ناسه‌ ساردیه‌وه‌ چاو له‌ مل ئه‌ستوربوونی ڕۆژ به‌ ڕۆژی ئه‌و نه‌هه‌نگانه‌ بكات. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و پێشبركێیه‌ش له‌ دروست بوونی سه‌رمایه‌دار له‌ كوردستان ته‌واوی كار و پیشه‌ و جموجۆلی ئه‌و ووڵاته‌ تێكه‌ڵ به‌ بازرگانی كردن بوونه‌.دكتۆر و ئه‌دازیار و پارێزه‌ر و مامۆستا و ................... ئه‌وه‌نده‌ له‌ پیشه‌كه‌ی خۆیان سه‌ركه‌وتوو نین ئه‌وه‌نده‌ی له‌ دۆزینه‌وه‌ و بنیاتنانی ڕێگه‌ بازرگانیه‌كه‌ شاره‌زا و پسپۆرن. به‌هۆی چه‌ندیــــن سیاسه‌تی بێزاركه‌ر و هۆكاری كاریگه‌ری دیكه‌ گه‌نج له‌و ووڵاته‌ی ئێمه‌ له‌وپه‌ڕی ئه‌قلیانه‌تی خۆی دایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنی ئینتیمابوون بۆ ووڵات به‌ دووای حه‌قیقه‌تی ژیان دا بگه‌ڕێت و بیر له‌و ئاینده‌ ته‌واو وێرانه‌ی خۆی بكاته‌وه‌.با ئینتیما و خه‌مخۆریه‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌بێت بونه‌ته‌ خاوه‌ن و مولكداری سه‌ره‌تا و كۆتایی ئه‌و ووڵاته‌ و به‌ ڕه‌واش نابینن باس له‌ ئاینده‌ و ژیان و گوزه‌رانی گه‌نج بكرێت.ئاخر به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گه‌نج توێژێكی بێ‌ سود و كاریگه‌ر و ده‌ست و پێ‌ سپیه‌.له‌ توانایاندانیه‌ له‌و خه‌رمانه‌ پڕ له‌ به‌ره‌كه‌ته‌ی ئه‌وان ببینن.چاویشیان له‌ ئاست ئاوه‌دانی و ئارامی ووڵاتدا كزه‌ ئه‌گه‌رچیش با هه‌زار كۆسپ و گیروگرفتیان هه‌بێت و ساڵانه‌ش به‌ده‌یانیان له‌ ئه‌نجامی بێ‌ ئومێدبونیان له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ تاریكه‌ ڕێگاكانی مه‌رگ هه‌ڵبژێرن.

 

           

 

14/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com