دڵم به‌مندا غلۆر ده‌بێته‌وه‌

  

غه‌مگین بۆڵی-هه‌ولێر




(1)
زۆرلێت گه‌رام
له‌وپه‌ری بێتاقه‌تی زه‌مه‌ن
له‌په‌رته‌وازه‌بوونی گومانه‌كانم
له‌وێستگه‌كانی ترا ویلكه‌
له‌ ژووره‌ ئاوێنه‌به‌نده‌ كانی فه‌نابوون
له‌سه‌فه‌ره‌ دڵته‌نگه‌كانی با
له‌ تاساوبوونی گێژه‌ڵوكه‌یه‌كی تێكشكاو
له‌ تونێلی وشه‌ كه‌نفته‌كانی یاد
له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ی ونبوون ،له‌ تۆدا
له‌ نادیاری تۆ،له‌ مندا
تۆله‌ كوێی؟
وه‌ها بێ سه‌رو شوێنی!

(2)
بیانووم هه‌یه‌ بۆگه‌رانه‌وه‌ت
له‌نێو دێره‌ شیعرێكمدا
ماچێكی تۆم ته‌قه‌ت كردووه‌.

(3)
به‌داماوی راماوم
به‌دیاربه‌ردێكه‌وه‌
بیرله‌ دڵت ده‌كه‌مه‌وه‌.

(4)
من ده‌رۆم
خۆم ئامانه‌تی ته‌نیایی ده‌كه‌م
ته‌نیایش لای تۆجێده‌هێڵم.

(5)
ئه‌م ژووره‌ بێده‌نگه‌ به‌خه‌یاڵی كێ ئاوسه‌؟
مه‌گیرانی به‌ كام وشه‌وه‌ ده‌كا
گمه‌گمی كوكوختییه‌كانی به‌رهه‌یوان
ئاوه‌زی وشه‌ ئارگۆنییه‌كان كپ ده‌كه‌نه‌وه‌
پشیله‌یه‌كی نه‌وسن
له‌ته‌ماعی كوكوختییه‌كانی به‌رهه‌یوانی رۆح
خۆزگه‌ی فرین ده‌خوازێ
مه‌گیرانی ته‌واو ده‌بێ
گه‌ره‌لاوژه‌ی ژووره‌ كه‌ كوكوختییه‌كان هه‌ڵده‌فرێنێ
پشیله‌كان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ربان
دیمه‌نه‌كه‌ دژده‌بێته‌وه‌
خه‌یاڵی وشه‌ ئاوسه‌كان
خه‌یاڵی كوكوختییه‌ غه‌مگینه‌كان
خه‌یاڵی پشیله‌ نه‌وسنه‌كان
به‌ حه‌وشه‌ ی ماڵدا په‌رش و بڵا و ده‌بێ
دیسان له‌ ژووره‌كه‌ما
خه‌یاڵه‌كانم تێكده‌چرژێن و
دڵم به‌مندا خلۆر ده‌بێته‌وه‌.

(6)
كه‌س له‌ماڵ نییه‌
رووت رووت به‌سه‌ردۆشه‌ك وبالیف راكشاوم
به‌م ناوه‌خته‌ ده‌نگی ده‌رگا دێ
ده‌رگای ماڵ نا
ده‌رگای دڵم.

(7)
باوكم به‌ ده‌رزی له‌زه‌ت
دایكم به‌ ده‌زووی شه‌هوه‌ت
ئیمشه‌و ..
كڵا وه‌ دراوه‌كه‌ی منداڵییان دووریمه‌وه‌ .

(8)
زویرمه‌به‌
كه‌له‌دڵما سه‌رمات بووه‌
دوێنێ كچه‌ دراوسێكه‌مان
به‌دڵی به‌ردی
په‌نجه‌ره‌ی دڵی شكاندم.
 


غه‌مگین بۆڵی-هه‌ولێر
*ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌(53)ی گۆڤاری(هه‌نار) دابڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 

           

 

08/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com