زانستی ئه‌فسانه (میپۆلۆژی) (Mythology) زانستێكه
تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌موو حه‌كایه‌ت و
داستانه ئه‌فسانه‌ییه‌كان، ده‌مێكه ئه‌فسانه وه‌ك
زانستێك هاتۆته نێو بواری لێكۆڵینه‌وه و له‌و
بواره‌شدا به‌رهه‌می زۆر نوسراون له ئه‌ده‌بیاتی
میلله‌تاندا. هه‌موو حه‌كایه‌ته ئه‌فسانه‌ییه‌كان
هه‌وڵدان و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه بۆ شیكردنه‌وه و
لێكدانه‌وه‌ی دیارده‌كانی سروشت و ژیانی تایبه‌تی خۆی،
چونكه مرۆڤ له‌سه‌رده‌می زوودا به‌رمبه‌ر دیارده‌كانی
سروشت ئه‌بڵه‌ق مابۆوه و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا
نه‌ده‌شكا. بۆیه جڵه‌وی بیركردنه‌وه‌ی خۆی بۆ
شلكردووه تاكوو له‌م ڕێگه‌یه‌وه هه‌وڵی خوێندنه‌وه
بدات بۆ ئه‌و دیاردانه‌ی سروشت. هه‌موو
كاره‌كته‌ره‌كانی حه‌كایه‌ت و داستانه
ئه‌فسانه‌ییه‌كان به پاڵه‌وان ناوزه‌دده‌كرێن، چونكه
ئه‌مانه كار و كرده‌وه‌ی وا ئه‌نجامده‌ده‌ن كه
له‌سه‌رووی ده‌سه‌ڵات و توانا و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی
ئاساییه. هه‌روه‌ها ده‌بینین له هه‌موو حه‌كایه‌ت و
داستانه ئه‌فسانه‌ییه‌كان په‌ند و ئامۆژگاری جوانی
تێدایه و هه‌میشه هێزی چاكه به‌سه‌ر هێزی شه‌ڕدا
سه‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌فسانه مێژوویه‌كی دورو درێژی هه‌یه، هه‌ر
له‌گه‌له كۆنه‌كانی وه‌ك سۆمه‌ری و ئاشووری و بابل و
فیرعه‌ونه‌كانی میسر تا ده‌گاته یۆنانییه‌كان و
ڕۆمانه‌كان، دواتر بۆ پێش هاتنی ئایینی ئیسلام و دوای
هاتنی ئه‌و ئایینه. كه‌واته ده‌توانین بڵێین
ئه‌فسانه لای هه‌موو گه‌لانی گێتی بوونی هه‌یه.
له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆری هه‌موو میلله‌تێك هه‌یه.
هه‌مووشمان تاكوو ئێستاش پێویستمان به ئه‌فسانه
هه‌یه و ڕۆژانه هه‌ر خۆمان ڕه‌نگه گوێمان له
چه‌ندان چیرۆك و ڕووداو ده‌بێت كه كه
گێڕانه‌وه‌كانیان شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ییان هه‌یه.
بۆیه ئه‌فسانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆربه‌ی
لایه‌نه‌كانی ژیان هه‌یه، زۆر شت له‌ناو ده‌قه
ئه‌فسانه‌ییه‌كان پێشتر بوونیان هه‌بوو، لێ ئێستا له
واقیع به‌چاوی خۆمان ده‌یبینین.
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌ماڵی مامۆستا‌م (د.عه‌زیز
گه‌ردی) بووم، گوتم: مامۆستا تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده
خه‌ریكی وه‌رگێڕانی حه‌كایه‌تی ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی
تری، بۆ ئه‌و توانیه‌ت له‌بواره‌كانی تری وه‌كوو
فه‌لسه‌فه، یان لێكۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه‌دا خه‌رج
ناكه‌ی؟ لێ ئه‌و ته‌نها گوتی: ئێستا له‌گرنگی
ئه‌فسانه نازانن، له ئاینده‌دا سوود و قازانجی
ئه‌فسانه‌تان بۆ به‌دیارده‌كه‌وێت. ئه‌م ڕسته‌یه‌ی
ناوبراو هه‌ر له‌مێشكمدا مابۆوه و ئه‌شمێنێ.
دوا وه‌رگێرانی حه‌كایه‌تی ئه‌فسانه‌یی (د.عه‌زیز
گه‌ردی)م به‌ناوی (ئه‌فسانه‌ی سلاڤی) خوێنده‌وه. ئه‌م
كتێبه له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌مه له‌ساڵی
(2009). دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كسه‌ر ئه‌م قسه‌ی
ناوبراوم بیركه‌وته‌وه. به‌ڕاستی چێژێكی زۆرم لێی
دیت. ئێستا تێگه‌یشتم ئه‌و مه‌به‌ستی چی بوو.
ئه‌فسانه وه‌ك گوتمان له ئه‌ده‌بیاتی هه‌موو
میلله‌تێك بوونی هه‌یه، هه‌ر میلله‌ته به‌گوێره‌ی
ژینگه و جوگرافیا و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری
ئه‌فسانه‌ی تێدا سه‌رهه‌ڵداوه، هه‌موو ژیانیان له‌ناو
ئه‌فسانه‌كان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م
كتێبه‌دا من تێبینیم كرد كه ئه‌فسانه لای هه‌موو
میلله‌تان نزیكه‌ی وه‌كوو یه‌كه، چۆن مرۆڤ كاتێك
(هه‌زار و یه‌ك شه‌وه) ده‌خوێنێته‌وه هه‌ست ده‌كات
ئه‌م حه‌كایه‌تانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كلتور و
دابونه‌ریتی میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاته، ئاواش له
حه‌كایه‌ته ئه‌فسانه‌ییه‌كان ئه‌م نزیكایه‌تی و
تێكه‌ڵاوییه به‌رچاومان ده‌كه‌وێت. بۆ نموونه ئه‌م
حه‌كایه‌ته سلاڤیانه‌ی كه (د.عه‌زیز گه‌ردی)
وه‌ریگێڕاون زۆربه‌ی ڕووداوه‌كان و پاڵه‌وانه‌كانی
ناوی وه‌كوو ڕووداوه‌كان و پاڵه‌وانه‌كانی ناو
حه‌كایه‌ته ئه‌فسانه‌ییه‌كانی كوردییه. وه‌كوو بوونی
سێ برا له‌ناو حه‌كایه‌ته‌كان و هه‌میشه برا
بچوكه‌كه‌یان سه‌رده‌كه‌وێت و به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت. یان
له زۆربه‌ی حه‌كایه‌ته‌كان پاشا بوونی هه‌یه، هێزی
چاكه و هێزی خراپه هه‌ن، پیره‌ژن و جادووكه‌ر و دێ‌و
هه‌ن...هتد.ئالێره‌دا نخ و به‌های قسه‌كه‌ی (د.عه‌زیز
گه‌ردی) به‌دیار ده‌كه‌وێت كه ئه‌فسانه ڕه‌گی له‌ناو
كلتور و ئه‌ده‌بی هه‌موو میلله‌تێكه، ئه‌و ڕه‌گه ئاو
له ئه‌فسانه‌ی هه‌موو میلله‌تان وه‌رده‌گرێت تاكوو
تێر ده‌بێ. له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه هیچ
هه‌ست ناكه‌ی كه حه‌كایه‌تی سلاڤی ده‌خوێنیته‌وه،
به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌ی حه‌كایه‌تی ئه‌فسانه‌یی كوردی
ده‌خوێنیته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه مه‌به‌ستی (د.عه‌زیز
گه‌ردی) سه‌باره‌ت به‌گرنگی و جوانی ئه‌فسانه.
بۆیه ده‌كرێت خوێنه‌ر له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م
كتێبه چه‌ندان ئامۆژگاری و په‌ندی جوان بدۆزێته‌وه و
له ژیانی ڕۆژنه‌یدا پراكتیكی بكات و سودی لێ ببینێ.
له ئه‌فسانه‌كان هه‌میشه هێزی چاكه و هێزی خراپه
بوونیان هه‌یه و له ململانێ دان، هێزی چاكه
ده‌یه‌وێت ژیان جوان بكات و خێر و خۆشی بێنێت،لێ هێزی
خراپه هه‌میشه ده‌یه‌وێت مه‌رامه نه‌گریسه‌كانی جێ
به‌جێ بكات. هه‌میشه‌ش هێزی چاكه سه‌رده‌كه‌وێت و
به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆی و ده‌وروبه‌ری دابین ده‌كات.
هه‌موو حه‌كایه‌ته‌كان به‌یه‌ك ڕسته كۆتاییان دێت "
هه‌موویان به ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌ری ژیان" ئه‌مه‌ش
په‌یامێكی گرنگه بۆ ئێمه كه‌وا هه‌میشه كردار و
ڕه‌وشتی چاك ئاسوده‌یی ژیانی به‌دواوه‌یه. ئه‌م
ئه‌فسانانه پێمان ده‌ڵێن ژیان بریتییه له هه‌وڵ و
كۆشش ه ماندوو بوون، له‌ژیاندا تاكوو كۆشش نه‌كه‌ی
ناتوانی به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌ست بهێنی.
له‌لایه‌كی تر ئه‌وه‌ی چێژی زیاتری له‌خوێندنه‌وه‌ی
ئه‌م كتێبه پێ به‌خشیم ، زمانی وه‌رگێڕانه‌كه‌یه‌تی،
هه‌ست ده‌كه‌ی ئه‌م كتێبه به‌كوردی نوسراوه. نكۆڵی
له زمان و توانایی وه‌رگێڕانی (د.عه‌زیز گه‌ردی)
ناكرێت. له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردی یه‌كێكه
له‌وه‌گێڕه هه‌ره به‌تواناكانه. ده‌بینین زۆربه‌ی
وه‌رگێرانه‌كانیشی بابه‌تی ئه‌فسانه‌ن. به‌ڕاستی له
ڕووی زمانه‌وه ده‌كرێت بۆ دانانی فه‌رهه‌نگێكی كوردی
ڕیك و پێك سودی لێوه‌ربگیرێت، زمانی كتێب و
وه‌رگێرانه‌كانی بۆ ئه‌مه به‌سود ده‌بن. هه‌روه‌ها بۆ
زمانی ستانداردی كوردی به‌هه‌مان شێوه كه‌سێكی
به‌توانایه و بیروڕاكانی سودی ده‌بێت. لێ ئه‌وه
جێگای داخه تاكو ئێستا كه‌س باسیشی ناكات، كه‌س لا
له‌به‌رهه‌مه‌كانی ناكاته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و
كه‌سێكه ته‌نها بۆ خۆی ئیش ده‌كات و پێویستی
به‌ستایشكردن و له‌سه‌ر نوسین نییه. چونكه
به‌رهه‌مه‌كانی شایه‌دی ئه‌وه ده‌ده‌ن. هه‌موو جار
ئه‌وه‌م پێده‌ڵێت: گه‌ر وازم لێ بێنن بۆ خۆم ئیش
بكه‌م به‌سمه. بۆیه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌موو
ژیانیان ته‌رخانه بۆ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و كلتوری
نه‌ته‌وه‌كانیان، لێ تاكو كۆچی دوایی كردنیان كه‌س
باسی ناكات و دواتر شین و واوه‌یلای بۆ ده‌كه‌ن و
هه‌ركه‌س ده‌یكات به‌شاسواری خۆی.
بۆیه ده‌ڵێم (د.عه‌زیز گه‌ردی) مێژووی بۆ خۆی
تۆماركردووه، تاكو (شوكر مسته‌فا) و (مه‌سعوود
محه‌مه‌د) كۆچی دواییان نه‌كرد، كه‌س باسیانی نه‌كرد،
كه‌س خه‌می زمانی ستانداردی كوردی نه‌بوو، هه‌رچه‌نده
ئه‌وان زۆر هاواریان كرد، لێ كه‌س گوێی لێ نه‌گرتن.
ئێستایه و چه‌ند ساڵێكه نرخیان ده‌زانرێت و
كتێبه‌كانیان دووباره چاپ ده‌كرێنه‌وه، چونكه
نوسه‌ر لێره تا ئه‌و كاته‌ی زیندووه گه‌ر كتێبی
هه‌بێت و بیبات بۆ چاپكردن پێش هه‌موو شتێك داوای
ئینتیمای حیزبی لێده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بۆی چاپ بكه‌ن،
خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شیكات ئه‌وا چاپكردنی ئه‌و كتێبه‌ی
ده‌بێته خه‌ونێك.
|