ره‌وشی سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی و سه‌نته‌رو رێكخراوه‌ حزبییه‌كان 
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ/ هۆڵه‌ندا


ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بووترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵ به‌ ساڵ ئاستی رۆشنبیری و مه‌عریفی و زانستی و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگاكانی كوردستان به‌ره‌و خراپترو گه‌نده‌ڵترو بێناوه‌رۆكترو ساده‌ترو بێبه‌رنامه‌ترو كۆنترو پواوترو بێئامانجتر ده‌چێت، ئه‌م سه‌ندیكاو یه‌كێتی و سه‌نته‌رو رێكخراوانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌و هه‌میشه‌ ده‌ستی حزب و به‌رپرس و ژووره‌ تاریكه‌كانی له‌پشته‌، ناتوانێت یه‌ك سانتیمه‌تر كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شارستانی و ئاستی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و زانستی و كه‌له‌پووری كوردی به‌ره‌و پێش به‌رێت، عه‌ره‌ب وتوویه‌): فاقد الشیْ لا یعگی) واته‌ ئه‌وه‌ی شته‌كانی له‌ده‌ستداوه‌، ناتوانێت هیچ ببه‌خشێت. ئه‌م دوو حزبه‌ وا ده‌زانن كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگاكان و سه‌نته‌رو رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاییه‌كان ته‌نیا به‌ كه‌سانی حزبی به‌ڕێوه‌ ده‌چن، هه‌روه‌كو به‌عس بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌سانی شیاو بۆ شوێنی شیاو په‌ندێكه‌ له‌ سۆماڵ و به‌نگلادیش و واق واقیش پیاده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام كوردستانی بارگاویكراو به‌ پێڕه‌و و دیسپلینی حزبی ئه‌م په‌نده‌ش به‌ هێڵی سوور ده‌زانێت، بۆیه‌ به‌ ده‌یان و سه‌دان به‌ڕێوه‌به‌رێتی و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌رو سه‌ندیكاو رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی پیشه‌وه‌ران توێژه‌ گرنگه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای كوردستان، هه‌ن كه‌ كه‌سانی حزبیی و نه‌خوێنده‌وارو نه‌زان و ساده‌و نه‌خۆش به‌ گرێی ده‌روونی ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌ كه‌ غه‌رقن له‌ گه‌نده‌ڵی و په‌تاو درم و نه‌خۆشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری.
كه‌سێكیش نییه‌، دوای ته‌نانه‌ت چه‌ند ساڵێكیش له‌ ئیشوكار و كارنامه‌و به‌رنامه‌و دارایی و خه‌رجی و چالاكی و ده‌ركراوو بڵاوكراوه‌و داهێنانیان (كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ده‌گمه‌ن) ی ئه‌م جێگایانه‌ بپرسێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر چاودێری دارایش به‌ به‌ڵگه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌م شوێنانه‌ی سه‌لماند، كه‌س بۆ دادگاو دادگاییكردن راپێچ ناكرێت، ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌كان به‌ڵگه‌و دۆكومێنتیان وه‌ده‌ست كه‌وت و بڵاویان كرده‌وه‌، له‌وپه‌ڕی شارانه‌وه‌، سه‌رۆكه‌كانمان خۆیان داكۆكیان لێده‌كه‌ن و ده‌یانپارێزن و به‌ خۆڕایی پارێزه‌رییان بۆ ده‌كه‌ن.
كوردستان، به‌ تایبه‌تی دوای وه‌ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پته‌وبوونی پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان و له‌مه‌ش گرنگتر له‌نێو خه‌ڵكی زۆرینه‌ی هه‌ژاران و رۆشنبیران و توێژی گرنگی گه‌نجاندا، ده‌سه‌ڵات و دوو حزبه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌، فێری پرۆگرامیچكی كوشنده‌تر بوون، كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی حزبییه‌كان رێكده‌خاته‌وه‌و به‌ لیستی داخراو و به‌ناوی ته‌باییه‌وه‌، به‌زۆر به‌سه‌ر سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كاندا، نووسه‌ران و مامۆستایان و پارێزه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و ....تاد. به‌زۆر ده‌یانسه‌پێنێت، ئه‌ندامه‌ ئۆپۆزسیۆن و تووڕه‌و سه‌ربه‌خۆو ئازاده‌كانیش ناچار پاشه‌كشه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش گۆڕه‌پانه‌كه‌ چۆڵ ده‌بێت بۆ پیاوان و ئه‌ندامانی حزبی و به‌كرێگیراوی دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌، خۆیان خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و كۆمه‌ڵه‌ یان سه‌ندیكایه‌ك یان یه‌كێتییه‌كی ئیفلیج و په‌ككه‌وتووی حزبی زۆر چه‌قبه‌ستوی به‌رژه‌وه‌ندیخواز داده‌مه‌زرێت و كارو كارنامه‌و پێڕه‌وی ئه‌م شوێنانه‌ ده‌بێته‌ ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵ و سه‌رشۆڕی ئه‌م دوو حزبه‌ی كه‌ سیماو وێنه‌ و واتای دێمۆكراسی و شه‌فافییه‌ت و ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن به‌ره‌و دونیایه‌كی تاریك و پێچاوپێچ و سه‌رابی نێو تونێلی حزبی و فه‌رمانی سه‌ركرده‌ حزبییه‌كان ده‌بات.
رۆڵی دێمۆكراسییانه‌و كاری خزمه‌تگوزاری و كار ئاسانی بۆ گشت و به‌بێ جیاوازی نوغرۆو سه‌ره‌نگووم ده‌كه‌ن.. واسیته‌و خزم خزمێنه‌و مه‌حسوبییه‌ت و كاری ژێربه‌ژێری نایاسایی ده‌بێته‌ پیشه‌ی رۆژانه‌ی ئه‌م سه‌نته‌رو سه‌ندیكایانه‌ی كوردستان.. ته‌نیاو ته‌نیا كار بۆ كه‌سوكارو ناسیاو و كیژۆڵه‌ی خرپن و پۆشاك ته‌سك و سه‌ماكه‌ران و چه‌قه‌نه‌ لێده‌رو دزو درۆزن و داوێن پیس به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن. بۆیه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌وه‌فاو دڵسۆز و بێ پشستوپه‌ناو هه‌ژارو نه‌داری كوردستان دووچاری بێئومێدی و حیرمان و ئینتیما نه‌مان بۆ نیشتمان ده‌بنه‌وه‌..
شایانی وتنه‌، ئه‌م ره‌وش و دۆخه‌ ته‌نیا له‌نێو سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌و رێكخراو و سه‌نته‌ره‌ حزبییه‌كاندا له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵكو له‌نێو ده‌زگا حزبی و حكومی و په‌روه‌رده‌یی و به‌ناو ئاكادیمییه‌كانیشدا له‌وپه‌ڕی ئاستی گه‌نده‌ڵیدایه‌و ئه‌مه‌شه‌ كه‌ بۆته‌ هۆكاری له‌بن نه‌هاتنی زه‌مینه‌ خۆشبووه‌كانی گه‌نده‌ڵی و كه‌منه‌بوونه‌وه‌ی پیاوانی حزبی و گه‌نده‌ڵ له‌ كوردستانی باشووری هه‌ناسه‌ساردا..
ئه‌گه‌ر به‌چاوی كۆمه‌ڵناسێكی ئازاده‌وه‌ ته‌ماشای به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ره‌وشه‌ ترسناكه‌ بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌خۆوه‌ڕا نییه‌ كه‌ تووڕه‌و بێزارن، كه‌ خۆیان ده‌كوژن.. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌، به‌رده‌وام بێت و ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكان و رووناكبیره‌ ئازاده‌كان و پسپۆڕه‌ ئاكادیمییه‌كانی كوردستان نه‌توانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌وا پاش ده‌ ساڵێك ته‌نیا گه‌نده‌ڵه‌كان له‌ ژیاندا ده‌مێننه‌وه‌و سمێڵ و بۆینباغیان بریسكه‌ی دێت له‌نێو وه‌نه‌وشه‌و به‌هبه‌هان و هامه‌ردا، به‌ پانوپۆڕینیشتمانی دڵسووتاوماندا دێن و ده‌چن.به‌ڵام جه‌خار كه‌ دڵسۆزو داوێنپاك و ئازادو سه‌ربه‌زه‌كان، هه‌ر زوو به‌ جه‌ڵته‌ یان شێرپه‌نجه‌ و ده‌رده‌دڵ كۆچی دواییان كردووه‌، ئه‌و ده‌مه‌ش ئێره‌ی باشووری كوردستان ده‌بێته‌ وڵاتی گه‌نده‌ڵستان و زۆڵه‌ گه‌نده‌ڵ ده‌خه‌نه‌وه‌.
تێبینی: ئه‌م ره‌وشه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیكا پیشه‌یی و پسپۆڕییه‌كان و سه‌نته‌رو رێكخراوه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌ هه‌شبه‌سه‌ره‌كمان ده‌گرێته‌وه‌.


 

           

 

29/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com