خۆكوژی گه‌نجان و به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵات

  

حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ



خۆكوشتن، دوا بڕیاری مرۆڤه‌و مه‌ترسیدارترین بڕیارێكه‌ كه‌ مرۆڤ بیری لێئه‌كاته‌وه‌و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی دێنێ، به‌ڵام (بۆچی و كه‌ی و له‌ كوێ و كێ) ئه‌وانه‌ هه‌مووی پرسیارگه‌لێكن كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی ئاراسته‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر خۆكوشتن له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بوو به‌ دیارده‌و رێژه‌كه‌ی رۆژ دوای رۆژ به‌رز بۆوه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و به‌رپرسان گلۆپی پرته‌قاڵی داگیرسێنن و زه‌نگی مه‌ترسی لێبده‌ن، كه‌واته‌ خۆكوشتن تراژیدیترین و جه‌رگبڕترین رووداوێًكه‌ كه‌ له‌ وڵاتدا ده‌قه‌ومێ.
بێگومان، ئه‌وه‌ی راستییه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م حاڵًه‌ته‌ له‌ كوردستاندا بۆته‌ دیارده‌و رێژه‌كه‌ی زۆر به‌رز بۆته‌وه‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆڵ نه‌كاته‌ چاوی كه‌سه‌وه‌و دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ی نه‌كات و له‌ كه‌سی نه‌شارێته‌وه‌ كه‌وا له‌ هه‌ندێك جێگاو شوێن و ده‌ڤه‌ری كوردستاندا، ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆته‌ كارێكی رۆژانه‌ی گه‌نجان، به‌ تایبه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانیدا، له‌ناو شاری سلێمانی، له‌ ده‌ربه‌ندیخان، له‌ ناوچه‌ی پشده‌رو رانیه‌و بتوێن، له‌ شاره‌زوور، دیارده‌ی خۆكوشتن زۆر به‌ره‌زه‌.. ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ربه‌ندیخان دره‌ختێكی پیرۆز كه‌ جێنزرگه‌و مه‌زاری ئیمام محه‌مه‌ده‌ بۆته‌ دره‌ختی خۆ هه‌ڵواسین و مه‌رگی نه‌وجه‌وان و گه‌نجه‌ جوانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان.. زۆرینه‌یان كوڕی گه‌نجی بیست ساڵانن، كچی گه‌نجیش هه‌مان شێوه‌ هه‌ر رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیدار پێكدێنن له‌و گه‌نجانه‌ی خۆیان ده‌كوژن و بیر له‌ خۆكوشتن ده‌كه‌نه‌وه‌.
به‌ڵام بۆچی من ئۆباڵی ئه‌و خۆكوژییه‌ تراژیدییه‌ ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه‌؟؟ ئایا ئه‌مه‌ تۆمه‌ته‌و له‌خۆوه‌ ده‌مه‌وێت ده‌سه‌ڵات/ واته‌ حكومه‌ت و حزبه‌كان تۆمه‌تبار بكه‌م و بڕایه‌وه‌. ئایا ده‌مه‌وێت چاو دابخه‌م و كوێرانه‌ فیشه‌ك به‌ تاریكییه‌وه‌ بنێم و خۆم بكه‌م به‌ دوژمن و نه‌یارێكی تفت و تاڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و ئیدی به‌ چه‌پ و راست پێی بكێشم و شه‌لم كوێرم ناپارێزم به‌ چاك و خراپه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا بده‌م؟!! یان مه‌سه‌له‌ واقیعییه‌و ئێمه‌ی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی هۆكاره‌كان به‌ هێند وه‌رده‌گرین نه‌ك ده‌ره‌نجامی ئه‌م حاڵه‌ته‌ كه‌ بۆته‌ دیارده‌.. ره‌نگه‌ زۆر كه‌س هه‌بن بڵێن ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ فیله‌ندو ئه‌مه‌ریكاو ژاپۆنیش ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆته‌ دیارده‌و جیهانی گرتۆته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت له‌ كوردستاندا خۆكوشتن یان خۆ سووتاندنی كچان و ژنان خاڵه‌ت بووه‌و لێره‌و له‌وێ‌ و ساڵانه‌ ده‌قه‌ومان و روویانده‌دا. ئه‌مڕۆ له‌ژێر سایه‌ی راپه‌رین و ئازادییه‌وه‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی بێسه‌روبه‌ره‌و بێنه‌وبه‌رده‌ی داهات و بوودجه‌ی بێشووماری خه‌ڵكی كوردستان كه‌وتۆته‌ ژێر چنگی حزب و ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه‌ كه‌ بێبه‌رنامه‌ڕێژی و بێ هه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ دابه‌شكردنی ئه‌و داهاته‌ زه‌به‌لاحه‌دا و قۆرخكردنی له‌ لایه‌ن پێنج سه‌د به‌رپرسی مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ هه‌شبه‌سه‌ره‌دا، ئه‌و ژیانه‌ تاقه‌ت پڕوكێنه‌ی دروست كردووه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێك گه‌نجان هه‌ستی پێده‌كه‌ن.
به‌درێژایی ئه‌م نۆزده‌ ساڵه‌، نه‌ حزب و نه‌حكومه‌ت و نه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هیچ پرۆژه‌یه‌كیان نه‌بووه‌و نییه‌، باس له‌ به‌ كۆنكریت كردن و خۆشگوزه‌رانكردنی ژیانی گه‌نج و نه‌وجه‌وانانی كورد بكات!!
زۆرینه‌ی زۆری گه‌نجی كوردستان نه‌مری و نه‌ژی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و له‌ خێزانی هه‌ژاردا به‌ بێبه‌شی و حیرمانه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێن و بگره‌ هه‌یانه‌ به‌ درێژایی هه‌فته‌یه‌ك تاقه‌ یه‌ك هه‌زار دیناری پێ نییه‌، له‌كاتێكدا به‌ بێبه‌رنامه‌و بێسه‌روبه‌ره‌، بازرگانه‌كانمان( كه‌ زۆرینه‌یان به‌رپرسن) بازاڕیان پڕ كردووه‌ له‌ ئامێرو كه‌ره‌سته‌ی كاره‌بایی و ئه‌لكترۆنی، كه‌ پێش هه‌موو كه‌سێك گه‌نج خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێ و حه‌ز به‌ موڵكداریی مۆبایل و لاپتۆپ و شاشه‌ی فلات و سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رزو چی و چی دیكه‌ ده‌كات كه‌ بێ ئه‌ندازه‌ بازاڕه‌كانمانی سیخناخ كردووه‌و گه‌نجانی چاوچنۆك و بێسه‌برو به‌رژه‌وه‌ندخوازو پاره‌په‌رست كردووه‌. هه‌لی كه‌می كارو دامه‌زراندنی گه‌نجان به‌بێ ته‌زكییه‌ی حزبی و واسته‌، هه‌روه‌ها كه‌می و نه‌بوونی شوێنی حه‌واندنه‌وه‌ی هه‌رزان و شوێن گۆڕه‌پانی یاری به‌ نرخێكی هه‌رزان و سه‌ر به‌ كه‌رتی گشتی و حكومی، ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ی دروست كردووه‌ كه‌ یه‌كه‌مین زه‌برێك له‌ گه‌نج بدرێت و هه‌ست به‌ حیرمان و بێئومێدی و خولانه‌وه‌ بكات له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا..
نه‌بوونی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی په‌رله‌مان و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ هه‌مبه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری گه‌نجدا، حاڵه‌تێكی هه‌تیوی به‌ره‌ڵابوونی لای گه‌نج دروست كردووه‌ كه‌ زۆرینه‌یان پێیان وایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات كار بۆ مه‌یسه‌ر كردنی ژیانی ئاسایی و ئاسانكاری بواره‌كانی دامه‌زراندن و هاوسه‌رگیریان ناكات.. گه‌نج ده‌ناسم چونكه‌ بێ پشتو په‌نان و حزبی نین و كه‌سیش ناناسن، چوار ساڵه‌ په‌یمانگای گه‌شتوگوزاری ته‌واو كردووه‌و دانه‌مه‌زراوه‌، له‌كاتێكدا كوردستان وه‌كو سویسرا جێ و شوێنی گه‌شت و هاوینه‌هه‌واری هه‌یه‌و ده‌كرا سوود له‌و بواره‌ وه‌رگیرێت. دروستكردنی كارگه‌ی ئاسانی وه‌كو مافوورو چنین و جگه‌ره‌و دۆشاو و مره‌باو زه‌یت و شامپۆو سابوون كه‌ پێش راپه‌ڕین و له‌ سه‌رده‌می دیكتاتۆردا هه‌بوون ئێستا پووكاونه‌ته‌وه‌ ده‌كرا دابمه‌زرایه‌و به‌ لێشاو گه‌نجان له‌و شوێنانه‌ كاریان بكردایه‌.. ده‌شكرا له‌ ته‌نیشت ئه‌و كارگانه‌وه‌( وه‌كو هه‌نده‌ران) گۆڕه‌پانی یاری و پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون (به‌ شێوه‌ی قیست) دابمه‌زرایه‌ ( كه‌ من ئه‌و پڕۆژانه‌م پێشكه‌ش به‌ زۆرێك له‌ به‌رپرسان و وه‌زیری لاوانی پێشوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا/ له‌ ڕێی سایته‌كه‌یه‌وه‌/ كردوون و وه‌ڵامیان نه‌بووه‌.)
ئه‌و رێكلامانه‌ی له‌ ته‌له‌فزیۆن نیشان ده‌درێن و ڤێلاو شووقه‌و خانوو بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان مه‌زاد ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری سه‌لبی و خراپ به‌سه‌ر ده‌روونی گه‌نجه‌وه‌ به‌جێدێڵن، به‌ڵام كوان راوێژكارو دڵسۆزو میهره‌بان و ژیر له‌م حكومه‌ت و حزبانه‌ی كوردستاندا.
زۆرن ئه‌و ده‌رفه‌ت و هه‌لانه‌ی كه‌ پێویست بوو به‌ر له‌ كوڕانی به‌رپرس و بنه‌ماڵه‌كانیان، به‌ر له‌ بیناو ئاپارتمانه‌ هه‌ڵكشاوه‌كانی شارو هه‌زاران دۆنمه‌ زه‌وی و كۆشك و ته‌لاره‌كانی ناویان و شه‌وانی سووری به‌ر ئاگری سه‌ماكاران، ده‌بوو پڕۆژه‌ی ژیان خۆشی و ئاسانكاریی گوزه‌ران بۆ گه‌نجی هه‌ژارو نه‌داری زۆرینه‌ی كوردستان بڕه‌خسایه‌، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و بیری ته‌سكی حزبایه‌تی و خزمایه‌تی و ماشینه‌وه‌ی داهات و بوودجه‌ی زه‌به‌لاحی كوردستان كه‌ بۆ خه‌ڵك و دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه‌ دابینكراوه‌، ناعه‌داله‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناشه‌فافییه‌ت و لێنه‌پرسینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵ و په‌راوێزكردنی توێژی به‌رفراوانی گه‌نجان كه‌ ( 63%) ی دانیشتوانمان پێكدێنن، بۆته‌هۆی بێئومێد بوون و له‌ هیوابڕانی گه‌نجانێك كه‌ زۆرینه‌یان هه‌ژارن و بێ پشتو په‌ناو ناحزبی و سه‌ربه‌خۆن، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌ستگێڕو عه‌ره‌بانه‌ به‌ده‌ست و شۆفێری تاكسییه‌ بێشوماره‌كانن كه‌ هه‌ر ده‌ كه‌س و یه‌ك تاكسیان به‌رده‌كه‌وێت و له‌وه‌شدا قازانجی به‌رپرسه‌و زه‌ره‌رو زیانی گه‌نجان..
به‌ كورتی: قورساییه‌كی زۆرو زه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر گه‌نجانه‌، خه‌رجی و مه‌سره‌فیان له‌م گرانییه‌دا( كه‌ ئه‌ویش له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاته‌) ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ ناتوانن پاش خوێندن دابمه‌زرێنن به‌بێ واسته‌و ته‌زكیه‌ی حزبی، ناتوانن خولیاكانیان له‌ كه‌لاوه‌كانی شارو شارۆچكه‌كاندا ( له‌ جیاتی گۆڕه‌پان و مه‌له‌وانگه‌ی گه‌وره‌ی حكومی) مه‌یسه‌ر بكه‌ن.. ناتوانن سه‌فه‌رێك و گه‌شتێكی ئاسایی بكه‌ن بۆ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ سه‌ره‌كیترین مافی مرۆڤه‌ له‌سه‌ر زه‌وی.. ناتوانن پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری مه‌یسه‌ر بكه‌ن چونكه‌ تێچوونی زۆره‌و شوێنی نیشته‌جێیان هه‌رگیز بۆ دابین ناكرێت ( هه‌رچه‌نده‌ به‌قسه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ بێت خانوو یان شوقه‌ی هه‌رزان بۆ كرێچییه‌كانمان پاش ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م حازر ده‌بێت)..
كه‌واته‌ گه‌نج له‌ژێر فشارێكی زۆر گه‌وره‌دایه‌، به‌ڵام كه‌ نه‌ حكومه‌ت و نه‌ حزب و نه‌ ریكخراوه‌كانمان راپرسی و تۆژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی بۆ نه‌كه‌ن، كێ ده‌توانێت بچێته‌ ژێر پێسته‌وه‌و ئه‌م هه‌موو ره‌زاله‌تییه‌ی گه‌نجانمان هه‌ست پێبكات.. پیاوی تێر ئاگای له‌ برسی نییه‌و پیاوی ده‌وڵه‌مه‌ند بێزی نایه‌ت ته‌ماشای هه‌ژار بكات.. پیاوی حزبیش په‌رۆشی هاووڵاتی نابێت.


 

           

 

08/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com