رۆژنامه‌نوسێك به‌ تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌لێكردن داوایه‌ك تۆمارده‌كات

  

 




سلێمانی، 6ی ته‌موز، 2010: نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوس شوان ئه‌حمه‌د شه‌وی دووشه‌ممه‌ به‌ سه‌نته‌ری میترۆی ڕاگه‌یاند كه‌ سه‌ر له‌ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ دوو جار له‌ لایه‌ن موقه‌ده‌مێكی پۆلیسی سلێمانی هه‌ڕشه‌ی كوشتنی لێكراوه‌.

شوان وتی كه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ چه‌ند بابه‌تێكی له‌سه‌ر ده‌زگای سه‌رده‌م له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. باسیله‌وه‌شكرد له‌ دوا نوسینیدا كه‌ رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ ماڵپه‌ری كوردستان نێتدا بڵاوكراوته‌وه‌ به‌ ناونیشانی "مامۆستا شێركۆ بێكه‌س ئاخر وا پینه‌ ناكرێت" ئاماژه‌ی به‌ ناوی موقه‌ده‌م (ئاری ره‌ئوف) كردوه‌، "ئه‌و (موقه‌ده‌مه‌) پێی وتم ئه‌گه‌ر باوكم قه‌ڵه‌می هه‌بێت بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ ئه‌وه‌ من قه‌ڵه‌مم نییه‌، فیشه‌كم هه‌یه‌ بۆ وه‌ڵام."

هه‌روه‌ها وتی كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ به‌و شێوه‌ تونده‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێبكرێت.

موقه‌ده‌م ئاری ره‌ئوف له‌ لێدوانێكیدا بۆ سه‌نته‌ری میترۆ ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ ته‌له‌فۆنی بۆ شوان كردووه‌ به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌كرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردبێت. هه‌روه‌ها وتی كه‌ به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندن داوا له‌سه‌ر شوان تۆمارده‌كات.

شوان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری له‌ شاری سلێمانی داوایه‌كی به‌تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌سه‌ر ئه‌‌و ئه‌فسه‌ره‌ تۆماركردووه‌. له‌كاتی به‌ڕێكردنی داوا یاساییه‌كه‌ی شوان دا، شه‌وی رابردوو رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ سه‌ردانی شوانی كرد له‌دادگای سلێمانی.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان داوا ده‌كات" لێكۆڵینه‌وه‌ی وورد له‌ دۆسییه‌كه‌ی نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس شوان ئه‌حمه‌د بكرێت‌و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت."

ده‌رباره‌ی سه‌نته‌ری میترۆ:
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژو داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی بێلایه‌نی قازانج نه‌ویسته‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان. سه‌نته‌ری میترۆ له‌ مانگی ئابی ساڵی 2009دا دامه‌زراوه‌.

بۆ په‌یوه‌ندی و ناردنی زانیاری په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌:
ره‌حمان غه‌ریب: 07701523300
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید: 07701940930
ئیمه‌یل: metroiraq@gmail.com, rahmangarib@yahoo.com
كۆتایی





 

           

 

06/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com