كۆنترۆڵی ئێران لە هەرێمی كوردستان پێویستیی بەبوونی ئیسرائیل هەیە

  

هاوار بازيـان



كۆنسوڵگە و باڵوێزخانەی وڵاتان لە هەر هەرێم و وڵاتێك نوێنەری سیاسی، كولتووری و ئابووریی وڵاتی خۆیەتی، واتە هەڵگری ئەركێكی رەسمی و پاكە، بەڵام كۆنسوڵگەى كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لە روانگەى خەڵك و تەنانەت خودی دەسەڵاتی هەرێمەوە زیاتر وەك شوێنێكی هەواڵگری و خانەی داڕشتنی پیلان دژی كوردەكان و بەتایبەت حزب و كوردانی رۆژهەڵات دێتە دانان. (تیرۆر، رفاندن، سیخوڕی و هەڕەشەكانی پێشوو بۆ نموونە). بەپێی ئامارەكانی رەسمی لە هەرێم 17 كۆنسوڵگە و نوێنەرایەتیی رەسمیی وڵاتانی بیانی هەیە، بەڵام نیگەرانیی خەڵك و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە كۆنسوڵگەى ئێران لە هەر 16 نوێنەرایەتییەكەی تر زیاتر و لەوانەیە بەجێترە. ئێران نەرمترین و هاوكات ستراتیژیترین دوژمنی كوردە و بۆ گەیشتن بەبچووكترین ئامانج ئامادەیە هەموو رەنگێك بگۆڕێ و پەنا بۆ سەرجەم شتەكان ببات، بۆیە رەتكردنەوەى لە هەڵسەنگاندنی باشترە.

پێویستە لە رێگەى هێنانە مەیدانی ستراتیژیترین دۆستی كورد كە ئیسرائیلە، بەرامبەرێك بۆ ستراتیژیترین دوژمنی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق كە كۆماری ئیسلامییە لە هەرێمەكە بێتە دانان، واتە بەكردنەوەى بنكە یاخۆ كۆنسوڵگەیەكی رەسمیی حكوومەتی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان بەڵانس و سنوورێك بۆ فێڵبازی و پیلانگێڕییەكانی ئاشكرا و زیاتر نهێنی ئێران لە هەرێمەكە دابنرێ، كە دواتر بۆ رۆژهەڵاتی كوردستانیش سوودی دەبێ و حزبەكانی ئەو پارچەیە زیاتر سوود لە بوونی ئەو هێزە سیاسییە وەردەگرن.

بانگهێشتكردنی رەسمیی حكوومەتی ئیسرائیل بۆ هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بەهای سیاسیی كوردەكان بەرزتر دەكاتەوە، چونكە ئێستە ئێران خۆی بە پاڵەوانی مەیدانەكە دەبینێ و هەست دەكات بەبێ ئەو هیچ ناكرێ و ئەگەریش بكرێ تێك دەدرێ، بەتایبەت پاش هەڵبژاردنەكانی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق و هاتوچۆی بەرپرسانی باڵای عێراقی (جگە لە لیستی عێراقییە) بۆ تاران. كۆماری ئیسلامی لە تێكدان هێزێكی رەهای ناوچەكەیە و ئێستە بەنیازە ئەو هێزە بە هەموو دنیا پێشان بدات كە ئەوروپا و زلهێزەكان بە وەرگرتنی باجێكی گونجاو لە تاران لێی قبووڵ دەكەن، بەڵام ئەو وڵاتە بەرامبەر ئیسرائیل لاوازە و تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل و جوولەكە لە ئارادا نەبووایە ماوەیەكی زۆر بوو تاران و واشنتۆن كێشەكانیان بە نەوت و دۆلار چارەسەر كردبوو.

بەئاشكرایی دەبینین كە ئەمەریكا دژی ئێران سوود لە كارتی جوولەكە و ئیسرائیل وەردەگرێ، بۆچی كوردەكان دژی ئێران پەنا بۆ ئیسرائیل نابەن؟ هێنانی نوێنەری ئیسرائیل بۆ هەولێر، لەرزە دەخاتە ناو لەشی سەید عوزەیم حسێنی بەرپرسی كۆنسوڵگەی كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان كە چۆن دەتوانێ لە هەرێمكدا لەگەڵ جوولەكەیەكی هاوشاندا كار بكات و چۆن دەبێ؟

پێشوازیكردنی كورد لە ئیسرائیل و جوولەكە تاكە رێگەچارەى سیاسیی ئەمڕۆیە كە بكرێ بەهۆیەوە دەسەڵاتخوازی و نیازەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان سنووردار بكرێ، ئەگینا بۆ خۆشەویستی و هەستێكی بێ بنەمای كورد بۆ ئیسرائیل و جوولەكە ناگەڕێتەوە، چونكە لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا رۆژانە دەبینین بۆ سەركوتی گەریلاكانی P.K.K سوپای توركیا چۆن سوود لە چەكی ئیسرائیلی وەردەگرێ، بەڵام پێویستە كورد بەرامبەر دوژمنێكی فێڵباز و چەواشەكاری وەك كۆماری ئیسلامی سەردەمیانە سیاسەت بكات.

ئەو رۆژەى نوێنەری حكوومەتی ئیسرائیل هاوشێوەى وڵاتانی میسر و ئوردن لە هەرێمی كوردستان دەست بەكار دەبێ، كۆماری ئیسلامی ناچارە بەرامبەر كوردەكان باجی زیاتر بدات كە بەرزبوونەوەى رێزی سیاسی و دیپلۆماتی هەولێری لێ دەكەوێتەوە، جگە لەوەى بۆ پرسی كورد لە باكوری كوردستانیش سوودی دەبێ، چونكە سووڕانەوەى فڕۆكەكانی ئیسرائیلی بەسەر گەریلاكاندا لە قەندیل باشتر رەخنەی لێ دەگیرێ و بەشێوەیەكی رەسمی ئەو هەڵوێستەى تەلئەڤیڤ بەرامبەر دۆزی كورد ریسوا دەكرێ.

جگە لەوەى بەبوونی ئەو نوێنەرە لە هەولێر، بەرپرسانی هەرێم رۆڵێكی باشتریان لە دۆخی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیلدا دەبێ و پەلێكی ئەو پرسە نێودەوڵەتییە دەگاتە هەرێم. ئەگەر نیگەرانییەك لەبارەى هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب هەیە، دەبینین تەنیا میسر و ئوردن پرسی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل بەڕێوە دەبەن كە خۆیان كۆنسوڵگەی ئیسرائیلیان تێدایە.
لە ئەنجامدا كوردەكان هەلێكی باشیان لەبەردەست دا تا ئیسرائیلی دۆستیان بخەنە بەرامبەر ئێرانی فێڵبازیان تا بەشێك لەو بودجە و كاتانە كۆنسوڵگە و كەسانى سەر بە ئێران لە هەولێر بۆ سیخوڕیكردن لەسەر حزبەكانی كوردی، زانیاری لەبارەى دام و دەزگەكانی هەرێم، ناردنەوەى زانیاری لەبارەى چۆنیەتیی تۆپبارانكردنی باشتری كوردستان و كەوتنەوەى زیانی زیاتر، راكێشانی قوتابییان بۆ هاوكاری، سەردانەكانی مووسڵ بۆ دەستوەردان لە پرسی سیاسیی عێراق، هێنانی كۆمپانیاكانی بەناو بازرگانیی ئێرانی بۆ هەرێم بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، كردنەەى پێشانگەى كتێب بۆ هەڵاوسانی وێنەی خومەینی و هەناردەكردنی شۆڕش و هەوڵی گێڕانەوەى ئەوانەی لە ترسی سێدارە و دڕندەییی كۆماری ئیسلامی رایان كردووە دەكرێ كۆنترۆڵ بكرێ، لە راستیدا بەبوونی ئیسرائیل لە هەرێم هەندێكی ئەو پارە و كاتە بۆ چۆنیەتیی رێگەنەدان و نەهێشتنی چالاكییەكانی ئیسرائیل لە هەرێم وەك، گواستنەوەى هەستی سەربەخۆخوازیی جوولەكە بۆ كورد، ئەزموونی خۆبژێویی ئیسرائیل بۆ ئەوەى كوردستان بێ ماست و پەنیری ئێران لە برسان نەمرێ، پێشخستنی كەرتی سەربازی و هەواڵگری كە كۆڵەكەی دوژمنە و فێركردنی رەمزەكانی گەیشتن بەدەسەڵاتێكی نێودەوڵەتی وەك جوولەكە بۆ كورد سەرف دەكرێ.

چاودێری و كۆنترۆڵی كار و چالاكییە یاسایی و نایاسایییەكانی كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بوونی ئیسرائیل لە مەیدانەكەدا هەیە، چونكە لە ناوچەكە و تەنانەت لە هەموو دنیادا تەنیا ئیسرائیل وەك هێزێكی سەربەخۆ و دیار ماوە كە هیوای بەرەنگاریی و خۆ بەدەستەوەنەدانی تێدا بەدی دەكرێ، واتە لە رێگەى ئیسرائیلەوە، كۆنترۆڵی ئێران بكرێ و بەهۆیەوە هەڕەشە نهێنییەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێم باشتر بێنە ئاشكراكردن و سنووردارتر بكرێن.

hawarbazyan2000@gmail.com




 

           

 

06/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com