به‌رله‌وه‌ی مه‌رگ بمگاتێ‌، هه‌ڵهاتم 

  

هاورێ‌ ئه‌حمه‌د




گوێبگره‌ خاتوون، گه‌ره‌كمه‌ له‌م جه‌سته‌ نه‌عله‌تیه‌ی كه‌ وه‌ك زیندان چوار ده‌وری رۆحمی ته‌لبه‌ندكردووه‌ رابكه‌م، له‌ ئازادی رۆحمدا پر به‌ گه‌رووم هاوار بكه‌م‌و بقیژێنم، هاوار بكه‌م‌و رۆبچم، فوو به‌ كه‌ره‌نادا بكه‌م‌و كانی بكه‌م به‌ زه‌ریا، شمشێره‌ خوێناویه‌كانی جه‌نگه‌كان به‌ عه‌تر بشۆم، به‌ دڵۆپێ‌ فرمێسكی ئافره‌تێك توینێتی مه‌مله‌كه‌تێك بشكێنم، به‌رده‌كان نه‌رم نه‌رم بكه‌مه‌وه‌و بیكه‌مه‌ هێلانه‌ی كۆتره‌ باریكه‌، ده‌ست بخه‌مه‌ بیناقاقای هه‌ژاری‌و دوا دڵۆپی خوێنی برژێنم، په‌نجه‌كانم بكه‌م به‌ شانه‌ بۆ داهێنانی قژی دار هه‌نجیرێك، ده‌ستێك به‌سه‌ری چیادا بهێنم‌و زه‌وی له‌ جنسی مرۆڤخۆران پاك بكه‌مه‌وه‌، دوا هه‌ناسه‌ی دوا نه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كی پیاوكوژان ده‌ربهێنم، گه‌ركمه‌ پێستم دادرم‌و رۆحم ئازاد بكه‌م، سینه‌م شه‌ق بكه‌م‌و به‌ چاوه‌كانم دڵی خۆم ببینم، له‌ هه‌وادا گوێم له‌ ترپه‌ی دڵم بێت، له‌ بۆشایدا به‌دوای خۆمدا بگه‌رێم، خاتوون بمبووره‌ كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌تبینم‌و زۆر بڵێی ده‌كه‌م، له‌ حوزوری به‌رێزتاندا خه‌جاڵه‌تم، به‌ڵام چیبكه‌م خاتوون؟ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خۆم بنوسنه‌وه‌ خۆم ده‌ڵێمه‌وه‌، خاتوون بریار وابوو له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌ك من‌و تۆ به‌یه‌ك بگه‌ین‌و قسه‌ت بۆ بكه‌م، له‌سه‌ر نه‌یزه‌كێك بتبینم‌و نیگات بكه‌م، بریار وابوو له‌هه‌ر كوێیه‌ك بتبینم جگه‌ له‌م شوێنه‌ نه‌عله‌تیه‌، له‌هه‌ر كاتێك بتبینم جگه‌ له‌م ئێستا بێ‌ فه‌ره‌، بڕیار وابوو له‌ خه‌یاڵدا پێت بگه‌م‌و خه‌ونه‌كانمت بۆ باس بكه‌م، له‌ شه‌وه‌زه‌نگدا پێت بگه‌م‌و نوره‌كانت لێ‌ بسێنم.
خانم بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌ تۆ وه‌كو روبار به‌ هه‌ڵه‌داوان هه‌موو شیوه‌كانم ته‌یكرد‌و دواجار وه‌كو ده‌ریا مه‌نگ بووم، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌تۆ وه‌كو ره‌شه‌با هه‌موو شاره‌ راستی‌و خه‌یاڵیه‌كانم دابه‌یه‌كداو دواجار له‌ باڵكۆنی هێلانه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك تێر دانیشتم، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌تۆ هه‌رچی شیعر هه‌یه‌ خوێندمه‌وه‌و دواجار له‌ساباتی ئاشوبێكدا خه‌وم لێكه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌ تۆ هه‌موو ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان گه‌ڕام ‌و له‌ روحێكی ده‌وڵه‌مه‌ندا شه‌رابم نۆشكرد، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌ تۆ خوداوه‌ندم وه‌رس كردو له‌ دواجاردا پێغه‌مبه‌ر به‌رماڵێكی دامێ‌‌و داڵده‌ی دام، خاتوون به‌رێزتان نازانن چیم بۆكردن؟ هه‌رچی كلی ئه‌م شاره‌ هه‌یه‌ كڕیم‌و چاوی ئاسمانم پێ‌ ره‌شكرد، هه‌رچی ترێی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ هه‌یه‌ كۆمكرده‌وه‌و شه‌رابم لێ‌ ده‌ركردو به‌سه‌ر شوشه‌كاندا دابه‌شم كردو له‌ دواجاردا زه‌ڕبی دڵۆپه‌كانی بارانم كرد، هه‌رچی نیگا نه‌بینراوه‌كان هه‌یه‌ زه‌وتم كردو له‌ چاڵیكی قوڵدا به‌ خاكم سپارد، له‌ گه‌ڵا پارامه‌وه‌ سێوێك له‌ دایك بێت، له‌ ئاسمان پارامه‌وه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك بكه‌وێته‌ خوار، له‌ خودا پارامه‌وه‌ پێغه‌مبه‌رێكی شاعیرم بۆ بنێرێ‌، له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر پارامه‌وه‌ تا گه‌شتنی یه‌كه‌م موسافیر زه‌مه‌ن راگرێت، كرنۆشم بۆ پیربوون برد بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نج بوونم فه‌رامۆش نه‌كا، سوژده‌م بۆ سیا برد بۆ ئه‌وه‌ی چرچ بوونم كه‌مێك دوا بخا، له‌ جه‌نگه‌كان پارامه‌وه‌ هاتنیان دوا بخه‌ن، گوێم بۆ فریشته‌كان راگرت، چاوم بۆ رێگا دوره‌كان رادیرا، هه‌ستم بۆ چرپه‌ راخست، به‌رێزتان نازانن چیم بۆ كردن؟ هه‌رچی سێبه‌ر هه‌یه‌ پێوام، هه‌رچی هه‌تاو هه‌یه‌ ماچم كرد، خاتوون ئه‌زانن له‌ كه‌یه‌وه‌ چاوه‌رێی جه‌نابتانم؟ له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می پایزه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی گێلاسه‌وه‌، له‌یه‌كه‌م شه‌وی مێژووه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م رۆژی بێ‌ بڕانه‌وه‌و له‌ یه‌كه‌م كلوه‌ به‌فری بێ‌ توانه‌وه‌و له‌ یه‌كه‌م جریوه‌ی ئه‌ستێره‌و له‌ یه‌كه‌م یه‌كه‌مه‌وه‌ چاوه‌رێتم خاتوون، خاتوون دڵنیام نازانن له‌كه‌یه‌وه‌ چاوه‌رێتانم، له‌ پێش یه‌كه‌م فیراقی خواو ئه‌هریمه‌ن‌و له‌ پێش یه‌كه‌م هه‌ناسه‌ی بوون‌و له‌ پێش یه‌كه‌م شیته‌ڵی ره‌نگ‌و له‌ پێش یه‌كه‌م پیاسه‌ی هاوین، خاتوون پێش ئه‌وه‌ی ئاسمان ببێته‌ چه‌ترو زه‌وی به‌ راخه‌ر، پێش ئه‌وه‌ی شه‌ماڵ ببێ‌ به‌ هه‌وارگه‌‌و نه‌سیم به‌ جێ‌ داڵده‌م چاوه‌رێت بووم، خاتوون به‌رێزتان نازانن من كێم؟ من رۆژ ژمێری ته‌نیایی‌و باڵنده‌یه‌كی بێ‌َََََََََ باڵم، من قیامه‌تێكی سه‌ره‌تاو سه‌ره‌تایه‌كی بێ‌ قیامه‌تم، من تاوانبارێكی بێ‌ گوناهم، من نه‌فره‌ت لێكراوێكی بێ‌ داڵده‌و زه‌وتكراوێكی بێ‌ ناونیشانم، من زامێكی پر برین‌و نیشتیمانێكی بێ‌ جه‌نگاوه‌رم، من بڵێسه‌یه‌كی نه‌كوژاوه‌و كڵپه‌یه‌كی ترسنۆكم، من یه‌كه‌م ئه‌لوه‌داو دوا وه‌داعی سۆفیه‌كی سه‌ر شێَََََتم، من یه‌كه‌م زیكری پیاوێكی به‌ ویقار‌و دوا تاوانی ئافره‌تێكی سۆزانیم، خاتوون ئه‌زانن چۆن گه‌شتم به‌ به‌رێزتان؟ به‌ راره‌وه‌كانی هه‌ڵدێر‌و به‌ چه‌مه‌ ته‌ماویه‌كاندا گوزه‌رم كرد، به‌سه‌ر تابلۆكانی گریان‌و پۆرترێتی خه‌مه‌كاندا تێپه‌ریم، به‌ ته‌نیشت پێكه‌نینه‌ پڕ قه‌هره‌كان‌و بزه‌ پڕ مه‌راقه‌كاندا گوزه‌رم كرد، ئه‌زانن چۆن گه‌شتم به‌ به‌رێزتان؟ پێش ئه‌وه‌ی دارستان ژان بیگرێت به‌ له‌ دایك بوونی یه‌كه‌م په‌پوو، پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م فه‌توا بدرێت بۆ كوشتنی یه‌كه‌م قومری، پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جه‌سته‌ به‌ خاك بسپێردرێت پێت راگه‌شتم خاتوون، خاتوون ئه‌زانن ئێستا چ كاتێكه‌؟ ئێستا كاتی هه‌ڵوه‌رینی یه‌كه‌م بۆڵه‌ به‌رسیله‌ی دار مێوه‌، من زوو هاتم، ئێستا كاتی یه‌كه‌م دڵداری هه‌رزه‌ییه‌، ئێستا كاتی ژه‌هراوی بوونی روبارو زه‌لیل بوونی یه‌كه‌م فرمێسكه‌، ئێستا كاتی دوا پێكه‌نینی منداڵی‌و یه‌كه‌م گریانی گه‌وره‌ییته‌، خاتوون بمبه‌خشه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زارمدا بێت ده‌یڵێم، من دروستكراوی ده‌ستی مرۆڤ نیم، من دار چواله‌ی خۆرسك‌و من كه‌ینونه‌ی روحێكی سه‌ربه‌ستم، خاتوون من یه‌كه‌م عاشق‌و دوا مه‌عشوقتم، پێمه‌كه‌نه‌!! من دڵنیام فرمێسكت ده‌بینم، من دڵنیام هه‌نسكت شێتم ده‌كات، من یه‌قینم عه‌شقم له‌ ناوت ده‌بات، پێمه‌كه‌نه‌ خاتوون، من دڵنیام یه‌كه‌م زارۆك‌و دوا زارۆكت هه‌ر هی منه‌، خاتوون ئه‌زانن بۆ پێتان گه‌شتم؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتادا‌و بۆ یه‌كه‌م جار ژیان له‌ ئامێزتاندا وچان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رنه‌ڤاڵ ‌و ئاهه‌نگه‌كان پڕِِِ به‌ ژیان تام خۆی بدات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌نجه‌ر یاری به‌ خوێن نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئامێز یاری به‌ چاره‌نوس‌و ماچ یاری به‌ لێوان نه‌كات، خاتوون بۆیه‌ پێتان گه‌شتم مژده‌ی دینی عیشقتان به‌مێ‌، مژده‌ی دوا نامه‌ی جه‌هل‌و یه‌كه‌م سۆزی ئه‌وینتان به‌مێ‌، خاتوون به‌رێزتان ئه‌زانن كه‌ی ئه‌رۆمه‌وه‌؟ كاتێ‌ ئه‌هرومه‌زدا له‌ چاكه‌ خۆی بێ‌ به‌ری بكات، كاتێ‌ كه‌شتیه‌كان نه‌فره‌ت له‌ ده‌ریا بكه‌ن، كاتێ‌ چۆله‌كه‌كان به‌ره‌و چه‌قی زه‌وی سه‌ر خۆیان هه‌ڵبگرن، خاتوون ئه‌زانن كه‌ی ئه‌رۆمه‌وه‌؟ ئه‌وكاته‌ی هه‌ناسه‌ وچان ئه‌دات، ئه‌وكاته‌ی تاڤگه‌كانی رۆح ماڵ ئاوایی له‌ خوره‌م ئه‌كات، ئه‌و كاته‌ی ئاوازی داركونكره‌كه‌ تا بیناقاقات رۆ ئه‌چێت.
خاتوون پێش ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌ تۆ ئه‌زانن من چیم بینیوه‌؟ كه‌لاكی سه‌گم به‌ده‌م ئامیزاده‌وه‌ بینیوه‌، ئێسكی ته‌ورم له‌ نێوچه‌وانی كه‌روێشكدا بینیوه‌، گۆره‌پانی جه‌نگم بینیوه‌ ته‌نها داڵكه‌رخۆره‌كان پێكه‌نیون، خاتوون، دار ئه‌نتێنم بینیوه‌ جێنشینگه‌ی ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌ هه‌ڵكه‌ندنی قه‌بره‌كان گه‌راونه‌ته‌وه‌، ره‌نگی سپیم بینی بۆ روت بوونه‌وه‌ی هه‌وارگه‌ی ره‌ش ئه‌گریا، بزه‌م بینی به‌ داكرماندنی ئێسك‌و پروسكی یه‌زدان قاقای ده‌كرد، خاتوون من بێ‌ برواترین بوونه‌وه‌رم، هه‌رچی خواوه‌ندی جوانی هه‌یه‌ به‌ نه‌فره‌ت بێ‌، هه‌رچی ده‌لاقه‌ی سۆز هه‌یه‌ به‌ نه‌فره‌ت بێ‌، خاتوون عیشقی تۆ خه‌ریكه‌ له‌ ناوم ده‌بات، گه‌ر عیشق ئه‌مه‌یه‌، هه‌رچی خواوه‌ندی عیشق هه‌یه‌ به‌ نه‌فره‌ت بێت.
نا.... خاتوون... نا، تۆ هیچ وشه‌یه‌ك مه‌ڵێ‌، تۆ گوێ‌ له‌ ئاوازی هه‌ناسه‌كانم بگره‌و چاو بۆ ئاوابوونم بگێره‌، تۆ ده‌سته‌سره‌كه‌ت رابخه‌و ئه‌مر بفه‌رموون بیكه‌م به‌ به‌رماڵم، بیكه‌م به‌ جێ نزرگه‌م، بیكه‌م به‌ مه‌رقه‌دم، ئه‌زانی خاتووت له‌وه‌تی بیرم دێت من رووه‌و خۆرنشین راده‌مێنم، تا ئێستا ئاسۆی خۆرهه‌ڵاتم نه‌دیوه‌، له‌ ناو باو بۆران‌و گێژه‌ڵۆكه‌كانی تارماییه‌وه‌ خۆم راپه‌رسكاندوه‌و رووه‌و تۆ، ئا..خٍاتوون...ئا، رووه‌و تۆ هه‌ڵهاتووم،

 

           

 

20/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com