وه‌ك شتێ ده‌ڵێ‌ی،
ده‌تناسمه‌وه!
وای خودایه،
خودای من!
چ نه‌زیفێكه.. ئه‌م خاپوربوونه!
چ تاریكییه‌كه.. ئه‌م عومره!
جوانێ..
وه‌ك شتێ تۆش،
ده‌ڵێ‌ی.. به‌ژێر شه‌سته‌دا هاتوی!
ده‌ڵێ‌ی.. تازه له‌خه‌یاڵ گه‌ڕاویته‌وه!
بۆنی ماڵێك ئه‌ده‌یت.. ئاشنا،
له‌هه‌ساره‌یه‌كی دوور!
بۆنی سه‌وزایی سه‌رده‌مانێك!
بۆنی تولانی، سه‌فه‌رێك!
وه‌ك شتێ ده‌ڵێ‌ی،
ده‌تناسمه‌وه!
جوانێ..
ئێستا كه‌هاتویت،
ڕۆژه‌كان كورت و
قسه‌مان زۆر!
پاڵتۆكه‌ت،
له‌و ته‌نهایی و
غوربه‌ت و
بێده‌نگییه.. بته‌كێنه‌و
قسه‌م له‌بۆبكه!
ئاخر تۆ.. هه‌نوكه
ساده‌ترین قسه‌ت،
ده‌توانێ دڵم،
وه‌ك خه‌یاڵی پیاوێكی مه‌ست.. گه‌رمكا!
ئاخر تۆ.. هه‌نوكه
ساده‌ترین حیكایه‌تت،
ده‌توانێ ماڵم،
وه‌ك باخێك..
له‌باخچه هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل.. سه‌وزكا!
ئاخر تۆ.. هه‌نوكه
ساده‌ترین پێكه‌نینت،
ده‌توانێ زه‌ینم،
وه‌ك وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی قه‌دیمی.. ڕۆشنكا!
جوانێ..
ئێستا كه‌هاتویت،
ئاسمان ساماڵ و
خه‌ڵك نوستوو!
جانتاكه‌ت بكه‌وه‌و
پشانمده،
گواره‌ی شینی غه‌ریبی و
بازنی شوشه‌ی دووری و
ملوانكه‌ی، هه‌زار ده‌نكه‌ی چاوه‌ڕوانی!
جوانێ..
قسه‌م له‌بۆبكه!
قسه‌ی ئه‌وێ ڕۆژگارێ،
كه به‌جووتێك پێڵاوی سوور‌و
باوڵێكی مناڵیت و
ده‌ستێك جلكی باراناوییه‌وه.. هاتیت و
حه‌وشه‌وبانی ماڵمت هه‌ڵكێشا،
له‌بۆنی سه‌ره‌تاكانی تریفه‌و
ته‌واوی ژوره‌كانمت به‌وكتێبانه ئاخنی،
كه‌په‌ڕه‌كانیان وه‌ك دڵت.. ناسكبوونه‌ته‌وه!
به‌ده‌م ته‌ماشاشه‌وه،
وه‌ك ئه‌وه‌ی‌شتێك..
ئه‌وعه‌یامه‌ت به‌بیربێنێته‌وه،
له‌به‌رخۆوه وتت:
وای خودایه،
چ بۆنی عه‌شقێكی له‌مێژینه‌ت لێ دێ!
وای خودای من،
چ بۆنی عه‌شقێكی له‌مێژینه ده‌كه‌م!
وه‌ك شتێ ده‌ڵێ‌ی،
ده‌مناسییه‌وه!
جوانێ..
ئێستا كه‌هاتویت،
دڵمان خۆش و
چاومان گریاناوی!
قاچت له‌ڕێگاكان پاكه‌وه‌و
ده‌ستت له‌ته‌نهایی بشۆو
دڵت، له‌م باخچه‌یه بڕوێنه!
قسه‌م له‌بۆبكه،
جوانێ!
قسه‌ی، ساڵگارێ دووری!
قسه‌یه‌ك،
تا.. ئه‌م نه‌زیفی ته‌نهاییه،
خۆشكاته‌وه!
قسه‌یه‌ك،
تا.. ئه‌م وتاقه تاریكه‌ی دڵ،
ڕۆشنكاته‌وه!
جوانێ ته‌ماشا،
چ نه‌زیفێكه ئه‌م ته‌نهاییه.. بێ تۆ!
ببینه جوانێ،
چ تاریكستانێكه ئه‌م وتاقی دڵه.. بێ تۆ!
وه‌ك شتێ،
ده‌ڵێ‌ی.. به‌ژێر شه‌سته‌دا هاتوی!
ده‌ڵێ‌ی.. تازه له‌خه‌یاڵ گه‌ڕاویته‌وه!
خودایه،
هێزم به‌رێ.. بیناسمه‌وه!
خودای من،
هێزی به‌رێ.. بمناسێته‌وه!
ده‌ی جوانێ..
ئێستا كه‌هاتویت،
قسه‌م له‌بۆبكه!
ئاخر تۆ له‌وێ..
كه‌له‌وسه‌ری غه‌ریبیمه‌وه گه‌ڕایته‌وه،
چلۆن نه‌تبینیم؟
من.. له‌وێڕا،
تاباران ڕێیه‌كتم پیشانبدا،
شیعرم بۆ قه‌تره به‌قه‌تره‌ی ده‌خوێنده‌وه!
له‌هه‌رشوێنێك هه‌تاو ئۆقره‌ی بگرتبا،
بۆ یادگاری ڕه‌سمێكیم ده‌گرت!
به‌هه‌رباخچه‌یه‌كدا تێپه‌ڕیبام،
گۆرانییه‌كی خۆمانه‌م بۆ ده‌گوت!
ئاخر تۆ له‌وێ..
كه‌له‌وپه‌ڕی ته‌نهایمه‌وه هاتیته‌وه،
چلۆن نه‌مبینیت؟
له‌وێڕا.. من،
په‌پووله پایزه‌یه‌ك نه‌ما،
به‌دوای نه‌كه‌وتبێتم!
هیچ جێ پێیه‌ك نه‌بو،
تادواهه‌نگاویم هه‌ڵمنه‌گرتبێ!
چی ڕه‌وه‌باڵنده‌یه‌كم دیبێ،
بێ چاوتروكان به‌دویدا ڕامكردووه!
ئێستا تۆ.. كه‌له‌وێنده‌ر،
له‌ناودڵی به‌جێماوو
ڕۆحی گه‌ڕیده‌و
خه‌یاڵی منداڵیمه‌وه.. ده‌گه‌ڕێیه‌وه!
چۆن نه‌مناسیته‌وه.. خودایه؟
چۆن نه‌تناسیمه‌وه.. خودای من؟
ئاه جوانێ..
چ بێهوده بوو ئه‌و ساڵگاره.. بێ تۆ!
چ ئیسرافێك بوو ئه‌م عومره.. بێ تۆ!
ده‌ده‌ی جوانێ..
ئه‌مێستا كه‌لێره‌ی
له‌م مه‌غریبی عومره‌دا،
قسه‌م له‌بۆبكه!
قسه‌ی.. عومرێك دووری!
قسه‌ی.. عومرێك ئاشنایی!
جوانێ..
قسه‌م له‌بۆبكه!
مانگی (3 بۆ 6)/2010
سلێمانی
|