كۆنگره‌ی نوسه‌ران یان كۆنگره‌ی حزب! 

  

هێمن مه‌حمود_ده‌ربه‌ندیخان


كۆنگره‌ی یه‌كێتی نوسه‌رانی كوردستان له‌ سلێمانی ته‌واوبوو، به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی لڤین پریس به‌ته‌وافقی سیاسی و بێ ئه‌وه‌ی هیچ ركابه‌رێكیان هه‌بێت یه‌كێتی و پارتی سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی و ستافه‌كانی دیكه‌یان دیاریكردووه‌.
راستییه‌كه‌ی من تا ئه‌و كاته‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌كرا كه‌ كه‌ یه‌كێتی نوسه‌ران كۆنگره‌ ده‌به‌ستێ له‌یادم چوبویه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیه‌كی وه‌های نوسه‌ران هه‌یه‌، ئاخر زاكیره‌م ناهه‌قی نه‌بوو ئه‌م یه‌كێتییه‌ چه‌ندین ساڵه‌ مردووه‌ و هیچ چالاكییه‌كی نیه‌، ته‌نانه‌ت وه‌ك سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ كارتۆنییه‌كانی دیكه‌ش ناوو ناوبانگیشی نه‌بوو، نه‌شمده‌زانی سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی كێییه‌ و ستافه‌كه‌ی خه‌ریكی چین، خودا خێری ئه‌م كۆنگره‌یه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ بیری خستینه‌وه‌ سه‌ندیكایه‌كی نوسه‌رانی وه‌ها هه‌یه‌.
نوسه‌رانی ناو ئه‌م سه‌ندیكایه‌یه‌ ره‌نگه‌ ژماره‌یان زۆر نه‌بێت، بڕواشم وه‌هایه‌ سه‌ده‌ها نوسه‌ر هه‌یه‌ ئه‌ندامی ئه‌م یه‌كێتییه‌ نیه‌ و ناشیه‌وێت ببێته‌ ئه‌ندام، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ندیكایه‌ك وه‌هابێت ساڵان و مانگان چالاكییه‌كی نه‌بێت نه‌بونی له‌بونی باشتره‌.
من له‌وه‌ تێناگه‌م ئه‌م سه‌ندیكایه‌ بونی بۆچی زه‌روره‌، یه‌كێتی نوسه‌ران له‌كوێدا و كه‌ی هاتۆته‌ ده‌نگ له‌كێشه‌یه‌كی نوسه‌رێكدا، ئه‌وه‌ كه‌ی بوو ئه‌م یه‌كێتی به‌ناو نوسه‌رانه‌
دژی زوڵمی ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵی و به‌تاڵانبردنی موڵكی میلله‌ت وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ كه‌ی بوو له‌به‌رامبه‌ر سوكایه‌تیی به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵات به‌رۆژنامه‌نوسان هاته‌ ده‌نگ، كه‌ی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت و سۆران رایچه‌ڵه‌كاند.
یه‌كێتی نوسه‌ران بۆ سه‌رده‌مانێك كه‌ سه‌رده‌می به‌رگری دژی به‌عس بووه‌ وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ چالاكبوه‌، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ كه‌ سه‌رده‌می خه‌بات و سه‌لماندنی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ ره‌نگه‌ زه‌روره‌تێك بوبێت رێكخراوێكی وه‌ها هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا من نازانم زه‌روره‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ندیكا مردووه‌ چییه‌، ئه‌م سه‌ندیكایه‌ی به‌ساڵ هه‌واڵی نیه‌.
پێشوتر له‌ وڵاتانی ئیشتراكی پێشوو به‌گشتی و وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی باو باوی سه‌ندیكای له‌م جۆره‌ بوو، ده‌سه‌ڵات و حزبی ده‌سه‌ڵاتداریش هه‌میشه‌ سه‌ندیكایه‌كی وه‌هایان دروستده‌كرد تاوه‌كو نوسه‌ران كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌شان وباڵی سه‌رۆكدا هه‌ڵبده‌ن.
یه‌كێتی وپارتیش به‌خه‌یاڵی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ یه‌كێتییه‌كی وه‌هایان گه‌ره‌كه‌ فزه‌ی لێوه‌ نه‌یه‌ت و به‌شان وباڵایاندا هه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ دونیای ئه‌مرۆ كه‌ دونیای خێرایی ئه‌لكترۆنی و رۆژنمه‌گه‌ری ئازاد و نوسه‌رگه‌لێكی ئازاده‌ بونی یه‌كێتییه‌كی وه‌ها جگه‌ له‌ ده‌سته‌مۆكردنی ئازادی و راده‌ربڕین و زیندوكردنه‌وه‌ی كه‌لتورێكی كۆنی دیكتاتۆرییه‌ت هیچی دیكه‌ نیه‌.
كۆنگره‌ی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد به‌هه‌ق كۆنگره‌ی حزب بوو، كۆنگره‌ی پارتی و یه‌كێتی بوو، كۆنگره‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ بوو كه‌ ئێستاش واده‌زانن دونیا یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك شێوه‌و یه‌ك ئاراسته‌یه‌.
كۆنگره‌ی ئه‌وانه‌بوو ده‌یانه‌وێت حزب ئه‌لف و بێ نوسینیان فێربكات و حزب بیانگه‌یه‌نێته‌ داهێنان.
كۆنگره‌ی ئێمه‌ نه‌بوو ئه‌ونوسه‌رانه‌ی ده‌مانه‌وێت كه‌س فیكرمان جڵه‌و نه‌كات و به‌ئازادی بیربكه‌ینه‌وه‌، كۆنگره‌ی ئێمه‌ نه‌بوو ئه‌وانه‌ی دژی چه‌ق به‌ستن و دژی پوكانه‌وه‌ین.
كۆنگره‌كه‌ی سلێمانی به‌هه‌ق كۆنگره‌ی حزب بوو، پیرۆزه‌ له‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ حه‌رفێكیان نه‌نوسیوه‌ وتازه‌ به‌تازه‌ ده‌یانه‌وێت رابه‌رایه‌تیمان ده‌كه‌ن!


Hemnm1979@yahoo.com



 

           

 

20/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com