وڵاتی یه‌ك ملیۆن بێوه‌ژن  

  

حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ
husin2008@yahoo.com




ئه‌گه‌ر جه‌زائیر به‌ وڵاتی یه‌ك ملیۆن شه‌هید و مۆریتانیا به‌ وڵاتی یه‌ك ملیۆن شاعیر ناسراو بن ئه‌وا له‌م رۆژانه‌دا رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نی باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ یه‌ك ملیۆن بیوه‌ژن و چوار ملیۆن منداڵی بێ باوك له‌ عێراقدا هه‌یه‌ ، كه‌ كۆی ئه‌و بێسه‌رپه‌رشتانه‌ ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی كۆی دانیشتوانی عێراق .
هه‌رچه‌نده‌ جه‌نگ له‌ پێناسه‌كه‌یدا هه‌ڵگری په‌یامی خاپور كردن و وێرانكردن و خوێنڕشتنه‌ به‌ڵام عێراق بۆ خۆی له‌ جه‌نگ و رووداو و كاره‌ساته‌ مه‌ینه‌تباره‌كاندا پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌ زه‌مه‌نێكه‌ له‌ شه‌ڕوشۆڕ و كوشتار نه‌بووه‌ته‌وه‌ ، ئه‌م به‌رۆك پێ گرتنه‌ی شه‌ڕه‌ پێشینه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كانه‌وه‌ تاكو رۆژگاری ئه‌مڕۆ خاكی میزۆپۆتامیا گۆڕه‌پانی رمبازێ و شه‌ڕ و قڕكردن بووه‌ ، ئه‌وه‌ی جه‌نگ له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا كاولی ده‌كات عه‌یامێكی ده‌وێت تاكو دووباره‌ وه‌كو خۆی بنیات بنرێته‌وه‌ ، ئه‌و قه‌ده‌رانه‌ی جه‌نگ ده‌یقه‌ومێنێ‌ سارێژكردنی كارێكی سانا نییه‌ ، ئه‌گه‌رچی جه‌نگ سه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خواردبێ‌ به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر دروستكردوون تاكو سه‌ر ئێسك و پروسك رۆچووه‌ پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن ، جه‌نگ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و رۆشنبیری و كه‌لتووری و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ، دوای جه‌نگ لایه‌نه‌ نێگه‌تیڤ و نه‌رێكانی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ‌ و كاریگه‌ری له‌ناو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخ و هه‌لومه‌رج به‌ گشت مه‌غزا و ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی جدی و راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئه‌و بێ شومارییه‌ی ژماره‌كانی بێوه‌ژن بوون هه‌یه‌ كه‌ رێژه‌ی ته‌ڵاقدان به‌رز بووته‌وه‌ و ساڵ له‌ دوای ساڵ كێرڤه‌كه‌ی روو له‌ به‌رز بوونه‌وه‌یه‌، وه‌لێ‌ كۆڵگه‌ و بڕبڕه‌ پشتی زیاد بوونی ژماره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆروزه‌به‌ندی ئه‌و جه‌نگ و شه‌ڕه‌ ناوخۆی و ده‌ركییانه‌ی كه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی خه‌ڵكی عێراق بووه‌ته‌وه‌ .
جگه‌ له‌و هه‌موو كۆله‌مه‌رگی و بێده‌رتانی و ده‌رده‌سه‌ری و بێوه‌ژن كۆشیانه‌ی كه‌ به‌رۆكی ملیۆنێك ئینسانی ئه‌م وڵاته‌ی گرتووه‌ ، تێڕوانینی به‌شی هه‌ره‌ زۆرینه‌ی باقی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ چاوێك كه‌متر و ئاستێكی نزمتر له‌ بوونی خۆیان ته‌ماشای بێوه‌ژن ده‌كات كه‌ له‌ رووی ده‌روونی و سایكۆلۆژییه‌وه‌ جه‌نگێكی ده‌روونی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی دانیشتوانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپا ده‌كات ، پێویسته‌ بزانین كه‌م نیین ئه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌ناسه‌ ساردانه‌ی بۆ قه‌ده‌ره‌كانی ژیان هه‌ڵده‌كێشن و زۆرن ئه‌وانه‌ی چه‌پۆكی رۆژگار قه‌ڵاخی ره‌شپۆشیانی كردووه‌ و بزه‌ و خه‌نده‌ له‌ سیما و رووخساریاندا تۆراوه‌ و باری كردووه‌ ، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی ده‌ست و لاقیان له‌ جه‌نگدا په‌ڕیوه‌ یان ئه‌ندامێكی جه‌سته‌یان له‌ ده‌ست داوه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی جه‌نگ كردوویانیه‌تییه‌ خه‌ڵكێكی چاو له‌ده‌ست و هه‌ژار.
هه‌ق وایه‌ پیاوانی ئاینی و داموده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵ بده‌ن بۆ هه‌توان كردنی ئه‌و بریننانه‌ی كه‌ ملیۆنیك مرۆڤی ئه‌م وڵاته‌ دووچاری بوونه‌ هاوته‌ریب باشتر كردنی بژێوی چوار ملیۆنه‌كه‌ی دیكه‌ .
ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و به‌ش مه‌ینه‌ت و سیاچارانه‌ بۆ چاككردنی باری گوزه‌رانیان و زامنكردنی ئاینده‌یان ئه‌ركێكی مرۆڤدۆستانه‌ و ئه‌خلاقیانه‌ی حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ ، چونكه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی راژه‌یه‌كی سه‌ر شانی خۆی جێبه‌جێ‌ ده‌كات بنبڕی زۆر له‌ دیارده‌ نه‌شیاو و ناپه‌سه‌ند و نابه‌جێیه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی ده‌كات.

 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com