سەربەستی، سێکس، ئاین و دابونەریت:
کۆمەڵگای کوردی لە کوێدایە لەم ئاوێتە ئاڵۆزەدا؟ 

  

کامەران چڕوستانی
chrostani@hotmail.com




هەرکاتێک دەرگای وتووێژ واڵا دەکرێت بۆ ئەم چوار دەستەواژەیە، هێڵە سوورەکان دەردەکەون و سنوورەکان خۆیان پیشان دەدەن، بڕیارە پێشەکییەکان و بۆچوونە قاڵبکراوەکان دووبارە دەکرێنەوە. ئەوەی زۆر زەق و ئاشکرا بێت، بریتییە لە ڕادیکاڵیزم لە بیرۆکەکاندا، چونکە زۆربەی جار هێڵێکی مامناوەند لە شیکردنەوەی ئەم باسانەدا نادۆزرێتەوە، بەڵکو بیروبۆچوونەکان لە قوڵایی ئایدۆلۆجییەکانەوە دێنە دەرەوە، دوور لە واقیعییەتی کۆمەڵگاکە. واتا مامەڵەکردن لەگەڵ بنەماکان دوورە لە مرۆڤ: ئەو یەکەیەی کە بنچینەی یەکلاکردنەوەی ئەم دەستەواژانەن. هەوڵ دەدەم هەندێک ڕاستی بخەمە بەردەمی خوێنەر، ئەگەرچی هەندێک لەوانە نەیانەوێت ئەو وشانە بەر چاویان بکەوێت و هەندێکی تریش هەوڵ دەدەن گوێی خۆیان لە ڕاستییەکان کەڕ بکەن.
ئایا سەربەستی تاکی کورد لە چ سنوورێکدایە؟ ئایا چۆن دەستەواژەی "سەربەستی" لە کۆمەڵگای ئێستای کوردیدا تەفسیر دەکرێت؟ ئایا پەیوەندی سەربەستی و سێکس لە کۆمەڵگای ئێستاماندا گەیشتۆتە کوێ؟ ئاین و دابونەریت چۆن دەڕواننە باری ئێستامان؟ ئاواتەخوازی چین؟ ئایا ئاواتەکانی ئاین چەند واقیعییە و چەندی دێتە دی؟
مرۆڤ بوونەوەرێکە، کە ویستی سەربەستی دەیجوڵێنێت و بێگومان هیچ هێزێک یان کارتێکەرێک نییە، کە مرۆڤ لەو ویستەی سنووردار بکات، ئەگەرچی نەتوانێت سەربەستییەکەی خۆی بهێنێتە سەر زەمینەی واقیع، بەڵام لە ناو ناخیدا هەر دەمێنێتەوە و هەر تینوو دەبێت بۆ پێگەشتن پێی. جا ئەو سەربەستیی و ئازادییە لە سنووری تاکەکەسدا بێت یاخود سەرتاپای کۆمەڵگا.
گەر سەرنجێک لە ئێستای کۆمەڵگای کوردیی بدەین، دەبینین لە پاش ئازادیبوونی ساڵی (1991) گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر کۆمەڵگاکەدا هاتووە، کە ئەو گۆڕانکارییانە هێناویانەتە کایەوە، کە بەسەر ناوچەکەدا هاتوون: بەڕیوەبردنی ناوچەکە، باری ئابووریی، مێدیای نوێ، ئازادی و تەکنەلۆجیای نوێش بێبەش نەبووە لە کارتێکردن لە گۆڕانکارییەکان. بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، ئەگەرچی ژێرخانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو لایەکەوە و بە پێی پێویست ئەو پێشکەوتنەی بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵام جموجۆڵی بازرگانی و داهاتی خەڵک بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستێکی باشدایە. ئەمەش وای کردووە کە بازاڕی کار بەهێز بێت و ئافرەتیش زیاتر لە جاران بەشداری ئەو بازاڕە بکات. کەسانێکی زۆریش هەن لە هەردوو ڕەگەزەکە، کە زیاتر لە کارێکیان هەیە. ئەمەش هێزی بازاڕی کار لە لایەکەوە پیشان دەدات و لە هەمان کاتدا قورسی باری ژیانی خەڵک و گرانی بازاڕەکان و لاوازی هێزی کڕین دەردەخات. هەرچەندە لەناو کۆمەڵگای کوردی و لەم بارودۆخەی ئێستادا کەسانێکی زۆر هەن، کە ئاستی داهاتیان لە خوار سنووری کەمترینەوەیە و لە ناوچەی هەژارێتیدا دەژین.
کەم خێزان و کەسایەتی نەوەی نوێ هەن، کە بێبەش بن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نوێکان وەک سەتەلایت، مۆبایل و ئینتەرنێت، کە هەموو ئەمانە یارمەتی تاک دەدەن پەیوەندی بکەن بەو جیهانەی، کە بەر لە بیست ساڵ یان زیاتر جیهانێکی نامۆ بوو بۆ ئێمە و زانیارییەکی زۆرمان لەبارەیەوە نەدەزانی.
ئایا سەربەستیی تاکی کورد گەیشتۆتە چ سنوورێک؟
ئەم فاکتەرانەی ئاماژەم پێ داون، بوونەتە هۆی هێنانی گۆڕانکارییەک بەسەر کۆمەڵگادا لەلایەن ژیانی تاک، سنوورەکانی تاک، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مۆراڵ و مامەڵەی کۆمەڵگا. هەروەها گۆڕانکارییەکان ڕۆڵێکی گرنگی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردوودا بینیوە، بۆ ئەوەی تاک خۆی لە هەندێک کۆت ڕزگار بکات، کە جاران سەربەستییەکانی سنووردار کردبوو. هەروەها بەشداری چالاکانەی ئافرەت لە بازاڕی کاردا بووەتە هۆکارێک بۆ فراوانکردنی سنووری جموجۆڵی ئافرەت و متمانەیەکی زۆرتر بە خود.
گەر بگەڕێینەوە بۆ پێش بیست یان سی ساڵ، گەر کوڕێک یان کچێک تەلەفۆنێکی بکردایە، هەندێک خێزان دەیانپرسی قسە لەگەڵ کێدا دەکات، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیا نوێیەی پەیوەندیکردن خۆی سەپاند بەسەر بۆچوونە کۆنەکاندا و زۆربەی خێزانان دەستیان لەو بارەیەوە هەڵبڕیوە، چونکە دەزانن، گەر لە بەردەم ئەوانیشدا ئەو کەسە پەیوەندی نەکات، ئەوا لە پشت ئەوانەوە پەیوەندی دەکات. فشاریش تەنها لەم بارەدا خستنەوەی کێشە و سەرئێشەیە بۆ هەموو لایەک و هیچ سوودێکی نییە.
واتە بارودۆخە نوێکەی کۆمەڵگای کوردی جۆرە سەربەستییەکی بەخشی بە تاکی کورد، کە وای کرد هەندێکیان بە دوای ناوەوڕۆک و مانا وسنوورەکانی ئەو سەربەستییەدا بگەڕێن.
تاکی کورد بە داخەوە تەنها لە سنوریکی تەسکی دیاریکراودا سەربەستی خۆی بەدی دەکات، وە ئەوەی کە پابەندە بە دەستەواژەی "سەربەستی مرۆڤ"ەوە هەتا ئێستا بوونێکی بەدیهێنراوی نییە لە ناو کۆمەڵگاکەدا. سەربەستی مرۆڤ بریتیی نییە تەنها لە سەربەستی مۆبایل، ئیمەیڵ، ئینتەرنیت، ئۆتۆمۆبیل، داهات و بۆچوونەکان، بەڵکوو بریتییە لە "سەربەستی بڕیاردان".
گەورەترین کێشە لە باسی سەربەستیدا ئەوەیە، هەرکاتێک باسی سەربەستی تاک دەکرێت، بیر لە سەربەستییە جەستەیی و سێکسییەکان دەکرێتەوە و ئەمەش دەکرێت بە ئەرکی سەرشانی تەنها ئافرەتانی کۆمەڵگا. واتا تێگەشتنمان بۆ دەستەواژەی سەربەستی هەر لە سنوورە کۆنەکەدا بەردەوامە، بەبێ ئەوەی خۆمان لە سەربەستی بڕیاردان نزیک کردبێتەوە یاخود خۆمان لە زۆر کۆتی کۆمەڵگا و خێزانیی ڕزگار کردبێت، کە سنوورێک بۆ کەسایەتی تاک یاخود خێزانێک دادەنێت. هەتا ئێستاش خێزانەکانمان خۆیان بە لێپرسراوی کوڕ و کچەکان دادەنێن بۆ ژنهێنان و شووکردن و جیابوونەوە و تەڵاقدانیش. زۆر کات بڕیارەکانیش لەو بارانەوە لە لایەن خێزانەکانەوە دەردەچن.
گەر تێبینییەک بدەین بەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوان تاک لە لایەک وە دەوروبەرەوە "خێزان، خزمان، دراوسێ، ئاین و دابونەریت . . . هتد" دەبینین تاک لە سنوورێکی تەسکدا لەناو ئەم هەموو پەیوەندییانەدا دەجوڵێتەوە و ئەمەش هۆکارێکی زۆر سەرەکییە بۆ لاوازیی کەسایەتییمان، نەبوونی سەربەستی جگە لە چەندەها کێشەی کەسایەتیی و خێزانیی ناو کۆمەڵگاکە.



ئاین و بارە کۆمەڵایەتییەکی ئێستا.
بێگومان هەموو ئاینێک یاسا و بنەمایەکی جێگیرە، کە لە سەردەمێکدا بنیات نراوە بۆ ڕێکخستنی کاری کۆمەڵگایەک. جگە لە ڕێبازی بوودیزم گشت ئاینەکانی جیهان دوورن لە گۆڕان و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی مرۆڤایەتی هاوچەرخدا. ئەو هەوڵانەش کە دەدرێن بۆ هەندێک گۆڕانکاری، تەنها بریتین لە هەوڵێک بۆ ئەوەی ڕوویەکی نوێ بدرێت بە ئاینەکە لە پێناوی ڕاکێشانی خەڵک بە لای خۆیاندا و هەروەها لە هەمان کاتدا دوورنەکەوتنەوەی پشتگیریکەرەکانیان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بنچینەی ئاینەکە هەر لە قاڵبە کۆنەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە.
ئاینی ئیسلامیش هەروەک ئەو ئاینانەی تر، بەر لە چواردە سەدە بنەمایەکی بۆ کۆمەڵگاکەی ئەو سەردەمەی داناوە و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. واتە چوارچێوەی ژیان و یاسای کۆمەڵگا لە سنوورەکانی ئەو یاسایە ناتوانرێت بەدەر بکرێت، کە لەو سەردەمەدا داڕێژراوە. جا هەموو گۆڕانکارییەک لە ژیان، سەربەستی، مافەکانی تاک، کە لە سنوورەکانی ئەو بنەمایانە دەربچێت، بە گوناه و نائاینی و بەدڕەوشتی دادەنرێت. بۆیە دەبینین زانا ئیسلامییەکان هەوڵ دەدەن لە لایەک بەشێوەیەک هەندێک فەتوا و یاسا دەربکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ئەم بارە نوێیەی کۆمەڵگادا بگونجێنن و لە لایەکی تریش هەمیشە دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، کە ئاینی ئیسلام تاکە ڕێگەی ڕاستە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەک، بەبێ ئەوەی باس لەوە بکرێت، ئایا ئەم ئاینە بە درێژایی مێژوو لە سەردەمێکدا خراوەتە سەر زەمینەی واقیع، هەروەها وەک سیستمێکی یاسایی و کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبردن توانراوە بەکاربهێنرێت تاکو ئێستا بتوانین وەک بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگا مۆدێرنانە بەکاریبهێنین. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم بخەنە بەر "بێئاینیی" تاک و دوورکەوتنەوەیان لە ئیمانەکە. بەڵام ئایا ئایندارێتیمان کێشەکانمان چارەسەر دەکەن؟
هەموو هەوڵێکی تاک بۆ سەربەستیی و گەڕان بەدوای مافی تاکدا دوورکەوتنەوەیەکە لە ئاین و هەوڵدانە لە دەرچوون لەو قاڵبەی، کە بەر لە چواردە سەدە داڕێژراوە. ئەوەی ئاینێک هەوڵی بۆ دەدات بریتییە لە داڕشتنی مرۆڤێک لەسەر بنەما و قاڵبەکانی ئاینەکە و سنووردارکردنی سەربەستی و کەسایەتییەکەی لە ناو ئەو سنوورەدا.
لە گۆشەنیگای ئاینەوە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەرەتادا ئاماژەم پێ داوە بوونەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا ببێت بە دوو بەشەوە:
بەشی یەکەم ئەوانەن، کە پابەندی ئاینەکەن و هەوڵ دەدەن لە میانی ئاینەکەوە کێشە کەسایەتییەکان و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن یاخود ئاین وەک قەڵغانێک دەبینن، کە دەیانپارێزێت لەو بارودۆخەی، کە ئێستا کۆمەڵگا تیایدا دەژی. هەندێکی تر ڕووی کردۆتە ئاینەکە پاش شکستیی و بێهیوایی ژیان وە بە ئاواتی ئەوەی ئاین و یەزدان ببن بە یاریدەدەرێک بۆ ئەوەی بیانگەێنێت بەوەی، کە هەتا ئێستا پێی نەگەشتوون یان لە دەستاین داوە. هەموو ئەم گروپانەش لە پێکدادانێکی دەروونیی و کەسیاتییدا دەژین لەگەڵ ئەو بەشەی کۆمەڵگا، کە دوورن لە ڕێبازەکەی ئەوان و هەروەها ئەوانەی کە نایانەوێت وەک ئەوان بژین.
بێگومان دەسەڵات و سیاسەتی ڕێکخراو و پارتە ئاینەییەکان وهەروەها بەهێزییان لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کەسانێک بکەونە بەر تەوژم و فشاری ئایندارێتی ناوچەکە و بەڵکو لە هەندێک ناوچەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیان هەتا ئێستاش هەیە، کە لەسەر بنەمایەکی ئاینیی بنیاتیان ناوە. ئەوەی تێبینی بکرێت زیادبوونی ژمارەی سەرپۆشبەسەر و موحەجەبەکانە لە ناو نەوە نوێکەشدا، کە ئەمیش کاردانەوەی ئەو گۆڕانکارییە نێودەوڵەتیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەیە، کە بەسەر سەرتاپای ناوچەی ڕۆژهەڵاتدا هاتووە، جگە لە بەهێزبوونی تەوژمی ئاینی وە بە تایبەتی لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا.
بەشی دووهەمی کۆمەڵگا ئەو کەسانەن، کە لە ئاینەکە دوور کەوتوونەوە و پابەند نین پێوەی. ئەمانەش ئەو کەسانەن، کە بنەمایەکی ئایدیوۆلۆجی تریان دوور لە ئاینەکە گرتۆتە بەر یاخود هەوڵدانیانە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی سەربەست، پاش ئەوەی دەزانن، کە ئاینەکە لەو سەربەستییانەیان دوور دەخاتەوە، ئەگەرچی تێگەشتنی کەسانێک لەوانە بۆ دەستەواژەی "سەربەستیی" ڕاست و دروست نەبێت. بەشیکی تر لەم گروپە ئەو کەسانەن کە بێهیواییەک لە ژیانیاندا بەدی دەکەن وە خودی ئاینەکەش بە بەشێک لەو نەهامەتییە و بێهیواییە دەبینن، کە تیایدا دەژین. جا مەرج نییە هەمیشە دوورکەوتنەوە لە ئاین لەسەر بنەمایەکی ئایدۆلۆجی بێت.
بێگومان پابەندبوون و پابەندنەبوونی خەڵکەکە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە ئاینەکە لە ژیانی تاکدا زۆر جار جگە لە ڕووکەشێک هیچ ڕۆڵێکی تر نابینێت. چونکە ئەوەی بە ئاشکرا لە ژیانی تاکدا دەیبینین و ئەوەی لە پشت پەردەکانەوە لە ژیانی تاکدا دەشاردرێتەوە ئەوە دەردەخات، کە ئاین لە مامەڵە، مۆراڵ، بۆچوونەکان، ئاواتەکان، ڕاستییە شاراوەکان و ڕووداوەکان زۆر دوورە، بەڵکو زۆر جار دەتوانین لە خۆمان بپرسین، ئایا بە چ ڕێژەیەک ئاین لە مۆراڵی تاکەکەسدا بوونی هەیە.
دابونەریت؟؟؟
دابونەریتی هەموو کۆمەڵگایەک یاسایەکی نەنووسراوە، کە ئەو کۆمەڵگایە بە درێژایی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی مێژوو دایناوە و کاری لەسەر کردووە. کەواتە دابونەریت بە پێی سەردەمێک دروست بووە و بەشێکیش لەو دابونەریتانە بە گۆڕانکارییە سەردەمییەکان کۆتاییان دێت. واتە دابونەریتی هەموو کۆمەڵگایەک بوونێکی هەتاهەتایی نییە.
ئەوەی ئێستا دەتوانین سەرنجی بدەین بریتییە لە گەشەسەندنی ئیندیڤیدوالیزم، ئەگەرچی لە سنوورێکی تەسکیشدا بێت ، کە ئەویش دژ بە هەندێک خەسڵەتی ئەو ژیانە کۆمەڵایەتییەیە، کە لە پێشدا کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژیا. واتە تاک زیاتر هەوڵ دەدات بوونی خۆی بسەلمێنێت و کەمێک لەو ژیانی کۆلیکتیڤیزمە دوور بکەوێتەوە، کە لە پێشدا چەترێک بوو کۆمەڵگا، خێزان و تاک لە ژێریدا دەژیا. هەروەها دابونەریتەکانیش لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا کەم یان زۆر گۆڕاون. هەرچەندە هەمیشە لەم کۆمەڵگایانەدا گۆڕانکاری بە قورس و هێواشی ڕوو دەدەن، چونکە ئەم کۆمەڵگایانە خەسڵەتێکی کۆنسێرڤەتیستی کۆلێکتیڤیزم هەڵدەگرێت، کە نە دەیەوێت دابونەریتە کۆنەکە بگۆڕێت، نە تاک لە ژێر چەتری خێزان و کۆمەڵگادا بێتە دەرێ. واتە کێبڕکێیەک لە نێوان تەوژمی کۆلێکتیڤیزم و ئیندیڤیدوالیزم، دابونەریت و مۆدێرنکردن، فشاری کۆمەڵگا و ویستی تاکدا هەیە.
ئەوەی کە بە داخەوە لە شوێنی خۆیدا بە ئاشکرایی ماوەتەوە وە کە بووە بە کێشەیەکی گەورە لە ناو کۆمەڵگاکەدا بریتییە لە دابونەریتی ژنهێنان و شووکردن، کە تیایدا هەتا ئێستاش ئافرەت وەک کەرەسەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم دابونەریتە بووەتە هۆی قورساییەکی زۆر لەسەر کوڕی کورد بۆ پیکهێنانی خێزان. بە تایبەتی دوای زیادبوونی داواکارییەکانی ژیان و ویستی تاک بۆ بەدیهێنانی سەربەستیی دوور لە ماڵی باوک و دایک. ئەمەش دوو مامەڵەییەک لە خەسڵەتی ئێستای کۆمەڵگادا دەردەخات، کە لە لایەک گۆڕان بە خۆیەوە پیشان دەدات بەرەو ئیندیڤیدوالیزم، لە لایەکی تریش بەهای کۆمەڵایەتیی و تێگەشتنمان بۆ پەیوەندییەکان هەر لە سنوورە کۆنەکەی خۆیدا ماوەتەوە. ئەوەش کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە زۆربەی ئافرەتی ئێستا باسی ماف و سەربەستیی ئافرەت لە مێشکیاندایە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر شووکردن، ناتوانن خۆیان لە بەندی دابونەریتە کۆنەکە ڕزگار بکەن، کە بەشێکە لە سەربەستییان. چونکە هەتا ئافرەت و پەیوەندی هاوسەریی نرخێکی هەبێت، نە کۆمەڵگا و نە خودی ئافرەت ناتوانێت هەنگاوەکانی سەربەستیی بەرەو پێش ببات. مانەوەی ئەم دیاردانەش لە کۆمەڵگا بەستراون بە ڕادەی ڕۆشنبیریی و ئاستی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، کە بەشێکی ئەرکی سەر شانی دەسەڵاتە.
ئایا لە سەربەستی سێکسییدا لە کوێداین؟
بێگومان ئەمە یەکێکە لەو باسانەی، کە زۆربەی کۆمەڵگا نایەوێت بیبیستێت و بەرەو ڕووی ڕاستییەکان ببێتەوە بەو شێوەیەی، کە هەن نەک بەو شێوەیەی، کە ئاواتەخوازێتی. گۆڕانکارییەکانی بیست ساڵی پێشوو گۆڕانکارییەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هانی سەبارەت بە شێوازە تێڕوانینی تاکەکەس، هەروەها بواری زۆری کردەوە بۆ جیهانێک، کە بۆ نەوەکانی پێشوو تەنها تروسکاییەکی کەم نەبووایە تیشکی تری لێوە نەدەهات و بەزۆر شت نامۆ بوو. ئەم گۆڕانکارییە ئابووریی و تەکنەلۆجیا تازەیە وای کرد لاوی کورد لە لایەک بە جیهانە سەربەستەکەی ڕۆژائاوا ئاشنا بێت و لە لایەکەوە بە ئاسانترین شێوە بگاتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو وێنە سێکسییە وروژێنەرانەی، کە تا دوێنێ تەنها بە خەیاڵ لەبەرچاویدا بوو. بێگومان کچانیش لەم شتە بێبەش نەبوون و نین. لە لایەک زیادبوونی وێنە و زانیارییەکان و هەروەها ئاواتخواستن بە جیهانێکی ڕۆژئاوا وای کردووە، کە زۆربەی لاوان زیاتر ئەوداڵی تێربوونە سێکسییەکە بن. ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی، لاو بە دوای ئەو تێربوونەدا بگەڕێت نەک تەنها لە میانی ئەو خەیاڵانەی تیایدا دەژی یاخود لەو وێنە و فلیمانەی دەستی دەکەوێت، بەڵکو پراکتیزەکردنی ئەو ئارەزووە لە لایەنە جەستەییەکەوە. ئەو سەربەستییەش کە لاو ئاواتەخوازێتی لە کۆمەڵگاکەی ئێمەدا شتێکی خەیاڵییە و هەرگیز لەم بار و ئاستەی ئێستاماندا ناتوانرێت بخرێتە سەر زەمینەی واقیع، چونکە کۆمەڵگاکە هەتا ئێستا لە لایەنەکانی تریشدا نەگەشتۆتە ئەو ڕادەیەی، بتوانێت سەربەستی بدات بە تاک و جگە لە تێگەشتنمان بۆ بنەما کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان ڕێگرن بۆ ئەو ڕەوتە. واتا هەرچەندە ئارەزووەکەش هەبێت، بەڵام ڕێگرەکان زۆرترن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە تاک بەندی دەستی کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بێت، بەڵکو پەیوەندییە سێکسییەکان لە سەرتاپای کۆمەڵگادا زیادی کردووە، گەر بەروارد بکەین لەگەڵ کۆمەڵگاکەی بەر لە بیست ساڵ یان زیاتر. بەڵام زۆربەیان بەشێوەیەکی شاراوەن. کۆمەڵگا دەبینێت، کە ژیانی سێکسیی شاراوە لە ناو کۆمەڵگادا ڕاستییەکە و بوونی خۆی هەیە، بەڵام پابەندبوونمان بە دابونەریت هێندە بە هێزە، کە زۆر جار خۆمان هەڵدەخڵەتێنین بەوەی دڵمان خۆش بێت، کە ڕاستییەکان هێشتا شاراوەن یان دەیانشارینەوە و نایانبینین یاخود نامانەوێت بیانبینین.
گەر ڕاست بێت یان هەڵە ئەم شێوازە لە ژیانی کۆمەڵگا و تاکدا کێشەی زۆری بۆ کیژۆڵە و ئافرەتەکانمان پەیدا کردووە، کە زۆر جار دەبن بە قوربانی پیاوسالاریی و تێگەشتنی پیاوەکانمان بۆ مەسەلەی سێکس، ماف، سەربەستی، ڕەوشت و ... هتد، چونکە هەرچەند باسی ڕەوشت دەکرێت تەنها بە ئافرەتەکەوە دەبەسترێتەوە، بەبێ ئەوەی حوکمی ئەوەش بدەین، کە ئەو کەسەی بەشداری ڕەوشتیی و بەدڕەوشتیی ئافرەتیک دەکات هەرچۆنێك بێت و هەرکەسێک بێت هەر پیاوێکە وە زۆر ڕەوایە گەر ئەو ڕەوشتبەرزییە یان ئەو بەدڕەوشتییەش بخرێتە پاڵ پیاوەکەش. لەسەر هەموو ئەم ناڕەواییە، کە بەشێکە لە پیاوسالاریی کۆمەڵگاکەمان، کە بە بەردەوامی بوونی هێزەکەی خۆی لە ژیانی تاکدا دەسەلمێنێت، دەبێت ئەوەش بزانین، کە تاک هەموو ڕۆژێک هەنگاوێک بەرەو ئیندیڤیدوالیزم و سەربەستی خود دەڕوات. ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەسەڵات هەرچەندە هەنگاوی زۆری ناوە سەبارەت بە پاراستنی ئافرەتان، بەڵام هەنگاوەکان کورتن و کۆمەڵگاکە پێویستی بە تێڕوانینێکی وردتر و هەوڵێکی زۆر گەورەترە بۆ بەرجەستەکردنی پاراستنی کیژۆڵە و ئافرەتەکانمان.
ئەم ڕەوتە بەرەو کوێ دەڕوات؟
گۆڕانکاری بەشێکە لە سروشتەکانی کۆمەڵگا چونکە کۆمەڵگاش هەروەک مرۆڤ، گیانلەبەرەکان، ڕووەک و ئەم زەویەی لەسەری دەژین لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە. لەوانەیە سیستمێکی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئاینیی یاخود ئایدۆلۆجیایەک هەوڵ بدات، کە ئەو گۆڕانکارییە هێواشتر بکاتەوە یان بیشارێتەوە، بەڵام هەرگیز مێژوو سەرکەوتن ناداتە دەست ئەو سیستێمانە. تاکە پرسیارێک ئەوەیە لەم بارەیەوە ئایا کۆمەڵگاکەمان بە چ خێراییەک گۆڕانکارییەکانی بەسەر دێت و ئایا بە چ ئاراستەیەک؟ ئایا ئەو بارودۆخەی کە تیایدا دەگۆڕێت زیاتر لەبارە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو کەنارێکی ئارامتر لە ئێستا بەرێت؟ ئایا دەسەڵات و ئۆرگانەکانی چەند وە چ ڕۆڵێک دەبینن؟ ئایا سەربەستی بڕیاری تاکەکەس دەگاتە چ سنوورێک؟ ئایا ئاین و دابونەریت چ ڕۆڵێک دەبینن لە ژیانی تاکەکەسدا لە داهاتوودا؟ هەموو ئەم پرسیارانە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و داهاتوو دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام تەنها یەک خاڵ هەیە کە ڕوونە: هیچ دابونەریتێک و بیروبۆچوونێک لە جیهاندا نییە، کە هەتا هەتایە بە جێگیری لە کۆمەڵگایەکدا بمێنێتەوە.
چی دەتوانرێت بکرێت؟
ڕەوتی مێژوو زۆر نموونەی پیشان داوین، کاتێک کۆمەڵگا بەرەو "ڕۆژئاواییبوون" بە هەنگاوی خێراتر لە ڕەوتی مۆدێرنکردن و پێشخستنی ژێرخانی کۆمەڵگا دەڕوات، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی نێگەتیڤی هەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکان. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دوور بێت لەو جۆرە نەهامەتییانە پێویستی بە کار و هەوڵێکی فرەلایەنانەیە، کە لە کارکردن لەسەر ئاستی تاکدا لەگەڵ تاکدا دەست پێ دەکات ئەویش بە ڕەخساندنی بارێکی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی و هوشیاریی تاک وە ڕوونکردنەوەی دەستەواژەکانی مرۆڤ، ماف، سەربەستی، کۆمەڵگا و هەموو دەستەواژەکانی تر، کە یارمەتی تاک دەدات لە پێناسەی بنەما جیاوازەکانی ژیان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی واقیعییانە خۆی بناسێت و لە هەمان کاتدا سنوورەکانی خۆی و بەرامبەرەکەی دیاری بکات. بۆ گەشتن بەم ئامانجەش هەردوو لایەنی سیستێمی بەڕێوەبردن و مێدیا دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لەم پرۆسەیەدا. دانانی بناغەی سیستمێکی خوێندن و پەروەردەیی پتەو لەسەر بنەمایەکی مۆدێرن و زانستییانە پشتگیرکەرێکی بەهێزن بۆ ئەوە پرۆسەیە. جگە لەوە دەسەڵات و مێدیا دەتوانین هاریکەری یەکتر بن بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک.
یەکێک لە بنەما بنچینەییەکان بریتییە لە یاسادانان، کە لەگەڵ ئەم سەردەمەی ئێستاماندا بگونجێت و مافی هەموو هاوڵاتییەک لە هەموو لایەنەکانەوە بپارێزێت. لەوەش گرنگتر بریتییە لە بەرجەستەکردنی ئەم یاسایانەن، چونکە هەتا ئێستاش خستنە سەر زەوی واقیعی یاساکانی ئێستامان دوورە لە ڕاستییەوە و کێشەیەکی زۆرمان هەیە لەگەل سیستێمی دادگادا. واتە هەر کاتێک یاسا سەروەر بێت زۆر شت هەن لە ناو کۆمەڵگاکەدا دەتوانرێت پۆزەتیڤانە بگۆڕدرێن.


 

           

 

24/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com