بودا دەڵێت: ئامانجی هەموو کەسێک شادی و هێمنییە. بۆ
ئەوەی بەم ئامانجەش بگەیت، با دڵت هێندە گەورە بێت، کە
لە ناو سنوورەکەیدا جێگای کەسەکەی بەرامبەریشتی تێدا
بێتەوە.
بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرجار، کاتێک کێشەیەک لە
نێوان دوو کەسدا، دوو خێزاندا، دوو گروپدا دروست
دەبێت، دەرگای ئاخاوتن لە یەکتر دادەخەن. هەر یەکەیان
هەول دەدات زۆر دەرببڕێت، بەڵام کەم گوێ بگرێت.
ئایا ئێمە چەند دەدوێین؟ لە هەمان کاتدا چەند گوێ
دەگرین لە بەرامبەر؟ چۆن گوێ لە بەرامبەر دەگرین؟ چەند
بڕوامان بە وتەی بەرامبەرەکەمان هەیە؟ گەر کەم بێت
ئایا ئاوێنەی ئەو بڕوا کەمە نییە، کە خودی خۆمان
بەرامبەر بە خۆمان هەیە؟ ئایا ئێمە چەند دەزانین
سەبارەت بە هونەری لێدوان و هونەری گوێگرتن؟
لەم کۆمەڵگایەدا ئەوەی زۆر ئەنجام بدرێت بریتییە لە
قسەکردن و ئەوەی کەم بێت بریتییە لە گوێگرتن: دەسەڵات
چەند گوێ لە کۆمەڵگا و کۆمەڵگا چەند گوێ لە دەسەڵات
دەگرێت؟ پزیشک چەند گوێی لە وشەکانی نەخۆشێکە؟
فەرمانبەرێک چەند گوێ بۆ هاووڵاتییەک ڕادەگرێت؟ باوک و
دایکێک چەند گوێ لە حەزەکانی منداڵەکەیان دەگرن؟ دوو
کەس، کە کێشەیان هەیە چەند گوێ لە سکاڵاکانی یەکتر
دەگرن؟
بێگومان وەڵامی هەموو ئەمانە بە ڕستەیەک نادرێتەوە،
بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم، کە گوێگرتن لە
هەموو ئەمانەدا کەمە، بە تایبەتی گەر بەر لە ئاخاوتن
ئەو کەسە بڕیاری خۆی بەسەر باسەکەدا دابێت و بۆچوونی
خۆی جێگیر کردبێت، بەبێ ئەوەی بوارێک بە خودی خۆی بدات
بۆ گوێگرتن لە بەرامبەرەکەی: لە ڕا و بۆچوونەکەی تر،
لە جیهانەکەی تر، لە سنووری کەسایەتییەکەی تر. لێرەدا
پێشبڕیار دیاردەیەکی زۆر چەوت و بەربڵاوە لە
کۆمەڵگاکەماندا، کە تاک لەسەر بۆچوون و تێگەشتنی خۆی
بەردەوام دەبێت و سنووری کەسایەتیی و پەیوەندییەکانی
خۆی دەخاتە ناو تەسکترین بوارەوە، بە شێوەیەک لەو
بارەدا جگە لە جیهانە تەسکەکەی خۆی هیچ بوونێکی تر
نابینێت یاخود نایەوێت بیبینێت.
ئاستی ڕۆشنبیریی و ئامادەیی بۆ قبوڵکردنی بەرامبەر دوو
فاکتەری زۆر بەهێزن بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەو خەسڵەتە لە
خۆیدا فروان بکات و بتوانێت گوێ لە بەرامبەر بگرێت،
ئەگەرچی هەندێک کات ئاخاوتنەکەش لەگەڵ ویستەکانی ئەودا
نەگونجێت، بەڵام لەسەر ئەوەشەوە بتوانێت بوارێک بە
کەسێک بدات بۆ دەربڕین و ئامادەییمان تێدا بێت بۆ
قبوڵکردنی ڕای بەرامبەر بەبێ مەرج.
فاکتەرێکی تر بریتییە لە ترس و میکانیزمی پاراستنی
خود، کە دوو خەسلەتی پێکەوەبەستراوەن لە ناو دەروونی
مرۆڤدا، بە شێوەیەک، کە مرۆڤ گەر ترسێکی شاراوەی هەبێت
لە پاراستنی کەسایەتیی و بۆچوونەکانی خۆی، دەیەوێت
بەهەر شێوەیەک ئەو دوو شتە بپارێزێت. جا لە کاتی
دەرکەوتنی هەر دیاردەیەکی تر، کە لەوانەیە دژ بە
کەسایەتیی و بۆچوونەکەی ئەو کەسە بێت، ترسێک لە ناخدا
دروست دەکات بە لەدەستدانیان. بۆ بالانسکردنەوەی بارە
دەروونییەکە و بۆ پاراستنی خود، میاکنیزمێک سەر
هەڵدەدات، کە ئەویش دانانی سنوورێکی تەسکە بەدەوری
خوددا و گوێنەگرتنە لە بەرامبەر، بۆ ئەوەی هیچ بوارێک
بە توخمێکی بێگانە نەدرێت ئەو پێکهاتە تەسکەی خۆمەک(
Ego ) تێک بدات و بیوروژینێت. واتە خەسڵەتی خۆمەک
کاریەگرێکی گەورەی هەیە لەسەر ئەم دیاردەیە و هەر
خۆمەکیشە، کە هۆکارێکی گەورەی هەیە لەسەر شێوازە
جیاوازەکانی ترس و تەسکی کەسایەتییمان.
هزر و دڵ و دەروونی مرۆڤ پێکهاتەیەکی بێسنوورن.
دەتوانن هێندە خۆیان فراوان بکەن، کە سەرتاپای جیهان
بگرنە خۆیان بەبێ هیچ سنوورێک هەروەک لە کەسایەتییەکی
وەک دالای لاما و دایکە تێرێزەدا بەدییان دەکەین. لە
هەمان کاتیشدا دەشتوانرێت سنوورەکان هێندە تەسک
بکرێنەوە، کە مرۆڤ نەتوانێت خودی خۆشی تیادا بەدی بکات
و جێگەی ببێتەوە. هەر ئەو کاتەشە ئەشکەنجە و کێشە
دەروونییەکان دەردەکەون، کە مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی خودی
خۆی، بەدوای خۆیدا دەگەڕێت و کێشەی تەسکیی کەسایەتیی
لە ناو مامەڵە و پەیوەندییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
بەڵام مرۆڤ هەرچۆنێک بێت و ئاستی ڕۆشنبیریشی لە هەر
کوێیەکدا بێت، هەمیشە توانای ئەوە هەیە، کە دەرگای
وتووێژ لەگەڵ بەرامبەردا واڵا بکات و گوێ لە کەسەکەی
تر بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسوودەییەک لە ناخیدا بەدی
بکات، ئەگەر بە خۆی و بە بەرامبەرەکەی ئەو هەلە
بڕەخسێنێت.
|