مانای ژیان

  

کامەران چڕوستانی
chrostani@hotmail.com



مانای ژیان " The meaning of life " وەک بەشێک لە دەروونناسی هەمیشە بە ناوی "ڤیکتۆر فرانکڵ"ەوە بەستراوە. ئەم دەرونناس و دەمارناسە نەمساویە لە ژیانی خۆیدا ڕووبەڕووی دژوارترین ئەشکەنجە بۆتەوە: لە ناو چوار سەربازگەی جیاوازی جولەکەکاندا لە سیستێمی هیتلەردا لە ژیاندا مایەوە. لەوێوە لەو کاتەدا سەرنجی لە خۆی و کەسانی تر دەدا وە بۆی دەرکەوت، کە مرۆڤ هەموو شتێک لەدەست دەدات، گەر نەیەوێت بۆ ژیانی خۆی هیچ مەبەستێک یاخود ئامانجێک بوونی هەبێت. فرانکل ئەوەی بۆ دەرکەوت، کە مرۆڤ بۆ ویستەکانی خۆی ئامانجێک، مەبەستێک یان مانایەکی هەیە. بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت پشتگیری بکات لە دۆزینەوەی مەبەستی ژیان بۆ کەسێک، توانی شێوازێکی نوێ لە چارەسەری دەروونناسی بنیات بنێت و گەشەی پێ بدات: لۆگۆتێراپی "Logotherapy". دەستەواژە فەلسەفەیی و ئاینییەکانی فرانکل لە ئاستێکی ئایدیالدا ڕەنگی داوەتەوە کاتێک دەڵێت: ژیان بێ هیچ مەرجێک وە لە ژێر هەموو بار و دۆخێکدا مانا و مەبەستێکی خۆی هەیە. گرنگ ئەوەیە ئەو شتە بدۆزرێتەوە. بەڵکو تەنها لە باری ژێردەستیی و گرژییشدا مرۆڤ هەر خاوەنی ئازاداییەکی هەڵبژاردنە لە ناخیدا، کە بە هۆیەوە دەتوانێت مانای ژیانی خۆی تیادا ببینێتەوە. لێرەشدا دەستەواژەی ئازادیی مرۆڤ هاوواتایە لەگەڵ لێپرسینەوەی مرۆڤ سەبارەت بە خودی ژیانی مرۆڤ.
ماوەیەکی دوور و درێژە لە لێکۆڵینەوە دەروونییەکاندا، بە تایبەتی لە قوتابخانە ئەنگلۆ-ئەمریکییەکاندا، لە بوون و باسکردنی بنەماکانی "مانای ژیان"یان کۆڵیوەتەوە بە مەبەستی گەشەپێدانی بیردۆزیی و تاقیکردنەوانەی و هەروەها بەرجەستەکردنیان. ئەو ڕاستییەی، کە لە کۆتاییدا پێی گەشتوون لە پاش بیرکردنەوە و گفتوگۆ و توێژینەوەیەکی زۆر گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە: "مانای ژیان" خودی خۆی پێکهاتەیەکە و لە هەمان کاتدا بەشێکە لە پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤ. لە ناوەڕۆکیشیدا ڕێکخستنی ژیان، پابەندبوون وە بوونی ئامانجێک لە بوونی ئەو ژیانەدا تێدایە. گرنگترین توخمەکانی ئەم پێکهاتەش بریتییە لە: ئامانج، بڕیاردان، بەهای خود، بنەما کۆمەڵایەتییەکان، هەستکردن بە بوونی خود و هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی ئەو خودە. لە ناو مەبەستی ژیانی هەر مرۆڤێکدا ئاوێتەیەکی ئاڵۆز لە هزر، هەست، ئارەزوو وە پاڵنەرەکانی تیادایە. فرانکڵ خاڵی ویستی ئاواتی مرۆڤی زۆر بە گرنگ دانەناوە، چونکە، بە پێی بۆچوونی ئەو، لەوانەیە مرۆڤێک لە ساتێکدا لە ژێر بارێکی زۆر قورسدا بژی، کە تیایدا ویستی بۆ ئاواتەکانی لە لایەن ئەو بارەوە قوت بدرێت. ئەم بارە ئاڵۆز و قورسانەش کارتێکەرێکی زۆر ترسناکن بۆ مرۆڤ، کە دەیگەێنێتە بەتاڵی، بێئامانجیی، بێمانایی، گوێنەدان بە سەرتاپای ژیان.
توێژینەوەکان و تاقیکردنەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە، کە مانا و مەبەستەکانی ژیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، هەرەها هەر سەردەمەو کۆمەڵێک لێکدانەوەی نوێ لەگەل خۆیدا بۆ ئەم دەستەواژەیە دەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی پێکهات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و باری کولتوری کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە دیاریکردنی ئامانج و مەبەستی تاک لە هەموو کۆمەڵگایەکدا. هەروەها هەموو تەمەنێک خاوەنی مانای ژیانی خۆیەتی بو نموونە لاوێک وەرزش و چالاکییەکانی تری ژیان بە بەشێک لە ماناکانی ژیانی خۆی دادەنێت، بەڵام کەسێک کە تەمەنێکی زۆری بەسەربردێت تەندروستیی، ئاین، ئاسودەیی و هێمنیی ژیان دەکات بە مەبەستی سەرەکی ژیانی خۆی. کاتێک ئامانج لە کەسێکدا کەم بێت، کە لەو ساتەدا بە نێگەتیڤی ڕۆڵێک ببینێت لە ژیانیدا، لەوانەیە لە ساتێکی تردا ئەم خاڵە لاوازە ببێت بە کارتێکەرێکی پۆزەتیڤانە، کە وەک پاڵنەرێک کاربکات بۆ دۆزینەوەی مانا و مەبەستێکی نوێ لە ژیاندا. لە زنجیرەیەک توێژینەوە، کە لەسەر بنەمای بیردۆزەکانی فرانکل بەجێ هێنراوە، گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، کە مرۆڤ دەتوانێت لە ئەشکەنجە و کێشەکانیش سوود وەربگرێت و لێیانەوە فێری ئەوە بێت، چۆن بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکات. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە لە چ گۆشە نیگایەکەوە تەماشای ئەو ئەشکەنجە و کێشانە دەکات و بتوانێت لە پێناوی دۆزینەوەی خودی خۆیدا بەکاریان بهینێت، ئەگەرچی زۆرانبازییەکی سەختیشی بوێت. لە یەکێک لە ڕێبازەکانی قوتابخانەی دەرونناسی هومانیستیکدا وە بە تایبەتی لە لۆگۆتێراپی، کە لە لایەن فرانکلەوە گەشە پێ درابوو، تواناکانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە دۆزینەوەی مانایەک یاخود مەبەستێک لە ژیانیاندا. ڕێبازەکانیش فرەلایەنن و زۆر جۆر دەگرنە خۆ وەکو شیکردنەوەی ڕابوردوو هەروەها باری ئێستای ئەو کەسە و هەروەها پلاندانانی داهاتوو. جگە لە بەکارهێنانی تەکنیکی تایبەت لە ڕاوێژکارییە دەروونییەکاندا وە بە تایبەتی ئەوەی، کە بە دیڕیفلێکسیۆن "Dereflexion" ناودەبرێت وە بە هۆیەوە ئەو کەسە لەو کێشانە دێتە دەرەوە، کە ڕوخێنەرانە و نێگەتیڤانە لە میانی سەرنجدان و بەهادانانی خود بۆ خۆی دروست کردووە. ئەم جۆرە چارەسەرەش یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی ئەو کەسە مەودایەک لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە تێڕوانینیکی تر وە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە تەماشای دەوروبەر و خودی خۆی بکات. کە ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆی تێڕوانینێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ بۆ ئەو کەسەی، کە لە پێشتردا خۆی لەناو کێشەیەکی بێچارەسەردا دەبینی.

 

           

 

22/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com