تاقیامه‌ت سه‌رخه‌وێك ئه‌شكێنێ‌
نزام به‌ بروسكه‌یه‌كدا ئه‌گه‌یه‌نمه‌خودا

  

كاردینای سپی



به‌دیار دواین گریانی دره‌ختێكه‌وه‌
خه‌یاڵ هزری لافیته‌یه‌ك پڕده‌كات له‌ مردن
ڕوتبوونه‌وه‌ی سپێده‌یه‌ك
گومانێكی كوشنده‌ ئه‌خاته‌ دڵی كزه‌بایه‌كه‌وه‌
گیرفانه‌كانی گێلاسێك بپشكنێ‌
كه‌ له‌زه‌تی یه‌كه‌مین بینینی بارانی
له‌ستیانه‌ سوره‌كه‌یدا حه‌شارداوه‌

حورمه‌ت به‌جۆگه‌له‌ی كۆڵانێكدا
به‌ره‌و قه‌برسانه‌كانی ئاوابونی شه‌ره‌ف ڕێ‌ ده‌كا
خۆم له‌ بارانی ئه‌م گوناهه‌ ئه‌شارمه‌وه‌
چاو ئه‌بڕمه‌ كه‌لاوه‌كانی حه‌قیقه‌ت
به‌فری كوژراوی ئه‌م وه‌رزه‌ش له‌كاتی پژانی زمانی ئاسماندا
له‌سه‌ر سنگی گه‌ڵایه‌كی گریاو جێ‌ ئه‌هێڵم
به‌ ئاسپایی شوێن ئه‌و خه‌ونانه‌ ئه‌كه‌وم
كه‌ پایز ونی كرد,
ئینجانه‌یه‌كی شكاو, له‌گه‌ڵ ده‌نكه‌ گڵی بیرچونه‌وه‌دا حه‌شاریدا
ئه‌و ده‌مه‌,
گه‌ڵا كوژراوه‌كان له‌ژێر باڵی دۆزه‌خدا
به‌ده‌م ماچێكی به‌هاریه‌وه‌ به‌هه‌شتیان له‌ ڕوانین خست
من بێده‌نگیم له‌ باوه‌شی كاتژمێردا ده‌ره‌هێنا
تۆ خه‌ریكی تكاندنی ئابڕوی به‌فر بووی
تاقیامه‌ت سه‌ر خه‌وێك ئه‌شكێنێ‌
من پاشماوه‌ی حورمه‌تی _با_
له‌ناو كیسه‌یه‌كی دڕاودا هه‌ڵده‌گرم
جێ‌ پێی شه‌قامێی ئه‌تككراو
له‌ناو فه‌قیانه‌ی دره‌ختێكی مردودا حه‌شارئه‌ده‌م

گسك له‌م بێده‌نگیه‌ پژاوه‌ ئه‌ده‌م
مۆسیقایه‌ك ئه‌هێنمه‌ قسه‌
حه‌ڵاڵترین گوناه ڕائه‌چڵه‌كێنم
تا هه‌واڵی گه‌یشتنی ئه‌و ماسیانه‌ی به‌ پێخاوسی هه‌ڵاتن
بنێرمه‌ لای ئه‌و شاتوه‌ كچانه‌ی
ئاورنگی خوێن له‌ جه‌سته‌یان ئه‌چۆڕێ‌
ئاخر من,نه‌ زمانی ئاو
نه‌چاوی ئاشكرابونم پێ‌ ئه‌گیرێ‌
مه‌ستبونی هه‌ورێك
حه‌زی ته‌رزه‌یه‌ك ئه‌مترسێنێ‌
توڕه‌بونی په‌رداخێك تینوێتیم بیر ئه‌باته‌وه‌
وڕێنه‌ی بروسكه‌یه‌كی یاخی,
كچانه‌ترین خه‌ونم فڕێ ئه‌یاته‌
حه‌وشه‌ تاریكه‌كانی مه‌حشه‌ره‌وه‌

خه‌نده‌ی ته‌زیوی به‌فرێك له‌ناو ئه‌لبومێكی سوتاودا
سه‌رنجم ڕائه‌كێشێ‌
چاو بۆ نهێنی ئه‌و دیو په‌نجه‌ره‌كانی موسیبه‌ت ڕابخه‌م
پریاسكه‌یه‌ك له‌ ته‌نیایی بدۆزمه‌وه‌
بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ی
شۆڕه‌بیه‌ك به‌ده‌م شیوه‌نه‌وه‌ پێده‌كه‌نێ‌
له‌به‌رده‌م ده‌رگاكانی مردندا ئه‌وه‌ستم
تا تاریكی شه‌و گڵاو ئه‌بێت
خوێنی سپێده‌یه‌ك
له‌سه‌ر جێگه‌ی حه‌زی كونه‌په‌پویه‌ك ئه‌ڕژێ‌

تا حه‌رام كردنی قریشكه‌
نهێنی سه‌رتاقه‌ تۆزاویه‌كانی ترس سك پڕ ئه‌كا
سه‌مای گه‌ڵا له‌بیری ڕوبار ئه‌باته‌وه‌
من چاره‌نووسی _با_
به‌سه‌ر جۆلانه‌یه‌كی گریاودا هه‌ڵه‌واسم
ده‌ستی هه‌ڵاتن ئه‌گرم
خه‌ونی ده‌رگایه‌كی عاسی
له‌سه‌ر مێزی باران
جێ ئه‌هێڵم بۆ خوا....





 

           

 

14/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com