بۆ شێرکۆ بێکه‌س، ڕه‌وف بێگه‌رد، شێرزاد حه‌سه‌ن، شوان
ئه‌حمه‌د، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
و زۆر داهێنه‌ری دیکه‌ش، به هیوای پێداچوونه‌وه به
چه‌مکی ڕۆشنبیردا.
* * * *
ڕۆشنبیری جیددی هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه له‌وه
تێده‌گات، که دوو جۆر سامان هه‌ن، ئه‌و سامانه‌ی له
بازاڕ په‌یدا ده‌کرێت و ئه‌وه‌ی له ڕێگای
مه‌عریفه‌وه به ده‌ست دێت. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان هیی
بازرگانه‌کانه و ڕێگاکانی په‌یداکردنی هه‌م پێچاوپێچن
و هه‌م ناشیرینن، به‌ڵام ڕێگاکانی به ده‌ستهێنانی
ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌م سه‌ختن و هه‌م شه‌فاف.
ڕۆشنبیری جیددی دواتر له‌وه‌ش تێده‌گات، که ناکرێت
مرۆڤ له یه‌ک کاتدا ڕۆشنبیر و بازرگان بێت، حه‌زی له
کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سامانه‌که بێت، سامانی بازاڕ و
سامانی مه‌عریفه. ڕۆشنبیری جیددی هێنده‌ی پێ ناچێت
له‌وه‌ش تێده‌گات، که هه‌ر کاتێ ڕۆشنبیر بووه
بازرگان، نه متمانه‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵگا ده‌مێنێت و نه
ده‌شتوانێت جوانی به‌رهه‌م بهێنێت. ئینجا ڕۆشنبیری
جیددی ته‌واو له‌وه تێده‌گات، که ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی
ده‌بێته بازرگان، ته‌نانه‌ت ناتوانێت به مۆڕاڵی
بازرگانێکی بازاڕیش کار بکات، چونکه ده‌شێ مۆڕاڵی
بازرگانێکی بازاڕ له‌ناو چوارچێوه‌ی کاره‌که‌یدا
ناشیرین نه‌بێت، مادام وه‌کو بازرگان خۆیی ناساندووه،
به‌ڵام ئه‌وه ناشیرینه مرۆڤ به ماسکی
ڕۆشنبیرییه‌وه له بازاڕ سه‌رمایه په‌یدا بکات و
ناوی مه‌عریفه‌ی لێ بنێت.
* * * *
ئامانجی ڕۆشنبیری جیددی نووسین نییه، به‌ڵکو
خوڵقاندنی زمانێکی نوێیه. ده‌شێ ڕۆشنبیری ئاسایی
ده‌یان کتێب بنووسێت، به‌ڵام زمانێکی نوێ نه‌هێنێته
کایه‌وه، وه‌ک چۆن ڕۆشنبیری جیددی له ده‌ستی دێت به
که‌مترین وشه زمانی کاریگه‌ر و قووڵ به‌رهه‌م بهێنێت.
ڕۆشنبیری داهێنه‌ر نه‌ک هه‌ر په‌نا بۆ زمانی کۆن
نابات، ئه‌و زمانه‌ی له هه‌موو (ئێستا)یه‌کدا
کۆمه‌ڵگا به کاری ده‌هێنێت، به‌ڵکو هه‌وڵی تێکشکاندنی
ئه‌و زمانه‌ی کۆمه‌ڵگاش ده‌دات، چونکه ئه‌م
تێکشکاندنه به‌شێکه له پرۆسێسی داهێنان و
نوێکردنه‌وه. که‌واتا ڕۆشنبیری جیددی له‌وه
تێگه‌یشتووه، که شه‌ڕ له دژی ناشیرینییه‌کان به
زمانی کۆن، به‌و زمانه‌ی کۆمه‌ڵگا (ئێستا) به کاری
ده‌هێنێت؛ ناکرێت، خۆ ئه‌گه‌ر بیکات، ئه‌وا ته‌نیا له
چوارچێوه‌ی ته‌سکی پێرسۆناڵیی تێناپه‌ڕێت، با
واشبزانێت، که به‌رگری له ئازادی و عه‌داله‌ت ده‌کات
و دژی گه‌نده‌ڵی و ناشیرینی ده‌جه‌نگێت، چونکه ئه‌و
له‌و ڕێگایه‌وه ڕه‌وایه‌تی به زمانی که‌لتووری باو
ده‌دات، له کاتێکدا ئه‌رکی ڕۆشنبیری جیددی تێکشکاندنی
زمانی که‌لتووری باو و هێنانی زمانێکی دیکه‌یه،
به‌ڵام ئه‌م زمانه نوێیه‌ش شتێکی ئه‌زه‌لی نییه،
به‌ڵکو دیسان بۆ تێکشکاندنه. به‌ڵێ، ڕۆشنبیری جیددی
زمانی خۆی ده‌کاته زمانی که‌لتوور و
تێکیده‌شکێنیته‌وه، زمانێکی دیکه داده‌هێنێت و
تێکیده‌شکێنێته‌وه. ئه‌م پرۆسێسه ئینفینیتییه و
کۆتایی نایه‌ت، مادام داهێنان سنووری نییه. زمانی زبر
و ناشیرین هه‌تا ئه‌گه‌ر باس له عه‌داله‌تیش بکات،
هه‌ر ناتوانێت داهێنه‌ر بێت، چونکه زمان نه‌ک هه‌ر
گوتنه، به‌ڵکو جووڵه‌یشه. (گوتن)یش پێکهاته‌یه‌که
له په‌یام و شێوازی گه‌یاندنی په‌یام، که ئه‌و
دووانه جیاکردنه‌وه‌یان له یه‌کتر مه‌حاڵه. به
مانایه‌کی تر ناوه‌رۆکی په‌یام چه‌ند جوانیش بێت،
به‌بێ شێوازێکی جوان و نوێی گه‌یاندن ناته‌واوه.
که‌واتا ئه‌و نووسه‌ره‌ی به زمانی ناشیرین ده‌یه‌وێت
جوانی بنووسێت و مه‌به‌ستیه‌تی دژی ناعه‌داله‌تی
بدوێت، خۆی پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه، چونکه
زمان و فیکر له یه‌کتر جیا ناکرێنه‌وه. به‌ڵێ، زمان
واتا مانا. زمانی ناشیرین واتا فیکری ناشیرین. زمان
دابه‌ش نابێت، تاکو جارێک جوان و جارێک ناشیرین،
ماوه‌یه‌ک له ئاستی به‌رز و ماوه‌یه‌ک له ئاستی نزم،
له‌گه‌ڵ ئه‌لف باش و له‌گه‌ڵ بێدا خراپ به کار
بهێندرێت. ئه‌گه‌ر زمان جووڵه و ئاڕاسته‌ی ڕۆشنبیر
بێت، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و جووڵه و ئاڕاستانه هه‌میشه
به‌ره‌و داهێنان و نوێبوونه‌وه بن، نه‌وه‌ک بۆ
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو که‌لتووری باو.
* * * *
ئه‌رکی ڕۆشنبیری جیددییه ڕه‌خنه له داموده‌زگای
سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئیکۆنۆمی، په‌روه‌رده و فێرکردن
بگرێت، به‌ڵام هه‌رگیز ڕۆشنبیری جیددی کارمه‌ند و
ده‌زگا تێکه‌ڵی یه‌کتر ناکات. ڕۆشنبیری جیددی ناچێت
یه‌ک یه‌ک کارمه‌ندی ناو ده‌زگاکان بێنێته ده‌رێ و
قسه‌یان له باره‌یه‌وه بکات. ئه‌و مادام ڕه‌خنه له
دادگا ده‌گرێت و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات وه‌کو هه‌موو
ده‌زگاکانی تر له‌ژێر ڕکێفی حیزب ده‌ریبهێنێت، که‌واتا
ڕۆڵی ئه‌و زۆر له‌وه گه‌وره‌تره باس له شتی
پرایڤه‌ت و پێرسۆناڵیی کارمه‌نده‌کانی ده‌زگا بکات،
چونکه ئه‌گه‌ر کارمه‌ندی گه‌نده‌ڵ له ده‌زگای
گه‌نده‌ڵ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکرێت و به پێی
یاسا سزا نادرێت، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه دادگا وه‌کو
هه‌ر ده‌زگایه‌کی تر له‌ژێر ڕکێفی حیزبدایه. که‌واتا
دووباره بۆ گرنگیی زمان ده‌گه‌ڕێینه‌وه، به‌وه‌ی
ئه‌رکی ڕۆشنبیری جیددی دروستکردنی دیاڵۆگه، نه‌وه‌ک
داخستنی که‌ناڵه‌کانی وتن. به مانایه‌کی دیکه
ڕۆشنبیری جیددی نه‌ک زمان له تاکه‌کان ناستێنێته‌وه،
به‌ڵکو زمان به‌وانه‌ش ده‌به‌خشێت، که نایانزانیوه
زمانیان هه‌یه. کاتێکیش باسی دیاڵۆگ ده‌که‌ین، ئه‌وا
هیچ مه‌رجێکمان بۆ هیچ که‌سێک نییه. تاوانبار و
خاوه‌نماف به قه‌ده‌ر یه‌کتر بۆیان هه‌یه قسه
بکه‌ن. له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئاوایه، ئه‌و
کۆمه‌ڵگایه‌ی ڕۆشنبیری جیددی دایمه‌زراندووه و هه‌ر
ڕۆشنبیری جیدییش چاودێریی ده‌کات.
* * * *
ڕۆشنبیری جیددی چه‌ند هێرشیشی بکرێته سه‌ر،
هه‌ڵناچێت، چونکه ڕۆشنبیری جیددی له لایه‌ک له‌گه‌ڵ
جوانیدا ده‌ژیێ و هیچ هێزێکی ناشیرین ناتوانێت له‌و
جوانییه‌ی داببڕێت، له لایه‌کی دیکه‌ش ڕۆشنبیری
داهێنه‌ر به‌رده‌وام ئه‌و شوێنه‌ی جێ هێشتووه، که
کاسانی دیکه ئێستا ده‌یا‌نه‌وێت هێرشی بۆ بهێنن. واتا
له‌و شوێنه نه‌ماوه، که ئه‌وان په‌لاماری ده‌ده‌ن.
* * * *
|