جوێنه‌كانتان به‌ یه‌كدی مه‌كه‌نه‌ مانشێت بۆمان 

  

كارزان عوسمان
Karzanw@yahoo.com



سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی بۆخۆی له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌دایه‌، ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ند میدیایه‌كی ئه‌هلی و چه‌ند میدیایه‌كی به‌ ناو ئه‌هلیو هه‌ندێ‌ میدیا كه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خودا بزانێ‌ ئه‌هلیه‌ یان حزبیه‌ !؟ خه‌ركی سه‌نگه‌ر گرتنو یه‌كدی تۆمه‌تبار كردنو هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ كۆنه‌كانی یه‌كدین كه‌ ڕۆژگارێك هاوڕێیانه‌و ده‌ست له‌ ناو ده‌ست نوسیویانه‌ته‌وه‌و ئێسته‌ ئه‌وی تری پێ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ هه‌ریه‌ك له‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤارانه‌، خۆیان به‌ خاوه‌ن ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانیو دژایه‌تیكارێكی زمانی ته‌شهیرو زبر ده‌زانن، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كدی ده‌كه‌نو ده‌ڵێن سه‌رتاپا نا ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانیو زبر زمانیه‌(سیخور، ناپرۆفیشناڵ، عوقده‌، پاره‌خۆر…) زۆری دیكه‌ كه‌ من پێم شه‌رمه‌ لێره‌ بیان نوسمه‌وه‌، ئه‌مه‌ چه‌نده‌ زیانه‌ له‌ كایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ئه‌وه‌نده‌ش تۆخكردنه‌وه‌ی كلتوری تۆمه‌تباركردنو جنێو فرۆشیه‌.
ئێوه‌ كه‌ ڕۆژگارێك هاوڕێیانه‌و دۆستانه‌ باستان له‌ پاكیزه‌یو خه‌مخۆری یه‌كدی ده‌كرد، ئه‌مڕۆ خۆتان پێمانده‌ڵێن چ درۆزانێكی گه‌وره‌بون له‌گه‌ڵ ئێمه‌و خۆتاندا، ئێوه‌ كه‌ ڕنگه‌ سه‌دان جار به‌ یه‌كدیتان وتبێت به‌ گیانی هاوڕێیه‌تیمان من پاره‌ی ئه‌و چایانه‌ ده‌ده‌م، ئه‌مڕۆ وا باسی یه‌كدی ده‌كه‌ن گه‌ر پێكه‌وه‌ دابنیشن پیس ده‌بن به‌ یه‌كتر، ئێوه‌ به‌و هه‌زاران خوێنه‌ره‌ی خۆتان ده‌ڵێن ئێمه‌ هاوڕێبوین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كدی ناشرین بكه‌ین پاش ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ یه‌كدی نیه‌، ئێوه‌ ئێمه‌ش ده‌خه‌نه‌ گومانه‌وه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی، ئێوه‌ زۆر نائاگا خه‌ریكن پێمان ده‌ڵێن باوه‌ڕ بهێنن به‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌هلی ده‌كرێت، گه‌ر به‌ته‌نگ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی خۆتانه‌وه‌ نین ئه‌و ڕۆژنامانه‌ش له‌ پێش چاوی خه‌ڵكی ناشرین مه‌كه‌ن كه‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌یانن.
دیوێكی تری ئه‌م دۆخه‌ی دروستانكردوه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕخنه‌یه‌ به‌ ڕه‌های، ئێوه‌ دیاره‌ بڕیارتانداوه‌ ڕه‌خنه‌گربن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی قبوڵتانبێت ڕخنه‌تان لێبگیرێت، ئێوه‌ به‌ هه‌موو پارته‌كان ده‌ڵێن ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی داهاتان دیارو ئاشكرابێت بۆ خه‌ڵكی، به‌ڵام توڕه‌ده‌بن به‌وه‌ی پێتان بوترێت ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئێوه‌ كێیه‌؟، ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌ك یان گۆڤارێك بڵێت من ئه‌هلیم، وابزانم له‌وه‌ ساناتر نیه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی نیشانی خوێنه‌رانی بدات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ساڵانه‌ ده‌یكرد، وه‌ ئه‌گه‌ر تۆمه‌تیشی بۆ هه‌ڵبه‌سترابێت،دیسان ساناترین شتێك كه‌ بیكات وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ ، نه‌ك جنێو فرۆشتنو دوباره‌ تۆمه‌تباركردن.
بۆیه‌ تكایه‌ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانتان، ڕوپه‌ڕی سایته‌كانتان، با شوێنێك بێت بۆ نیشاندانی به‌ش مه‌ینه‌تی خه‌ڵكیو ،رێبه‌رێكبن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ی ئه‌و هه‌موو گرفته‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ دێنه‌ پێشو، ئیتیكو پرۆفشناڵیش له‌ كاركردنتانا ببینین، ئه‌گه‌ر هه‌ر شه‌ڕه‌جوێنیش ده‌كه‌ن ئێوه‌ ئاسان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ڕوبه‌ڕوو به‌ یكدی بڵێنو له‌ناو ئه‌و هه‌موو ڕوداو هه‌واڵه‌ گرنگانه‌ی ڕۆژدا، جوێنه‌كانتان مه‌كه‌نه‌ مانشێت بۆمان.

 

           

 

24/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com