بزوتنەوەى ژنان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمەریکا

  

ن: باربارا_ئیپشتاین
و: مەریەم کاوسى
وەڕگێرانى لەفارسیەوە: که‌ژاڵ عه‌لا




لەکۆتایى ساڵانى 1960 تا ساڵانی 1990 ى زاینى، جموجوڵى پڕجۆش و خرۆشى ژنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دیاردەیەکی تەواو بەرچاوبوو. ئەم بزوتنەوە ئازادیخوازییە کە لەڕووی کلتوورییەوە کاریگەر و و لەڕووى سیاسیشەوە بەهێزبوو، کۆمەڵێک ڕێکخراو و چالاکیی جۆراوجۆری میللی لەخۆدەگرت بۆ بەدەستهێنانى مافى تایبەت بە ڕەگەز کۆمەڵێک چاکسازیی تریش. بەرجەستەترین پێکهێنەرەکانی ئەم بزوتنەوەیە بریتی بوون لە مەسەلەی ئازادى ژنان گرووپە سیاسیەکان شانبەشانی بەرنامە کلتووریەکان و بابەتەکانى تری پەیوەندیدار بە جەماوەرەوە. ژمارەیەکی زۆر پاڵنەر و نەخشەسازى بۆڕێکخستنى کارو پیشەو نەقابەکان و دامەزراوە ئیدارییەکانی دەوڵەت و ناوەندەکانی تریش لە دروستبوونى بزوتنەوەى ژناندا ڕۆڵیان هەبوو. بزوتنەوەى ژنان گۆڕانێکى زۆرى بەسەر ژیانى زۆربەى ژنان و هەروەها ژیانى ڕۆژانەى خەڵکى ویلایەتە یەکگرتووەکانیشدا هێنا. دەرگای پیشەی جۆراوجۆر و ئەو کارانەی کە پێشتر تایبەت بوون بە پیاوان، بەڕووى ژناندا واڵابوون. بزوتنەوەی ژنان خوازیارى یەکسانى ژنان بوو لەگەڵ پیاواندا لە مەیدانى سیاسەت و وەرزش و زۆرێک لە ناوەندەکانى تر و سەرئەنجام هاوسەنگى ڕەگەزایەتى، بەشداریکردن و ڕابەرایەتی گۆڕانی بەسەردا هات. بە بەرزکردنەوەی ناڕەزایی سیاسی بەرامبەر مەسەلەی نایەکسانی و سەرکوتکردنی ناو خێزان و پەیوەندیی کەسی، بزوتنەوەى ژنان کارێکی وای کرد باس ولێکۆڵینەوەی گشتی لەسەر بابەتگەلی وابکرێت کە پێشتر بەمەسەللەی تایبەتی دادەنراو دوور بوو لە وردبوونەوەو لێکۆڵێنەوەی گشتی. هەروەها بزوتنەوەى ژنان بوو بەهۆی ئەوەی گۆڕان لە چۆنێتی بیرکردنەوە و قسەکردنیشدا بێتەکایەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین زۆربەی ژنانی گەنج باوەڕی تەواویان بەوە هەیە کە ئەوانیش وەکو پیاو مافی ئازادی هەڵبژاردنیان هەیە یان هیچ نەبێ دەبێت وابێت.

سەرەڕای زۆر دەستکەوتی بەرچاوى بزوتنەوەى ژنان هاتنەدیی یەکسانى ژنان وەک ئامانجێک لە زۆربەی بەشەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکادا، کەچى هێشتا یەکسانى ڕەگەزی (جەندەری) نەهاتۆتەدی. ڕاستە زۆریک لە ژنان لەدەرەوەى ماڵ کاردەکەن بەڵام زۆربەیان کاری کەم داهات ئەنجام دەدەن و بەشێوەیەکی گشتی داهاتی ژنان لەهی پیاوان کەمترە و ئەگەری هەژارکەوتنی ژنان زیاترە لە پیاو. هێشتا توندوتیژی بەرامبەر ژنان شتێکى باوە. بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵ هێشتا بەشێوەیەکی گشتی لەئەستۆی ژندایە و هەرچەندە زۆربەی ژنان لەدەرەوەی ماڵ کاردەکەن بەڵام مەسەلەی چاودێریی منداڵ هێشتا وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی یان خێزانی سەیر ناکرێ. لەساڵانی شەستەکاندا فێمینیستەکان ناڕەزاییان دەردەبری بەرامبەر نەبوونی هاوسەنگی دەسەڵات لە لەنێوان ژن و پیاودا سەبارەت بە کاروباری ناو خێزان و پەیوەندیی کەسییان، بەڵام ئەم مەسەلەیە هێشتا هەر ماوە.

لەهەموو ئەمانەش خراپتر ئەوەیە کە چیتر بزوتنەوەیەکی گشتگیری ژنان وجودى نیە. ئێستا ڕێکخراوێکى زۆر هەن کە بۆ یەکسانیی ژنان لە مەیدانە گشتی و نێوەندە تایبەتیەکاندا کاردەکەن ، کە بەتایبەتی ئەمانە دەگرنەوە وەک ڕێکخراوى میلیی ژنان و ئەوانەی تر کە لە بوارەکانی ژینگە و گرنگى دان بە تەندروستى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و ئەو شتانەى تر پەیوەندیان هەیە بەمەسەلەى ژنانەوە، کاردەکەن. بەڵام لەو شوێنانەی کە جاران ڕێکخراوەکانی ژنان بە بەشداریی زۆرێک لە ئەندامەکانیانەوە چالاک بوون، ئەمڕۆ تەنها دەزگا ئیدارییەکان دەبینرێن کە کارمەندى موچەخۆر بەڕێوەیان دەبەن. تێورى فێمینستى کەلەسەردەمێکدا چوستوچالاک و کارابوو، ئێستا زۆر گوێ بە بارودۆخی ژنان نادات و بێ ڕەونەق بووە و سەرنجی خەڵک ڕاناکێشێ. ئەم بابەتە دوو پرسیار دەگرێتە خۆ: بۆچى زۆر بەکەمى قسە لەسەر لەناوچوونى بزاڤێک دەکرىَ کە سەردەمێکی کەم پێش ئێستا زۆر بەهێزبوو و توانى گۆڕانکارى زۆر بەرچاو لەسەر ئاستى کلتوورى بێنێتە دی؟ هۆى پووکانەوەی بزوتنەوەکە چیە؟

بێدەنگی لەبەرچی؟

داڕمانى بزوتنەوەى ژنان هاوکات بوو لەگەلَ هێرشى ڕاستڕەوەکان بۆ سەر فێمینزم و لاوازبوونی ڕێکخراوە چالاکەکانى تر. مافى هاوڵاتیان و بزوتنەوە و ڕەشپێستەکان بەشێوەیەکى بەرچاو لاوازتر و پەرتەوازەتر بووە لەوەی لە چەند دەیەی ڕابوردووی نزیکدا هەبوو. بزوتنەوەی چالاکوانانی بواری ژینگە و مافى هاوڕەگەزبازان، هاوئاهەنگی و ڕیکخراوەیی خۆیان لەدەست داوە. زۆر لە فێمینیستەکان و نوێخوازەکان، حەزناکەن باسو لێکۆڵینەوەی گشتی دەربارەی خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوانە بکەن. ڕاستە هێرشى ڕاستڕەوەکان زیانی گەیاندووە بە هەندێ بەرنامەى فیمینستى وەکو مافى لەباربردنى کۆرپەلە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لاوازبوونى بزافى ژنان زیاتر پەیوەندى هەبووە بە نەبوونی لۆژیکى پێویست تا بە پەلامارى دەرەکى.

بەبۆچوونى من هۆکارى ڕاستەقینەی خۆلادان لەم رەخنانە و شاردنەوەیان، لەوانەیە لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتبێت کە ڕەنگە باسکردنى کێشەکانى بزوتنەوەکە ببێتە هۆی زووتر ئاشکرابوونی ئەو هەندێ لایەنی شاراوەی بزوتنەوەکە کە ئێستا کاری تێدادەکرێ. هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕەخنەکان و غیرەت بەخۆدان بەو خەیاڵەی کەس پەی بە هەبوونی هیچ کێشەیەک نابات، خەیاڵیکی ئارامبەخشە بەتایبەتی کاتێ بزوتنەوەکە لە پوکانەوەدایە. بەڵام کێشەکان بە نکوڵی لێکردن و خۆلادان لە باس و لێکۆڵێنەوەیان، لەناوناچن، بەڵکو ئەگەری ئەوە زۆرترە کە ئاڵوزترببن. تێگەیشتن لە هۆیەکانی پووکانەوەی بزوتنەوەیەک رەنگە نەبێتە هۆی گەشانەوەی دووبارەی وەک ئەوەی لە ڕابوردوودا هەبووە، بەڵام شتێکی پێویستە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای تازە.

خۆلادان لە وردبوونەوە لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەکانی ژنان لەوانەیە لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتبيَ کەڕەنگە شەپۆلى دووەمى هاوچەرخى فێمینزم لەناوبچيَ و دووچارى هەمان چارەنووسى شەپۆلى یەکەمى فێمێنیزم ببێتەوە. یەکەم شەپۆلى بزوتنەوەی ژنان لە وڵاتە یەکگرتووەکان کە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەهەم و سەرەتاى سەدەى بیستەمدا چالاک بوو، لەماوەی چوار دەیەی نێوان دوو شەپۆلەکەدا تەقریبەن بەتەواوی لەبیری مێژوو چووەوە. یەکەم شەپۆلى فێمینزم تا ڕادەیەکى زۆر پەیوەندى هەبوو بە ژنانى سپى پێستى چینى ناوەڕاست و سەرەوەى کۆمەڵگاوە. جگەلەوەش یەکەم شەپۆلى فیمینزم لەماوەی سەردەمە مێژووییەکەیدا بەئاراستەی سنووردارکردنی دیدی خۆی لە جووڵەدا بوو کە ئەمەش لە بزووتنەوەکانی تر جیای دەکردەوە.

سەرچاوەی یەکەم شەپۆلى بزوتنەوەى ژنان لە وڵاتە یەکگرتووەکان بریتی بوو لە بزوتنەوەى لایەنگرانى ئیلغاکردنەوەی کۆیلایەتی. لەساڵەکانى یەکەمدا، پەیوەندى فیمینیزم بە بزوتنەوەی دژی کۆیلایەتی و بزووتنەوەکانی تری دژی جەنگی ناوخۆی ساڵانی ڕابوردوو، بووە هۆی ئەوەی بزوتنەوەی ژنان شێوەیکی توندڕەوی بگرێتەخۆی. بەڵام کاتێک کە جەنگى ناوخۆ کۆتایى َهات و مافى دەنگدان بۆ کۆیلەکانى پێشوو نەک بۆ ژنان دەستەبەرکرا، زۆربەى بزوتنەوەکانى ژنان پەیوەندیان لەگەلڕ ڕەشپێستەکاندا بچڕاند. لە ساڵانى جەنگى ناوخۆ و سەرەتای سەدەى بیستەمدا، هەست و سۆزى ڕەگەزپەرەستى و دژ بە پەنابەران لەنێوان چینى مامناوەندا برەوی سەند. لە دوا دەیەکانى سەدەى نۆزدەهەم و دوو دەیەى یەکەمى سەدەى بیستەمدا ، بزوتنەوەى ژنان زیاتر تەنیا جەختی لەسەر بەدەستهێنانى مافى دەنگدانی ژنان دەکردەوە. هەندێ لایەنگرانی بەناوبانگی فێمینیزم لەپێناوی ئامانجەکانیاندا کەوتنە قسەوباسی ڕەگەزپەرستى و دژایەتی کردنی پەنابەران. هەندێ لایەنى ترى بزوتنەوەى ژنان، وەکو بزوتنەوەى یەکێتى بازرگانى ژنان، خۆی لە مەسەلەی ڕەگەزپەرستى بەدوورگرت و بەردەوام بوون لە دیدی ڕادیکاڵییانەیان بۆ فێمینزم. بەڵام لەکۆتایى سەدەى نۆزدەهەمدا، هێڵى لایەنگری جەختکردن لە بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان، باڵی بەسەر بزوتنەوەکەدا کێشا . کاتێک کەمافى دەنگدانی ژنان هاتەدی، یەکەم شەپۆلى فێمینزم، دەستوورى هەر کارێکى ترى پشتگوێ خست و دوورکەوتەوە لە بزوتنەوە پێشەنگەکان. لە بیستەکاندا کە هێزە پارێزگاریخوازەکان خاوەن دەسەڵات بوون توانیان بەئاسانى بزوتنەوەى فمێنیزم بخەنە لاوە.

کاریگەرى شەپۆلى دووەمى فێمینزم لە شەپۆلى یەکەم فراوانتر و قوڵتربوو. ڕەوتی سیاسەتی ئەمەریکا هەرچۆنێک بووبێت، شتێکی ئاسان نەبووە مەسەلەی فیمینزم لە بەرنامەی کاری پاڵێوەراوەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا پشتگوێ بخرێت وەک لە ساڵانی سی و چل و پەنجاکاندا پشتگوێ دەخرا. لە سێ دەیەی ڕابوردوودا فیمینیزم بەجۆرێکی وا ژیانی ژنانی گۆڕیوە کە لەوانەیە گەڕانەوەی نەبێت. لەکاتێکدا شەپۆلی یەکەمی فیمینزم لەیەک مەسەلەدا خەست بووەوە و پووکیایەوە، شەپۆلی دووەمی فیمینیزم بەرفراوانە. شەپۆلی دووەمی فیمینیزم لەساڵاتی سەرەتادا هەندێ کەموکوڕیی هەبوو. هەرچەندە لەناو بەشداراندا هەندێ ژنی پێست ڕەنگین (غەیری سپی) لە چینی کریکار هەبوون، بەڵام زۆربەی بەشدارانی بزوتنەوەکە خویندکار و پیشەوەر بوون و بەم شێوەیەش ژنانی سپی پێست و چینی ناوەڕاست گەیشتنە ڕیزی بزوتنەوەکە. هەبوونی ژنی ڕەنگین پێست یا کریکار بەمانای ئەوە نەبوو ئەو چینانە فێمینیزمیان قەبووڵ کردووە. فیمینستەکانی شەپۆلی دووەم، بەتایبەتی لە ساڵانی پڕشۆڕی سەرەتای بزوتنەوەکەدا لایان وابوو دەتوانن بەناوی هەموو ژنانەوە قسەبکەن. ئەم بۆچوونە زۆر کەم لەڕاستییەوە نزیک بوو و سروشتی بزوتنەوەکەی پشت گوێ خستبوو کە زۆربەی لایەنگرانی لە کەسانی گەنج و و سپی پێست و دەرچووی زانکۆ و لە چینی ناوەڕاستی دوای جەنگی دووەم پێکهاتبوون.

بەپێچەوانەی شەپۆلی یەکەمی فێمینزمەوە، سروشت و دیدگای شەپۆلی دووەمی فیمینیزم بە تێپەربوونی کات پەرەی سەند. لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، فیمینیزمی پەیوەندیدار بە ژنانی هاورەگەزباز وەک ڕەوتێک لە ناو بزوتنەوەکەدا سەری هەڵدا. ژنانی ڕەنگین پێست دەربڕینی خۆیان لەناو بزوتنەوەکەدا دۆزییەوە و ژنانی چینی کرێکاریش کە بەشێک نەبوون لە لایەنگرانی سەرەتایی بزوتنەوەکە کە ئەوسا زیاتر پێکاهتبوو لە خوێندکاران و پیشەوەران، دەستیان کرد بە باسکردنی خواستەکانیان دەربارەی یەکسانیی مامەڵە لە شوێنی کار و نەقابەکان لە چاودرێریکردنی منداڵ و مافەکانی پەیوەندیدار بە رەگەزەوە. لەکاتێکدا شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم بەتێپەربوونی کات پەیوەندی سەرەتایی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەکانی مافی رەشپێستەکان و ڕەوتە ڕادیکاڵییەکانی تردا بچراند، شەپۆلی دووەمی فێمینیزم بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی گرێدا بە بزوتنەوە پێشەنگەکانی ترەوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی ڕەنگین پێستەکان و هاوڕەگەزبازان. هەروەها شەپۆلی دووەمی فێمینیزم زیاتر هەستیار بوو بەرامبەر بە جوداکاریی نەژادی و جیاوازییە رەگەزییەکان.

لە بزوتنەوەوە تا باوەڕ
کۆتایی ساڵانی شەست و سەرەتای حەفتاکان بە سەردەمی گەشانەوەی بزوتنەوەی ژنان دادەنرێت. لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا جۆرە دیدگایەک یا ناسنامەیەکی فێمینیستی بە شێوەیەکی بەرفراوان گەشەی کرد و جۆرێک هۆشیاریی پەرشوبڵاوی فێمینستی لە هەموو لایەک بڵاوبۆوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر گروپی چالاک و بەرنامەی کلتوری و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر هەن کە ئامانج و دیدگایان لەژێر کاریگەرى فیمنیزمدایە. ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان لایەنگرانی جۆراوحۆریان هەیە و مایەی سەرنجی ژنانی چینی کریکار و ڕەنگین پێستەکانن.

یەکێک لەوانە کۆنگرەی میللی ژنانە کە بایەخ بە کێشەکانی ژنانی چینی کرێکار و ڕەنگین پێستەکان دەدات. جگە لەوەش چەندین گروپی ناوچەیی بە ئامانجی هاوشێوە هەن. بۆنموونە لە ناوچەی کالیفۆرنیا گروپی دایکانی ڕۆژهەڵاتی لۆس ئەنجیلۆس ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە بواری دادگادا سەبارەت بە مەسەلەکانی ژینگە. گروپی چالاکیی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ڕەوتی نوێ (کە پێشتر بەناوی چالاکیی ژنان بۆ چەک داماڵینی ناوکی دەناسرا) گروپێکە کە لەیەک کاتدا ژنانی ڕەنگین پێست و سپی لە خۆی دەگرێ و سەبارەت بە مەسەلەکانی تەندروتسی و ژینگە چالاکی دەنوێنێ. جگە لەمانەش ڕێکخراوی زۆری تریش هەن. لەگەڵ ئەمانەشدا، کاروکێشەی جەماوەری خەڵک بەگشتی بەشێکی گرنگ نیە لە بزوتنەوەی ژنان. ئەو ڕێکخراوانەی کە لەلایەن کارمەندانەوە بەڕێوە دەبرێت بەرپرسن لە بڵاوکردنەوەی بۆچوونی گشتی دەربارەی فێمینزم کە لەڕێگەی پەخشی کتێبەوە لە زانکۆکاندا هەوڵ دەدەن لایەنگرەکانیان لە چینەکانی سەرەوە سەرقاڵ بکەن. بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هۆشیاریی فیمینیستی و بیوروکراسیی ڕێکخراوە گرنگەکانی ژنان و بایەخدانی زۆر بە فێمینیزم لە زانکۆکاندا، ئەمانە هەموو ئەنجامی قەبووڵکردنی فێمینیزمە لە ناو زۆربەی زۆری کۆمەڵگادا. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە هەمیشە بەسوودی بزوتنەوەکە نەبووە. هاوزەمان، فێمینیزم بووە بە دەزگا و دامەرزاوەیەک و پەراوێز خراوە.

بەڵام پراگماتیزمی فیمینیستی هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ژمارەی ئەو ژنانەی لە چالاکی و گفتوگۆ فیمینیستییەکاندا کاردەکەن کەم نەبۆتەوە. ملیۆنان ژن لە ئەمەریکا دەربارەی مەراق و کێشەکانیان لەگەڵ یەک گفتوگۆ دەکەن و زارەوەی فێمینیزم بەکار دەهێنن. زۆر بەرنامەی ڕێکخراوی ژنپەروەرى هەیە سەبارەت بە توندوتیژی ناوماڵ و مافی جەندەری و سەلامەتی ژنان. هەوڵى بەردەوامی ژنان بووەتە هۆی دامەزرانی تۆڕی نێونەتەوەیی کە لە دوای کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ژنان لە پەکین لە ساڵی 1995 دا سەری هەلدا. زۆر نووسەری گەنجی فیمینیست هەن کە باس لە کێشەکانی هاورەگەزەکانیان دەکەن یان لەجیاتی ئەوان قسەدەکەن.

گەشەکردنی پراگماتیزمی ژنپەروەرى بەشێکە لە بەرنامەیەکی گشتیتر. ژمارەی ئەو کەسانەی کەلەناو کۆمەڵگادا خەریکی مەسەلەی دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی و تازەگەرین لە ساڵانی حەفتا زیاترە (گەرچی ڕێگەیەک نیە بۆ ژماردنی ئەو کەسانەی خەریکی ئەم کارانەن). پراگماتیزمی فیمینستی جودا لەم ڕەوتە نیە بەتایبەتی ئەگەر بەشداریکرنی ژنان لە بزوتنەوەکاتی تایبەت بە ژینگە و سەلامەتی گشتیدا شان بە شانی مەسەلەکاتی تر باس لە کێشەکانی ژنانیش بکات. ئەو ڕاستییەی کە دیدگای فیمینستی تاڕادەیەک بەهۆی بزوتنەوەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی ژنان و هەندێ ڕێکخراوەوە کە پیاویشیان تێدایە، دەستنیشان دەکرێت، خۆی جۆرێک سەرکەوتنە. ژنان رۆڵیان هەیە لە ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوەکانی تایبەت بە ژینگە و هیچ نەبێت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە بەرامبەر بەهی پیاوە. بەلای زۆربەی ئەم بزوتنەوانەوە فیمینیزم بەشێکی گرنگە لە بۆچوونەکانیان. بەڵام ئەوە بەرنامەی ئەم چالاکیدارانە نیە کە تێگەیشتنی گشتی لە فێمینیزم بەرجەستەدەکات. ئەو ڕێکخراو و تۆڕە زانکۆییانەی کە تێگەیشتنی گشتی لە فێمینیزم بەرجەستەدەکەن ئێستا دوور کەوتوونەتەوە لەو لایەنگرانەی کە ڕۆژانێک سەرچاوەی هێزی ئەمان بوون و گرنگی پێدان و چالاکیی جارانیان نەماوە. فێمینیزم ئێستا زیاتر لەوەی بزوتنەوەیک بێت بووە بە باوەڕ (ئایدیۆلۆجی) ، باوەڕێک کە لەزۆر بەی مەسەلەکاندا ئەو بەرچاوڕوونییەی نیە کە جاران هەیبوو. هەمان قسە دەکرێ بەرامبەر بزوتنەوەکانی پێشەنگ و چەپڕەو: ئێمە ئەمڕۆ زۆر مەیدانی گەورە و بەناوبانگمان هەیە کە ئەندێشە فیمینستییەکان و تازەگەرییەکانی تێدا فەرزدەکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکی کەممان لەسەر سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان هەیە و جۆرێک خەمۆکی و سستی باڵی بەسەر ئەندێشەی ژنپەروەرى و نوێخوازەکانی کیشاوە. ئەم مەسەلەیە هەم دەرەنجام و هەمیش نیشانەی لاوازیی ڕاستڕەوەکانە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابوردوودا. هۆی ڕوەو پووکانەوە ڕۆیشتنی بزوتنەوەی ژنان شان بەشانی بزوتنەوە نوێخوازەکانی تر ئەوەبوو ئەمانە باوەڕی تەواویان بە توانای چالاکیە گشتییەکان (بەکۆمەڵ) نەبوو بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.

بۆچی بزوتنەوەی ژنان لاواز بوو؟
بۆچوونی زاڵ لە بزوتنەوەکانی ژنانی ساڵانی شەست و حەفتاکاندا بریتی بوو لە فێمینیزمی توندڕەو. ئەو سەردەمە لە بزوتنەوەی ژناندا دوو بۆچوونی جیاواز هەبوو. یەکێک لەم بۆچوونانە خۆی بە فیمینیزمی سۆسیالیستی (هەندێ کات فیمینیزمی مارکسیستی) ناو دەبرد و چەوساندنەوی ژنانی گرێ دەدا بە جۆرەکانی تری چەوساندنەوەوە، بەتایبەتی چەوساندنەوەی نەژادی و چینایەتی و هەوڵی دەدا سیاسەتێک بگرێتە بەر کە لەیەک کاتدا ئەم مەسەلانە هەموو بگرێتەوە. بۆچوونی دووەم فیمینیزمی توندڕەو بوو. فیمنیزمی توندڕەو لایان وابوو کە چەوساندنەوەی ژنان مەسەلەیەکی بنچینەییە و جۆرەکانی تری چەوساندنەوە لەو و نەبوونی یەکسانی جەندەرییەوە سەرهەڵ دەدەن.

کەسانی توندڕەو لەهەردوو گروپەکە جەختیان لەسەر ئەوەدەکردەوە کە نایەکسانیی نێر و مێ لە بواری گشتیدا جیاناکرێتەوە لە ژیانی تایبەتی. فیمینیزمی توندڕەو خوازیاریی یەکسانی ژنان بوو لەهەردوو بوارەکەدا. سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی لە نێوان چەوساندنەوەی ژنان و جۆرەکانی تری چەوساندنەوەدا هەبوو، فیمینستە توندڕەوەکان لەهەردوو گروپەکە لایان وابوو یەکسانی نێوان ژن و پیاو ناتوانێ لەخۆیەوە بەتەنیایی لەناو کۆمەڵگایەکدا بێتەدی، ئەگەر وانەبێ ئەوا جیادەبێتەوە لە نایەکسانی لەرووی سامان و دەسەڵاتەوە. ئامانجی فیمینیزمی توندڕەو بریتی بوو لە کۆمەڵگایەکی یەکسان بە جۆرەکانی تری بەشداری کردنیشەوە لەسەر بنچینەی یەکسانی.

لەماوەی ساڵانی شەستەکان وحەفتاکاندا، ئەم ڕەوتە توندڕەوەی ناو بزوتنەوەکە بوو کە هەموو بزوتنەوەکەی بەرەو پێش تەکان دەدا بەڵام ئەوەی زیاترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا خواستی پەیوەندی کردنی ژنان بوو بە هێزی کارەوە بە هەلومەرجێکی یەکسان وەک پیاو. بەدی هێنانی خواستی فیمنیستە تونڕەوەکان بۆ هێنانەدیی کۆمەڵگایەکی یەکسان و جۆرەکانی تری بەشداری کردن کارێکی ئاسان نەبوو. هەرچەندە ئەولەویەتەکانی باڵی ئازادیخواز و توندڕەوی بزوتنەوەی ژنان لەگەڵ یەکدا جیاواز بوون، بەڵام خواستەکانیان زۆر لەیەک جیا نەبوون. فیمینسیتە توندڕەوەکان خوازیاری یەکسانی جەندەری بوون لە شوێنی کار و زۆربەی فیمینستە ئازادیخوازەکانیش خوازیاری کۆمەڵگایەکی یەکسان بوون. نانسی ماکلین لە وتارێکدا لە گۆڤاری (لێکۆڵینەوە فیمینیستییەکان) دا لە ژمارەی بەهاری 1999 دا پێی وایە ژنانی کرێکار سوودیان لەم سیاسەتە وەردەگرت لەپێناوی بەدیهێنانی یەکسانی لە شوێنی کاردا، ڕێگەدان بە ژنان تا ئەو کارانە بکەن کە لە کۆنەوە بەهی پیاو دانراوە، وە تێکەڵ کردنی ژنانی کارگەر لەگەڵ بزوتنەوەی ژناندا. تا ئەوکاتەی بزوتنەوەی ژنان لەبرەودا بوو و گەشەی دەکرد، خواستی بەدەستهێنانی دەرفەتی کار وەکو پیاوان و دەستەبەرکردنی یەکسانیی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی تەواوکەری یەکتری بوون.

بەڵام دوای ئەوەی بزوتنەوەکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، پێ دەچێ دەرەنجامی خواستەکانی جیاوازبووبێت لەوەی چاوەروان دەکرا. جوداکاریی پۆزەتیڤ (واتە جوداکاری بە سوودی ژنان) کە لە هەندێ لە پۆستە کاریگەرەکاندا رووی دەدا بە شێوەیەکی گشتی ژنانی سپی پێستی دەگرتەوە کە چاوەڕێی ئەم دەرفەتە بوون تا سوودی لێ وەربگرن. بەشی گەورەی ئەم مەسەلەیە بەهۆی شکستی بزوتنەوەی کارگەرییەوە بوو لە ڕێکخستنی ژنان و کەسانی ڕەنگین پێستدا. یەکێک لە هۆیەکانی ڕەنگدانەوەی مەسەلەی جوداکاریی پۆزەتیڤ لەگەڵ مەسەلەی چینی کۆمەلایەتی و نەژدادیدا بریتی بوو لە چینبەندیی کۆمەڵگای ئەمەریکا لە ساڵانی حەفتاکان وهەشتاکان و نەوەدەکاندا کە ببوە هۆی درووستبوونی کەلێنێکی گەورەتر لەنێوان چینەکانی سەرەوەو خوارەوەدا لە رووی ئابوورییەوە. سەرکەوتنی ژنان لە بەدەستهێنانی کار بە هەقدەستی زیاتر نەیدەتوانی کەلێنی نێوان چینەکانی کەم بکاتەوە کە بەرەدەوام ڕوو لە زیادی بوو. لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان بەدواوە ئاستی ژیانی کرێکاران خراپتر بووە. هەر لەسەرەتاوە ئەنجامی ترسناک لە کەمیندابوون بۆ ژنانی هەژار.

دیدگای توندڕەوانەی فیمینزم بەهۆی گروپبەندی و دژایەتی ئایدیۆلۆژیکیی توندی نێوان گروپەکانەوە رووی لە هێوربوونەوەکرد. لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا، فیمینیزمی کلتوری کە ئامانجی زیاتر بریتی بوو لە خوڵقاندنی کلتوری فیمینیسیتی نەک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، شوێنی فیمینیزمی توندڕەوی گرتەوە. کتێبەکەی ئەلیس ئاکۆل بەناوی (جەسارەتی خراپ بوون: فیمینزمی توندڕەو لە ئەمەریکا 1975-1976) بە شێوەیەکی ڕاست و ورد باس لەم گۆرانگارییانە دەکات. لیکۆڵینەوەکەی ئەم دواییەی ڕۆت ڕۆزەن دەربارەی ڕەگەزی ژنان بەناوی ( دنیا پارچە پارچە دەبێت: چۆن بزوتنەوەی هاوچەرخی ژنان ئەمەریکای گۆڕی) ڕاپۆرتێکی جوان دەربارەی ئەم گۆڕانکارییانەی بزوتنەوەی ژنان پێشکەش دەکات. عادەت ئەم جۆرە دابەشبوونە بۆ گروپ و دەستەی جیاواز لەو بزوتنەوانەدا ڕوودەدات کە بەرەو نابودی دەڕۆن، بەڵام بزوتنەوەی ژنان ئەو سەردەمە بەهێز و ڕوو لەگەشەبوو. کێشەکە لەو کەلێنە گەورەیەوە سەری هەڵ دەدا کە لەنێوان ئەو گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیەدا کە فیمینیستە توندڕەوەکان بەتەمای بوون و ئیحتمالی بەدەست هاتنیدابوو. بزوتنەوەکە خۆی بەتەنبایی ببوو بە زەمینەیەک بۆ دروستکردنی ژنێکی نوێ، ئەگەر نەڵێین کۆمەڵگایەکی نوێ. ئەو ڕادە دڵسۆزییەی کە فیمینیستەکان لەیەکتری چاوەڕوانیان دەکرد سەرەنجام بوو بەهۆی نائومیدی و تۆمەتبارکردنی یەکتری.

بە بۆچوونی من هۆی لاوازبوونی فیمینیزمی توندڕەو پشتگوێ خستنی جۆری تێگەیشتنی خۆیان بوو، وەک زۆر لە بزوتنەوە توندڕەوەکانی تری هەمان سەردەمی لاواز کرد. لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا زۆر کەسانی توندڕەو نەک هەر شۆرشیان وەکوو ئامانجی خۆیان هەڵبژاردبوو، بگرە لاشیان وابوو بەدی هێنانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئەمەریکا شتێکی مومکینە. گروپە جیاوازەکان تێگەیشتنی جیاوازیان هەبوو دەربارەی شۆڕش. سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی فیمنیستی، ڕەشپێستی، مارکسیستی، لینینیستی و ئاژاوەگێڕی لە ناودا هەبوون بەڵام ئەو باوەڕەش هەبوو کە جۆرێک شۆڕش دەکرێ کێشەکانی ئەم جۆرە دابەشکردنە هەموو بگرێتەوە. مەیل بە شۆڕش خۆی لەخۆیدا شتێکی خراپ نەبوو، چونکە بەڵگەی ئەوەبوو هۆشیارییەک هەیە بەرامبەر گەورەیی ئەو کێشانەى کە بزوتنەوەکە ڕووبەڕوویان بۆتەوە. بەڵام ئەو تەسەوەرەی کەوا لەو ساڵانەدا دەکرا لە ئەمەریکا شۆرش بەرپا بکرێ شتێکی واقعبینانە نەبوو. جەنگی ڤیتنام قەیرانێکی گەورەی لە کۆمەڵگای ئەمەریکا دا هێنایە گۆڕێ. ناڕەزایی بەرامبەر بە جەنگ تێکەڵ بوو بە ناڕەزایی دژی ڕەگەزپەرستی و و بڵاوبوونەوەی ئازادیی پەیوەندی سێکسی، و هەندێ کەسی خستە سەرئەو باوەڕەی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی نوێ شتێکی مومکینە. لەڕاستیدا گەرچی لایەنگرانی شۆڕش بەم بیرۆکەیە دڵیان خۆش دەکرد بەڵام زیاتریان بریتی بوون لە خوێنکار و لاوانی تر کە ئەم ژمارەیەش بەس نەبوو بۆ بەدیهاتنی شۆڕش. کاتێ جەنگ کۆتایی هات، لایەنگرە زۆرەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایی وازیان هێنا و ناوکە توندڕەوەکەی خۆی جیاکردەوە. فیمینیزمی توندڕەو زیاتر لەڕێگەی گروپە شۆڕشگێرەکانی ترەوە ژیانی خۆی درێژە پێدا کە ئەمەش زادەی هێزی بەردەوامی بزوتنەوەی ژنان و وردە وردە پێگەیشتنی ژمارەیەکی زۆر فیمینیست و بیرۆکەی توندڕەوی بوو. بەڵام لەساڵانی هەشتاکاندا، فیمینیزمی توندڕەو، هیچ نەبێ وەک بزوتنەوەیەکی چالاکی خاوەن بەرنامەی هاوئاهەنگ، لە سیاسەتی ئەمەریکادا بوو بە مەسەلەیەکی پەراوێزخراو.

جوداکاری پۆزەتیڤ (واتە جوداکاری بە سوودی ژنان) بوو بەهۆی دانانای بناغەیەک بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جەندەری لەشوێنی کار کە ئامانجێکە هێشتا نەهاتۆتەدی. بەڵام سەرکەوتنی ژنان لە کردنەوەی مەیدانەمانی کارکردندا بەڕووی ژناندا کاریگەرییەکی تریشی هەبوو: سنووردارکردنی بزوتنەوەکە و ئامانجەکانی. فیمینیزم تا ئەوکاتەی زیاتر لە لاوان پێکهاتبوو و پڕبوو لە بیروبۆچوونی توندڕەوی، دەیتوانی دیدگایەک پەرەپێبدات کە لە زۆر مەسەلەدا جیاوازبوو بەو چەمکانەی فیمینیستەکانی لەدەوری فیمیمنیزم کۆکردبۆوە. . ئەمڕۆ گەرچی هەندێ دەنگی گرنگ و نوێ و گەنجتر لەئارادان، بەڵام زۆربەی زۆری بزوتنەوەی ڕیکخراوی ژنان لە ژنانێک پێکهاتوووە کە هاوتەمەنی منن، ئەو نەوەیەی کە شەپۆلی دووەمی فیمینیزمیان دەست پێکرد. من مەبەستم ئەوە نیە کاتی مرۆڤ تەمەنی زیاتر دەچێتە سەرەوە، کەمتر بیروبۆچوونی توندڕەوی هەیە. بەلای منەوە ئەوەی رێچکەی سیاسیی خەلک دەستنیشان دەکات چەند پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە سەردەم و ئەو چالاکییە سیاسییانەوە هەیە کە مرۆڤ پێوەی خەریکە. لە سەردەمێکدا کە پێدەچوو تەنانەت لاوانیش بەلای توندڕەویدا نەدەچوون، بزوتنەوەی ژنان کە تاڕادەیەکی زۆر لەئەستۆی ژنانی کامڵی (لەڕووی تەمەنەوە) چینی ناوەڕاستدا بوو، بەبێ هیچ کێشەیەک بە ئاراستەیەک دەرۆیشت کە لە لەخۆڕازیبوون دەچوو.

بێگومان ئەم مەسەلەیە هەموو بزوتنەوەی ژنان ناگرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئەو بزوتنەوەی ژنانەن کە لەلایەکەوە پێکهاتوون لە ڕێکخراوی تاڕادەیەک پارێزگاری وەک ڕێکخراوی میللی ژنان و کۆمیتەی چاودێریی سیاسیی ژنان .. و لەلایەکی تریشەوە ڕێکخراوی تر کە جەسارەتێکی زیاتریان هەیە بەڵام کەمتر لەبەرچاون و زیاتر بایەخ بەکێشەکانی جەماوەری خەڵک دەدەن. ئەوەی کە ئێستا وجودی نیە، ئەو بەشەیە لە بزوتنەوەکە کە دەبێ ئەو کارانە ئەنجام بدات کە جاران فیمینیزمی توندڕەو ئەنجامی دەدا. واتە ئەوەی بێت بەشێوەیەکی گشتی باس لە پاشکۆیی ژنان بکات و ئەم مەسەلەیە لە هەموو لایەنەکانی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگادا بخاتەڕوو. فیمینیزمی ئازادیخواز باس لە چاکسازیی یەکسانیی مافەکان ناکات بەڵام بەڕاستی زۆر چالاکیی بەئەنجام گەیاندووە. ئەمڕۆ ژنانی گەنج و کچان دەرفەتگەلی وایان لەبەردەستدایە کە لەڕابوردوودا نەبووە و ئەتوانن بەهیوای شتی وابن کە بۆ نەوەکانی پێشوو تاڕادەیەکی زۆر خەیاڵی بوو. هەموو ئەم شتانەش بەشێوەیەکی بەرفراوان قەرزاری هەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی فێمینیزمی ئازادیخوازە.

هێشتا چەمک و بۆچوونی توندڕەوی لە ناو فیمینزمیدا هەیە بەڵام زیاتر لەناو زانکۆکان و رۆشنبیراندا دەبینرێن تا لەناو ئەوانەدا کە بزوتنەوەکە بەڕێوەدەبەن. هەندێ لە فیمینیستەکان هەوڵیان داوە ئەم کەلێنە پڕبکەنەوە، چ بەشێوەیەکی لۆژیکی و چ بەشێوەی کارکردن لە ناو بزوتنەوەکانی جەماوەری خەڵکدا. ئەو ژمارە زۆرەى ژن و لەناویشیاندا ژنانی فیمینیست کە لەناو زانکۆکاندا هەیە نیشانەی ئەوەیە زۆربەی خوێنکاران ئاشنان لەگەڵ بیروبۆچوونی فیمینیزم و نوێخوازیدا. نووسراوە فیمینیزمیی و پێشکەوتنخوازەکان کاریگەرییان زۆر بووە لەسەر جۆری بیرکردنەوەی خەڵکانێکی زۆر.

بەڵام بەشێوەیەکی گشتی فیمینستەکان لە زانکۆکاندا شانبەشانی کەسانی نوێخواز کە زیاتر لە زانکۆکاندا هەن، هیچ بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسییان نیە. لە مەیدانی تیۆر و تاڕادەیەکیش لیکۆڵینەوەی کلتووری، کە هەردووکیان پەوەندییەکی نزیکیان هەیە بە فیمینیزمەوە، گەڕان بەدوای پلەو پایەو ناوبانگدا بووە بەهۆی ئەوەی بەها فیمینیستی و نوێخوازییەکان وەک شتێکی گرنگ سەیربکرێن. بە پێچەوانەی ڕەخنەی فیمینیستە توندڕەوەکان لە ساڵانی شەستەکاندا لە کەسانی خاوەن پلەو پایەدار، ئەمڕۆ ئێمە کەیف لە پلە و پایەو هەندێ بەرژەوەندی وەردەگرین کە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندان و لە لوتکە نزیک دەبنەوە.

هەرچەندە بزوتنەوەی هاوچەرخی ژنان خۆی لە بیروبۆچوونی توندڕەوی و مەسەلەی یەک لایەنی کە بزوتنەوەی یەکەمی فیمینیستیی تووشی قەیران کردبوو، بەدوور دەگرێت، بەڵام هێشتا لەو ڕووەوە لە شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم دەچێ کە وردە وردە توانای رەخنەگرتنی لە هەلومەرجی چینەکانی ناوەڕاست و سەرەوە لەدەست داوە. شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم لە ساڵانی جەنگی ناوخۆی ڕابوردوودا بەشێک بوو لە هاوپەیمانییەکی ئازادی کۆمەلێک بزوتنەوە کە لەناویاندا بۆچوونی ڕادیکاڵ باوبوو لەوانەش ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری پیشەسازی. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا کە پێکهاتەکانی سەرمایەداریی پیشەسازی خەریک بوون جێگیردەبوون و ململانێی چینایەتی لە پەرەسەندا بوو، فیمینیستەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەو بزوتنەوانەدا بینی کە پاڵپشتی خەڵکی نەدارو کرێکاربوون و بەشێک لە بزوتنەوەی ژنان کەوتنە ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری و چوونی پاڵ چینی کرێکار. بۆ نموونە یەکێتیی ژنانی مەسیحی ڕەخنەی لە چەوساندنەوەی کرێکاران دەگرت لەلایەن سەرمایەدارانەوە و پشتیوانیی جۆرێک سۆسیالیزمیان دەکرد بەناوی (مەسیحییەت لە کاردا). لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا پەیوەندیی نێوان فیمینیزم و سۆسیالیزم لەناو پارتی سۆسیاڵ دا بەردەوام بوو. بەڵام پاش ماوەیەک زۆربەی فیمینستەکان وازیان لە ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری هێنا و لەجیاتی ئەوە بەرژەوەندی و بەهاکانی ژنانیان هاوتاکرد لەگەڵ بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەو کەسانەی کەسەر بە چینی سەرەوەی کۆمەڵگا بوون. شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم لە کاتێ لەناوچوونیدا چیتر هیچ بۆچوونێکی ڕەخنەگرانەی نەبوو سەبارەت بە سەرمایەداری و هەموو خواستە چینایەتییەکانی خۆی لەدەست دابوو.

فیمینیزم چینی ناوەڕاستی گرتۆتەوە
فیمینزمی هاوچەرخیش وەکوو شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم، بەدرێژایی سەردەم لەناو چینی ناوەڕاستدا تەشەنەی کردووە کە تا ڕادەیەکی زۆر خۆی سەرچاوەی فیمینیزم بوو. لەو ماوەیەدا ئەم چینە خۆیشی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەماوەی ئەم چەند دەساڵەی ڕابوردوودا، بەهۆی کاریگەریی نیگەرانیی ئابووری و زیادبوونی نایەکسانییەوە، کەسانێکی زۆر لە چینەکانی ناوەڕاست بایەخیان داوە بە گەڕان بەدوای پێشەکەوتنی تاکە کەسیی خۆیاندا. ڕادەی بەشداریکردنی کەسانێکی زۆر لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی کەسانی سەر بەچینەکانی ناوەڕاست، لاوازبووە. کارکردن بووە بە غایەلەی یەکەمی زۆربەی کەسەکان بەتایبەتی کەسانی پیشەیی و تایبەتمەند و پێدەچێ کار تەنیا پاشماوەی ناسنامە بێت کە ئیعتیباری مابێت. لەهەمان کاتدا بە نیسیەت زءر کەسەوە شوێنی کار بووە بە شوێنی ڕکابەرایەتی زیاتر و شوێنێکی پڕ گوشار و سترێس. ئەمەش تەنیا کێشەی شوێنی کار نیە، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی کێشەیەکی کلتوورییشە. ئەم وڵاتە بەردەوام لە گۆڕاندایە بۆ وڵاتێکی تاکپەروەر، بێ سۆز و خۆپەرست. فیمینزم بەشێوەیەکی بەرچاو بایەخی بەم مەسەلەیە نەداوە. ڕاستە خواستی فیمینیستی بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی هەلومەرجی کاری ژنان لەگەلڕ پیاودا شتێکی گرنگ بووە هێشتاش هەر گرنگە، بەڵام ئەم خواستە هێشتا بۆ زۆرێگ لە ژنان بەدی نەهاتووە. پێدەچێ بزوتنەوەی ژنان خواستەکانی یەکسانی بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی قوربانی دەسکەوتە مادییەکانی کردبێت. ئەم گۆڕانکارییەی بەها توندڕەوانە و وەرچەرخێنەرەکانی ساڵەکانی سەرەتای بزوتنەوەکە ئەوەندە لەسەرخۆ ڕووی داوە، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە بزوتنەوەکەوە هەبووە ناتوانن بەئاسانی هەستی پێ بکەن. بەڵام ئەمە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی دیدگای ئەو ژنانەیە کە سەردەمێک بەشێک بوون لە بزوتنەوەیەکی توندڕەو بەڵام ئەمڕۆ خۆیان لە هەلومەجێکدا دەبیننەوە کە کۆمەلێک بەهای جیاواز لەوانەی ئەوسا بزوتنەوەکە بەرەو پێش دەبا.

لەساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا زۆر لە فیمینیستەکان لایان وابوو ئەگەر بێتو بتوانن ژمارەیەکی زیاتر ژن بگەیەننە زانکۆ، زانکۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت زیاتر ڕوخساری مرۆڤپەرەوارانە وەردەگرن و بایەخ دەدەن بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر ژن لە زانکۆکاندا دەبینین بەڵام ئاخۆ زانکۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و باشتر بوون؟، ئەوە ڕوون نیە. لەڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە وەزعی زانکۆکان خراپتر بووە بەتایبەتی لەڕووی داواکردنی بودجەی گشتییەوە. بەڵام هێشتا ژنان بەشێوەیەکی گشتی و فیمینیستەکان بە تایبەتی، لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە بتوانن کارێک بکەن زانکۆکان زیاتر مرۆڤپەروەرانە بن و کەمتر تایبەت بە نوخیەو چینێکی دیاریکراو. لەم ساڵانەی دواییدا لایەنە فیمینیستییەکانی ناو زانکۆ نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی ئەوتۆ ببینین بۆ پشتگیریی ئەم بەهایانە. لە زانکۆکاندا هەندێ سەکۆی فیمینیزم چالاکە و بە ئازادی قسەیان تێدا دەکرێ، بەشداران بە یەکسانی تەماشا دەکرێن و ئامانجیان هاوبەشە. بەڵام لە زۆر زانکۆ فیمینیستییەکاندا ئەم مەسەلەیە وجوودی نیە. لە بواری تیۆرییەوە لە گرگنگرتین بەشی فیمینیزمی زانکۆییدا ڕکابەرایەتی و گەڕان بەدوای پلەو پایەی کۆمەڵایەتیدا بە بەرزترین ئامانج دادەنرێ.

ئەو گۆرانکاڕییەی بەهاکان کە لە بزوتنەوەی ژناندا ڕووی داوە، بەشێکە لە ڕەوتێکی بەرفراوانتر. لەسەردەمی بەهێزبوونی پلەبەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کە نیشانەی خواستێکی گشتی بوو بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی مادیی زیاتر، هەموو نەوەکە تامەزۆی گەیشتن بوون بە خاڵی لوتکە. فیمینیستەکانیش لەم رێسایە بەدەر نەبوون. ئەو بۆچوونەی کە دەوترێ فیمینزم وێڵی دەستەڵاتە، تەنیا خەیاڵێک نیە میدیاکان بڵاویان کردبێتەوە. بە پێچەوانەوە، فیمینیستەکان ، لانی کەم ئەوانەی کە لە زانکۆکاندا بوون یا پیشەوەربوون، پێش ئەندامانی تری چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا ڕوویان کردە ئەم جۆرە بەهایانە. بەڵام ئەبێ ئەوەش بوترێ کە فێمینیستەکان ئەو تێگەیشتنەی ئەوسایان نەماوە کە دەربارەی جیهانێکی باشتر هەیانبوو.

فیمینزمی هاوچەرخ لە ناوجەرگەی یاخیبوونی ژنانی لاوی چینی ناوەڕاستەوە سەری هەڵدا لەدژی ژیانی ناو خێزان و بەمەبستی هەبوونی کارێک لەدەرەوەی ماڵ ، کە ئەمەش لایەنێک بوو لە سیاسەتی تایبەت بە رەگەز لە ساڵەکانی شەست و سەرتای حەفتاکاندا. لایەنێکی ترییش بریتی بوو لە یاخیبوون لەدژی کار لەناو کۆمەڵگایەکدا کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی دەنا و باڵە چەپەکەی لەلایەن پیاوانی گەنجەوە بەرەوپێش دەبرا، کەسانێک کە هەرگیز نەیانتوانی خواستەکانیان بۆ گەیشتن بە شتێکی بەنرختر بە ئاشکرایی بخەنەروو. کریستۆفەر لاش لە وتارێکدا دەڵێ ئەم رەخنانە ڕاستن و تەواوکەری یەکتربوون. بەلای ئەوەوە هەر یەکەم لەم بۆچوونانە لەبەرئەوە شکستیان هێنا کە نەیانتوانی گرنگیی یەکتر قەبووڵ بکەن. هەروەها لای وایە پۆلێنکرنی ئەم ڕەخنانە نابێ تەنیا تایبەت بێت بە قەڵەمڕەوی خێزان و شوێنی کار. بەلای ئەوەوە بەشداریی یەکسانی ژن و پیاو پێویستە چ لەناو ماڵ و چ لە شوینی کار کە ئەگەر بەپێی ڕەخنەی فیمینیستی ڕێکبخرێتەوە ئەبێتە شوێنێکی مرۆڤانەتر.

بەبۆچوونی من ئێمە پێویستمان بە دەربڕینێکی ترە لە شێوەی رادیکاڵیزمی ساڵانی شەستەکان تا هەردوو دیدگای سۆسیالیستی و فیمینیستی لەخۆی بگرێ و بایەخ بدات بە دەسەڵاتی ڕوو لەزیادی ناوەندەکان و کاریگەریی بەها ئەسڵییەکان. رەنگە زۆر لە فیمینستەکان تاکپەروەری و گەڕان بەدوای سەرکەوتنی تاکەکەسیدا قەبووڵ نەکەن کە ئەمڕۆ بووە بە خاسیەتێکی بەرجەستەی کلتووری وڵاتە یەکگرتووەکان. بەڵام من پێم وایە ئەمڕۆ زۆربەمان ئێستا لەسەر بنچینەی ئەم جۆرە بەهایە دەژین : بەهاکانمان بە ڕادەی سەرکەوتنمان لە شوێنی کارماندا هەڵدەسەنگێنین، لەم بوارەشدا ئەوەندە دوودڵی ناکەین. گومان لەوەدا نیە سەرکەوتن لە ژیاندا تا ڕادەیەکی زۆر لەڕێگەی بەدەستهێنانی سامان و پلەو پایەی کۆمەڵایەتییەوە دێتە دی کە ئەمانەش لەڕێگەی کارەوە بەدەست دێن. لەوانەیە پیشەوەرانی چینی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گەرم لەدووی ئەم بەهایانە بن و لەوانەیە ئەم بەهایانە خەڵکی تریش بگرێتەوە. ئەم مەسەلەیەش بەهۆی کێشە و نیگەرانی ئابووری و ترسی دواکەوتن و لەدەستدانی کارەوە زیاتر زەق دەبێتەوە.

بەردەوام بوون بە کۆمەلێکی جۆراوجۆر بەها تەنانەت بەنیسیەت کەسانی تونڕەویشەوە هەر کارێکی زەحمەتە بەتایبەتی کاتێک ناوەند و پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەوەی شوێنی کار ئەوەندە لاواز بووبن و کاتێکیش کە واهەست دەکرێت تەنیا شتێکی کە لە کۆمەڵگادا گرنگە سەرکەتنە لەکاردا. کۆبوونەوەکانی ئێمە بچووک بوونەتەوە. ئێمە ئەسەف بۆ ئەم مەسەلەیە دەخۆین بەڵام تەنیا کاردانەوەمام ئەوەیە خۆمان زیاتر سەرقاڵی کار بکەین. بە بۆچوونی من پێویستە ڕەخنە لە سەرمایەداریی چاودێری نەکراوی ڕوو لە گەشە بگرین و هەوڵ بدەین ئەلتەرناتیڤێکی تری بۆ بدۆینەوە. ئەم سەرمایەدارییە پۆلێنبەندیی کۆمەڵایەتی قووڵتردەکاتەوە، نرخێکی دیاریکراو بۆ هەموو شتێک دادەنێت و هەموو بوارەکانی ژیان دەخاتە ناو گەردەلوولی خۆیەوە. ئێمە دەتوانین خواستی فیمینیزمی توندڕەو بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و کۆمەڵگای دڵخوازی وەک شتێکی سەیرو سەمەر تەماشا بکەین، یاخود دەتوانین وەک مەرجێکی سەرەکی وەری بگرین بۆ بەرنامەیەکی رادیکاڵی هاوچەرخ.


******
سەرچاوە_ باشگاه اندیشه


 

           

 

12/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com