چاوپێکه‌وتنی کوردیش پرێس له‌گه‌ڵ کوێستان داودی
 

  

ئاماده‌کردنی: تاهیر خالیدی




1- هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه‌ له‌ یه‌ک ساڵی ته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز له‌ ئێران چیه‌؟
هەر لە سەرەتادا پێم وابوو شتێک بە ناوی “بزووتنەوەی سەوز” نییە. ئێستا بۆم دەرکەوت کە ئەوسا دروست بووم.
2-گرنگترین ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ چۆن پێناسه‌ ده‌که‌ن؟
هیچ دەستکەوتێک نابینم. ئەڵبەت دەرکەوت کە درزێک لە دەسەڵاتی حاکمدا هەیە، بەڵام ئەوانەمان کە لە سیاسەتدا قووڵ بووینەتەوە هەر لەوەبەریش دەمانزانی کە درزێک لە ناویاندا هەیە.
3-خاڵه‌ لاوازه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ چی ده‌زانن؟
گەورەترینیان ئەوەیە کە هەر خۆی بەشێکە لە دەسەڵاتی حاکم. لە لێدان و بڕین و کوشتن و دەرکردن و ئاوارەکردنی ئێرانیەکاندا بەشدارن. لەسەر کوردستانیش هەر هەمان داگیرکەرن.
4-چۆن ده‌رواننه‌ پلاتفۆرم،رێبه‌رایه‌تی و شێوازی خه‌باتی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌؟
عەرزم کردیت کە من بە بزووتنەوەی نازانم.
5-پێوه‌ندی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌ل بزوتنه‌وه‌کانی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران چۆنه‌ و بۆچی وایه‌؟
پێوەندیەک نییە، یان بە هەر حاڵ من نایبینم. لەبەرئەوەی ئەوان بەشێکن لە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و داگیرکەر.
6- بزوتنه‌وه‌کانی گه‌لانی بنده‌ست چۆن ده‌رواننه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌؟
ئەوانەی سەربەخۆییخوازن هیچ تەوەهومێکیان نییە و نەبووە.
7-ئایا تێکه‌ڵاوی یان هاوکاری زیاتری ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ به‌ پێویست ده‌زانن؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ چۆنده‌کرێت ئه‌وانه‌ زیاتر پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ن؟
هاوکاریی لە نێوان ئەوانەدا دەبێت کە خاڵگەلی هاوبەشیان هەبێت. کێ دەتوانێت لەگەڵ لایەنێکی بێ ڕووخسار و بێ هەویەتدا هاوکاریی بکات؟
تایبه‌ت به‌ کوردستان:
8- هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتیتان له‌ سه‌ر وه‌زعی تایبه‌تی ئه‌مرۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چێه‌؟
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان لە پرۆسەی تەبیعی خۆیدایە. هەوڵیکی زۆر لە ئارادایە کە لایەنانی ناسەربەخۆیخواز ڕێک بخرێن و کەسایەتیەکیان پێ بدرێت، بەڵام تا ئێستا ویستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەو هەوڵانەی پووچەل کردووەتەوە.
9- وه‌زعی حیزبه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگه‌نن؟
ئەوەن کە هەن.
10-وه‌ک ده‌زانن حیزبه‌کانی رۆژهه‌لات ئاماده‌ی دانیشتنی گشتی حیزبه‌کان یان دیالۆگ له‌ گه‌ل یه‌کتر نین، هۆکاری ئه‌م رکه‌برکێ ناشارستانیه‌ به‌ چی ده‌زانن؟ پێتان وانییه‌ که‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ زه‌ره‌ری زۆری به‌ بزوتنه‌وه‌ی کورد گه‌یاندووه‌؟
بۆ لەگەڵ یەکتر لە دیالۆگدا نین؟ ئەوانەیان کە هاوبیرن پێکەوە بە شێوەیەک دیالۆگیان هەیە. من پێموایە تێگەیشتنێک لەلایەکەوە لە نێوان لایەنانی سەربەخۆیخواز و لەلایەکی دیکە ناسەربەخۆیخوازاندا هەیە. ڕەنگە ئەوە لەبەر هۆیەک بە دڵی تۆ نەبێت. لە پێشدا دەبێت تۆ خۆت ساخ بکەیتەوە کە جیت دەوێت. ئایا بەرەیەکی سەربەخۆیخوازانت دەوێت یان بەرەیەکی ناسەربەخۆیخواز؟ بەرەیەکت دەوێت خودی موزاکەرە هەدەف بێت یان کۆمەڵێک داوای کۆنکرێت؟
بە ڕای من ڕێکنەکەوتن ناشارستانیی نییە. بێگومان لایەنانێک کە ئاینامە و ستراتیژ و داوایان یەک نەگرێتەوە ناتوانن ڕێ بکەون. ئەوەش ئاساییە. ئێستا خەڵکی کوردستان لە جیاتی ئەڵتەرناتیڤێک یان دووان دەیانیان لە بەردەستدایە. پاشان دەردەکەوێت کە حیزبەکان ناچار دەبن خەتی خۆیان بگۆڕن یان خەڵک یەکێک لەو لایەنانە بەرز دەکەنەوە. ئەمە کێبڕکێیەکی واقیعیە. من ترسێکم لێی نییە.
ئەگەر هەر هەموو حیزبەکان بێن و لەسەر یەک بەرنامە و داوای سیاسیی یەکبگرن، دەتوانێت قازانج بەخش بێت، بەڵام ئەمە ئەگەرێکە کە زیاتر ئیحتیمالی سەرنەکەوتنی هەیە وەک لە سەرکەوتن. ئەتۆ ناتوانیت لەسەەر ”ئەگەر“ بژیت و سیاسەت بکەیت. تۆ دەبێت ئەڵتەرنایتیڤی خۆت پێش بخەیت.
بەڕێزتان باش دەزانن حیزب هەیە کە یەک تاکەکەس نەقشی بۆ دادەنێت. ئەو کەسە ساڵێک لێنینیستە، دوو ساڵ ماویستە، شەش مانگ لیبرالە، دوو مانگ سۆسیالدیموکراتە، ساڵێک سەر بە ئیسلاحتەڵەبییە، و پاشان دەبێت بە پانئیرانیست و دوایی بە سەوز و نازانم چی و یەک دانە ژن یان پیاو لە ڕێکخراوەکەیدا نەک ورتە ناکەن، تەنانەت قامکێکیش نابزوێنن. ئەمەش سیاسەتە. ڕەنگە بۆ من و تۆیەک بێ ئەرزش و بێ پرەنسیپی بیت، بەڵام لە واقیعدا هەیە .
من پێم وایە خەڵکی کورددستان لە ئاستێکی وا بەرزی سیاسییدان کە حەتمەن ئەڵتەرناتیڤی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئێمە نابێت لە زۆر هەبوونەکە بترسێین با زۆر بۆریش بن، گرنگ ئەوەیە خەڵک هەڵبژاردەیان لە بەردەستدا دەبێت.
11- به‌لای ئێوه‌وه‌ کوسپی رێگای ئه‌م وه‌زعه‌ی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات چیه‌؟
پرینسیپ و ئەخلاقی سیاسیی و ڕاستگۆیی و شەفافی و شەهامەت لە هەموو کارێکدا گرنگن.
12-ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ندێک له‌ حیزبه‌کان ئیستا سیاسه‌تیان کردوه‌ته‌ بازرگانی، باسی شه‌ریکه‌ی ئابووری هه‌ندێک له‌ سه‌رۆک حیزبه‌کان ده‌کرێت، ئه‌م دیارده‌یه‌ تا چه‌ند راسته‌ و ئه‌گه‌ر وایه‌ هۆکاری ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ به‌ چی ده‌زانن؟
هەر کارێک حیسابی دروست و کۆنکرێتی شەفافی تێدا نەبێت جێگای گومانە و عادەتەن لە بەرژەوەندی یەک دووانێک یان چەند کەسێکی کەم دایە.
13-وه‌ک ده‌زانن کاک موسته‌فای هیجری و کاک عه‌بدوڵای موهته‌دی و کاک برایم عه‌لیزاده‌ ناوبه‌ناو له‌گه‌ل چه‌ند رێکخراوی ئێرانی ئاماده‌ی دانیشتن ده‌بن و به‌یانییه‌ی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن (هه‌ندێک جار له‌گه‌ل رێکخراوی توده‌یی و ئه‌کسه‌رییه‌تێکان) به‌ڵام هه‌ر کام له‌م سێ لایه‌نه‌ حازر نین له‌ گه‌ل هاوخه‌باتکاره‌کانی پێشوی خۆیان دابنیشن، بۆچی وایه‌؟
لەبەرئەوەی لەگەڵ بیر و بۆچوونیان نایەتەوە و لە قازانجیان نییە.

14- هه‌موو حیزبه‌کانی رۆژهه‌لات، هه‌ڵبه‌ت به‌ جیاواز، داوایان له‌ کوردانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان کرد که‌ یکگرتوانه‌ رۆژی ..... مان بگرن. ئایا ئه‌مه‌ به‌ هه‌نگاوێک له‌ نزیک بوونه‌وه‌ی حیزبه‌کان ده‌زانیت یان دژکرده‌وه‌یک که‌ ته‌نیا له‌ ژێر زه‌خت و داخوازی خه‌لکیدا ئه‌و کاره‌یان کرد؟
من پەیوەندی باشم لەگەڵ کوردستان هەیە. ئەوەندەی من بزانم کوردستانیان لە کوردستان خۆیان ئەو بڕیارەیان دا و ئەگەر هەموو دونیا دژیان بووایە هەر دەیانکرد. حیزب و ڕێکخراوەکان بە ناچاریی وەدوایان کەوتن، چون تێگەیشتن ئەو قەتارە کەوتووەتە ڕی و ناوەستێت. ئەوجا خۆهەڵکێشان لە ناو خەڵکێکدا کە بە قەولی گۆران دەڵێت ”بەسیتن و قەدری هونەر ناگرن“ (من مەبەستم لە هونەری سیاسییە) زۆرە. هەر یەکە و پێی خۆشە بڵێ ئەمن ئەو فیلەم بە ئەرزێدا داوە. ئیمەش دەبێت سنگمان فەراوان بێ، دونیای ژیان دەبێ جێگای فشە و شۆخی سیاسییشی تێدا بێتەوە.
دەی بۆ ئەو ڕۆ یان سبەی داوا لە خەڵک ناکەن مان بگرن، بزانن خەڵک گوێیان لێ دەگرێت، بێ گومان نا.
15-پێشنیارێکی تایبه‌تیتان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵووگۆرێک له‌و‌ وه‌زعه‌ پێش بێت؟
هەر لایەنە و خەتی خۆی پێش بخات.
16-پێگه‌و هه‌ڵوێستی رووناکبیرانی کوردی رۆژهه‌ڵات چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
ڕووناکبیری کورد هەن، بەڵام ڕاستەوخۆ و شێلگیرانە و لێبڕاوانە خەتێکی موشەخەسی کوردستانیی، سەرەڕای شێوەی ئایدیلۆژی، پێش ناخەن، ئەوە باش نییە.
17-چۆن ده‌کرێت که‌ دیالۆگی رووناکبیران گه‌شه‌ پێبدرێت؟
تەماس و پەیەەندی بەردەوام.
18-چ بابه‌تگه‌لێک به‌لای ئێوه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ بکرێته‌ بابه‌تی دیالۆگی رووناکبیران؟
زۆر شت، سەبارەت بە پرسی ئازدیخوازیی کوردستان مەسەلەی داگیکردن و داگیرکراویی زۆر زۆر گرینگە. لەوێدا پاشان خاڵە گرینگەکانی وەکو مافی مندال، ژن، بەرابەریی و ئەوانەی دیکە دێنە پێش، چونکە عادەتەن ناتوانرێت ئەو باسانە لە پرسی ئازادیخوازیی جیددیدا فەرامۆش بکرێن.
19-چ شیوازێک به‌ گونجاو ده‌زانن بۆ په‌ره‌پێدان به‌و دیالۆگه‌؟
قبوڵکردنی بیری جیاواز و پلورالیزمی سیاسی.
20-بۆ خۆتان ئاماده‌ن که‌ به‌شداری چالاکانه‌ له‌و بواره‌دا بکه‌ن؟
من کردوومە و دەیشی کەم.


 

           

 

20/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com