ئه‌و- من – ئه‌و له‌خودێکی بێده‌نگدا 

  

عه‌بوڵڵا سلێمان (مه‌شخه‌ڵ)


‌په‌خشانه‌ شیعر




"ئه‌و" که‌ گزنگێکی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو،ده‌یویست له‌چنگ "ئه‌و"انه‌کانی تردا هه‌ڵبێت. بێئه‌وه‌ی ئاوڕبداته‌وه‌ ڕێگای بێده‌نگی هه‌ڵبژاردبوو و گورج وه‌ک چۆن له‌ژوانێکی زۆر گرنگدا دواکه‌وتبێ،هه‌نگاوی ده‌نا.
"ئه‌و" مه‌به‌ستی بوو "من" له‌ نوتفی ئه‌وه‌وه‌ بێمه‌ ده‌رێ.ده‌یخوازی که‌لێنه‌کانی زه‌مه‌ن به‌بێده‌نگی پڕبکاته‌وه‌،نه‌وه‌ک له‌ جومگه‌ی زه‌مه‌نێکدا "ئه‌و" بڕوات و "من"یش نه‌بمه‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی داکشاوی بوون. "ئه‌و" و "من" بازنه‌یه‌کی بێده‌نگیمان به‌ده‌وری ئه‌و گزنگه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ پێکهێنا. "ئه‌و" گزنگه‌که‌ی بۆ ڕاگرتم و دایه‌ ده‌ستم. "ئه‌و" له‌پشت وه‌سیه‌ته‌ بێده‌نگه‌کانییه‌وه‌ وه‌سیه‌تێکی تووڕه‌ی پێدام. "ئه‌و" وه‌ستا،وه‌لێ "من" و گزنگه‌که‌ و وه‌سیه‌ته‌ تووڕه‌که‌ هه‌ر به‌هه‌مان ڕێی بێده‌نگی ،گورجتر له‌
"ئه‌و" که‌وتینه‌ ڕێ تا له‌ "من"ه‌وه‌ "ئه‌و"ێکی تر،"ئه‌و"ێکی نوێ به‌بێده‌نگی بێته‌ ده‌ر و هه‌ر هه‌مان ڕێگه‌ی بێده‌نگیش بگرێت.
ناساندنێکی کورت:
ئه‌و... له‌بازنه‌ ئاگراوییه‌کانی بووندا به‌بێده‌نگی سه‌مای عیشقی ده‌کرد و چاوێکیشی له‌سه‌ر "ئه‌و"انه‌کانی به‌رله‌خۆی بوو.
من... له‌بۆشایی نێوان به‌فر و ئاگردا ئایاته‌کانی بێده‌نگی ئه‌زبه‌ر کردووه‌ و جاربه‌جارێکیش که‌بڕێک ماندوو ده‌بێ ئانیشکی ده‌خاته‌ سه‌ر شاخی بێده‌نگی و مژ له‌جگه‌ره‌ی فه‌نا ده‌دات.
ئه‌وی نوێ...له‌قه‌راغ تاراوگه‌کانی ئه‌ودیو زه‌مه‌نه‌وه‌ دانیشتووه‌ و هه‌ردوو پێی خستۆته‌ نیو ده‌ریاچه‌ی بێده‌نگی و‌ گه‌مه‌ به‌پێیه‌کانی ده‌کات و به‌ده‌ستێکیشی ته‌ڵه‌ گیایه‌کی فیراقی هه‌ڵگرتووه‌ و لێی ده‌ڕوانێ. پاشانیش ئه‌و پارچه‌ بێده‌نگییه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ که‌ 'ئه‌و" به‌ده‌ستوخه‌تی خۆی که‌نه‌خوێنده‌واریش بوو،نوسیبووی.
بێده‌نگبوون له‌ بێده‌نگیدا.. له‌"ئه‌و"ه‌وه‌ بۆ "ئه‌و"ی نوێ
له‌م بێده‌نگییه سه‌رتاسه‌رییه‌‌دا دانیشتبووم تا هاوارێک بێت له‌و ڕووباره‌م بپه‌ڕێنێته‌وه‌ که‌سه‌رێکی وا به‌ده‌ست لووتکه‌ی شاخێکی دڵ کرمێوه‌یه‌‌ و سه‌ره‌که‌ی تریشی منداڵان بۆ سواری جۆلانه‌ی وه‌هم ده‌بات.
له‌منداڵیدا چه‌رچه‌فێکی بێده‌نگیان پێدادام و خه‌وتم.کتێبه‌کانم ده‌دیتن پیت و په‌یڤه‌کانی‌ ‌هه‌ڵده‌هاتن و به‌پرتاو ڕایان ده‌کرد.زمان ببووه‌ ته‌مێک و ئه‌مویست به‌چنگ ئه‌و ته‌مه‌ ده‌سته‌مۆ بکه‌م.
شاعیره‌ بێده‌نگه‌کان.. وشه‌ ده‌به‌ن له‌چاپخانه‌ی بێده‌نگیدا دیوانه‌ بێده‌نگه‌کانیان چاپ ده‌که‌ن و ده‌ینێرن بۆ خۆشه‌ویسته‌کانیان تا به‌بێده‌نگی بیخوێننه‌وه‌.
ژنه‌ بێده‌نگه‌کان..ئه‌و ژنانه‌ی که‌به‌بلۆکی بێده‌نگی مێرده‌کانیان سه‌نگه‌سار ده‌که‌ن و به‌شوێن دۆسته‌ بێده‌نگه‌کانیان ده‌که‌ون تا سکیان به‌بێده‌نگی پڕ ببێ.
گۆرانیبێژه‌ بێده‌نگه‌کانیش له‌سه‌ر شانۆی بێده‌نگیدا،بێده‌نگترین گۆرانیان چڕی.هونه‌رمه‌نده‌ بێده‌نگه‌کانیش تابلۆی بێده‌نگیان کێشا.
هه‌ست ده‌که‌م تا دێت زیاتر له‌بێده‌نگیدا ڕۆ ده‌چم . بێده‌نگ..بێده‌نگ له‌دڵی ئه‌م بێده‌نگییه‌ وه‌حشه‌تناکه‌وه‌ ئه‌چووم له‌جوانی بێده‌نگی ورد ده‌بوومه‌وه‌ و دواتریش ده‌گه‌ڕام به‌شوێن ئه‌و وێنانه‌ی له‌ بێده‌نگییه‌کی ترسناکدا ونم کردن. به‌بێده‌نگیش که‌وتمه‌ سۆراخی ‌که‌لێنه‌کانی زه‌مه‌ن و وه‌رینی دواهه‌مین قه‌ڵای منداڵی،تا له‌به‌رده‌م ماڵێک له‌ ده‌نگ،له‌په‌نای کێڵگه‌یه‌ک له‌ ڕووناکی خه‌ریک بووم له‌ ئاوابوونی گرده‌کانی وه‌هم و سه‌ما و ته‌نیاییم ده‌نۆڕی.
که‌ "من" "ئه‌و" و "ئه‌و"ێکی نوێم له‌سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامێکی گومان و ته‌م ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر کرده‌وه‌،جه‌سته‌ی"من" بوو به‌ شووشه‌یه‌کی ڕووناک."من" ببوو به‌ دوو ڕه‌نگی زه‌رد و پڕته‌قاڵی."ئه‌و"ێکی نوێش دیار بوو له‌ما‌ندوێتی"من" و "ئه‌و'دا ئه‌چوو هه‌موو گوڵه‌ بێده‌نگه‌کانی نیو باخچه‌ی فه‌نای ده‌چنیه‌وه‌ و ده‌هات ده‌یداته‌ ده‌ستی "من" و "ئه‌و".
هه‌رکاتێ ئه‌و-من-ئه‌و پێکه‌وه‌ ده‌بووین.هه‌وره‌ بێده‌نگه‌کان ده‌هاتنه‌ سه‌ر سه‌رمان و بارانی بێده‌نگییان ده‌باراند و له‌ژێر ئه‌و بارانه‌دا "ئه‌و" خۆی ته‌ڕ ده‌کرد تا له‌گوناهی گه‌وره‌ پاک ببێته‌وه‌. "من"یش ده‌چوو به‌گژ هه‌وره‌کاندا و دڵۆپه‌ بارانه‌کانی هه‌ڵده‌گرته‌وه‌ و بۆ هه‌وره‌کانی تێده‌گرته‌وه‌ و شه‌قی له‌گۆمه‌ بچووکه‌کانی به‌رده‌می خۆی ده‌دا و هه‌ردوو ده‌ستیشی ده‌خاته‌ سه‌ر که‌له‌که‌یی و تووڕه‌ تووڕه‌ ڕاده‌ما. "ئه‌و"ی تریش پێده‌که‌نێ و شایی و لۆغان ساز ده‌کات و له‌ناکاودا له‌گه‌ڵ بروسکه‌ی بێده‌نگییه‌ک دونیا سه‌رتاپا تاریک ده‌بی و ئه‌و-من-ئه‌و ده‌بن به‌ سێ چرا و به‌بێده‌نگی له‌و تاریکستان و بێده‌نگییه‌ ئه‌به‌دییه‌ته‌ داده‌گیرسێن.

28-08-2009
که‌نه‌دا


تێبینی : ئه‌م په‌خشانه‌شیعره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی (هه‌واڵ) ژماره‌ 387 ی 24-07-2010 بڵاو بۆته‌وه‌.

 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com