یه‌كێتی نووسه‌ران یان پیران؟؟ 
عومه‌ر جه‌لال




له‌پاش نزیكه‌ی دوو ده‌یه‌ تازه‌ یه‌كێتی نووسه‌ران به‌یادیان هاتووه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ نووسه‌رێك بوونی نییه‌ له‌ پاش راپه‌رینه‌وه‌,منیش ده‌پرسم ئایا یه‌كێتییه‌ك هه‌یه‌ به‌ناوی نووسه‌ران وا بیر له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كێشه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ئه‌م یه‌كێتییه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری حیزب ده‌رنه‌چوونه‌ به‌ڵكو كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ چی تازه‌ هاتوونه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستن؟له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ئه‌ندامی خۆیان ده‌زانن كه‌ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ به‌شداربوونه‌ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌می شه‌قڵاوه‌,لای ئه‌و براده‌رانه‌ كه‌به‌ناو نووسه‌رن و خۆیان به‌ ئه‌ندام و خاوه‌ن و ئه‌و یه‌كێتییه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ر زیانیان له‌ئه‌ده‌بی كوردی نه‌دابێت به‌هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بێگومان له‌شه‌ڕی ناوخۆدا زیانی گه‌وره‌یان له‌ رۆشنبیرییه‌تی كوردیی داوه‌و كاریان بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ كردووه‌.
هه‌ندێ له‌وئه‌ندامانه‌ی یه‌كێتی نووسه‌ران كه‌ ژماره‌یان له‌ په‌نجه‌كانی پێ تێپه‌ر نابێت ده‌نا ئه‌وانی دی پیتێكی جوانیان نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردیی.
لای ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانن دوو گومان هه‌یه‌,یان ئه‌وه‌تا ئاگایان له‌ ده‌نگ و ره‌نگی پاش راپه‌رین نییه‌ كه‌ چه‌ندین قه‌ڵه‌می جوان و نووسه‌ری داهێنه‌ر درووست بووه‌ ,یان ئه‌وه‌تا به‌ پێی رێككه‌وتنی ستراتیژی هه‌ر دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان نایانه‌وێت وه‌ك ئه‌ندامی ده‌نگی نوێ وه‌ربگیرێن.
كاره‌ساته‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌بینیین,درووشمی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات (ئه‌ده‌بێك له‌پێناوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دیموكراسی دا) ئه‌گه‌ر چی خوێنه‌رێكی گه‌مژه‌ و ساده‌ ته‌ماشای ئه‌و دێره‌ بێ مانایه‌ بكات تووشی گومانێكی گه‌وره‌ دێت ,كام دیموكراسی و كام كۆمه‌ڵكه‌ی مه‌ده‌نی ؟له‌كام رێكخراو وحیزبدا هه‌یه‌ له‌ جیهاندا كه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بكه‌یت و رێگربیت له‌ده‌نگ و ره‌نگی نه‌وه‌ی نوێ؟ نازانم بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ پیرانه‌ كه‌به‌ڕاستی پیربوونه‌, هه‌ڵبه‌ت له‌ رووی داهێنانه‌وه‌ هیچ سوودێكیان بۆ ئه‌ده‌بی كوردیی نه‌بووه‌و نابێت جگه‌ له‌سوودی مادیی خۆیان؟ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ دژایه‌تی نه‌وه‌ی نوێ و نوسه‌رانی پاش راپه‌رینه‌وه‌؟ ئایا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی یه‌كێتی نووسه‌ران هه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه‌ نه‌بوون به‌ نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ سیاسه‌تی حیزبه‌كان و خۆیان كرده‌ خاوه‌ن زه‌وی و كۆمه‌ڵێك داهاتی مادیی به‌به‌رچاوی ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌نجانه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار توانای له‌چاپدانی كتێبێكیان نه‌بووه‌,ئه‌ی یه‌كێتی نا نووسه‌ران بڕوا ده‌كه‌ن یان نا,زۆرێك له‌هاوڕێ نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كانم به‌پاره‌ی خۆیان و به‌ قه‌رزی هه‌ندێ هاورێی دی كتێبه‌كانیان چاپكردووه‌ , تاهه‌نووكه‌ش زۆرێك داهێنانه‌كانیان له‌ ئه‌نجامی بێ پاره‌ییه‌وه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ زۆرێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ گه‌نجن و خاوه‌نی ناڵێم قه‌ڵه‌م به‌ڵكو كیبۆردی جوانن و به‌جوانی ده‌نووسن و ئاگه‌داری فیكر و فه‌لسه‌فه‌و ئه‌ده‌بی رۆژئاوان كه‌چی ناتوانن كتێبه‌كانیان چاپ بكه‌ن,كه‌چی له‌ولاوه‌ یه‌كێتی نانووسه‌ران به‌پاره‌ی حیزب و تاكی كوردی وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نده‌ڵی و دریژكراوه‌ی شه‌ڕێكی ترسناك به‌رابه‌ر به‌نووسه‌رانی پاش راپه‌رین ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
وته‌یه‌كی جوانی(مارك توین) ی نووسه‌ری ئه‌مریكیهه‌یه‌ كه‌ ده‌نووسێت(مرۆڤ ته‌نیا ئاژه‌ڵه‌ كه‌ شه‌رم ده‌كات) .
منیش پێم شه‌رمه‌ نووسینی ئه‌و نووسه‌ره‌ پیرانه‌ بخوێنمه‌وه‌ كه‌ ئه‌لف وبای نووسینیشمان له‌بیر ده‌به‌نه‌وه‌و خۆیان كردووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌و یه‌كێتییه‌؟من ناڵێم با به‌زه‌ییان به‌و نووسه‌ره‌ به‌سته‌زمانانه‌ بێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌ندام وه‌ر بگیرێن, به‌ڵكو ده‌ڵێم چۆن شه‌رم نایانگرێت واز له‌و یه‌كێتییه‌ ناهێنن؟ئه‌ی ئه‌وه‌ كوفری ئه‌ده‌ب نییه‌ دوو نه‌وه‌ی (نه‌وه‌ده‌كان و دوو هه‌زار) دیلێت بكه‌یت و هیچ رێزێك بۆ ئه‌و كیبۆردانه‌ دانه‌نێت كه‌ ئه‌ده‌بی كوردیان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردووه‌ شوێن ده‌ستیان له‌ ئه‌ده‌بی كوردیی به‌جوانی ده‌بینرێت و ته‌نانه‌ت به‌ده‌یان وه‌رگێڕی جوان له‌و نه‌وه‌یه‌ توانییان ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی وته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش به‌ ئێوه‌ بناسێنن؟وتمان ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نووسه‌ر نه‌بن ئه‌ی چۆن له‌رووتان دێت به‌خۆتان ده‌ڵێن ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌ران.
ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی كه‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد به‌ناوی كۆنگره‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ ده‌كرێ, بێگومان له‌ ژێر په‌رده‌ی حیزبه‌وه‌یه‌و هه‌ر له‌ئێستاوه‌ سه‌رۆكی ئه‌و یه‌كێتییه‌و جێگره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو حیزبه‌وه‌ دانراوه‌ و درێژكراوه‌ی سه‌رجه‌می ئه‌و رێكخراوه‌ به‌نێو حیزبییانه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو حیزب ده‌سته‌ڵاتیان له‌ كارو پرۆژه‌كانیاندا هه‌یه‌, خوازیارم قسه‌ی من وانه‌بێت ,به‌ڵام ئه‌م ئه‌ندامه‌ پیرانه‌ی ئه‌م یه‌كێتییه‌ به‌ناو نووسه‌رانه‌ به‌ته‌نیا هه‌ر خۆیانن و ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان نییه‌ رێز له‌ ده‌نگی جودا بگرن و هیچ كات ئاماده‌نین پۆسته‌كانیان بۆ گه‌نجانێك چۆڵبكه‌ن كه‌ مه‌به‌ستی پاراستن و ئاوێته‌ بوونی حیزبی نه‌بێت به‌م یه‌كێتییه‌,بۆیه‌ لێره‌وه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی دوای راپه‌رین و نه‌وه‌ی نوێ مافی خۆمانه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ به‌ یه‌كێتیی نووسه‌ران نه‌زانین و به‌ مه‌ڵبه‌ندێك یان لقێكی حیزیی ته‌ماشای بكه‌ین و خۆمان دوور بگرین له‌ ئاوێته‌ بوونی حیزب به‌ نووسه‌ران.
هه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ به‌ناو نووسه‌رانه‌ ئه‌گه‌ر ویستبێتیان ئه‌ندامێكی نوێ وه‌ربگرن ده‌بوو ته‌زكییه‌ی حیزبیی هه‌بوایه‌, وه‌ك زۆرێك له‌و براده‌ران و نووسه‌ره‌ گه‌نجانه‌ پێیان وتم ,من وه‌ك نووسه‌رێكی گه‌نج ئه‌و نووسه‌ره‌ پیرانه‌ به‌تاوانباری سه‌ره‌كیی ده‌زانم له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبیی كوردی به‌ناوه‌نده‌ رۆشنبیریه‌كان ,به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نووسه‌ران چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ كه‌سانێكی بێده‌نگبوونه‌ له‌ ئاست زۆرێك له‌و رووداوه‌ كاره‌ساتاوییانه‌ی به‌سه‌ر تاكی كوردیی هاتووه‌, هه‌ر له‌ گه‌نده‌ڵیی و ئازاردانی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی گه‌نجانه‌ تا ده‌گاته‌ تڕۆكردنی نه‌وه‌ی نوێ له‌چوونه‌ ناو كۆنگره‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانه‌وه‌.


omerjelal@yahoo.com



*له‌هه‌فته‌نامه‌ی (ئاوێنه‌) ژماره‌ (233) ی 20-7-2010 بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

           

 

22/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com