( ئەنفالناس)ەكانی ئێمەو وایزنتاڵی جولەكە  

  

عومەر محەمەد




ئەوەی تاوانى ئەنفالكردنی ئێمە لەهۆلۆكۆستی جولەكەكان جیادەكاتەوە، تەنها ژمارەی قوربانیەكان نیە، بەڵكو لەتاوانی جینۆسایدكردنی ئەم دوو گروپەدا، جیاوازیەكی گەورە لەسەر قەربووكردنەوەو مەسەلە ئەخلاقیەكان هەیە، دەنا هۆڵۆكۆست‌وئەنفال دوتاوانی نێونەتەوەیی هاوشێوەن، كەچی بەدەگمەن دەبینی رۆژنامەنوسێكی رۆژئاوایی یان جولەكەیەك بەو بێباكی‌وخوێن ساردیەوە بروانێتە تاوانی هۆڵۆكۆست، چ جای ئەوەی رێز لە قوربانیەكانی نەگرێ‌..! ئاخرئێمەی ئەنفالكراو " ئەنفالناس"مان هەیە بێئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بكات، بەدەم تاوانبارانی ئەنفالەوە دەخەنێتەوەوبگرە پاساویش بۆ تاوانەكانیان دەهێنێتەوە، كەچی پروپاگەندەی دیموكراسیەت‌وكۆمەڵگەی مەدەنیشمان پێدەفرۆشی‌ونان لەسەر ئەم دوورویە دەخوات.
هەڵاتنی رِۆژی دیموكراسی، كاتێك دێتە دی كە ریشەی بەعسیزم لە داب‌و نەریتماندا بوبێتە شەرمێكی كۆمەڵایەتی. هەروەك چۆن لەدوای تاوانی هۆڵۆكۆستەوە نازیەت بووەتە شەرمێكی گەورە نەك هەرلە ئەڵمانیا، بەڵكو لە هەموو ئەوروپا. ئەوانەی دەخوازن دیموكراسیەت لەوڵات بەرقەرار بێت دەبێت لەپێشەوە نەفرەت لەئەنفال‌وهەرتوندوتیژی‌وپێشیلكاریەكی مافی مرۆڤ بكەن..
كەنعان مەكیە لەكتێبی دلرەقی‌و بێدەنگیدا دەلێت : ( ئەوە رژێمی صدام نەبوو ئێمەی بێدەنگ كردبوو، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەوە بێدەنگی بوو دكتاتۆریەتی خولقاند) لەرەاستید بێدەنگی بوو وای كرد صدام حسین ملهوریەكانی بەرەو كۆمەڵكوژی‌وتاوانی جینۆساید بچن، ئەوەی بەعسی گەیاندە ترۆپكی تاوانەكان، بێدەنگی ئێمەو بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو. كەچی ئێمەی كورد چونكە بەخەمساردیەوە ئاور لەتاوانەكانی مێژووی خۆمان دەدەینەوە، لەبری ئەوەی بێین رێگری لە دوبارەبوونەوەی تاونەكان بكەین هەمیشە ترس لەدوبارەبوونەوەی دامان دەگرێ‌‌و مشوری رۆژی رەش دەخۆین‌و خۆمان بۆ تاوانی تر ئامادەبكەین كە دەرهەقمان بكرێت، بێئەوەی بیرلەوەبكەینەوە رێگریەكمان هەبێ‌ لەرزگاربوون لە تاوانەكان.
لێبوردنی بەرەی كوردستانی بۆ تۆمەتبارانی ئەنفال، پاساوی زۆری لەلایەن نانخۆرەكانی حزبەكانەوە بۆ هاتەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع مەسەلەكە پێچەوانە كەوتەوەو ئەوەی لێی شین نەبوو گیانی لێبوردەیی بوو، ئەوەی داوای لێبوردنی نەكرد تاوانباران بوون، تۆمەتبارانو گومانلێكراوانی ئەنفال، سەركز دانەنیشتن، بەڵكو بێمنەتانە بەپێشچاوی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالەوە تەراتێنیان بوو، ئەم هەڵویستەی حزبەكان بەناوی لێبوردنەوە، هەر تاوانبارانی ئەنفالی نەكردەوە بەكەڵەگا، بەڵكو چەمكی لێبوردن‌و لێبوردەیشی خستە سەرساجی عەلی. ئەرێ‌ لەكام پرەنسیپی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئەخلاقی دا جیگەی دەبێتەوە سەرۆك جاشێكی دوێنێ‌ لەسایەی ئەو بەناولێبوردنەوە، ئەمرۆ فەرماندەی پێشمەرگە بێت‌و پێشمەرگەش كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیابارانكراوانبن..؟! ئەوەی بەرەی كوردستانی كردی دڵفراوانی ‌و لێبوردەیی سیاسەتمەداری كورد نەبوو، بەڵكو بێباكی لەمافی قوربانی‌و پێشیلكاری‌و توندو تیژی بوو، ئەگەر وابویایە هەرگیز نەدەبوو شەڕی ناوخۆ بەرپابكەنەوەو ئێستا كەسوكاریان بەشوێن چارەنوسی وونبووەكانی ئەو شەرە قێزەوونەوەبن، بەلای كەمەوە بەرەی كوردستانی دەبوو بزانێ‌ تاوانبارانی كۆمەڵكوژی‌و خیانەتكارانی نیشتمان ، تاوانێكەو یاسا مامەڵەیان لەگەلدا دەكات ‌و كەس مافی دالدەدانیانی نیە، بەڵكو ئەوە خەڵكە بریار لەبارەیانەوە دەدات.. ئەوە دادگای سەربەخۆیە سزاكانیان دیاری دەكات؟؟ نەك حزب.
ئەوەی گەرەكمە لەكۆتایدا بیلێیم ئەوەیە جولەكەكان لەدوای تاوانی هۆلۆكۆست نەبوونە دژ‌ودوژمنی یەكتری، بەڵكو بوونە پشت‌وپەنای یەكتری، ئەم پشتیوانیكردنە كەسایەتی وەكو ویزنتاڵی بەرهەمهێنا كەبۆخۆی بەندكراوێك‌و قوربانیەكی كەمپەكانی كۆكردنەوەبوو ، بەڵام كە دەرفەتی رزگاربوونی بۆ رەخسا تالەژیاندامابوو توانی 1000 تاوانباری هۆلۆكۆست راكێشێتە بەردەمی دادگاو بەسزایان بگەیەنێ‌، نەك هەرئەوەندە بگرە توانیان ببنە خاوەنی نزیكەی 400 سەنتەری تایبەت بەتاوانی هۆلۆكۆست ‌و جولەكەیان كردە قەوارەیەكی سیاسی بەهێز‌و ئەلمانیا هەتا ئێستا باجی تاوانی هۆڵۆكۆستیان دەداتەوە، ئەوان بناغەیەكیان دانا كە نەك هیچ نوێنەرێكی ئەلمان تەنانەت سەرۆكەكەشیان ناتوانی بەبێباكی‌و بەسەربەرزیەوە بچێتە وڵاتەكەیانەوە، كەچی لەهەلەبجە قونسوڵی ئەڵمانیا كە لەبنەرەتەوە لەدواهەمین رۆژی دەوامكردنیدا ئەویش لەژێر فشاری خۆپیشاندانێكی خەڵكی ناوچەكیمیابارانكراوەكانی كوردستان بەترسەوە سەردانی هەلەبجەی كرد، پشت ئەستور بەبزەو خەندەی ئەو مرۆڤ گەلەی لەدوایەوە قەتارەیان بەستبوو، بەلوتبەرزییەوە وەڵامی ئەوپرسیارەی منی دایەوە كە لێمپرسی ئەرێ‌ پەیامی ئێمەی خۆپیشاندەرانی رۆژی 16/3 ت گەیاندە وڵاتەكەت ..؟ پەیامەكەشمان ئەوەبوو كە داوامان كردبوو ئەڵمانیا دەبێت داوای لێبوردن لەگەلی كورد بكات بەرانبەر هەماهەنگی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی لەگەڵ رژێمی صدام حسێن. ئەگەرچی ئەو بەخوینساردی‌و بێزارییەوە وتی: بەڵی گەیاندم كەچی نەرۆژنامەنوسێك دەربارەی ئەو خۆپیشاندانەو تاوانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی پرسیارێكی لۆجیكی لێكرد، نەقونسولیش هەستی بەشەرمەزاری كرد لەهەلەبجە..! بەپێچەوانەوە لەبەرانبەر هەلەبجەییەكان‌وپرسیاری رۆژنامەنوسەكانی دەخەنیەوە بەتایبەتی ئەوكاتەی رۆژنامەنوسێكی عەینەك بەسەركەخۆی لە جانتاو كامیرادا ڕەش كردبوو، لێی پرسی لە مۆندیالی ئەمساڵی جامی حیهانیدا هاندەری كوێیت ..؟ نەك هەرئەوەندە بەڵكو كەسێك كەپشتی قونسوڵی بەرنەدەدا لەدەرەوەی هۆڵەكە لێمراستبووەوەو وتی: كێ‌ تۆی كردووە بەنوێنەرهەتا بەناوی ئێمەوە قسەبكەیت ..؟ بەڵام وەكو چۆن نەی توانی جیاوازییەكم لەنێوان نوێنەرايةتى و كارى رێكخراوةييدا بۆبدۆزێتەوە، بۆشی رِون نەكردمەوە ئەوان كێن ..؟

ئەم وتارە لە ژمارە(646)ی بەرواری 18ی تەموزی 2010 دا بڵاوكراوەتەوە بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەلەیەكی هونەرییەوە ستافی رۆژنامەكە بەناوی رێباز عەزیزەوە بڵاویان كردبووە .


 

           

 

20/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com