ته‌نانه‌ت شێته‌كانیش به‌م شاره‌ ڕازی نین
 

  

پشتیوان كه‌ریم گه‌ڵاڵی

Pshtiwan_gashbin@yahoo.com


قه‌زای سیدسادق ئه‌و شاره‌ی له‌ ساڵی1988 به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ خاپور كرا له‌دوای 20ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئێستاش وێرانه‌یه‌.
ئێمه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ لاو ڕۆشنبیره‌ی سیدسادق كه‌ هه‌ندێ كه‌سی تایبه‌ت پێمان ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ بێویژدانن.
پێمان ده‌ڵێن هه‌موو شتێ بۆ ئه‌م شاره‌ كراوه‌ ئه‌مانه‌ پێنازانن یا پێمان ده‌ڵێن ئێوه‌ حكومه‌تی به‌عستان نه‌دیوه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌متان گه‌رمه‌ یا ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ ده‌ستن و دژی ئه‌م ئه‌زموونه‌ن .
به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌مووه‌ ڕه‌خنه‌ ڕوخێنه‌رانه‌ به‌ڵام ئێمه‌ خۆمان له‌و ئاسته‌دا ده‌بینین كه‌زۆر به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ وه‌رگرین و بۆ ساتێكیش له‌ هه‌ڵوێست و خه‌مخۆریمان بۆ شاره‌كه‌مان سارد نه‌بینه‌وه‌ .
كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ ده‌ستن به‌ڵێ ئێمه‌ ده‌ستین!! ئێمه‌ ئه‌و ده‌سته‌ سپی و بێگه‌رده‌ین كه‌ ده‌مانه‌وێ پاشه‌ڕۆژێكی گه‌ش و پرشنگدار به‌دیاری بێنین بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌مان ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ڕوخاوه‌ به‌ مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیان ئاشنا بن ده‌مانه‌وێ بیری خێڵه‌كی و دوژمنكارانه‌ له‌ناو خه‌ڵكی شاره‌كه‌ماندا له‌گۆر بنێین ,
كه‌ پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌نیه‌ ئه‌و هه‌موو ئیشه‌ بۆ سیدسادق كراوه‌ و ئێوه‌ بێویژدانن به‌رامبه‌ر به‌م حكومه‌ته‌ .
به‌ڵێ ئه‌وه‌ی كراوه‌ له‌ئاستی پێداویستی ئه‌م شاره‌دا نییه‌و له‌شكرێك له‌ گه‌نجان بێكاره‌و هیچ كارێكیان ده‌س ناكه‌وێت داواشتان لێ ده‌كه‌ین موزایه‌ده‌مان به‌سه‌ردا مه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر شتێكیش كرابێت ئه‌وه‌ حكومه‌ت ئه‌ركی خۆی به‌جێهێناوه‌و ئه‌و پارانه‌ی ساڵانه‌ بۆ قه‌زای سیدسادق خه‌رج ده‌كرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ناكاته‌ له‌سه‌دا ده‌ی ئه‌و باجانه‌ی كه‌له‌ ته‌نكه‌ری ئێرانی و توركی و ئه‌و سه‌یارانه‌ی كه‌به‌ناو سیدسادق دا تێئه‌په‌ڕن و باجیان لێ وه‌رده‌گیرێت .
له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ئه‌گه‌ر بێت و داهاتی وڵات جواب به‌ پێداویستیه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌داته‌وه‌ ناچار حكومه‌ت په‌نا ده‌باته‌ به‌ر قه‌رز كردن له‌وڵاتانی تر بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت كه‌م و كوری له‌ژیانی خه‌ڵكی ولاِته‌كه‌یدا ڕوبدات به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لای ئێمه‌ پاره‌ی وڵاتیش بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی چه‌ند كه‌سێك به‌كار ده‌هێنرێت بانكه‌كانی ئه‌وروپای لێ پڕده‌كرێت .
كه‌ ده‌ڵێن ئێوه‌ به‌عستان نه‌دیوه‌ بۆیه‌ ده‌متان گه‌رمه‌ .
به‌لێ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتی به‌عسبێ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو قوربانی و ماڵوێرانی و ئه‌نفاله‌ی میله‌ته‌كه‌مان بۆچی بووه‌.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ بوترێت خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و شوێنه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی وه‌ك سیدسادق شایانی ئه‌وه‌یه‌ زۆر زۆر له‌وه‌ زیاتری بۆ بكرێت چونكه‌ سیدسادق لانكه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و جوابده‌ره‌وه‌ی جه‌رگبڕی ڕژێمی به‌عس بووه‌ به‌خه‌ڵكه‌ كرێكار و جوتیار و زه‌حمه‌تكێشه‌كه‌ی .
ئه‌گه‌ر باس له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌و گرفته‌كانیان بكرێت ئه‌وا به‌ئاسانی كۆتایی نایه‌ت .
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س كێشه‌ی ده‌رونی و عه‌قڵییان هه‌یه‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ی ئێمه‌ن ئه‌وانیش دڵیان به‌م شاره‌ ناكرێته‌وه‌و ڕوو له‌ شاره‌كانی تر ده‌كه‌ن بۆ به‌سه‌ر بردنی كاته‌كانیان.
(كه‌ریم خیگل) ده‌ڵێت كه‌دێمه‌وه‌ بۆ سیدسادق خه‌ریكه‌ دڵمه‌ته‌قێ به‌خوا هه‌ر كه‌ركوك خۆشه‌ .
(به‌كر خه‌یاڵان) یش ده‌ڵێ كوره‌ ئه‌مه‌ كه‌ی شاره‌ پیاو له‌ ته‌پوتۆزا ئه‌خنكێ سلێمانیه‌ حه‌یاته‌كه‌ نه‌بێ.
به‌ڵام نازانم ده‌بێ دڵی (عومه‌ر بایده‌رۆ)ی هه‌ژار دڵی چیتیابێ وا ئه‌وه‌نده‌ له‌ سیدسادق بێزاره‌و هه‌میشه‌ له‌ عه‌ربه‌ته‌ هه‌فته‌ی جارێك سه‌ر له‌ سیدسادق ئه‌دات وه‌ك جومعه‌و خه‌میسه‌كه‌ی جاران .
(فاتیح)یش سێ مانگ جارێك دێته‌وه‌ سه‌فه‌ره‌كانی ئه‌و دوره‌و بۆ ڕانیه‌و قه‌ڵادزه‌یه‌و وادیاره‌ زۆر له‌ سیدسادق بێزاره‌ .
(دانا) یش ئه‌و كوڕه‌ قۆزه‌ی كه‌ چاو و برۆیه‌كی ڕه‌شی جوان و كوڕێكی خوێن گه‌رمی گه‌نجه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ویش هه‌ركێشه‌ی عه‌قڵیی هه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م سینه‌ماكانه‌ له‌ سلێمانی ده‌ڵێت باسی سیدسادقم بۆ مه‌كه‌ن ئێره‌ زۆر خۆشه‌ .
جگه‌ له‌مانه‌ش چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ پیاو و ژن ئه‌وانیش ڕژانه‌ ڕوو له‌ سلێمانی ده‌كه‌ن بۆ سواڵ كردن وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌م شاره‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ی بێئیشه‌و كێ سواڵمان ده‌داتێ گه‌نجی وا هه‌یه‌ به‌مانگ پاره‌ له‌ گیرفانیا نابینێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌چه‌ندین هاوڵاتی تری ئه‌م شاره‌ به‌هۆی نه‌بوونی‌و بێكارییه‌وه‌ توشی چه‌نده‌ها گرفتی ده‌رونی بوون، ئامانج‌و مه‌به‌ستی ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ئایا بۆچی وه‌ك‌و پێویست ئاوڕ له‌هاوڵاتیانی ئه‌م شاره‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌و نادرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ له‌مامۆستاو دكتۆر‌و به‌رپرس‌و رۆشنبیر‌و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كانیش به‌جێی دێڵن بێگومان له‌به‌ر ژینگه‌كه‌یه‌تی له‌به‌ر وێران بونیه‌تی به‌ده‌ست دنیایه‌ك گرفته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم ته‌نانه‌ت شێته‌كانیش پێی رازی نین‌و به‌جێی دێڵن.


 

           

 

02/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com