وڕێنه‌ی كۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی هه‌شتاكان:
جارانی ئه‌وان و ئێمه‌ و، ئێستای ئێمه‌و ئه‌وان!!
 

  

رابه‌ر ره‌شید- كه‌ركوك


ئه‌وان جاران، راوێژكاری فه‌وجه‌ سووكه‌كانیان پێده‌وتن و گه‌نج وكوڕوكاڵی نیوه‌ی عه‌شره‌ت هه‌میشه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانیان له‌ ئاماده‌باشیدا بوون و ئێمه‌ش سه‌ربازی راكردووی ئه‌م گوندو ئه‌و گوند!!
ئه‌وان جاران، جاش و جێباوه‌ڕی ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی به‌عس بوون و ئێمه‌ش ته‌ته‌ری نامه‌لۆچكه‌ی پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی نێوان شارو شاخ بووین و هه‌ر چركه‌ساتێكی ته‌مه‌نی لاوێتیمان مینڕێژكراو بوو و ته‌قینه‌وه‌ی بێ‌ ئامان بوو.
ئه‌وان جاران ده‌ستیان به‌ كڵاوه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ گرتبوو، با نه‌یبات، هه‌ربۆیه‌ش روو زه‌ردانه‌ به‌شداریی قادسییه‌ دۆڕاوه‌كه‌ی سه‌دامیان ده‌كردو زۆرێك له‌وانه‌ش بوونه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزو پله‌وپایه‌ی ناشایسته‌ به‌خۆیان، كه‌چی ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ ملكه‌چی و به‌شداریكردنی قادسییه‌ی دۆڕاوو شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌مان ره‌تده‌كرده‌وه‌و روومان له‌ شاخ ده‌كردو ده‌بووینه‌ پێشمه‌رگه‌.
ئه‌وان له‌ شه‌وه‌ ساردو شه‌خته‌به‌نده‌كاندا، له‌و شه‌وانه‌ی تفت هه‌ڵدایه‌ ده‌یبه‌ست، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ جورئه‌تیان هه‌بوو، لایه‌كی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌یان وه‌لانێن‌و به‌ دڵێكی له‌رزۆكه‌وه‌ بڵێن: وای كه‌ شه‌وێكی سارده‌، به‌ڕاستی شه‌وی پێشمه‌رگه‌یه‌!!.
ئێستا ئه‌وان حاكم‌و ئێمه‌ش مه‌حكومی ژێرده‌سته‌ی ئه‌وانین، ئه‌وان به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌و داموده‌زگاكان و ئێمه‌و مانانیش به‌رده‌ست و ده‌ركه‌وان و پاسه‌وانی شه‌وچه‌ره‌و شه‌وداوه‌تی هاوشێوه‌ی سۆزانییه‌كانیانین!!.. كه‌چی هێشتا دڵیان گه‌رد ده‌گرێ‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێكمان بڵێین: ئه‌رێ‌ كوڕه‌ باشه‌كانی حیزب: ئێمه‌ش كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌ بووین و ده‌ جێ‌ پێ و پێگه‌یه‌كیش بۆ ئێمه‌ جێبهێلن، ده‌با ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ ته‌مه‌نه‌ی ماومانه‌ بتوانین به‌ ئاسووده‌یی و وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی، چاره‌یه‌كی مایه‌سیریی كۆم و پشتخواری‌و رۆماتیزمی نێو به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كی جارانی خۆمان بكه‌ین، كه‌چی ئه‌وان ده‌ڵێن: بڕۆن بابه‌ بڕۆن، ئێوه‌ كێن‌و كێ‌ گوو به‌ كڵاوتان ده‌پێوێت، ئێوه‌ چۆن جاران كۆڵه‌پشت له‌ كۆڵ و شه‌وڕۆ له‌پێ‌ و ده‌ستوپێ‌ قڵیشاو و كوڕی ده‌شتوده‌ر بوون، ئێستاش هه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌ن، نه‌ك گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و خه‌وی به‌ر سپلیت و سواری ئۆتۆمبیلی دوا مۆدیل!!.. ئێوه‌ ئه‌گه‌ر زۆریش مه‌منوون نه‌بن، ئاماده‌نین هه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرینیش وه‌رتان بگرین و خۆئه‌گه‌ر دڵمان پێتان نه‌سووتێ‌، ئه‌وا جگه‌ له‌ پله‌ی (جوندی ئه‌وه‌ل، یان نائب عه‌ریف، یاخود عه‌ریفێك)یشتان پێ‌ نابه‌خشین، كه‌چی بۆ كوڕانی ئه‌نفالچی و متمانه‌پێكراوی داموده‌گا سیخوڕییه‌كانی به‌عس و خاوه‌ن بڕوانامه‌ به‌رزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌عس، هه‌موو شتێك له‌ مشه‌یه‌و ئێوه‌ش سلێمانی وته‌نی: سه‌رتان یای له‌ به‌رد!!

 

           

 

02/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com