بەدوای بڵاوکردنەوەی "بڕیارنامە: لە چلەی تیرۆری
سەردەشت عوسماندا"، لەلایەن "ڕەوەندە"وە، چەند
بیروبۆچونی جۆراوجۆر، سەرنج و ڕەخنە بەدەوریا هاتۆتە
ئاراوە. لەم پەیوەندەدا ئەم ڕونکردنەوەیە بە پێویست
ئەبینینەوە.
1- بڕیارنامەکە باس لە بزوتنەوەیەکی دیاری کراو دەکات
کە بەدژی ترۆری سیاسی و لەمەنگەنەدانی ئازادی
بیروڕادەربڕین بەدوای کوشتنی سەردەشت عوسماندا لە
کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە، پەرەی سەندوە و ئێستا
خاوبۆتەوە، بەڵام بەزیندویی ماوەتەوە و ئەگەری
سەرهەڵدانەوە و هاتنەمەیدانی سەرلەنوێی هەیە. ئێمە
دەمانەوێت لەو ڕاستایەدا بلۆکێکی ڕادیکاڵ بە
پلاتفۆڕمێکی چەپەوە لەناو دەرونی ئەو بزوتنەوە
ناڕەزایەتیەدا پێک بهێنین.
2- بڕیارنامەکە نەهاتوە بەخەیاڵ چ شتێک باش بێت بۆ
هێنانەدی یەکێەتی چەپ و کۆمۆنیستەکان بیخاتەڕوو، و
هەوڵبدات پلاتفۆڕمێک لەو مەیدانەدا بەدەست بهێنێ. واتا
نەک لەسەر بابەتە فکری و سیاسیە گشتیەکان بۆ باس و
لێکۆڵینەوە، بەڵکو هاتوە لەسەر مەسەلەیەکی عەمەلی
دیاری کراو هەوڵی خۆی دەدات بۆ هێنانەدی بلۆکێکی
ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە بەمەبەستی کەناڵێزە
کردنی ئینێرژیی هەڵسوڕاوانی تاکەکەس، کۆڕوکۆمەڵی بێ
ناونیشان، ڕێکخراوە و حیزبەکانی ناو بزوتنەوەی چەپ
لەژێر یەك پلاتفۆڕمدا و لە دەرونی ئەو بزوتنە
ناڕەزایەتیە دیموکراتیك و ئازادیخوازەدا. ئەم
"بڕیارنامە"یە ڕاشکاوانە باسی لەوە کردوە کە بەدوای
لابردنی جیاوازیەکان و هێنانەدی یەکێەتی چەپەوە نیە.
هەر کەس و لایەنێکی سیاسی چ لەڕوانگەیەکی پۆزەتیڤەوە
بچێتە سۆراخی مەبەستێکی ئاوا لەم بڕیارنامەیەدا، یان چ
بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە ئەو مەبەستەی
لێبەدەستبهێنێ، پێویستە جارێکی تر بەوردی
"بڕیارنامە"کە بخوێنێتەوە.
3- لەبەرامبەر ڕوانگەیەکدا کە ڕەخنەگرتنی فکری و سیاسی
لەناو بزوتنەوەی چەپ بە دژایەتی کردنی ئەم حیزب و ئەو
ڕێکخراو لێکدەداتەوە و وایدادەنێت کە ئەم ڕەخنەگرتنانە
دڵساردکردنهوهی ههڵسوڕاوانە و بۆ تێکدانی ئەو دوو
لهتهبلۆکەیە که "کۆمۆنیستهکان" خستوویانهته
سهریەك، بە پێچەوانەوە "ڕەوەند" ئەم رەخنە و
ڕەخنەکاریە فکری و سیاسیانە، لەناو بزوتنەوەکەدا و
لەدژی یەکتری، بە پۆزێتیڤ هەڵدەسەنگێنێت بۆ گەشەپێدانی
فکری مارکسیزم و بزوتنەوەی چەپ. لێرەشەوە "ڕەوەند" بە
پێچەوانەی ڕوانگەی سەرەوە، دەستبردن بۆ ڕەخنەی فکری و
سیاسی لەیەکتری لەنێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی
چەپ بە ناکۆک نابینێتەوە لەگەڵ خستنەڕوی بڕیارنامە و
بانگەواز بۆ هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی
هاوبەشی چەپەوە لەناو بزوتنەوەیەکی دیاریکراودا. ئەم
"بڕیارنامە"یە بانگەوازێک نیە بۆ وەلانانی ڕەخنەی فکری
و سیاسی لەیەکتری بەڵکو پێشنیارێکە تا لەمەیدانی
عەمەلدا وە لەناو یەك بزوتنەوەی دیاریکراودا یەك
ئاڵوگۆڕی سیاسی-عەمەلی لەبەرژەوەندی بزوتنەوەی چەپ
بێتەدی بەدژی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر، کە ئەلبەتە
بەرژەوەندی خودی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە ئازادیخوازەکەش
لەوەدایە.
4- چارەنوسی ئەم "بڕیارنامە" و ئامانجەکەی لەهێنانەدی
بلۆکێکی ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە بەستراوەتەوە
بە چارەنوسی خودی ئەم بزوتنەوە ئازادیخواز و
دیموکراتیکەوە. دامرکانەوەی ئەم بزوتنەوەیە
لەهەمانکاتدا پوکانەوەی ئەم "بڕیارنامە"یە و ناکام
مانەوەی ئامانجەکەشیەتی. ئەم بزوتنەوەیە لەسێ لاوە
لەژێر مەنگەنەدایە بۆ لەباربردن و پوکاندنەوە:
A. زەبروزەنگی دەسەڵاتی بورژوازی [بە دیاری کراویش
"پارتی"] و هەروەها توانای مانۆڕ و فریوکاریەکانی ئەو
دەسەڵاتە بۆ کپکردنەوە، دامرکاندنەوە و سەرکوتی ئەو
بزوتنەوە ناڕەزایەتیە.
B. ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵ و ڕیفۆرمیستی زاڵ بەسەر خودی
بزوتنەوەکەدا کە ئەم بزوتنەوەیە بە نەزۆکی دەهێڵێتەوە.
C. سکتاریزمی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی چەپدا. لە کاتێکدا
کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانە ئامادەن لەگەڵ حیزب و
دەستەجاتی ناسیونالیستیدا، پەنێلی سیاسی، کۆڕی
ماتەمینی و خۆپێشاندان ساز بکەن، بەڵام ئامادە نین
لەگەڵ یەکتریدا هاوئاهەنگی کار و چالاکیەکان بکەن وەک
بلۆکێکی ڕادیکاڵ لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ئازادیخوازە
دیموکراتیکەدا.
5- ئەم "بڕیارنامە"یە لە یەککاتدا ڕوبەڕووی ئەم
مەنگەنە سێ سوچیە دەوەستێتەوە تا ئەم بزوتنەوەیە لە
پوکانەوە ڕزگار بکات.
"ڕەوەندی سۆشیالیستی
کرێکاری"
2-7-2010
|