رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ رێبین هه‌ردیه‌وه‌

  

 


به‌ڕێزێك به‌ناوی‌ فه‌رمانبه‌ی‌ پێشوی‌ شاره‌واونی‌ سلێمانی له‌ نوسێنێكدا له‌سایتی‌ ده‌نگه‌كاندا منی‌ به‌وه‌ تاونبار كردووه‌ گوایه‌ به‌هۆی‌ واسته‌كاریه‌وه‌ هه‌وڵمداوه‌ ناوی‌ خۆم له‌ لیستی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌دا كه‌ بۆ نوسه‌رانی‌ سه‌رده‌م ته‌رخانكراوه‌، بخه‌مه‌ بری‌ برای‌ به‌ڕێز كاك نه‌وزاد عه‌لی‌ ئه‌حمه‌د‌و خۆم پێش ئه‌و خستووه‌.
سه‌ره‌تا له‌وێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م كه‌ ئێستاشی‌ له‌سه‌ر بێت كاك نه‌وزاد عه‌لی‌ ئه‌حمه‌د برایه‌كی‌ به‌ڕێزی‌ من بووه‌‌و جۆرێك خزمایه‌تی‌و تێكه‌ڵی‌ خێزانیشمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌، هیچ كات نه‌ك هیچ شتێكی‌ ناخۆش له‌نێوانماندا روی نه‌داوه‌، بگره‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆمان به‌ نزیك زانیوه‌ گه‌ر هه‌ر تێبینی‌ و رایه‌كمان هه‌بوو بێت به‌ راشكاوی‌ به‌یه‌كمان گوتووه‌. كاك نه‌وزاد خۆی‌ به‌ڕێوبه‌ری‌ ئیداری‌ سه‌رده‌م بووه‌‌و بگره‌ ئه‌و و هه‌موو هاوڕێیانی‌ سه‌رده‌میش ئه‌توانن شایه‌تی‌ ئه‌وه‌م بۆ بده‌ن چ له‌ دور یان نزیك نه‌ له‌ناو سه‌رده‌م‌و نه‌ له‌هیچ شونێكی‌ دی‌ بۆ یه‌كجاریش له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا باسی‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتن‌و شوێنه‌كه‌ی‌‌و ریزبه‌ندی‌ خۆم نه‌كردووه‌. من لێره‌دا ئه‌توانم كاك ئاسۆ عه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ به‌ شایه‌ت بگرم كه‌ یه‌كجاریش روینه‌داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیاندا له‌دور و نزیك باسی‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌م. منیش وه‌ك خوێنه‌ران ئه‌و به‌ڵگانه‌م بینیوه‌ و هیچ كاتێك‌و له‌هیچ شوێنێكدا بۆ یه‌كجاریش و به‌ ته‌لمیحیش ده‌ستم له‌م گۆڕانگاریه‌دا نه‌بووه‌.
ئه‌ڵبه‌ته‌ من چ وه‌ك نوسه‌ر كه‌ خێزاندار بوم و چ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ش مافی‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتنم هه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو ده‌زگای‌ سه‌رده‌م به‌ كاك نه‌وزاده‌وه‌ به‌ شایه‌ت وه‌رئه‌گرم گه‌ر بۆ جارێكیش پرسیاری‌ ئه‌وه‌م كردبێت ناوی‌ من له‌ لیستی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رده‌مدا هه‌یه‌ یان له‌ چ ریزبه‌نیه‌كدایه‌.
لێردا جێی خۆیه‌تی‌ ئه‌و ناهه‌قیه‌ كاك شوان ئه‌حمه‌دیش راست بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ ده‌زگای‌ سه‌رده‌مدا نوسێویتی‌ "رێبین هه‌ردی‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ خانویه‌كی‌ سێ سه‌د و بیست مه‌تری‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ شاردا هه‌یه‌". من زۆر به‌داخم كاك شوان ئه‌حمه‌د ئه‌م شته‌ ناڕاستانه‌ (كه‌ زۆر باش ئه‌زانێت ناڕاسته‌) بۆ من دروست ئه‌كات، چونكه‌ من ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌و زه‌ویه‌م له‌ ساڵی‌ 1999دا وه‌رگرتووه‌ باوكی‌ ره‌حمه‌تیم له‌ ژیاندا بووه‌‌و ئه‌و خانووه‌ موڵكی‌ باوكم‌و به‌ ته‌بیعه‌تیش هه‌موو خێزانه‌كه‌مان بووه‌، ته‌نها نزیك ساڵێك پێش كۆچكردنی‌ باوكم له‌ ساڵی‌ 2006داو به‌ره‌زامه‌ندی‌ خوشك و براكانم ( كه‌ بێگومان به‌ش و مافیان له‌و خانوه‌دا هه‌یه‌) بڕیاریدا خانوه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌ من ببه‌خشێت. واته‌ ئه‌وكاته‌ی‌ من زه‌ویم وه‌رگرتووه‌ نه‌ك خانو به‌ڵكو بستێك زه‌وی‌ خۆمم نه‌بووه‌, داخی‌ زۆرترم بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ كاك شوان ئه‌حمه‌د ئه‌زانێت به‌سه‌رهاتی‌ زه‌ویه‌كه‌ی‌ من چی‌ لێهات، ئه‌سه‌فی‌ زیاتریش كه‌ ناچاری‌ كردووم هه‌موو ئه‌م شته‌ شه‌خسیانه‌ی‌ خۆم باسبكه‌ن كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ به‌خۆم‌و ژیانی‌ تایبه‌تیمه‌وه‌ هه‌یه‌، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی‌ بیسه‌لمێنین ئێمه‌ پاره‌‌و موڵكی‌ دنیامان به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌‌و نیه‌. چونكه‌ كه‌س نه‌زانێت كاك شوان ئه‌حمه‌د ئه‌زانێت چه‌ند ئه‌م كارمه‌نده‌ی‌ شاره‌وانی‌ ئه‌و زه‌ویه‌ی‌ منی‌ دیوه‌، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ئه‌و زه‌ویه‌م بینیوه‌. له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی‌ زه‌ویه‌كه‌دا كه‌ به‌خودای‌ هه‌ر نه‌چومه‌ته‌ سه‌ری‌‌و ئێستاش نازانم له‌ كوێدایه‌، وه‌كاله‌تم بۆ ناسیاوێكی‌ خۆم كردوه‌ كه‌ توشی‌ قه‌یرانی‌ دارایی بوو بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیفرۆشێت بۆخۆی‌.
ئه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا من هیچ گله‌ییه‌كم له‌و برا به‌ڕێزه‌ی‌ كارمه‌ندی‌ پێشوی‌ شاره‌وانی‌ نیه‌‌و هیچ په‌یوه‌ندیشی‌ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ نیه‌. من زه‌وی‌ خۆم وه‌رگرتوه‌ و ئیدی‌ چیم له‌و زه‌ویه‌ كردووه‌ سوتانوما یان فه‌وتانومه‌ یان قه‌سرم له‌سه‌ر دورستكردووه‌، هه‌ر یه‌ك شته‌، ته‌نها شتێك به‌و برا به‌ڕێزه‌ بڵێم ئه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كجاریش به‌ ته‌لمیحیش بێت نه‌ ده‌ستم له‌ دانای‌ ئه‌و لیسته‌یه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ سه‌رده‌م دروستیكردووه‌، و نه‌ له‌و گۆڕانه‌شدا كه‌ له‌ شاره‌وانی‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌.
به‌ڵام به‌راستی‌ جێگه‌ی‌ داخ‌و ئه‌سه‌فه‌ هاوڕێیه‌كی‌ خۆت كه‌ ئه‌م شتانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌زانێت‌و هیچی‌ لێ شاراوه‌ نه‌بووه‌، به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ت بۆ هه‌ڵببه‌ستێت‌و بیه‌وێت له‌كه‌دارت بكات..به‌راستی‌ جێگه‌ی‌ ئه‌سه‌فه‌!!


 

           

 

08/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com