“ئاڤاتار” لە نێوان دوو “ڕمی نەتەوە” دا 

  

ڕێبوار ڕەشید



جەیمس کامیرۆن James Cameron (ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی سینه‌مای ئامریکا) پاش دە ساڵ بێدەنگیی بە شێوەیەکی نوێ بە دونیایەکی کۆنمان دەناسێنێت. جەیمس کامیرۆن وەک نووسەر و دەرهێنەر، لە ناوەراستی مانگی دیسەمبەری ٢٠٠٩ دا فیلمی ئاڤاتار ـ Avatar ـی خستە بازاڕەوە. لەو فیلمه‌دا جەیمس کامیرۆن باسی جیهانێکمان بۆ دەکات بە ناوی پاندۆرا Pandora. وەکو زۆر نووسەر و دەرهێنەری دیکەی پێشکەوتووی هۆلیود، جەیمس کامیرۆن، باس لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم و داگیرکەریی دەکات.
لەو داستانەدا جەیمس کامیرۆن نیشانمان دەدات کە کۆمەڵیک مرۆڤ بە یارمەتی تەکنیکی نوێ و زانستی نوێ لە هەڵپەی ئەوەدان جیهانی پاندۆرا داگیر بکەن. دانیشتووانی پاندۆرا، ناڤیەکان، وەکو هەموو دانیشتووانێکی رەسەن دژ بەو داگیرکارییە رادەوەستن. بەڵام جەیمس کامیرۆن نیشانمان دەدات کە خەبات دژ بە داگیرکەریی هەروا هاسان نییە، بەڵکو ڕێگایەکی سەخت و دژوارە.
چیرۆکەکە کە لە شێوەی داستان epic دا دەگیڕدرێتەوە باس لە دانیشتووانێکی دڵخۆش و کەم خەم و سەرحاڵ دەکات کە لە خاکی خۆیاندا لە هاوئاهەنگی سرووشتییدا لەگەڵ نێزیکەی سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەر و ڕووەکی وڵاتەکەیاندا دەژین.
جەیمس کامیرۆن لە تەکنیکێکی سێ ڕەهەندیی ئانیماسیۆنیی(سێ بوعدی) تێکەڵ بە بیچمی ڕاستەقینەدا بینەر سوار ئەسپی جیهانێکی خەیاڵ و هەڵبەستراو دەکات و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەیخاتە ئەوینی کوڕەی پاندۆرا ـەوە. خاکی پاندۆرا بە پیت و فەڕ، نەک هەر سەوز، گاه سپی و گاه ئاڵ و گاه شین و زەرد و نارنجی و بەنەوشەیی وەک گەوهەری یەک دانە دەبریسکێتەوە. ژیان لە هەموو شێوەیەکدا بە هەمەڕەنگیی هەیە. دیالۆگ لە نێوان هەموو ئەو بوونەوەرانەدا بێ دەنگ و بێ وشە دروست دەبێت. بوونەکان لە تێگەیشتن لە خۆیان و لەوی بەرانبەریان دەبنە تەواوکەری سرووشت. پرینسیپە سەرەکیەکە ئەوەیە کە هەموو بوونێک ڕێز لە هەبوونی یەک دەگرێت.
جەیمس کامیرۆن لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٤، بە ڕەسەن کانەدایی و ژیانی کەریاری لە ئەمەریکا لە سەرەتای ٧٠ کانەوە دەست پێکردووە. ڕۆشنبیرێکە باش لە کۆلۆنیالیزم تێگەیشتووە، ج وەکو سیستەمێکی ئابووریی و سیاسیی و چ وەکو سیستەمێکی فەرهەنگیی و کولتوریی. لە زۆربەی فیلمەکانیدا پێوەندی دەستەڵات بە وردیی شی دەکرێتەوە، بەڵام لە “ئاڤاتار” دا پێوەندیە دەستەڵاتەکە ڕوونە، دیارە، تایبەتە و خەسڵەتگەلی تایبەتیی خۆی هەیە. لەوێدا جەیمس کامیرۆن هەم وەکو نووسەر و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر هەڵویست وەردەگرێت. هەڵویستی ئەو ڕوونە: ئەوانەی بندەستن دەبێت بتوانن گرەوی ئازادیی ببەنەوە.
تێڕووانین لە ئاڤاتار لە دیدێکی سادەوە ئەو هەستە بە مرۆڤ دەدات کە دەرهێنەر خودئاگا ڕووخسارێکی ڕۆمانسی بە ژیانی ئەو مرۆڤانە دەدات کە پێیان خۆشە دوور لە داگیرکەریی بژین. بەو شێوەیە دیدێکی سادە یەک دەندەییەکی ئایدۆلۆژیکی دەبینێت و پێی وا دەبێت کە دەرهێنەر بە هەر نرخێک بێت دەخوازێت گەشبینێکی واقیع نەبین بێت و پیرۆزیی هەتاهەتایی و مەحکوم بە براوەیی بە ڕقی شۆڕشگێڕانە بدات، بەڵام بە قووڵیی ڕووانین لە تەواوی بەرهەمەکە و تێگەیشتن لە ڕەهەندە هەمەشێوەکان تێ دەگەین کە جەیمس کامیرۆن خودئاگا، لە دیدێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە پیرۆزییەک بە خەباتی مرۆڤ دژ بە چەوسانەوە، دژ بە دزی و تاڵانن، دژ بە خۆپەرستیی و بە کەم دانانی ئەوی دیکە، دەدات. جەیمس کامیرۆن باس لە حەتمیەتێکی مێژوویی دەکات: ئەوانەی خوازیارن دوور لە فشار و گوشار، سەربەخۆ و ئازاد بژین، هەلیان لە بەردەستدایە بەو ئامانجە بگەن.
جگەر خوێن پێی وا بوو “شام شەکرە، لێ وڵات شیرینترە”. کەس نییە لەو مەبەستە خاوێنە هەڵە تێ بگات. خاک شیرینە، هەر لەبەرئەوەیە زۆرینەی مرۆڤەکان لە زۆربەی شارستانیەکان و بەشیکی گەورەی مێژوودا خۆشەویسترین کەسانی خۆیانی پێ دەسپێرن. خاک هەبوونێکی بەرجەستەیە، ئەگەر لێشی دوور بیت لە مێشکی خۆتدا هەر دەتوانیت بۆنی بکەیت، خاک ئەوەیە کە هەمیشە هەڵی گرتوویت، کە پێ بە پێت دەڕووات. خاک ئەوەیە کە ئاسۆت پێ دەناسێنێت.
کەواتە جەیمس کامیرۆن ناحاڵیی نییە. خاک بۆ هەموو کەس شیرینە. زۆرینەی مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەرەکان عاشق بە زیدی خۆیانن. بووم ئەگەر بش لەرزێت و دڵیش بلەرزێنێت، خەمێکە زوو لە بیر دەچێتەوە. ئازارێکە وەک ئازاری نەبینینی خۆشەویستێک کە هەر ئەوەندەی بە دیداری شاد بوویتەوە پێت وایە نەتکێشاوە.
لای هەموو کەس زێد ئاڵوواڵا و ڕەنگینە، بۆنی خۆشە، دڵڕفێنە، جێگای زیندەوەرگەلێکە که‌ مرۆڤ بە بینینان شاد دەبێت. زێد وەکو باوەشی دایکە، تێیدا ون نابیت، لێی ماندوو نابیت، دڵ لێی فەرامۆش نابێت.
ئەوە ئەو وێنەیەیە کە جەیمس کامیرۆن زێدەڕۆیی تیادا ناکات. جەیمس کامیرۆن بە ئەنقەست، وەکو چۆن موزیکژەنێک مێشک و ئەندێشە و سنگی پەنجەی لەگەڵ سوناتێکدا دەدوێت و زۆر پێش ئەوەی دەنگی بە بەردا بکات، خۆی دەیبیستێت و لێی تێ دەگات، ئەمیش ئاوا بە ڕەنگ و چریکەی مەلان و خوڕەی ئاوان و تریفەی مانگەشەو و گرشه‌ی خۆرێکی زێڕین گەزۆبارانی پاندۆپرا دەکات. بۆ ناڤیەکان هەموو بوون شەکرە، لێ پاندۆرا شیرینترە.
جەیمس کامیرۆن هاوکات دەزانێت کە مرۆڤگەلێک هەن لە چاویلکەی خۆیانەوە ئەوانی دیکە وا نابینن. خەڵکانێک هەن هەمیشە خودئاگا دەیانەوێت لەسەر خاک و سامان و خوێن و ئارەقی ناوچاوانی خەڵکانی دیکە بژین. پاندۆریەکان، یان ناڤیەکان، دووچاری ئەو جۆرە خەڵکە دەبن. خەڵکانێکی سەرزەمینی، خاوەنی تەکنیکی زۆر پێشکەوتوو و توانایەکی سەربازیی خەیاڵیی، شتێکیان گەرەکە کە لە پاندۆرا هەیە.
لە ئەدەبی کلاسیکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا واتێگەیشتووین کە کۆلۆنیالەکان/ داگیرکەران وەدووی سامان و هێزی کاری تاڵاندا دەگەڕێن. لەو گەڕانەدا بە پێی پێویست و حەزی شەخسیان دڵان بریندار دەکەن، جەستەکان دەشەمزێنن و دەشێوێنن و سەران دەپەرینن. تینووێتی تووڕەییان بە دەستدرێژیی سێکسی و تەنانەت بە کوێرکردنەوەی کانیی و تەقاندنەوەی پوورەهەنگەکان دەشکێنن.
جەیمس کامیرۆن لێرەدا داگیرکەرانی دووچاری دێلەمایەک کردووە و نیشانمان دەدات. ئەو داگیرکەرانە بەردێکی گرانبەهایان گەرەکە. بەردێک کە خودی ناڤیەکان نازانن چییە، بەلایانەوە گرینگ نییە و ناشازنن لە کوێیە. بەڵام داگیرکەران ئەوەیان دەوێت و دەبێت وەدەستی بهێنن. دەنا !
دەنا چی؟
دەنا بەر نەفرەتی هیزی تەکنیکی و لایە ڕەقە زبرە زەبرگیرەکەی داگیرکەر دەکەون. تا ئێستا ئەو داگیرکەرانە، سەرەڕای خۆفەرزکردن و خۆداسەپاندنیان، وا نیشان دەدەن کە گوایا هێشتا تەنها لایەنە نەرمە بەبەزەیی و میهرەبانەکەی خۆیان نیشان داوە، و ڕایدەگەیەنن کە ئەو "سەبری ئەیوب"ــەی هەیانە هەتا هەتایی نییه‌. بەخشندەیی داگیرکەر بەرانبەر داگیرکراو بەرسنوورە.
ئەوەی داگیرکەران دەیانەوێت ئەنئۆبتەینیۆم unobtainium ـە. جەیمس کامیرۆن لێزانانە و هونەرمەندانە وشەی unobtainium بە کار دەبات. ئەو وشەیە لە ئەدەبی سیاسی تەکنیکیدا مانای زۆرە. لە سەرەتای پەنجاکانەوە کاتێک دروست کرا کە لە بواری فیزیکی ئەتۆمییدا پەی بەو شتە نە دەبرا کە دەبێت هەبێت تا شتێک بکەوێتە کار.
وشەکە لە ڕەسەندا obtain ـە، لاتینی و فەرەنسیە و چووەتە ناو ئینگلیزیەوە، و بە مانای “دەست کەوت/ وەدەستخستن” دێت، کە پێشگری un ـی خراوەتە سەر، کە بە مانای “نا/ نەبوو” دێت و بە پاشگری ium ـ تەواو دەبێت کە وشەکە دەکات بە کۆ. بە واتایەکی دیکە “ئەنئۆبتەینیۆم unobtainium” بە مانای “ئەو شتانەی قابیلی وەچنگ کەوتن نیین/ ئەو شتانەی ناکرێت وەدەست بهێنرێن“ دێت. جەیمس کامیرۆن پێمان دەڵێت کە داگیرکەران وەدوای ئەوەدا وێڵن کە “عادەتەن وەچنگ ناکەون/ قابیلی دەست‌خستن نیین”. بە کوردیەکەی بە نرخترین شتیان گەرەکە کە هێشتا ڕەنگە نەزانن چییە و لە درێژایی داگیرکردنەکەدا خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوە دەتوانێت سامانی ئاو، نەوت، ئاسن، مس، هێزی کار و هەر شتێکی لەو چەشنە بێت.
بەڵام داگیرکەر سەرمەستی توانای سەربازیی خۆی لە خەیاڵ و پلانێکی دیکەدایە. وەک چۆن بێچووە کیسەڵی تازە ترووکاو لە دووریەکی زۆرەوە بۆنی ئاو دەکات و بەو نەرمەلیقەیەی خۆیشیەوە هێشتا هەر بە تەکان و بە تل و بە باڵەکوتێ مل ڕووەو ئاو دەنێت، داگیرکەریش ئاوا لە دوور ڕا دا بۆنی سامان دەکات. ڕەنگە نەشزانێت بە تایبەتی چی دەوێت، بەڵام دەزانێت بە پرینسیپ چی دەوێت. حەزی داگیرکەر بۆ ئەوی بەنرخە، جا با ئەنئۆبتەینیۆم ـیش unobtainium بێت، وەکو حەزی شێخەکەی هێمن ـ ـە، خودئاگا هەر بە “بەهار و گوڵ، کچ و مانگاشەو” ڕازی نابێت و “عالەمێکی دیکەیشی” گەرەکە. هەموو ئەو لێدان و گرتن و کوشتن و بڕین و دەستدرێژییە لە مانا بەدەرەی دێتەپێش، تەنها مەزەیەکی لاوەکیە بۆ کارە ئەسڵەکە.
وەکو هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی دیکە کە لەسەر کۆلۆنیالیزم نووسیویانە جەیمس کامیرۆن وردبینە. هەندێک جار وردتریش، چونکە تابلۆگەلێکی سیاسیمان نیشان دەدات کە مەحاڵە لە هێزی ئەدەبی کلاسیکی شۆڕشگێڕی و بەرخۆداندا هەبێت کە وێنەی وا لەو جۆرە بکێشێت. لای ئەمیش داگیرکەر بەدفەرە، بێبەزەییە، بێویژدانە، بێڕەووشتە و جانەورێکە کە پێی وایە هەر خۆی دەبێت خاوەنی پاوانێک بێت. داگیرکەر خۆپەرستە و پێی وایە هیچ لە دەرەوەی بەرژەوەندی ئەودا نییە کە بۆ خەم ببێت. جەیمس کامیرۆن ئەو کەسایەتیە تێکەڵ بە دەستەڵات و هێز و بە ڕەهەندەکانی بەرژەوەندیی دەکات و لە یەک زنجیرە تابلۆدا کە بە هەزارانن نیشانمان دەدات کە داگیرکەر چۆن پێت دەڵێت “بمدەیە، دەنا”.
دەنا تۆی داگیرکراو، تۆیەک کە بێزت لە بەدفەڕیی، بێبەزەیی، بێویژدانیی، بێڕەووشتیی ئەو دێتەوە، ناچار دەبیت بڵێیت “دەنا چی؟”.
ئەی ئێن سی، واتە ئەفریکان ناسشناڵ کۆنگرێس/ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، ساڵی ١٩١٢ دامەزرا. ئەو کاتە نیلسۆن ماندێلا تەمەنی ٦ ساڵ بوو. ساڵی ١٩٦١ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی Umkhonto we Sizwe، “ڕمی نەتەوە” و بوو بە فەرماندەی ئەو هێزە. “ڕمی نەتەوە” هیزێکی سەربازیی بوو کە بوو بە باڵی چەکداریی ئەفریکان ناسشناڵ کۆنگرێس. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئایینامەی ئەی ئێن سی نیشتیمانپەروەرانە و دادوەرانە و بەرابەرخوازانەیە و هیچ داواکاریەکی سەیری تێدا نییە، هێشتا نە دەستەڵاتدارانی باشووری ئەفریقا، بەڵکو سەرجەم دیموکراتەکانی ڕۆژئاوا، ئەوانەی بە شارستانی ئوروپا دەچوێنرێن، تا ساڵی ١٩٩١ یش ئامادە نەبوون پشتگیریی لێ بکەن.
ئەوە چی بوو نیلسۆن ماندێلای ئاشتیخوازی وا لێ کرد ببێت بە یەکێک لە دامەزرێنەران و هەروەها لە فەرماندەی ئەو هێزە. ئەوێک کە لەوەبەر یەکێک بوو لە پێڕەوکارانی خەتی ماهتما غاندی؟ باسەکە هەم درێژە و هەم قووڵ، بەڵام بە کۆمەڵکوشتنەکەی شارپڤیلا لە ٢١/٣/١٩٦١ دا وێنەیەکی دیکەی بە خەباتگێڕانی باشووری ئەفەریقا نیشان دا.
لە سەرەتای فیلمی “ئاڤاتار” دا ماشێنی زۆر گەورەی بار هەڵگر دەبینین کە لە قووڵایی دارستانەکانەوە گەڕاوەتەوە. ئەو ئوتومبێلی بارهەڵگرانە هێندە گەورەن کە باڵای مرۆڤ بە نیوەی بەرزایی تەگەرەکانیشیان ناگات. لاستیکی تەگەرەکان لیرەولەوێ تیرێکیان بەرکەوتووە. تێ دەگەین کە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە شەڕیان لەگەڵ کردوون. بەڵام تیرەکان نەک هەر زیانیان نەگەیاندووە، بەڵکو بە دەنکە موورویەک لەسەر لەشی فیلێک دەکەن. هەر وەک چۆن لک و چڵی دار لێرەولەوێ بە تەگەر و بۆدی بارهەڵگرەکەوە ماونەتەوە، تیرەکانیش نە کاریگەریی و نە زەرەریان نەگەیاندووە. بەو شێوەیە لە سەرەتاوە جەیمس کامیرۆن پێمان دەڵێت: ئەوە توانای داگیرکراوانە لە چاو هەیبەتی دەستەڵاتی داگیرکەردا.
قسەی تێدا نییە کە نیلسۆن ماندێلا و هاوڕێیانی لە سەرەتای دامەزراندنی Umkhonto we Sizwe، “ڕمی نەتەوە” دا دەیانزانی ئەو ڕم و تیرانەی هەیانە نە زۆر بڕ دەکات و نە بە تایبەتیی قەڵاکانی دەستەڵات دەبڕێت.
داگیرکەر بەهێزە و داگیرکراو بێهێز. پیوەندی دەستەڵات زبرە و لەبەرئەوە ئاکامێکی زەبرگیری دەبێت.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هیزە زۆره‌ی کە داگیرکەر دەستی پێ ڕا دەگات، هەر وا بە هاسانیی ناتوانێت داگیرکردنەکە لە کرداردا سەرکەوتوو و لە درێژخایاندا بەردەوام بهێڵێتەوە، لەبەرئەوە هەمیشە پێویستی بە میتۆد و میکانیزمگەلی جۆراوجۆرە. جەیمس کامیرۆن پیوایە یەکێک لە میتۆدەکان کە داگیرکەر پەنای بۆ دەبات دروستکردنی “ئاڤاتار” ـە دژ بە نەتەوەی بندەست.
بە ڕای جەیمس کامیرۆن ئەوە هیزی پڕچه‌کی سەربازیی نییە کە داگیرکەر سەر دەخات، جا با خاوەنی راده‌ی بێسنووری ئاگر و ئاسن و بارووتیش بێت، بەڵکو ئاڤاتار چەکی راستەقینەی ئەوە کە گرەوی بۆ سەرکەوتن لەسەر دەکات.
ئاڤاتار، بریتیە لە بوونەوەرێک کە لە سەرئەنجامی لێکدانی "دی ئێن ئەی"(D.N.A) مرۆڤ و “ناڤی”/ تاکەکەسی نەتەوەی بندەست، وەبەرهەم دەهێنرێت. ئاڤاتار کەسایەتیەکە کە بە شیوە و چۆنیەتی بیرکردنەوە لەوان دەچێت، بەڵام کە لە بنکەی سەربازی دەستەڵاتی داگیرکەرەوە کۆنترۆڵ و ئاراستە دەکرێت.
جەیک ساڵی Jake Sully ، ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت بکرێت بە ئاڤاتار و خۆ بخاتە ناو ژیانی دانیشتووانی ڕەسەنەوە، لە بەرەبەیانی فیلمەکەدا پێمان دەڵێت “بەڕێوە بووین ڕووەو دۆزەخ. .. ئامانج: گەیشتن بە پاندۆرا ـ یە”.
پاشان "جەیک ساڵی" لە ناساندنی سەربازەکاندا بەردەوام دەبێت: “ئەمانە کە لەسەر زەوی شەڕیان بۆ ئازادیی دەکرد، لێرە هەر سەربازی بەکرێگیراون و بۆ پارە ئەو کارە دەکەن”.
وەکو هەموو رۆشنبیرێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست، جەیمس کامیرۆنیش پێیوایە ئەوانەی لە حەوشەی ماڵی خۆیان دوور دەکەونەو و خۆ دەکەن بە ماڵ و بە حەوشەی خەڵکی دیکەداە، ئیتر ناتوانن ئازادیخواز بمێنەوە، بەڵکو بەکرێگیراوێک دەبن کە بۆ وەرگرتنی پارە دەکوژن و دەبڕن.
کۆلۆنێل میلیس کواریچ Miles Quaritch، فەرماندەی هیزی نیزامی لە پاندۆرا، پیاوێکە نموونەی پیاوسالاریی. رەق و توند و ماهیچەدار و لوت به‌رز، شیلەی زێدەڕۆیی لە بەخۆباوەڕیی لێ دەتکێت. لە کاتی تووڕەییدا شاڕەگەکانی ملی هەروەکو هەوەسی پیاوانەی ڕەق و توند هەڵدەماسێن. وەک ئەوەی قسە بۆ منداڵانی خۆی بکات، بە پێوە ڕادەوەستێت و سەربازەکانیش دانیشتوو، پێیان دەڵێت: “ئێوە ئیدی لە "کانساس" نیین، بەڕێزان، ئێوە لە پاندۆران، ئەوە واقیعێکە دەبێت قبوڵی بکەن، هەموو چرکەیەک و هەموو ڕۆژێک، ئەگەر بە ڕاستیی دۆزەخێک هەبێت ڕەنگە پاش بینینی پاندۆرا، ئارەزوو بکەن لەوێندەرێ بوونایە، هەموو شتێکی ئێرە، پادار بێت، بفڕێت یان لە قووڕاودا پێچ بخوات دەیەوێت بتانخوات و گلێنه‌ی چاوتان دەربهێنێت. ئێوە رووبەرووی بوونەوەرێک دەبنەوە کە ناویان ناڤی یە... ئەوانە زۆر بە زەحمەت دەکوژرێن... کاری من پاراستنی ئێوەیە ... بەڵام ڕەنگە نەتوانم هەمووتان بپارێزم... ئێوە دەبێت پێڕەوی یاساکان بکەن، پێرەوی یاساکانی پاندۆرا”.
جەیمس کامیرۆن پاشان نیشانمان دەدات کە کۆلۆنێل میلیس کواریچ مەبەستی لەو یاسایانە کامانەیە و بۆچی داوای دیسپلینێکی کوێرانەی لەو جۆرە دەکات. تەنها ڕێگایەک کە بگاتە ناو دڵی دانیشتوانی ڕەسەنەوە و لەوێوە بتوانرێت زەفەریان پێ ببردرێت، دروستکردنی بوونەوەرێکە کە بە شێوە و هەیکەل لە خۆیان بچێت و وەکو ئەوانیش بیر بکاتەوە. بەڵام، بە هیچ شێوەیەک هەست و نەستی نەبزوێت و بزانێت کە کار و ئەرکی سەرشانی کۆکردنەوەی زانیاریی و لێدانە لە دانیشتووانی ڕەسەن، نەک هۆگربوون و حەزلێکردن و شەیدابوونیان. واتا ئاڤاتار دەبێت بەکرێگیراوێک بێت لە دانیشتووانی ڕەسەن و تەنها بە شێوە و هەیکل لەوان بچێت، نەک بە هەست و نەست و سەربەرزیی و شانازیی.
پارکر سێلفریدج Parker Selfridje بەڕێوەبەری سڤیلی ئۆپەراسیۆنەکە حاڵی نابێت بۆ د. گرەیس ئۆگۆستین، کە سەرپەرستی زانستیی ئۆپەراسیۆنەکەیە لە ئەسڵی کارەکە تێناگات و پێی وایە ئۆپەراسیۆنەکە حەتمەن دەبێت کارێکی زانستیانەی بێلایەن و زەرەرنەگەیەنەر بێت. پارکر بە هه‌ستێکی ئامۆژگارییەوە بە د. ئۆگۆستین دەڵێت: “ئێمە لەبەر ئەمە لێرەین [بەردێکی ڕەشی بچووکی نیشان دەدات] لەبەر ئەم “ئەنئۆبتەینیۆم unobtainium” ـە. چونکە ئەم بەردە ڕەشە بچووکە، یەک دانە کیلۆی بە ٢٠ میلیۆنە. پارەی هەر هەمووی دەداتەوە، پارەی زانستەکەی تۆ، ئەو دڕندانە [مەبەستی لە دانیشتووانی ڕەسەنە] هەڕەشە لە بەردەوامیی هەموو ئۆپەراسیۆنەکەمان دەکەن...کاری تۆ ئەوەیە کە لە کاتی ڕوودانی شەڕێکدا چارەسەرێکی دیپلۆماسیی ببینیتەوە”.
بەلام زوو تێدەگەین چارەسەرە دیپلۆماسیەکە ئەوەیە کە لە باشترین حاڵەتدا لە جیاتی ئەوەی دانیشتووانی ڕەسەن بە بارووت لە ناوببردرێن، بە وێنەیەکی درۆزنە لە خۆیان، فریو بدرێن و ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکرێن.
جەیمس کامیرۆن خودئاگا (دانسته‌) دوو ناوی تایبەتی بۆ ئەو دوو کەسایەتیە هەڵبژاردووە. پاشناوی بەڕێوەبەری سڤیلی ئۆپەراسیۆنەکە ناوی سێلفریدج Selfridje ـ ـە، کە لە ئەسڵدا، دوور لە واقیعی فیلم، ناوی یەکێک لە فرۆشیارە بازرگانیە زنجیرەییەکانی بریتانیایه‌ و نوێنەرایەتی سەرمایەداریەکی ئازادی بێ ڕەشمە دەکات، و و گرەیس ئۆگۆستین Grace Augustine کە ناوی بەڕێوەبەری کارە زانستیەکەیە گاڵتەکردنێکە بە شێوازی کۆلۆنیالیزم کە بە ناوی ئایین و زانستی بێلایەنەوە دەست دەخاتە کاروباری نەتەوەگەلی بندەستەوە. لە ئەسڵدا، دوور لە واقیعی فیلم، “ئۆگوستین” یەکێکە لە هەرە پیرە بەناوبانگەکانی جیهانی کریستیانیزم (مه‌سیحی) و بێشکەی بیری بڵاوکردنەوەی کریستیانیزمە بۆ گەیاندنی بیری کریستیانیزم لە ڕێگای میسیۆنەوە. پێشناوەکەی، واتە “گرەیس”، بە زمانی ئینگلیزی گەلێک فرەواتایە. گرەیس بە ماناگەلی وەکو “شۆخ، نیان، بەبەزەیی، میهر، جێ متمانە، سوپاسمەند، بەسەبر” و شتی لەو جۆرە دێت. کەواتە ئەو پیاوان و ژنانەی گویا زانستکاری سیستەمی کۆلۆنیالین بە ناو و پاشناوەوە شیلەی مرۆڤایەتیان لێ دەتکێت. مەبەستیان خاوێنە و ئەگەرچی هەر شتێک کە دەیکەن لە قازانج و بەرژەوەندی دەستەڵاتی داگیرکەردایە، بەڵام زانستێکی بێلایەن و بێمەبەستی سیاسیی ئەنجام دەدەن.
هەروەکو چۆن شاعیران و ئەدیبانی نەتەوەی سەردەست شیلەی مرۆڤایەتیان لێ دەتکێت، بەڵام یەک دانە شیعری دوو دێڕێ بە سەر برینی منداڵێکی نەتەوەی بندەستدا ناخوێننەوە، ئەمانیش لە پراکتیکدا هەر لە هەمان عەیارن. قازانج هەمیشە بۆ ناوەندی دەستەڵاتە. هەموو رێگاکان دەچنەوە سەر ڕۆم.
لێ کاری داگیرکەر هەروا هاسان ناچێتە پێش. کورد گوتەنی حیسابی ماڵ لەگەڵ بازاڕدا نایەتەوە.
پاندۆرا لە دوور ڕا و لە نیزیکیشەوە بە سەرزەمین دەچێت. تەنها جیاوازیەکی پاندۆرا لەگەڵ زەویدا ئەوەیە کە هەواکەی تۆکسیکە، واتە مرۆڤ ناتوانێت بۆ هەناسەدان بەکاری بهێنێت. جەیمس کامیرۆن پێمان دەڵێت، خاکی نەتەوەگەلی بندەست هەروەکو ئەوی سەردەستە، بەڵام لەوێ ژیانکردن و مانەوە هاسان نییە، چون هەوایەکی تێدایە که‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌. هەوا بۆ جەیمس کامیرۆن سیمبوڵی نەخواستن و بەرەنگاربوونەوە و ڕق و کینەیە دژ بە داگیرکەر. هەوای تۆکسیک، کە داگیرکەر دەبێت بە ماسکەوە، تیایدا بژی، سیمبولە بۆ هەستی خەباتێکی ئازادیخوازیی کە موزیکی سەمای داگیرکەر دەشیوێنێت.
بەڵام د. ئۆگۆستین دژ بە زەبر و توندوتیژیی و شەڕە. وردە وردە بۆی دەردەکەوێت کە بەرێوەبەرایەتی سڤیل و سەربازیی ئۆپەراسیۆنەکە چیان مەبەستە و خودی ئامانجەکە هەموو شێوازەکان بۆ ئەوان پیرۆز دەکات و وەڵامی پارکر سێلفریدج دەداتەوە: “دوواترین ئارەزووشم ئەوە نییە کە هەرزەکارێکی شەیدا بە تەقەکردن ببینم”.
پارکر سێلفریدج کە شەیدای زوو تەواوبوونی ئاڤاتارە وەڵامی دەداتەوە: “ئەگەر لەوان بچین وردە وردە بڕووامان پێدەکەن. خوێندنگامان بۆ دروست کردوون، ئینگلیزیمان فێر کردوون، ئەمە جەند بخایەنێت...؟”
جەیمس ساڵیی، ئەو ئاڤاتارە سەرکەوتووەی وەبەرهەمهێنراوە لە یەکێک لە مەشقەکانیدا دەکەوێتە ناو جەنگەڵستانی پاندۆراوە و پاش بێنەوبەرە و ڕاکەراکێکی زۆر کچێک ڕزگاری دەکات. ئەو خانمە لە پرۆسەی رزگارکردنی جەیک ساڵییدا ناچار دەبێت هەندێک ئاژەڵی دڕندەی خاکی خۆی بکوژێت کە جەیک ساڵیی بە گەوجیی خۆی تووڕەی کردوون و ئەوانیش شاڵاویان بۆ بردووە. ئەو خانمە دڵی بۆ ئەو قوربانیانە بریندارە و لەگەڵ جەیمس ساڵییدا دەکەوێتە قسەوە.
- دەزانم کە ڕەنگە لەمە حاڵی نەبیت. هەمووی خەتای تۆیە کە ئەوانە مردن، بەڵام گەوجیت و وەکو منداڵێک کەللەشەقیت.
- لە کوێ فێری ئینگلیزی بوویت؟
- تۆ هەر دەڵێی منداڵیت!
ئەو خانمە ناوی نەیتیریNeytiri ـ ـە، کچی خاتوو مواتMo'at ـ ـە کە سەرۆکی ڕۆحیی خێڵەکەیە، کاتێک کە جەیک ساڵیی دەهێنێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ بنکەی سەرەکیی دانیشتووان. پاش قسەوباسی ناوخۆ کە جەیک ساڵیی وەکو هاووڵاتیەکی پاندۆراما قبوڵ دەکرێت، موات، دایکی نەیتیری، بە نەیتیری کچی دەڵێت: “کچەکەم، فێری نەریت و خووی ئێمەی بکە. با وەکو ئیمە قسان بکات و بڕوات” و ئەوجا ڕوو دەکاتە جەیک ساڵیی و پێی دەڵێت: “بڕیارمان دا: کجەکەم خەریک دەبێت فیری نەریتمانت بکات. با بزانین دەتوانین شێتیەکەت تیمار بکەین!”.
جەیمس کامیرۆن لە درێژەی بیری وردی خۆیدا هێزی سەرەکیی بە دوو خانم دەبەخشێت. موات خانم سەرۆکی ڕۆحیی خێڵەکەیە و نەیتیری کچی پیادەکار و فێرکارە. لەوێدا ژن خاکە، هەوایە، نەریتە، خووە، جەیمس کامیرۆن دەزانێت کە داگیرکەر لە باشترین حاڵدا گەوجێکی منداڵ ئەقڵ و لە خراپترین حاڵدا تەنانەت بکوژی ئاژەڵە دڕندەکانیشە. داگیرکەر شێت و وێتە. موات خانم ئەوە دەزانیت بۆیە بەو هیوایەوە کچەکەی خۆی ڕادەسپێرێت کە ئاڤاتار فێری نەریت و خووی خۆیان بکات و تێی بگەیەنێت کە ئەمانیش بوونەوەرن و دەبێت بۆیان هەبێت لەسەر خاکی خۆیان بژین، “با بزانین دەتوانین شێتیەکەت تیمار بکەین!”
ئەوانەی ئەدەبی کلاسیکی کۆلۆنیالیزم و ڕەگەزپەرستیان خوێندووەتەوە لە زۆر ڕەهەندی داگیرکەریی تێدەگەن. یەکێک لە ڕوونترین و دیارترین ئوسلوبی داگیرکەر ئەوەیە کە نەتەوەی بندەست نابینێت. ئەو دیدە دیدێکی پیاوسالارانەی سەردەست سالارییە. نەبینین یەکێک لە ناشیرینترین و بەد ڕەووشترین شێوەی بەرخوردە لەگەڵی ئەوی بەرانبەردا. نەبینین شێوەیەکی توندە لە سووکایەتی پێکردن، لە نەخوێندنەوە، لە بەهیچ دانەنان، لە ئەرزش بۆ دانەنان.
جەیمس کامیرۆن هەموو ئەوەی لە سڵاوێکدا بۆ نەتەوەی بندەست کڕیوەتەوە. سڵاوی “ناڤیەکان” لە کوڕەی پانۆڕا دا بریتیە لە ”دەتبینم”.
ئەوان ناڵێن سەلام/ سڵاو/ های/ هێی/ مەرحەبا و هتاد. ئەوان دەڵێن ”دەتبینم“.
هیچ سڵاوێک بە هیج زمانێک هێندەی وشەی “دەتبینم” شیرین نییە. ئاخر بۆیە زۆربەی شیعر و شاکاری خۆشەویستیی نائاکام لە گلەیی و ڕازونیازی “بۆ نامبینیت و کەی دەمبینیت و تۆ نامبینیت” دەست پێ دەکات. بینین ڕێزە، خۆشەویستییە، میهرە، قبوڵکردنە، پێزانینە. سەلماندنی هەبوونی ئەوی دیکەیە. بینین هەنگاوێکە بۆ تێگەیشتن کە ئەوی دەیبینیت دەبێت مافگەلیکی هەبێت.
چەند خۆشە کاتێک خۆسەویستێکی خۆت دەبینیت، ڕووی تی دەکەیت و پێی دەڵییت: دەتبینم!
مرۆڤ هەتا زیاتر کەسێکی خۆش بووێت، زۆرتر و باشتر حەز دەکات بیبینێت.
سیاسەتی کۆلۆنیالیی و رەگەزپەرستیی کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە بوون و لە ماف دادەمەزرێت، بناخەکەی نەبینینە، نەبینینی ئەوه‌ی بندەستە. هەروەکو چۆن سیستەمی پیاوسالاریی هەبوونی ژن، تا ڕادەی نەبینین، نادیدە دەگرێت.
پارکر سێلفریدج ناڤیەکانی پێ دڕندە و ناشارستانییە، چونکە مل بە ژێردەستەیی نادەن. هەرچۆن ئیمانۆیل کانت پێی وابوو دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمەریکا ئەوەندە دڕندە و ناشارستانیی بوون کە دەیگوت دژ بە “کۆلۆنیالیەکانیشمان” شەڕ دەکەن، ئەمانیش تیری دەستی ناڤیەکان کە لە چاو هێزی خودایی خۆیاندا هەر هیچ نییە، بە شەڕخوازیی دەچوێنن. پارکر بە جەیک ساڵیی دەڵێت بچۆ ناویان و لێیان تێبگە “بزانە ئەو مەیمونانە چیان دەوێت”.
نەتەوەی سەردەست لە خۆی پرسیار دەکات: نەتەوەی بندەست چی دەوێت؟
شۆخیی و جۆک ئەگەر سیاسیی نەبن، بەکەڵکی چی دێن؟

ئەو جا بە د. گرەیس ئۆگوستین دەڵێت “ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێگاوبان و خوێندنگا و نەخۆشخانەیان بدەینێ بەڵام ئەوان هەر حەز دەکەن لە قوڕاودا بژین. گرفتەکە ئەوەیە کە گوندە نەفرەتەکەیان کەوتووەتە ناوەڕاستی ئەو شوێنەوە کە کانگای “ئەنئۆبتەینیۆم unobtainium” لێییە”.
بە کورتی، ئەگەر وەری بگیڕینە سەر زمانێکی ئاسایی، پارکر پیمان دەڵێت: ناچارین بیانکوژین.
د. گرەیس وەڵامی دەداتەوە: ئەی ئەگەر نەیانمگواستەوە؟
- کوشتنی ئەو دانیشتووانە ڕەسەنانە خۆش نییە، بەڵام پشکدارەکان/ ئەکسیەدارەکان/ بۆرسکڕەکان داوای سەرئەنجام و قازانج دەکەن.
پارکر پێشنیاریکی زۆر هاسان و پراکتیک دەخاتە بەردەست. سیاسەتی وێنجە یان قامچی. نەتەوەی بندەست دەبێت یەکیکیان هەڵبژێرێت.
لە کوردەوارییدا وێنجەی تازە و سەوز بە نێوچاوانی ئەسپەوە دەبەستن. ئەسپەکە بە چاو و بۆن وێنجەکە دەبینێت و بەو عیشقەوە کە زاری وێ بکەوێت وەدووی ئەو شوێنە هەڵدێت کە سوار ئاراستەی دەکات. سیاسەتی وێنجە ئەوەیە کە ئەوی سەرێ شتێک بەوی خوارەوە نیشان دەدات و پێی دەڵێت ئەمەت دەدەمێ گەر بە گوێم بکەیت. ئەگەر نا ئەوە سیاسەتی قامچی/ شوڵک چاوه‌ڕوانته‌. پارکر پێیان دەڵێت سیاسەتی وێنجە ئەوەیە کە ئێمە هەر ئەوەندەی دەستکەوتی خۆمان وەگیر بکەوێت ئەوا لەسەر میهر و بەزەیی خۆمان کە ڕاستەوخۆ نەتانکوژین و وڵاتتان خاپوور نەکەین، بەردەوام دەبین. ئەوە پێشنیاری کۆلۆنیالە بۆ کۆلۆنیکراو. بۆ ئەو مەبەستە پارکر سێ مانگیان پێدەدات، دەنا “پاشان بلدۆزەرەکانیان تێ‌بەر دەدەین”.
"بلدۆزەر"ـەکان سەگی نوێی خودای تێکنیکن. هەر تەگەرێکیان هێندەی سەد کەسی نەتەوەی بندەست دەبێت. خودایەکی ئاسنینی وەحشیین، وەکو دێوی خەیاڵی قورس و چوارگۆشە و ناڕەسەن، بە سەر هەر شوینێکدا بڕۆن وەژیر دەست و پێی خۆیانی دەنێن. گۆشت و خوێن و ڕووەک و دار و ئاژەڵ خۆیان لە بەریاندا ناگرن.
کاتێک هەندێک شت ڕوو دەدات کە ناڤیەکان پێیان وایە بەداخەوە لەوە ناچێت کار کردن لەگەڵ “ئاڤاتار” دا "بەر"(قازانج)ێک بدات و ئاڤاتار دروستکراوێکە هەر بە قازانجی داگیرکەران دەبزووێت، “تسووتەی”، ئەو کوڕەی کە دەیەوێت دەستگیرانیی تیرانیی بکات، بە تیرانی دەڵێت: “بڕوانە ئەم بێگانەیە هیچ فێر نابێت، بەردێک باشترە”.
پاش شەڕ و ماڵوێرانیەکی زۆر دەبینین کە چۆن کۆلۆنێل میلیس کواریچ، فەرماندەی هیزی ئۆپەراسیۆنەکە، لە ناو جامخانەی پێشەوەی هێلیکۆپتەرێکی زەبەلاحدا بە پێوە ڕاوەستاوە و لە ناوەڕاستی هێرشەکەدا کە لە خوار خۆیەوە نیوەی پاندۆرا لە ئاگر و دووکەڵ و خوێندایە، ئەم بە کاوەخۆ قاوە دەخواتەوە و لە ڕووخسار و گەروو و چاویدا دەبینین، دوور لەو ئازارەی خوارەوە چێژ لە قاوەکە وەردەگرێت، وەک ئەوەی لە باڵەخانەیەکی مانهاتان ڕاوەستابنێت و لە دەرەوە بڕوانێت.
ناڤیەکان لە ناو دووکەڵ و ئاگر و بارووتدا بە دەم هەڵهاتنەوە لە گەرووی مەرگ تیر لە تیردانه‌کانیان دەردەهێنن و کەوانەکانیان ڕوو لە سەرەوە دەکەن و ژێکان ڕادەکێشن. تیرەکانیان هێندەی پاڕانەوەی ڕاکشاویک لە سەرەمەرگدا بڵند دەبیتەوە و لێرەولەوێ زۆر لە خوار قووڵایی دووکەڵ و ئاگر و بارووتەکەدا خول دەخۆن.
ئەو دەم کۆلۆنێل میلیس کواریچ بە سپاسالاری هێزەکەی خۆی ڕادەگەیەنێت: “ ببینە، ئەوە دەست دەکەنەوە، کەواتە ئێوەیش دەست بکەنەوە” ... “ئێمە وەڵامی تیرۆر بە تیرۆڕ دەدەینەوە”.
لە شاڵاوی دووهەمدا، گڕی بە باڵای خۆیدا ئاوێزان لە خاک و هەوای پاندۆرادا زیاتریش بڵند دەبێتەوە. کۆلۆنێل میلیس کواریچ بە دەم قاوەخواردنەوەوە بزەی دێت: “ئا ئاوا پیاو سیسرک ڕاو دەنێت”.
لەو ڕێگایەوە کە دەبینین درەختی ژیانی ناڤیەکان لە پاندۆرا وردوخاش دەکرێت، جەیمس کامیرۆن نیشانمان دەدات کە داگیرکەر خودئاگا سیمبولی مێژوویی و پێکهاتەگەلی نەتەوە و نەتەوەبوون وێران دەکات. درەخت تەنها شتێکە لە بووندا کە سەرێکی لە ناو خاک و سەرەکەی دیکەی لە ناو هەوادایە. هەموو ئەوانەی دیکەمان ناچارین بێ ڕەگ و ڕیشە لە مانای خۆشەویستیی خاک حاڵی ببین.
ئێمەی بوونەوەری دیکە هیچ ڕەگ و ڕیشەیەکمان لە خاکدا نییە کە وا بەو شێوەیەش خۆشمان دەوێت. درەخت مەمکی خاکە.
خولاسەی هەموو ئەوە دەبێت بەو سەرئەنجامەی کە باوکی نەیتیری کە لە سەرەمەرگدایە دەگەیەنێتە “ئەی کار چەس؟”. ڕوو دەکاتە نەیتیری کچی و پێی دەڵێت: “کچەکەم تیر و که‌وانه‌که‌م هەڵبگرەوە و نەتەوەکەت بپارێزە”.
کاتێک نیلسۆن ماندێلا، پاش سی ساڵ زیاتر لە خەباتی ئاشتی و بڕووابوون بە خەباتی دوور له‌ گرژی لە ساڵی ١٩٦١ دا نەک هەر بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی Umkhonto we Sizwe، “ڕمی نەتەوە”، بەڵکو بوو بە فه‌رمەندەی ئەو هێزەیش، تێگەیشتن لێی هاسانە. نەتەوەی بندەست زوو یان درەنگ هەر دەبێت دەست بۆ ڕمی خۆی ببات و بیهاوێژێت. لە سەرەتادا حەتمەن ئەو تیر و ڕمانە کەمڕۆ و بێهێز دەبن، بەڵام پاش ماوەیەک هێز و نهێم پەیدا دەکەن.
هیچ قەلایەک بەرگەی تیر و ڕمێک ناگرێت کە زانایانە بیانەوێت تۆڵەی درەخت و خاک بکەنەوە.
هێزی ڕمەکان هەر بە تەنها لە توانای هاویشتنیاندا نییە، بەڵکو لە جۆنیەتی هاویشتنیاندایە.
ئاڤاتار ـی جەیمس کامیرۆن
ئاڤاتاری جەیمس کامیرۆن لە سەرەتادا دروست ئەوەیە کە داگیرکەر دەیهەوێت. بوونەوەرێک کە لە نەتەوەی بندەست دەچێت، وەکو ئەوان دەخوات و دەخواتەوە و ڕادەکشێت و ڕادەکات و دەبزوێت، بەڵام کە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست کراوە کە بزانێت نەتەوەی بندەست چۆن بیر دەکاتەوە و تێبگات کە چۆن بە هاسانیی زەفەریان پێ دەبردرێت. جەیمس کامیرۆن بەوە ڕازی نییە. ئەم لە وێنەیەکی سوریالیزمدا ئاستێک نەتەوەی بندەست دەباتە سەرێ، وا کە بتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەو بیچمە دروستکراوەیش هەبێت، هەست و خۆشەویستی بکەن بە بەریدا و بە قازانجی خۆیان بیخەنە کار. بەو شێوەیە خەباتی ئازادیخوازی ناڤیەکان لە پاندۆرا بە لای سه‌رکه‌وتندا دەشکێتەوە. تابلۆیەکی سوریالیستی، شۆڕشگێڕی بوونیکی ئیتوپیایی ، سەرکەوتنێکی پڕحەسرەت،
لە کۆتاییدا گوێمان لێ دەبێت: “خەڵکانێک کە لە ئاسمانەکاندا خاوەن هێزن پەیامی خۆیان پێ گەیاندنین، پەیامەکەیان ئەوە بوو کە ئەوان دەتوانن هەر جییەک ببەن کە دەیانەوێت... بەڵام ئێمەش پەیامێکیان بۆ دەنێرین. نیشانیان دەدەین کە ئەمە خاکی ئێمەیە...”
نەتەوەی بندەست هەر بەوەندە رازییە کە گرەوەکە بباتەوە، و شەیدای خوێنڕشتن نییە، وا کە هەلی بۆ ره‌خسا وەدووی داگیرکەر هەتا ئەو پەڕ ئاسۆ بکەوێت. داگیکراو دەیەوێت لە پراکتیکدا بیسەلمێنێت کە “ئەمە خاکی ئێمەیە”.
خواستی جەیمس کامیرۆن بۆ ئەو بەهێزیە ڕۆشنبیریی و بیریی و ڕۆحیەی نەتەوەی بندەست دژ بە داگیرکەر تامەزرۆییەکە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کە لە گەرووی زۆرینەی جەوان و گەورەساڵ و بەساڵداچووی نێر و مێی چەوساوانی سەرزەمیندا هەیە، بەڵام هەندێک جار داگیرکەر ئاڤاتارگەلێک دروست دەکەن کە لە زۆر شوێنی خەباتی ئازادیخوازییدا جێ دەگرن، ژمارەیان زۆرترە، باشتر مەشقیان پێکراوە کە لە بنکەسەربازیەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و چ خۆشەویستی و سۆزێکیان بەرانبەر خەڵکی خۆیان نەماوە، دەستیان بە پارەی دزراو زەرد و بە خوێنی ڕژاو سوورە، ڕوویان بە هاوکاریی لەگەڵ ناوەندی داگیرکەردا ڕەشە و جەستەیان بۆنی ئەو دووکەڵی بۆردومانەی لێ دێت کە بە سەر پاندۆرا و کوردستان و هاوشێوه‌کانیاندا پەنگی خواردووەتەوە.
ئەو ئاڤاتارەی جەیمس کامیرۆن نەخشی کێشاوە ڕەگێکی مرۆڤپەروەریی تێدا ماوە کە کاتێک ئاو بدرێت ڕووەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و لە هاواری بندەستان بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاریی حاڵیی دەبێت، لەبەرئەوە بوونێکی بە هەستە، زوو تێدەگات، کۆدەکان دەخوێنیتەوە و لە ڕەهەندە جیاوازەکان حاڵی دەبێت، هاوهەست و هاوخەباتە و لەگەڵ دایە.
لە زمانی کوردیدا ڕەنگە “ئاڤاتار” بە مانای “کەڵەک” بێت. کەلەک ئەو شتەیە کە لە جیاتی بەلەم سوودی لی وەردەگیرێت و بە هەردوو دیودا هەر کەڵەکە. کەڵەک بە مانای فریودانیش دێت، جون هەردوو دیوەکەی هەر وەک کەڵەک کار دەکات. خودی وشەکەیش وا پێ دەچێت بەر هەناسەی ساردی زەرەرلێکەوتووی کورد کەوتبێت کە بە پێچەوانەیشەوە بخوێنرێتەوە هەر دەبێتەوە بە “کەڵەک”.
ئاڤاتار گه‌لێکی جیا لە “ئاڤاتار”ـەکەی جەیمس کامیرۆن هەن کە لە دونیای واقیعدا زەرەر زۆر دەدەن و هەر واش دەمێننەوە. ئەو ئاڤاتارانە زوو دەناسرێنەوە. لە هەیکەل و بیچمدا لە من و تۆیەکی گشتیی ئازادیخواز دەچن، زۆر جار لە بریتی سوێندی سێ تەڵاقە، سوێند بە خاک و ئاو و قوربانیەکان دەخۆن و تەنانەت خۆیان دەکەن بە خاوەنی قوربانیەکانیش، بەڵام جیاوازیەکیان هەیە کە زوو دەناسرێنەوە: ئەوانە سەربەخۆییخواز نیین و گرینگی بۆ ئه‌وان خۆیانن نه‌ک نیشتمان و نه‌ته‌وه‌.
ئەو ئاڤاتارانە هەر ئەوەندە نییە کە سەربەخۆییخواز ننین، بەڵکو هەروەها دژ بە سەربەخۆیخوازیین و لە ناوەرۆکدا کۆنترۆڵکراون و بە وشەی سەربەخۆیی و ڕزگاریی ڕەنگیان دەپەڕێت، وشەکان لە سەر زمانیان دەبێت بە پرتەپرت و چاویان بەرایی نایەت ئاسۆی ئازادیی ببینن.
هەموو کارێکی ئەوانە بۆ ئەوەیە خەڵک لە رێچکەی ئازادیخوازیی و ڕزگاریخوازیی دوور بخەنەوە.
ئەوانەی لە ئاڤاتاری جەیمس کامیرۆن و لە جەیمس کامیرۆن خۆی تێدەگەن، گرینگە بتوانن زوو ئاڤاتاری لە دەستدەرچوو بناسنەوە. ئەوە بەشێکی گرینگە لە کردنەوەی گرێکوێرەی بندەستیی و داگیرکراوی.


ڕێبوار ڕەشید
١٥/٧/٢٠١٠


 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com