گۆڤاری لڤینیش به‌شداره‌ له‌ سوكایه‌تی به‌ ئه‌ی ره‌قیب

  

 



دوای ئه‌وه‌ی عه‌لی باپیر سوكایه‌تی به‌ سرودی (ئه‌ی ره‌قیب)كرد، كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس وه‌ك یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌، سه‌رزه‌نشتی عه‌لی باپیرییان كردو پێیانوت بۆت نییه‌ سوكایه‌تی به‌و سروده‌ بكه‌یت، هۆشداریشییان پێدا ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و سوكایه‌تییانه‌ی به‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، بۆی نییه‌ باسی كوردایه‌تی بكات، ئه‌م ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هێزه‌ ئیسلامییه‌كانی تریشی نیگه‌ران كرد، بۆیه‌ كه‌وتنه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و پاساو هێنانه‌وه‌ و هێرش كردنه‌ سه‌ر ئه‌و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه‌، تا ئێره‌ به‌ شتێكی نۆرماڵی ده‌زانین كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌یان هه‌بێت، چونكه‌ به‌شێك له‌ ئه‌خلاقیاتی سیاسی له‌ كوردستان، له‌سه‌ر تۆمه‌تبار كردن و دروستكردنی وێنای ناشیرین بۆ نه‌یاره‌كانییان بونیاتنراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ئه‌خلاقی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ بیرییان به‌لای دیكتاتۆرییه‌تدا ده‌شكێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی نیگه‌ران كرد، ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانی به‌شێك له‌ هاوكاره‌كانی خۆمانه‌ له‌ گۆڤاری لڤین، كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌مان وێنای ناشیرینی كۆمه‌ڵ و عه‌لی باپیرییان دووباره‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه‌، لڤین به‌و كاره‌ی ده‌یه‌وێت ئێمه‌ش په‌لكێشكاته‌ ناو كۆمه‌ڵێك موهاته‌رات و شه‌ڕه‌ قسه‌ كه‌ كاری ئێمه‌، چونكه‌ هیچ كاتێك نامانه‌وێت به‌شداربین له‌ هیچ كارێكدا كه‌ دژایه‌تی هاوپیشه‌كانی خۆمانی تێدا بێت و تا ئێستا خۆمان له‌و جۆره‌ شه‌ڕه‌ موهاته‌راتییانه‌ لاده‌وه‌ و تا پێشمان بكرێت خۆمان لا ده‌ده‌ین، ئێمه‌ نامه‌وێت بڵێین لڤین له‌ ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی ره‌وتێكی ئیسلامی سیاسییه‌، كه‌ ئه‌مر به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌ ده‌كات، سیاسه‌تی ره‌ش و سپی په‌یڕه‌و ده‌كات و ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیری نه‌كرده‌وه‌، كه‌واته‌ بیر ناكاته‌وه‌، چونكه‌ لڤین دێت و به‌ ئه‌نقه‌ست به‌شدار ده‌بێت له‌ سوكایه‌تی كردن به‌ سرودی (ئه‌ی ره‌قیب)، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی عه‌لی باپیر سرودی (ئه‌ی ره‌قیب) ده‌كات به‌ سرودی پارتی و یه‌كێتی و لڤینیش كه‌مپینی به‌رگریكردن له‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌كات، به‌ هه‌وڵی پارتی دژ به‌ عه‌لی باپیر، بۆیه‌ له‌م بابه‌ته‌دا، لڤین و عه‌لی باپیر وه‌ك دوو رووی یه‌ك دراو ده‌رده‌كه‌ون، چونكه‌ یه‌كه‌مین رۆژ كه‌ ژماره‌، (132)ی رۆژی (11/7/2010) چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی تێدابوو، كۆی دیداره‌كه‌ی لڤین له‌گه‌ڵ عه‌لی باپیر ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت سیمایه‌كی جوان به‌ عه‌لی باپیر بدات و كه‌مپینی به‌رگریكردن له‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌ ئێستا ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی خستۆته‌ ناو ئیحراجبوونێكی گه‌وه‌ره‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا، بكات به‌ موڵكی حیزبێك، بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ عه‌لی باپیر له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ربهێنێت و به‌ خه‌ڵكیش بڵێت ئه‌مانه‌ پارتی هانی داون.
قسه‌كانی عه‌لی باپیر بۆ ئێمه‌ چاوه‌ِراون كراو بوو هه‌م سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ی ره‌قیب و هه‌م سه‌باره‌ت به‌ كه‌مپێنه‌كه‌ی ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆه‌ زمانه‌ی به‌ڕیزیان هه‌موومان پێی ئاشناین ئه‌و وه‌ك هه‌موو سیاسیه‌كانی ده‌یكه‌ی ئه‌م وڵاته‌ راهاتوون له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك وه‌ك ئه‌وان بیرنه‌كاته‌وه‌، پێبڵێن ده‌ستی كه‌سانێكی دیكه‌ی له‌پشته‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ میراتێكه‌ له‌ به‌عسه‌وه‌ بۆ سیاسیه‌كانی ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی كردین، ئه‌و پرسیاره‌ی گۆڤاری لڤین بوو، كه‌ له‌ عه‌لی باپیری كردبوو و تێیدا وێنایه‌ك ده‌دات به‌ ئێمه‌ كه‌ به‌ده‌ستی پارتی ئه‌و كاره‌مان كردبێت، هه‌ر ئه‌وكات دوای چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رنووسه‌ری لڤین و به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌ولێری ئه‌و گۆڤاره‌ و قسه‌ گۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، ئیبراهیم عه‌لی به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌ولێری گۆڤاره‌كه‌ وتی "من هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كه‌مپینه‌كه‌ ده‌ناسم و ئاماده‌م وه‌ك خۆم پۆزشێك بنووسم و داوای لێبوردنتان لێبكه‌م، به‌ڕاستی نیازی من له‌و پرسیاره‌ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئێوه‌ بكه‌مه‌ پارتی". دواتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتین خۆمان روونكردنه‌وه‌ بنووسین و ئه‌وانیش له‌ گۆڤاره‌كه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌،
ئێمه‌ هه‌ر هه‌مان رۆژ روونكردنه‌وه‌یه‌كمان نارد بۆ كاك ئیبراهیم و گۆڤاری لڤینیش داوامان كرد له‌ گۆڤاره‌كه‌دا بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌ڵێنییاندا نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو خۆشییان ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ پێویستی بزانین داوای لێبوردنمان لێبكه‌ن و پۆزشمان بۆ بهێننه‌وه‌، به‌ڵام دوای 10 رۆژ ژماره‌ی نوێی لڤین ده‌رچوو، روونكردنه‌وه‌كه‌ی كه‌مپینیان دانه‌نابوو، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیمان به‌ سه‌رنوسه‌ری لڤین و به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌ولێری لڤینیشه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامییان نه‌داینه‌وه‌، بۆ شه‌وه‌كه‌ی په‌یوه‌ندیمان به‌ هه‌ڵگورد سه‌مه‌د، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی گۆڤاری لڤینه‌وه‌ كرد، ئه‌و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا هۆكاری بڵاو نه‌كردنه‌وه‌كه‌ی نازانێت، به‌ڵام نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌یان بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌ و ئه‌و كاره‌شی به‌نا ئه‌خلاقی وه‌سف كرد، كه‌ هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بیكات.
بۆ رۆژی دواتر روونكردنه‌وه‌كه‌یان له‌ سایتی لڤین پرێس دانا و ده‌ستكاری ناوه‌رۆكی روونكردنه‌وه‌كه‌شییان كردووه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و روونكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وان چووه‌ و وه‌ڵامی ئێمه‌ كه‌ ته‌نها دێڕێك بوو بۆ عه‌لی باپیر لایانداوه‌، ئیتر نازانین له‌ كوێی ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌و مافه‌ به‌ بڵاو كراوه‌یه‌ك ده‌دات، كه‌ ده‌ستكاری ناوه‌ڕۆكی روونكردنه‌وه‌ بكرێت.
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، په‌یڕه‌و نه‌كردنی ئه‌خلاقی رۆژنامه‌نووسیه‌، لڤین له‌ كاتێكدا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، خاوه‌نی یه‌كه‌م په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌وانییه‌ له‌ كوردستان و كارییان ته‌شهیر و بڵاو كردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت نییه‌، بۆچی ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی په‌یڕه‌و نه‌كرد، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ ده‌ستنه‌دانی میسداقییه‌ت؟
كه‌مپین دوای كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی نووسه‌ران، یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕ كه‌ ده‌ستنیشانكرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌یننامه‌كه‌ی بۆ بنێرین، سایتی لڤین پرێس بوو، به‌ڵام ئه‌و سایته‌ ئاماده‌ نه‌بوو، ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌چی وه‌ڵامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌رپه‌رچی كه‌مینه‌كه‌ی دابوه‌وه‌، بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ لڤین سیمای خۆی له‌ راگه‌یاندنێكی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ راگه‌یاندنێك، كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ره‌وته‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كاندایه‌ و ئاماده‌ نییه‌ شتێك بڵاو بكاته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ره‌وتانه‌دا نه‌بێت، چونكه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ كردنییان له‌گه‌ڵ كه‌مپینه‌كه‌، ئێمه‌ دركمان به‌و خاڵه‌ كرد.
پێمانوایه‌ ئه‌و كارانه‌ی لڤین به‌بێ‌ مه‌رام نه‌بووه‌ و ئیتر خۆیان و خوای خۆیان ده‌زانن بۆچی و له‌ پێناو چی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌مپینی به‌ریگری كردن له‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد كرد.
ئایا لڤین به‌م كارانه‌ی كه‌ خۆی وه‌ك به‌رگرییه‌كه‌رێكی سه‌رسه‌ختی عه‌لی باپیر به‌ دیار خست و هه‌وڵی پێدانی سیمای جوان ده‌دات به‌ كه‌سێك كه‌ سوكایه‌تی به‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی خۆی كردووه‌، بێلایه‌نی خۆی ناخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟
ئایا به‌و كاره‌ی ده‌توانێت بڕوامان پێبێنێت كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌یكردووه‌ و ئه‌ویش به‌شێك نییه‌ له‌ سوكایه‌تییه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی كورد (ئه‌ی ره‌قیب)؟
ئایا لڤین بڕیاری داوه‌ شه‌ڕی هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ بكات، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ستافه‌كه‌ی ئه‌ون و ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان خۆی بكات به‌ پاڵه‌وان؟
ئایا درووستكردنی تۆمه‌ت بۆ هاوپیشه‌كانی خۆی نابێته‌ به‌شێك له‌ تیرۆری كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وییان؟
ئایا لڤین درێژه‌ پێده‌ره‌ی هه‌مان سیاسه‌تی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نییه‌ كه‌ هه‌میشه‌ تۆمه‌ت بۆ خه‌ڵك درووست ده‌كه‌ن؟
ئه‌وانه‌وه‌ و چه‌ندین پرسیاری دیكه‌، كه‌ لای ئێمه‌ درووست بووه‌ و وه‌ڵامه‌كانیشیان لای برایانی لڤینه‌.
هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كه‌مپینی به‌رگریكردن له‌ هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد

1- رێبوار ره‌زا چوچانی
2- شوان سدیق
3- به‌همه‌ن عومه‌ر

 

           

 

22/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com