چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

  

رزگاركۆچه‌ر



هاورێ گۆران هه‌له‌بجه‌ییى كادیرى ناسراوى حزبى شیوعى كوردستان
تائێشتاش قیاده‌ی حیزب بۆ ڕێگه‌گرتن ته‌شه‌نه‌کردنی ناڕه‌زایی جۆرێک له‌ شه‌ڕی ده‌روونی و لێپرسینه‌وه‌و ته‌جمیدکردن و نانبرین به‌کار ده‌هێنیت...
رزگاركۆچه‌ر

حزبى شیوعى كوردستان له‌ مێژووى خه‌باتى جینایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یى پێگه‌ى خۆى دیاره‌ ، خه‌بات بێ وچانى شیوعیه‌كان له‌ كوردستان وعێَراق هه‌موو كات خالى وه‌چه‌رخانى زۆربه‌ى زۆرى هیزه‌ شۆرشگیره‌كان بووه‌،‌ ئێستا حزب به‌ هه‌نگاوێكى سه‌خت تێده‌په‌رێت به‌م هۆیه‌ش له‌ ناو رێكخستنه‌كانى حزب رۆز له‌ دواى رۆز ناره‌زاى به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت هاورێ گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یى كادیرى ناسراوى حزبى شوعى كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م پیشهاتانه‌ وه‌لامى چه‌ند پرسیاریكى داینه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی حیزبمانه‌وه‌ حزبی شێوعی کوردستان

ب/ پیت وایه‌ حزبى شوعى له‌ قه‌یرانه‌ ئه‌كه‌ر له‌ قه‌یرانه‌ هۆكاره‌كان چین ؟

به‌رله‌وه‌ی وه‌لامی پرسیاره‌کان بده‌مه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم پیرۆزبایی گه‌رمم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی حیزب ، هاورێ تێکۆشه‌رو ماندوونه‌ناسه‌کان،پێشمه‌رکه‌ دیرینه‌ جه‌سوره‌کان ،هاوڕێیانی قاره‌مانی زیدانی سیاسی ،هاوریێ دیرینه‌کان و ئه‌و هاوڕێیانه‌ش که‌ به‌ هه‌رهۆیه‌ک بێت له‌ حیزب دابروان.
و/ گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی حیزبی تێکه‌وتووه‌ درووستبووی چه‌ند ڕۆژو مانگێک نیه‌ به‌ڵکو قیرانێکی که‌ڵه‌که‌بووی چه‌ند ساڵه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ هه‌مووکات روونترو قوڵتر خۆی نمایش ده‌کات.
هۆکاری ئه‌م قیرانه‌ش که‌‌ به‌رای من هه‌مه‌لایه‌نیه‌ و ته‌نها لایه‌نێکی نه‌گرتووه‌ته‌وه به‌ڵکو هه‌موو جه‌سته‌ی حیزبی ته‌نیوه‌ ،ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ زۆر هۆ که‌ من کاتی خۆی له‌داوی ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ بابه‌تێکمدا که‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌و چه‌ند ماڵپه‌ریکدا بڵاوکرایه‌وه ئاماژه‌م پێدابوون‌،جا به‌ پێویستی ده‌زانم که‌ دووباره‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێکێان بکه‌م.

- نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی داڕیژراو تۆکمه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌وه‌ بۆ واقعی سیاسی کوردستان و کاری حیزبایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی.ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تی حیزب له‌ هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی هه‌ستیارو چاره‌نوسسازدا{ به‌نیسبه‌ت حیزبه‌وه‌} بڕیاری په‌له‌ی داوه‌ که‌ دواجار به‌ زیان گه‌ڕاو‌ته‌وه‌ بۆحیزب.

- ناڕونیه‌ک یا دووفاقیه‌ک له‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تماندا به‌وه‌ی نه‌ له‌به‌ری ئۆپۆزشێۆن بووین‌ نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا‌. به‌م هۆیه‌ش قیاده‌ی حیزب سه‌ری له‌ جه‌ماوه‌ر وته‌نانه‌ت له‌ هاوڕێیانیش شێواندبوو. حیزب له‌ هه‌ر شه‌ش کابینه‌که‌دا به‌ناو له‌ حکومه‌تدا به‌شداربووه‌ به‌م پێیه‌ش‌ بۆی نه‌بووه‌ وه‌ک معارز هه‌ڵسوکه‌وت بکات ،به‌ڵام له‌ واقیعدا حیزب هیچیان نه‌بوو ،چونکه‌ به‌ به‌شداری وه‌زیرێکی بیده‌سه‌ڵات نابێته‌ به‌شدار له‌ حکومه‌تدا ،هاوکات معارزیش‌ نه‌بووه‌ چونکه‌ هێنده‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیک بووه‌و داکۆکی کوێرانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات کردوه‌ هێنده‌ داکۆکی له‌ جه‌ماوه‌رنه‌کردووه‌ و له‌ خواستی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نزیک نه‌بووه‌.

- بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی له‌ کاره‌ دزێو ناشیرین و گه‌نده‌ڵیه‌کانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات که‌ ئه‌مه‌ نه‌ک جه‌ماوه‌ری بیزارکرد به‌ڵکو بڕێکی زۆری ‌ دۆستان و هاوڕییانیشی بێزارو تووره‌کرد .ئه‌وه‌ بۆ 20 ساڵ ده‌چێت سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ نێوان دوو حیزبدا به‌شکراوه‌، قیاده‌ی حیزب بیده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌ . جگه‌ له‌ سه‌رزه‌وی کوردستان که‌ به‌ موڵکی خۆیانی ده‌زانن ئه‌وه‌ته‌ ئاسمان و ژێرزه‌وی وڵاته‌که‌شیان به‌شکردوه‌ ،به‌وه‌ی هه‌ردوو فڕۆکه‌ خانه‌که‌و هێڵه‌ئاسمانیه‌کانیش هه‌ر هی خۆیانه‌و باجی سه‌ر فڕکه‌کان ده‌چێته‌ گیرفانی حیزبه‌وه‌ نه‌ک ده‌وڵه‌ت . سامانی سروشتی ژێر زه‌ویش که‌ نه‌وته‌ ئه‌ویش دابه‌ش کراوه‌ ،ڕۆژانه‌ به‌به‌رچاوی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌وه‌ سه‌دها ته‌نکه‌ری نه‌وتی قاچاخ ئاودی ئێران و تورکیا ده‌کرێت .یه‌کیه‌تی له‌ مه‌رزی باشماخه‌وه‌ ئاودیوی ده‌کات و پارتیش له‌ مه‌رزی حاجی هۆمه‌رانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌رمه‌ی تۆپبارانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر ،ئه‌و قاچاخچێتیه‌ بۆ چرکه‌یه‌کیش نه‌وه‌ستاوه‌ وه‌ک ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ئاماژه‌ی پێدابوو.
- گۆڕانکاری سه‌لبی به‌سه‌ر سترکتورو خه‌سڵه‌ت وفۆرمی چیناتی حیزبدا هاتووه‌ که‌ له‌ حاڵه‌تی ئێستادا هێڵه‌ جیاکاره‌کان له‌سروشتی چینایه‌تی حیزب و حیزبه‌ بۆرجوازیه‌کانی که‌دا به‌ ئه‌سته‌م هه‌ستی پیده‌کرێت. ده‌توانم بڵێم له‌ مۆرک وخه‌سڵه‌ت و میراتکریه‌ چینایه‌تی و شۆڕشگێڕیه‌که‌دا ته‌نها ناو و سومبوله‌که‌مان بۆ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ئه‌ویش چه‌کوش وداسه‌که‌یه‌.
- دابرانی حیزب له‌ جه‌ماوه‌ر ،جه‌ماوره‌ وه‌زه‌و داینه‌مۆ و سه‌رچاوه‌ی حیزبه‌، گه‌ر هه‌ر حیزبێک له‌ جه‌ماوه‌ر دابرا وئامێته‌ی نه‌بوو، هه‌ستی به‌ ئازاره‌کانیان نه‌کرد واته‌ له‌ گه‌شه‌کردن و پێشڤه‌چوون و خۆڕێکخستن داده‌بڕێت .ئه‌مڕۆ مۆنیکاو حیمایه‌وسکرتێرو [ دانیشتن له‌باره‌گای بێده‌نگ و بێ بزوه‌ و خاوێن و پڕ سپلیت و کۆمپیته‌ر] و سه‌فه‌ری به‌رده‌وامی هه‌نده‌ران ،جێگه‌ی به‌ گه‌ڕانی نیو شێخه‌ڵاو مه‌یدانی ماسته‌که‌و بازاڕی کرێکارو حه‌ماله‌کانی باژێره‌کانی کوردستان و سه‌ردانی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان لێژکردوه.
- نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنێکی زیندوو هۆکارێکی دیکه‌ی پاشه‌کشه‌که‌‌یه‌‌،ڕاگه‌یاندن خێراترین و باشترین و کاریگه‌رترین ئامرازه‌ بۆ گه‌یاندی په‌یام و هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر.ئه‌مڕۆ کۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و شێوازه‌کلاسیکیه‌کانی حیزبایه‌تی سه‌رده‌می به‌سه‌رچوه‌،به‌ڵکو راگه‌یاندن ڕۆڵ ده‌بینێت، به‌مه‌رجێک ڕاگه‌یاندێکی هاوچه‌رج و مۆدرن و پێشکه‌وتووبێت و بتوانیت به‌ خێرایی بگاته‌ جه‌ماوه‌ر.به‌داخه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم له‌ ئێستادا دواکه‌وتووترین ڕاگه‌یاندن له‌کورددستاندا حیزب خاوه‌نیه‌تی ، وه‌ک ئاگادارم چه‌ندین جار هه‌وڵدراوه‌ بۆ چاککردنی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ به‌ڵام بڕێک له‌ سه‌رکردایه‌تی حیزب له‌مپه‌ریان خستوه‌ته‌ به‌رده‌م و نه‌یانهێشتوه‌ هیچی لی سه‌ورزبێت . ڕاستیه‌که‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزب زۆر خه‌مسارده‌ له‌مه‌ڕ ڕاگه‌یاندن و به‌ خه‌یاڵیدا نایه‌ت گه‌ر ته‌نانه‌ت ڕێگای کوردستانیش که‌ له‌ئاستێکی نزمدایه‌ له‌کار بوه‌ستێت.گرنگ ئه‌وه‌یه‌ باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسییان بۆ بمێنێت به‌سه‌ .
پ/ ده‌نگێگ له‌ ناو حزبى شوعى قسه‌ له‌سه‌ر گۆرانكارى ده‌كات , له‌م بارودۆخه‌ ناسكه‌ ئایه‌ به‌دیلى موناسب هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جێگاى ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ پێتان وایه‌ له‌نگیان خستۆته‌ نێو رێزه‌كانى حزبى شوعى ؟
و/ ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ نێو حیزبدا داوای گۆڕانکاری ده‌کات ده‌نگێکی مه‌زنه‌و ده‌نگی زۆرینه‌یه‌ ،بێگومان له‌ نێو سه‌رکردایه‌تیشدا هه‌یه‌ به‌ ئاشکرا و هه‌یه‌ شه‌رمنانه‌و له‌ ژێره‌وه‌ خوازیاری گۆڕانکاریه‌ به‌ڵام وه‌ک هه‌ڵوێستی ئاشکراو ڕاسته‌وخۆ بێده‌نگه‌.بڕێک له‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌رکردایه‌تی ده‌مێک به‌ته‌نها ده‌یادوێنی زۆر ناره‌زان به‌ڵام ده‌مێک داوای هه‌ڵوێستیان لیده‌که‌یت بێده‌نگ ده‌بێن ،هۆکاری ئه‌مه‌ش ڕوونه‌ . ناکرێ حیزب له‌م دۆخه‌دا بمێنێته‌وه‌ شکست له‌دوای شکست بچنێته‌وه‌و که‌سانێکیش له‌سه‌رکردایه‌تی وانیشان بده‌ن که‌ حیزب سه‌غڵه‌مه‌. گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت مه‌حاڵه‌ گوڕانکاری ڕوونه‌دات ،لێ ده‌بێ گۆرانکاریه‌ک ره‌فۆرمێک بێت بنه‌ره‌تی بێت و هه‌مووجومگه‌کانی حیزب بگرێته‌وه‌.گه‌ر هه‌نگاو به‌ره‌و گۆڕانکاری نرا بێگومان ئه‌ڵته‌رناتیڤیش دێته‌ ئاراوه‌، چونکه‌ ناکرێت ‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت که‌ به‌رهه‌م هێنه‌ری ئه‌م قیرانه‌بووه‌ جڵه‌وی چاکسازی و ره‌فۆرم بگرێته‌ده‌ست.

پ/بۆچى حزبى شوعى له‌پاش كۆمه‌ڵێ هه‌رس دان به‌ هه‌ڵه‌كانى نانێت ؟ بۆچى سه‌ركردایه‌تى ئه‌م حزبه‌ ئه‌ونده‌ حه‌ز له‌ كلكایه‌تى ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ نایه‌وێت رابردووى پر شكۆى خۆى دوباره‌ بنیات بنێته‌وه‌ ؟

و/ گه‌ربێت وهاوڕیانی سه‌رکردایه‌تی دان به‌ هه‌ڵه‌کانیاندا بنێت ئه‌و ده‌مه‌ ده‌بێ ئامده‌بن بۆ لێپرسینه‌وه‌ش ،له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ شوێن چۆڵکردنیش .بۆیه‌ ئه‌وان له‌بڕی ئه‌وه‌ی دان به‌هه‌ڵه‌ کانیاندا بنێن و داوی لێبوردن له‌ جه‌ماوه‌ری حیزب بکه‌ن و به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی هه‌ڵبگرن، دێن جوانی ده‌که‌ن و له‌ چوارچێوه‌یه‌کی کۆمیدیدا دایده‌رێژن تا به‌دڵی خۆیان بێت و له‌سه‌ریان نه‌که‌وێت .ئه‌وه‌ته‌ له‌دوای هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌م شێوه‌ کۆمیدیه‌ گوزارشت له‌و شکستیانه‌ ده‌که‌ن {وه‌ڵا چاوه‌ڕیی ئه‌م ئاکامه‌مان نه‌ده‌کردو چاوه‌روان نه‌کرابوو بۆمان.} ئا به‌م جۆره‌ ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌‌‌ په‌رده‌پۆش بکه‌ن.
حیزب له‌بری پێداچوونه‌وه‌و‌ زیدووکردنه‌وه‌ی که‌لتووری شۆڕشگێڕی و بره‌و پێدانی له‌ ژیانی حیزبدا که‌وتووه‌ته‌ پاشکۆیه‌تیه‌وه‌ که‌کشانه‌وه‌ لێی ئه‌سته‌مه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌وه‌ پێناسه‌ده‌که‌م که‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ئیمتیازات پاڵنه‌ره‌و هیچی دیکه‌ .

پ/هه‌ندێ له‌ سه‌ركردایتى حزبى شوعى پێیان وایه‌ ئه‌وان له‌ زۆربه‌ى زۆرى حزبه‌شوعیه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ باشترن ئه‌وان كێشه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ هۆكار ده‌بینه‌وه‌ هه‌رسى سوفیه‌ت وبێ هیزَی چه‌پ له‌ كوردستان وناوچه‌كه‌ یه‌كێ له‌م هۆكارانیه‌ به‌راى ئێوه‌ هۆكاره‌كان چین ؟

و/گه‌ر هه‌ندێک له‌سه‌رکردایه‌تی حیزب پێیان وایه‌ حالی ئێمه‌ له‌ حاڵی حیزبه‌ شوعیه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ باشتره‌، ئه‌وه‌ توشی وه‌هم بوون ،چو‌نکه‌ باش و خراپی هه‌رحیزبێک به‌ ڕۆڵ و کاریگه‌یه‌تی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا پێوانه‌ ده‌کرێت نه‌ک به‌ ژماره‌ی باره‌گاو سه‌یاره‌وپاسه‌وان وشتی دیکه‌ .کامه‌یه‌ کاریگه‌ر‌ی حیزبمان؟ کامه‌یه‌ دنگی؟ کامه‌یه‌ هێزوتوانای ؟ جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌مه‌ به‌رواردێکی هه‌ڵه‌یه‌ چونکه‌ گه‌ر حیزبمان له‌سه‌ر ئه‌م میتۆدو سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت به‌دووری نازنم پاش چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ ئێمه‌ش له‌ خراپیدا بگه‌ینه‌ ئاستی ئه‌وان و هێنده‌ بچوک ببیینه‌وه‌‌ خۆزگه‌ به‌ ڕابردوو بخوازین. سه‌یره‌ بۆسه‌رکردایه‌تیمان که‌ حیزبمان له‌گه‌ڵ حیزبه‌ نابووت و خراپه‌کانی ده‌ڤه‌رکه‌دا به‌راوردده‌که‌ن ؟ بۆ له‌ته‌ک حیزب و لایه‌نه‌ چه‌پ و کۆمۆنیسته‌ چالاکه‌کاندا به‌روارد ناکه‌ن تا بۆیان ده‌رکه‌وێت چه‌ند له‌دواوه‌ین.
ڕاسته‌ هه‌ره‌سی بلۆکی سۆشیالیست کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر حیزبمان، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ بکرێته‌ پاساو خۆ ئه‌و کاریگه‌ریه‌ هه‌ر ئێمه‌ی نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ،زۆربه‌ی حیزبه‌ چه‌پ و شوعیه‌کانی جیهانی گرته‌وه‌ .له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێک له‌و حیزبانه‌ توانیان تۆز له‌ خۆیان بته‌کێنن و هه‌ڵسنه‌وه‌و به‌ دیدێکی نوی و ‌به‌گووڕو تینێکی نوێوه‌ بێنه‌وه‌ مه‌یدان و نه‌خشیان هه‌بێت له‌ ژیانی سیاسی ولاته‌کانیاندا.

پ/ په‌رته‌وازه‌ بوونى چه‌پ له‌ كوردستان هۆكاره‌كه‌ى حزبى شوعیه‌ یان ئه‌و هێزانه‌ خۆیان پێگه‌ى جه‌ماوریان لاوازه‌ حزبى شوعى چى بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م هێزانه‌ له‌ دور خۆى كۆبكاته‌وه‌ ؟

و/ ئه‌مه‌ پرسیارێکی گرنگه‌ ،ئه‌مڕۆ چه‌پی کوردستان له‌ خراپترین دۆخدا خۆی نمایش ده‌کات، هه‌تابڵێی لاوازه‌، په‌رتوبڵاوه‌ بی کاریگه‌ره‌ . نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی دروست و پته‌و ‌ که‌ چه‌په‌کان له‌ده‌وری کۆببنه‌وه‌ ،ناکۆکیان له‌ سه‌ر شته‌ بچوکه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌که‌. هه‌ڵپه‌ی هه‌ندێکیان بۆلای ده‌سه‌ڵات ،ڕۆڵی خراپی هه‌ردوو حیزبه‌ گه‌وره‌که‌ له‌ کڕین و ده‌سته‌مۆ کردن ،ده‌ست خستنه‌ ناوکارووباریان ، ئینشقاق درووستکردن به‌مه‌به‌ستی لاوازکردنیان و پاشانیش لوشدانیان وه‌ک پێشتر ڕوویداوه‌ .ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک هۆکارن بۆ لاوازی چه‌پی کوردستان.
ناکرێت ئۆباڵی لاوازی چه‌پی کوردستان بخرێته‌ گه‌ردنی حیزبی شیوعی ،چونکه‌ ئه‌و حیزبانه‌ خۆیان له‌ ڕوی جه‌ماوره‌وه‌ لاوازن ،به‌ڵام گه‌ر به‌دیوه‌که‌ی تردا خوێندنه‌وه‌ی بۆبکه‌ین ئه‌و ده‌مه‌ ده‌کرێ بڵیین حیزبی شیوعی پریشکی هۆکاری ئه‌م لاوزیه‌ی به‌رده‌که‌وێت، {مه‌به‌ستم لاوازی هێزی چه‌پی کوردستانه‌}به‌وه‌ی گه‌ر ئه‌م حیزبه‌ ڕۆڵی ڕاستی خۆی ببینیایه‌ له‌م دۆخه‌یدا نه‌بوایه‌ ئه‌وده‌مه‌ بیگومان کاریگه‌ری ئیجابی له‌سه‌ر لایه‌نه‌ چه‌په‌کانی دیکه‌ش ده‌بووه‌، ده‌یتوانی ببێته‌ پێشه‌نگی هێزی چه‌پ له‌ کوردستاندا،وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ره‌ی چه‌پ به‌هێزده‌بوو ،یانی لاوازی حیزبی شێوعی لاوازیه‌ بۆ هه‌مو به‌ری چه‌پ وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌هێزی حیزب ‌هێز و گوررو تین‌ ده‌به‌خشێته‌ چه‌پ، جابۆیه‌ ده‌توانین بڵین حیزب به‌شێکی هۆکاره‌کانی به‌رده‌که‌وێت.

پ/ تاچه‌ند قاعیده‌ى حزب له‌گه‌ل بۆچونه‌كانى قیاده‌ى ئێستاى حزبه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵى نیه‌ بۆ داواى گۆرنكارى ئه‌م قیاده‌یه‌ ناكه‌ن ؟ تاچه‌ند قاعیده‌ى حزب له‌گه‌ل گۆرانكاریه‌ ؟

و/ له‌ وه‌ڵامه‌کانی پێشتردا تاڕاده‌یه‌ک وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام خراپ نیه‌ قوڵتر‌ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌.هێنده‌ی هه‌ستی پێبکه‌م و به‌رگوێم که‌وتبێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌وده‌مه‌ی له‌ کوردستان بووم هه‌ندێک له‌ هاوریانم له‌ باژێره‌ جیاجیاکان دی، زۆربه‌یان ناڕازین له‌م سیاسه‌ته‌ و زۆریش نیگه‌رانن له‌ ئاینده‌ی حیزب و خوزیاری چاککردنن، وێرای ئه‌مه‌ش له‌کاتی کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی به‌محه‌لیات و قه‌زاو کادیره‌ پێشکه‌وتوه‌کان، به‌ئاشکرا پێیان وتراوه‌ و ناره‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وان به‌ پاساوی لاوازو بی مانا په‌رده‌پۆشی ده‌که‌ن.له‌شوێنێک ده‌ڵین هه‌ر ئێمه‌ ته‌حه‌ملی ئه‌م شکستیانه‌ ناکه‌ین ئێوه‌ش ته‌حه‌مولی به‌شێکی ده‌که‌ن ،به‌مه‌ش ده‌یانه‌وێت گوناهه‌که‌ دابه‌شکه‌ن و که‌می که‌نه‌وه‌ له‌سه‌رخۆیان .یاهاورێیه‌کی سه‌رکرده‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا زۆر چاوقایمانه‌ وتوویه‌تی {خۆ ئێمه‌ به‌ ئینقلاب نه‌هاتووین دووساڵمان ماوه‌ با ته‌واوی بکه‌ین}ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ری بێڕیزیه‌ به‌حیزب و به‌ مێژوه‌که‌ی .گه‌ر ئه‌و هاورێیه‌ زه‌ڕه‌یه‌ک دڵسۆزی و خه‌م خۆری بۆ ئه‌و حیزبه‌ هه‌بوایه‌ ،که‌ بێگومانم نیه‌تی هه‌رگیز قسه‌ی وای نه‌ده‌کرد . من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌ست بکه‌م بوونم له‌ پۆستێکدا زیان به‌ ئه‌و شوێنه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ کاری تیدا ده‌که‌م ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و شوێنه‌ به‌زوویی ده‌ست له‌ کار ده‌کێشمه‌وه‌ نه‌ک بڵێم دوساڵم ماوه‌ ،خۆ ئه‌مه‌ قۆنته‌رات یا گرێبه‌ستی کار نیه‌. لێره‌ باس له‌ چاره‌نووسی حیزبه‌، گه‌ر به‌هۆی چه‌ند که‌سانێکه‌وه‌ کیانی که‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ده‌بی ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کان بین نه‌ک به‌چنگ خۆمانی پیا هه‌ڵواسین.
دیاره‌ داواکاری گۆرانگاری زۆره‌ به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌باشی نه‌خه‌مڵیوه‌ ،تایشتاش قیاده‌ی حیزب بۆ ڕێگه‌گرتن ته‌شه‌نه‌کردنی ناڕه‌زایی جۆرێک له‌ شه‌ڕی ده‌روونی و لێپرسینه‌وه‌و ته‌جمیدکردن و نانبرین به‌کار ده‌هێنیت چونکه‌ ئیمڕۆ زۆرێک له‌ کاردرانی حیزب کروانه‌ته‌ مووچه‌خۆرو زۆرێکیان به‌جۆره‌ها شیوه‌ له‌ باره‌گاکاندا کارده‌که‌ن ،جا‌ هه‌ر سه‌رپێچیه‌ک له‌لایه‌ن ئه‌و کادێرانه‌وه‌ وه‌ڵامه‌که‌ی به‌ لێپرسینه‌وه‌ و ته‌جمیدکردن و نانبڕین ده‌درێته‌وه‌.لێ له‌ته‌ک ئه‌مانه‌شدا ده‌نگی ناره‌زایی به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵکشاندایه‌.هاوکات هه‌ندێک له‌و هاوڕییانه‌ی تا دوێنێ بێده‌نگ بوون ئێستا له‌سه‌ر ڵاپه‌ره‌کانی ریگای کوردستان ره‌خنه‌ له‌م سیاسه‌ته‌ ده‌گرن داوای سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی هاوپه‌یمانیه‌تی ده‌که‌ن ،تازه‌ به‌تازه‌ بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ له‌ ڕابردوودا هه‌له‌بووین .له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ده‌ستخۆشیان لێده‌که‌م له‌م باره‌وه‌.
گه‌رگۆڕانکاری له‌به‌رد‌م سه‌رکردایه‌تی حیزبدا بێت ئه‌وه‌ دووڕێگاهه‌یه‌ له‌به‌رده‌میاندا، یا ئه‌وه‌ته‌ سه‌روه‌ری بۆخۆیان تۆمارده‌که‌ن وبه‌رژه‌وه‌ندی حیزب ده‌خه‌نه‌ پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌نیه‌که‌وه‌ وڕێگه‌ بۆ چاکسازی و نوێکردنه‌وه‌ چۆڵده‌که‌ن، که‌ ئومێده‌وارم وابێت.یا ئه‌وه‌ته‌ له‌مپه‌رده‌خه‌نه‌ ڕێگه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێکی جددی بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌و راستکردنه‌وه‌ی حیزب ،ئه‌مه‌ش یانی له‌گۆڕنانی حیزب که‌ هیچ هاوریه‌کی دڵسۆز ئه‌وه‌ ناخوازێت و چاوه‌رییی ناکات. به‌ڵام خۆ ناکرێت هه‌تا هه‌تایه‌ گوێی خۆیان له‌ئاست ده‌نگه‌ ناره‌زاییه‌کاندا به‌لۆکه‌ بئاخنن،هه‌رده‌بێت ڕێز له‌ ئیراده‌ی زۆرینه‌بگرن.به‌ڵام گرنگ ئه‌ویه‌ هه‌ر هه‌نگاوک هه‌ڵده‌گیرێت به‌ره‌و چاکسازی به‌وجۆره‌بێت که‌ زۆرینه‌ی بنکه‌ی حیزب داوای ده‌کات و ده‌خوازیت و ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ژیانه‌وه‌ی گیانی حیزب ،نه‌ک به‌و شێوه‌ی برێک له‌ سه‌رکردایه‌تی حیزب هه‌وڵبده‌ن به‌ سینارێۆیه‌کی لاواز لێی دربازبن و درێژه‌ به‌هه‌مان سیاسه‌تی کوشنده‌بده‌ن.

پ/ ئێوه‌ چ كارتێكتان له‌ ده‌سته‌ تا قاعیده‌ى ئه‌م حزبه‌ له‌وه‌ بگه‌یه‌نن كه‌ حزبه‌كه‌یان ئه‌وه‌ندى ئێستا له‌ كۆمپانیایه‌ك ده‌چێت ئه‌ونده‌ به‌ حزبێكى شۆرگیر ناچێت كه‌ مه‌فروزه‌ له‌هه‌موو ئان وساتێك قسه‌ى هه‌بێت ؟

و/قیاده‌ی حیزب ئێستا باش ده‌زانێت زۆرینه‌ی بنکه‌ی حیزب چی ده‌وێت به‌ڵام وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پیدا تا بۆیان بلوێت له‌سه‌رهه‌مان سیاسه‌ت به‌رده‌وام ده‌بن، باکیشیان نیه‌ له‌وه‌ی گه‌ر حیزب له‌مه‌ خراپتریشی به‌سه‌ر بێت ،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئیمتیازتانه‌ی هه‌یانه‌ پارێزراوو به‌رده‌وام بێت. من ناڵێم حیزب له‌ کۆمپانیایه‌ک ده‌چێت ،چونکه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حیزب له‌م دۆخه‌ نارازین و دوای چاره‌سه‌رده‌که‌ن و ئاماده‌ن هه‌مووشت بکه‌ن له‌ پێناوی گه‌رانه‌وه‌ی حیزب بۆ شوێنی شیاوی خۆی .به‌ڵام پێده‌چێت و به‌دووری نازانم بڕێک له‌سه‌رکردایه‌تی حیزب سه‌روسه‌ودایان له‌گه‌ڵ بازرگانی و کۆمپانیاوئه‌م جۆره‌ شتانه‌دا هه‌بێت که‌ به‌یارمه‌تی و تیشکی سه‌وزی هه‌ردووزل هێز به‌ده‌ستیان هێنابێت.
من دژی ئه‌وه‌نیم هه‌ر هاوڕێیه‌ک کارو بازرگانی بکات وپاره‌په‌یدابکات و به‌ مافی خۆی ده‌زانم .به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ،ئه‌ویه‌ که‌ مه‌ترسیداره‌ و ده‌بی دژی بوه‌ستین ونه‌فره‌تی لێبکه‌ین.
له‌کۆتایدا هیوادارم ئه‌م به‌رسیڤانه‌ی من له‌لایه‌ن هه‌ندێک هاورێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێکنه‌درێته‌وه‌و پێناسه‌ی هه‌ڵه‌ی نه‌که‌ن به‌ به‌ردا.چونکه‌ لێره‌وه‌ له‌وێ به‌رگوێ و چاوم ده‌که‌وێت که‌ گوایه‌ ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ده‌گرن وده‌ست ده‌خه‌نه‌سه‌ر زامه‌کان و داوای ساڕێژکردنی ده‌که‌ن ، به‌لاده‌رو تێکده‌رو گێره‌شێوێن و نامه‌سئۆل وته‌که‌تولچی و به‌رژه‌وه‌ندی خوازوجۆره‌ها توهمه‌ی دیکه‌ ناویان ده‌به‌ن.
من لێره‌وه‌ به‌و هاوڕێانه‌ ده‌ڵێم ئه‌وجۆره‌ توهمانه‌ بۆ هاوریانی دڵسۆزی خۆتان له‌که‌لتوورێکی ناشیرین و قێزه‌وه‌نه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌‌و به‌رهه‌می عه‌قڵیه‌تی حیزبه‌ تۆتالتارو نادیموکراتی و نه‌فه‌س کورته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوینه‌. ڕۆژانێک حیزبمان محاره‌به‌ی ئه‌م جۆره‌ که‌لتووره‌ی کردوه‌ ،گوناهه‌ ئیمڕۆ خۆی دژ به‌ هاورێکانی پیاده‌ی بکات. من و ئه‌وانه‌ش وه‌ک من بیر ده‌که‌نه‌وه‌ ته‌نها بزوێنه‌رمان دڵسۆزی و خه‌مخۆری وئه‌سه‌ف و نیگه‌رانیمانه‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌ی که‌خاوه‌نی دیرۆکی پر سه‌رفرازی و به‌رخوردانه‌ ، ئه‌و حیزبه‌ی هه‌ریه‌که‌مان مێژوویه‌کی درێژمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا‌ که‌ شانازی پێوه‌ده‌که‌ین وده‌بینین ئێستا به‌ چ بارێکی ناهه‌مواردا گوزه‌رده‌کات، که‌ مه‌گه‌ر ته‌نها دوژمنه‌کانمان پێی خه‌نیبن. من به‌ش به‌حالی خۆم له‌هه‌نده‌ران ده‌ژیم و دوای هیچ ده‌سکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کیش نه‌که‌وتووم و هه‌وڵیشی بۆناده‌م. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌مه قه‌ناعه‌تم پییه‌تی و به‌سمه‌‌ .جابۆیه‌ هیوادارم ئه‌وه‌ نه‌کرێته‌ چه‌کێک له‌دژمان که‌ گوایه‌ شیوه‌نی ده‌ستکه‌وت وپۆست ده‌که‌ین. ئێمه‌ شیوه‌نی ئاینده‌ی حیزب ده‌که‌ین و تاپێمان بکرێت هه‌وڵیش بۆ چاککردنی ده‌ده‌ین، دڵسۆزیمان سه‌رچاوه‌ی هێزو باوه‌ڕمانه‌. هاوکات بێگومانم له‌وه‌ش که‌ زۆر له‌ هاوریان هاوڕاوهاوسۆزن له‌ گه‌ڵمدا . که‌واته‌ با له‌ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان نه‌ترسین و باوه‌شیان بۆ بکه‌ینه‌وه‌ ،مادام هه‌وڵ و مه‌به‌ستیان ڕاستکردنه‌وه‌و سه‌رخستنی حیزبه‌.ده‌با ریگه‌بده‌ین هه‌موو خونچه‌کان بکرێنه‌وه‌ چونکه‌ به‌گوڵی هه‌مه‌ڕه‌نگ و هه‌مه‌بۆن باخچه‌ی حیزبمان ده‌گه‌شێته‌وه‌. با پێکه‌وه‌ هه‌وڵدین حیزبمان له‌م قیرانه‌ ڕزگار بکه‌ین.


 

           

 

04/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com