جه‌نگی له‌بیرکراوی تورکیا  

  

نوسینی : ئه‌میری تاهیری
وه‌رگێڕانی : سه‌عید عارف باپیر




له‌کاتێک دا ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتی نقوم بووه‌ له‌ هه‌واڵی جه‌نگی ئه‌فگانستان دا ، هیچ گرنگیه‌کی به‌رچاو نادرێت به‌و جه‌نگه‌ له‌بیرکراوه‌ی له‌ نێوان سێ هه‌فته‌ی ڕابوردو دا (*) به‌رپابووه‌ به‌ قوربانییه‌ زیاتره‌کانیه‌وه‌‌ . ئه‌و جه‌نگه‌ له‌بیر کراوه‌ ،هی تورکیایه‌ که‌ له‌پێش 20 ساڵه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌ دژی کورده‌یاخی بووه‌کانی که‌ په‌ناگایان له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی دراوسێ دا دابین کردووه‌‌ .

هێزی ئاسمانی تورکی به‌درێژایی سێ هه‌فته‌ی ڕابوردوو ، به‌رده‌وامه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ک په‌لاماردانی ئاسمانی بۆ سه‌ر شوێنگه‌ی کورده‌یاخیه‌کان له‌هه‌من کات دا شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌له‌نێوان هێزی زه‌مینی تورکی و جه‌نگاوه‌ره‌کورده‌کان دا . ئاژانسی هه‌واڵه‌کان ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌وا نزیکه‌ی 100 جه‌نگاوه‌ر ، که‌ 30 دانه‌یان سه‌ربازی تورکین له‌و ماوه‌دا کوژراون که‌ زیاترێکه‌ له‌ ژماره‌ی کوژراوانی جه‌نگی ئه‌فگانستان له‌هه‌مان ماوه‌دا .

له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک پێویسته‌ ئه‌م جه‌نگه‌ له‌بیرکراوه‌ بخه‌ینه‌وه‌ یاد ، له‌وانه‌ :

یه‌که‌م ، له‌وێدا ڕاستیه‌ک پاشگوێ ده‌خرێت ، ئه‌وه‌ش پێشێلی سه‌روه‌ری نیشتمانی عێراقه‌ . تورکه‌کان له‌ ساڵی1991وه ‌وا ڕاهاتون عێراق وه‌کو ناوچه‌یه‌کی جه‌نگی مامه‌ڵه‌ بکه‌ن له‌و ده‌مه‌وه‌ سه‌دام حسه‌ین گلۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵکردوون له‌ چونه‌ ناو باکوریه‌وه‌ بۆ کوشتاری کورده‌کان . ئه‌نقه‌ره‌له‌به‌رابه‌ریدا ڕێی به‌باندی چه‌ته‌ یاساغبه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ خانه‌واده‌ی سه‌دام ئه‌دا به‌ خاکی تورکیادا گوزه‌ر بکه‌ن . ئه‌و پیشه‌یه‌ ، له‌و ده‌مه‌دا نا یاسایی هه‌روه‌ها ناپه‌سه‌دبوو . ئه‌مڕۆ حوکومه‌تی عێراق نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌له‌که‌تی ، دواترو له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌ته‌که‌ خاوه‌نی شه‌رعیه‌تێکه که‌ ڕژێمی تکریتیه‌کان لێی بێ به‌ش بوون ، بۆردومان کردنی ‌ خاکی ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دا ، هه‌تا له‌ژێر سایه‌و بیانوی سه‌رکوتکردنی یاخیبوانیشدا بێت ، به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ک به‌ هه‌نگاوێکی ناپه‌سه‌ند ده‌ژمێررێت .

دووه‌م ،ڕاستیه‌ک لێره‌دا دێته‌ گۆ به‌وه‌ی حوکومه‌تی ئێستای تورکیا ، که‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان پێکی هێناوه‌ ، به‌شێک له‌ ئابڕو باشی خۆی له‌ سه‌رکۆنه‌ کردنی په‌لاماره‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ سه‌ر کورده‌کانی عێراق بنیات ناوه‌‌ . کاتێک له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن دا بون ، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی پێشه‌وای پارتی دادو گه‌شه‌پێدان که‌دواتر بووه‌ سه‌رۆک وه‌زیر ، ده‌یگوت و هه‌ میشه‌ دوباره‌ی ده‌کرده‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی ناگونجێت بۆ کێشه‌ کوردیه‌ کۆن و ئه زه‌لیه‌که‌ .

ساڵی 2001 له‌ دافۆس له‌ گفتوگۆیه‌کی نێوانمان دا ،ئه‌ردۆگان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پابه‌ندیه‌کان دا قسه‌ی ده‌کرد ده‌رباره‌ی((چاره‌سه‌ری داهێنه‌رانه‌))ی پارته‌که‌ی بۆ کێشه‌ کوردیه‌که‌ ، به‌جۆرێک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی وه‌هاشی تێدا بێت که‌تا ئه‌و کاته‌ که‌س په‌یی پێ نه‌بردبێت .

هه‌ندێک چاره‌سه‌ر بۆ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، که‌ بوونه‌ هۆی گۆڕانی هه‌ڵوێستی تورکه‌کان به‌رامبه‌ر به‌کورده‌کان ، له‌وانه‌ به‌ردانی هه‌ندێک زیندانی سیاسی کورده‌کان و کز کردنی ڕیگریه‌کانی سه‌رزمان و کلتوری کوردی . هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ له‌ هه‌ندێک ڕووه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌نجامی فشاری ئه‌وروپای یه‌کگرتوه‌وه‌ بوو ، وه‌لێ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان هۆکارێکی هه‌بوو له‌ هه‌وڵه‌کانی خۆ هێور کردنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ کورده‌کاندا . کاتێک پارته‌که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی دا بۆ دووه‌م جاری به‌ره‌نده‌بوو ، به‌وه‌ی نزیکه‌ی %43 له‌سه‌دا چل وسێی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێنا . چواریه‌کی ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌کورده‌کانه‌وه‌ بوو به‌و بڕوایه‌ی ده‌نگیان داوه‌ به‌پارته‌که‌ وه‌کو سوپاس دانه‌وه‌ی چاکسازیه‌کانی . هه‌ندێک له‌ ڕاڤه‌کاره‌ تورکه‌کان ده‌ڵین پارتی دادو گه‌شه‌پێدان نه‌یده‌توانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ده‌ست بهێنێت به‌بێ ده‌نگی کورده‌کان .

له‌ ده‌رکه‌وتنی که‌مالیستی دا وه‌کو ئایدۆلۆجیایه‌کی کۆماری تورکیا ، که‌مینه‌ی کوردی نکولی لێ کراوبوون ، ئه‌وانه‌ی ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌ تا بیستی سه‌رژمێری هه‌موو دانیشتوان ده‌بن ، یان په‌راوێزخراون له‌ژێر ناوی نه‌ته‌وایه‌تی تورکی دا ، که‌ بڕواگه‌لێکه‌ له‌ هه‌مان خێزانه‌کانی فاشی ئیتالی و نازی ئه‌ڵمانی و بیرۆنیه‌کانی ئه‌رجه‌نتین ، بڕواگه‌لێکه‌ که‌ ئه‌ردۆگان و زۆری تری سه‌رکرده‌کانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌ دژایه‌تی کردنی دا ساڵانێکی دوورو درێژیان به‌سه‌ر بردووه‌‌ .

له‌به‌ر ئه‌وانه‌ ، چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی تورک ڕه‌تبکه‌نه‌وه‌ که‌ به‌ساده‌یی ده‌ڵیت شتێک نیه‌ ناوی ناسنامه‌ی کوردی بێت ، یان کورد به‌ساده‌یی ((تورکه‌ چیاییه‌کانن)) . له‌کاتێک دا نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی تورک سورن له‌ بنه‌مای هاو ((خوێن)) ی له‌ دانانی به‌ردی بناغه‌ی ‌ ساختمانی ده‌وڵه‌تی تورکیای نوێدا ، وه‌لێ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان چری ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئیسلام بوون ، ئه‌و ئاینه‌ی که‌ %99له‌سه‌دا نه‌وه‌دو نۆی دانیشتوانه‌که‌ی پێک ده‌هێنێ .

وه‌لێ له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا پارتی دادو گه‌شه‌پێدان وورده‌وورده‌ خه‌رکی بادانه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌که‌یه‌تی به‌لایه‌کی دی دا و خه‌ریکی داخزانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نوکه‌ به‌عو‌سمانی نوێ ده‌ناسرێت ، که‌ وێنه‌یه‌کی تره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستی‌ تورکی . ئامانجی عوسمانی نوێ پێکه‌وه‌ گرێدانی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی تورکی و ئیسلامچێتیه‌ بۆ هێنانه‌دی ئامانجێکی هاوبه‌ش که‌ خۆی ده‌نوێنێ له‌ گێرانه‌وه‌ی ڕۆژه‌ نه‌مره‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی دا که‌نه‌ته‌وه‌ی تورک و ئیسلامئاینی دووپێکهاته‌ی گرنگی ئایدۆلۆجیاکه‌ی بوون . به‌ڵام عوسمانی نوێ له‌سه‌ر چه‌ند بیرۆکه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ پێکهێنراوه‌‌ ، له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ ئه‌و بۆچونه‌ی وای داده‌نێت ئیمپراتۆری عوسمانی بیرێکی نوێگه‌ره‌ ، به‌ڵکو هه‌ندێکیان ده‌ڵین که‌ یه‌که‌م جێبه‌جێکاری کرداری بیری گلۆباڵیزم بووه‌ ، به‌ تێروانینی ته‌نها له‌ فره‌ ڕه‌گه‌زیه‌که‌یه‌وه‌‌ .

وه‌لێ ئه‌وه‌ ناگوتری که‌ ئیمپراتۆری عوسمانی مامه‌ڵه‌ی گه‌له‌کانی تری وه‌کو پاشکۆ ده‌کرد ، نه‌ک وه‌کو هاوبه‌شێک له‌ گه‌لی یه‌کگرتودا . له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ عوسمانیه‌ نوێکان ناتوانن که‌مینه‌ کورده‌کان وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی جیاواز وه‌ربگرن له‌ ناو سیستمێکی دیموکراتی پایه‌دار له‌سه‌ر هه‌مه‌ڕه‌نگی .

ئه‌وه‌ی زیاتر عوسمانیه‌ نوێکان به‌ره‌و لوژیکێکی ئاڵۆز تر ده‌بات به‌رامبه‌ر کێشه‌ کوردیه‌که‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی که‌مینه‌ کوردیه‌که‌یه‌ به‌ پارتی کرێکارانی کوردستانه‌وه‌ ، که‌ پێکهاتێکی سیاسی مارکسیسته‌ گوتارێکی سه‌رده‌می به‌سه‌رچوی وه‌خۆ گرتووه .

بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هیچ گومانێکی تیا نیه‌ پارتی کرێکارانی کوردستان نماینده‌یی توێژێکی فراوانی ڕای گشتی کوردی تورکیا ده‌کات ، پێویسته‌ بکرێته‌ به‌شێکی فراوانتر له‌ وێنه‌ دیموکراسیه‌که‌ی تورکیا .

زوربه‌ی تورکه‌کان و ، ڕه‌نگبێ زوربه‌یه‌کی مه‌زنی کوردنه‌ژاده‌کان ، هاوڕا نین له‌ گه‌ڵ بیر وشێوازی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان دا . وه‌لێ گۆڕه‌پانه‌ سیاسیه‌که‌ی تورکیا ژماره‌یه‌ک پارتی تری گرتۆته‌ خۆی که‌ نوێنه‌ریی که‌مایه‌تیه‌‌کانی ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زه‌نگینی ژیانه‌ سیاسیه‌که‌ . له‌ سایه‌ی ئه‌و فره‌ ڕه‌نگیه‌دا هێمان پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌توانێت جێگایه‌ک بۆخۆی ببینێته‌وه‌ ، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئامانجه‌که‌ی ببێت که‌ به‌رجه‌سته‌یان کردووه‌ بۆ‌ ڕوخاندنی کوماری تورکیا به‌زه‌بری خه‌باتی چه‌کداری .

نزیکه‌ی ده‌ساڵ له‌مه‌ پێش ، ئه‌ردۆگان ، له‌ وه‌چه‌یه‌کی ته‌واودا وه‌کولێهاتو ترین پێشه‌وای تورکیا ،وه‌ها ده‌دوا له‌ ((چاره‌سه‌ری داهێنه‌رانه‌)) ی کێشه‌کوردیه‌که‌ . گه‌ره‌که‌ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ دیسان کۆششێک له‌خۆ بگرێته‌وه‌ له‌ پێناوی رازی کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان دا بۆ ده‌ستبه‌ردار بونی له‌ کاری زه‌بر و تۆقاندنه‌که‌ی . هه‌نگاوی یه‌که‌م له‌و ڕوه‌وه‌ به‌ده‌ستپێکردنی وتو وێژله‌گه‌ڵ پارته‌که‌دا . ئه‌وه‌ش ته‌واو ده‌کرێت به‌ هاوکاری کردن له‌گه‌ڵ حوکومه‌تی کوردستانی عێراق دا ، ئه‌وانیش به‌ خۆیان و به‌کرده‌وه‌ ئاماده‌گیان بۆ ڕۆڵی نێوانگری به‌ئه‌نقه‌ره‌ پیشان داوه‌ .

تورکیاله‌ دووساڵی ڕابوردوودا ده‌ستی کردووه‌ به‌ دوباره‌ پێکهێنانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی ڕۆڵێکی گه‌وره‌تری ده‌ستگیر بێت له‌ ده‌وروبه‌ره‌ سیاسی و جوگرافیه‌ سروشتیه‌که‌ی خۆی ، که‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێن له‌ خۆی ده‌گرێت .

به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ ناتوانێت ڕۆڵی پێشه‌نگی له‌ ناوچه‌که‌دا ببینێت ، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ بۆردومانی خاکی عێراق دا ،ناتوانرێت توڕه‌بونی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ڕوی هه‌ڵسوکه‌وتی ئیسرائیلیه‌کانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌دانیشتوانی که‌رتی غه‌زه‌ به‌ڕاست وه‌ربگیرێت له‌ کاتێکدا خۆی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی تورکیادا له‌ پله‌ی که‌مترین ڕیز دایه‌ که‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتی مامه‌ڵه‌ی دانیشتوانه‌کانی خۆی پێ بکات . ڕه‌نگبێ ئێستا شیاو ترین کات بێت که‌ ئه‌ردۆگان پاشا ده‌ست به‌ بیر کردنه‌وه‌ک بکات هه‌‌تاکو ئێستا که‌س بیری لێ نه‌کردبێته‌وه‌ .



15 ــ 07 ــ 2010

saidaraf@hotmail.com









تێبیــــــــــــنی
ــــــــــــــــــــــــــ :
(*) ئیستا کاتێکی زیاتره‌ له‌ سێ هه‌فته‌ی مۆله‌تی نوسراوی ووتاره‌که‌ ی ئه‌میری تاهیری له‌ ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط)دا له‌ڕۆژی 9ته‌موزدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ .

http://www.aawsat.com/leader.asp?section=3&issueno=11546&article=577428
‌‌





 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com