کاتێک خەون دەبێتە راستی 

  

سەمەدی مەلا ئەحمەد -سوید
samadkader@hotmail.com



ماوەی پێنج ساڵە و بە هەوڵ و تەقەلای کۆمەڵەیەکی سویدی دەیەوێت بیرۆکەی خوێندنی میللی باڵا لە کوردستاندا بهێننە لەدایکبوون.
هەڵبەت ئەم هەوڵەش وەک هەموو هەوڵێکی دی بۆ پێشخستن و گەشە ی کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان هێندە بە ئاسانی و بێ رێگر و گیروگرفت نایەتەدی. دەڵێم پێنج ساڵ بەڵام، پێنج ساڵ لە بەردەوامبوونێکی بێ وچان و کۆڵنەدان. زۆر جار گرفت و شێوە بیرۆکراتێکان هێندە سەخت بوون تەنها ئازایی و بەورەیی ئەندامانی کۆمەڵەکە توانیویانە تەوژم بدەنە کار و هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە دەنا لەمێژبوو پرۆسەکە لەبارچووبوو.
بەڵام چونکە مەبەست و مەرامەکان لەپێناوی وەبەرهێنانی لایەنێکی گرنگبوو بۆ گەشەی کۆمەڵ لەبەرئەوە کۆمەڵەکە پشوی نەدەدا و هەردەم بۆ ئامانجەکە لەکاردابوو. مەگەر هەر خەلکانی خۆبەخش سەختی و زەحمەتی ئەم جۆرە کارانە بزانن. بزانن چۆن بیرۆکراتی و رێگرەکان چەندن.
کۆمەڵەی تورنسێگلەرنەی سویدی رۆژی دەخستە سەر شەو و زۆر لەخۆبوردوانە ، بۆ چەندین جارە، سەفەری دورودرێژی نێوان سوید و کوردستانی دەبری و بێ گوێذانە ماندوبوون و مەسرەف و رێگرەکان لە هەوڵدابوو بۆ رازیکردنی بەرپرسان. تەنانەت دوو وەزیری پەروەردەی خانەنشینکرد هەتا بەری رەنجی کۆمەڵەکە شینبوو.
بەڵێ، ئەمساڵ و لە مانگی پێنج دا هەردوو لایەن، تورنسێگلەرنە و وەزارەتی پەروەردە گرێبەستیان ئیمزاکرد. گرێبەستێک کە بە کارێکی مێژوویی دەژمێردرێت نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کە بۆ یەکەم جار و لە شاری سلێمانی فێرگەیەکی لەم شێوەیە بکرێتەوە.
ئەم فێرگەیە دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لەرووی ئەو کەسانەی بەهۆیەک لە هۆکان رێچکەی ژیانی خوێندنیان پچراوە و توانای بەردەوامبوونیان نەماوە. دەتوانن جارێکی دی و بە توانایەکی جیاوازەوە سەرلەنوێ رێگای خوێندنی ئامادەیی بگرنەوە.
دەرگایەکە بۆ هەموو ئەو توانا و کارامانەی لەو کەسانەدان کە دابراون لە کۆمەڵ و رێچکەی گەشە و پێشکەوتنیان زەوتکراوە. جارێکی دی دەتوانن ببنەوە کادرێکی چالاک و خزمەت بە کۆمەڵ بگەیینەوە.
دەرگایەکە بۆبە ئاشناکردنی سستەمێکی نوێ لە خوێندن و خۆپێگەیاندن کە تێتدا بنەما دیموکراتیەکان رەچاودەکرێت و خوێندکار لەناوەندا دەبینرێت و لە رێگای پێداویستی و تواناکانی ئەوەوە هەوڵدەدرێت هەنگاوەکانی فێربوون و زانیاری گۆرینەوە بنرێت. سستەمێک فێرخواز کەسایەتی خۆی تێدا بدۆزێتەوە و بتوانێت لەتەک فێرخوازەکانی دی ببێتە شەریکە بەش لە گۆرینەوەی زانست و زانیاری و ئەزمونەکانی ژیانی. هەر لەم فێرگایەوە شێوەی مامەڵەکردن و بەها ئینسانێکان گەشەپێبدات و لە ژیانی پراکتیکیدا بەکاریان بهێنێت.
ئەم جۆرە فێرگانە لە وڵاتانی سکەندنافیاوە سەریان هەڵداوە و سەرچاوەی پێگەیاندنی کۆمەڵێکی زۆر لە کادیری هونەری، ئەدەبی، ئەکادیمی و دەسترەنگینە. زۆر لە کەسانی هونەرمەند و ئەدیبی بەناوبانگیان پێشکەش بە کۆمەڵ کردووە.
لێرەدا دەبێت سوپاس و پێزانینی کۆمەڵەکە بگەیەنمە ئەو ئینسانانەی لەم چەند ساڵەدا لە سوید و لە کوردستان بەدەنگ کارەکانمانەوە هاتون و بوونەتە پشتوپەنامان. ئەو کەسانەی بە پشتگیریان مەسرەفیان سوککردووین و دەستی یارمەتی مادیی و مەعنەویان بۆ درێژکردووین.
بیرمان نەچێت سوپاسی تایەبەتی وەزیری پەروەردە (سەفین دزەیی) و ئەو کارمەندانەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەدایکبوونی ئەم فێرگەیەیان کردە راستی.
تێبینی: وشەی تورنسێگلەرنە، وشەیەکی سویدیە و واتە پەرەسێلکە. پەرەسێلکە لە کۆچی گەرمیان و کوێستیانیدا سەردانی هەردوو وڵاتی کوردستان و سوید دەکات. هەربۆیە ئەو وشەیەمان بە پەسەند زانی، بۆئەوەی ئەم فێرگەیەش لە دوارۆژدا ببێتە پردێک لە پردەکانی پەیوەندی بۆ زانیاری گۆرینەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.


سەمەدی مەلا ئەحمەد -سوید
samadkader@hotmail.com



 

           

 

22/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com