گه‌مه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ نیشتیماندا

  

سامان غه‌فور




ڕێم بده‌ بچمه‌وه‌
دوا ترۆپكێك كه‌ هه‌رگیز ناگاته‌ فه‌نابوون
دوا مه‌نزڵگاكانی ڕۆحی عاشقێك دروست بكه‌مه‌وه‌!
ژیان له‌ مه‌هزه‌له‌كانی ژیان ده‌ربكه‌م
له‌پێده‌شته‌كاندا بگه‌مه‌ گومان
وه‌فا ئاوه‌ژوو بكه‌مه‌وه‌
هزر خاڵی بكه‌مه‌وه‌ له‌تۆ
له‌ خۆم... له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئازار له‌گه‌ڵا خۆیاندا ده‌هێنن
یاخی بم له‌ماڵی عه‌شق و
سه‌فه‌ر كه‌م به‌ره‌و ئه‌به‌دیه‌ت
سه‌ما له‌گه‌ڵا جاویدانیدا بكه‌م
سۆڵۆیه‌ك له‌ مۆسقا بژه‌نم
ئینجا تێده‌فكرم له‌ عه‌ده‌م و له‌تۆ
له‌ودیو وه‌همه‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ سێبه‌ری خه‌یاڵه‌كانی تۆ
تاوێك له‌گه‌ڵا سێبه‌ری خۆم به‌شه‌ڕ دێم
له‌وێدا ده‌گریم بۆ ڕۆحی قوربانیانی جه‌نگ!
ڕێم بده‌
تۆزقاڵێك له‌ وێنه‌كانی جه‌نگ وه‌ك خۆی پێناسه‌ بكه‌م
زه‌مه‌ن بگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌
كه‌ من و تۆ...
خۆێن و چه‌ك
ئه‌هریمه‌ن و فریشته‌
ئێستایان وه‌ك ڕابردوو نه‌بوو
ڕێم بده‌ له‌ودیو عه‌ده‌مه‌وه‌
بڕوانمه‌ ته‌لیسمه‌كانی عه‌شق و وێرانبونی تۆ
له‌ودیو ته‌م تومانه‌وه‌
بڕوانمه‌ خود و ئه‌ندێشه‌كانی تۆ
له‌و دیو وشه‌ خه‌فه‌بووه‌كانه‌وه‌
بڕوانمه‌ مه‌عریفه‌ و كڵۆڵیه‌كانی تۆ
له‌ودیو خۆمه‌وه‌
دڕوانمه‌ سه‌رگه‌ردانی تۆ و ئه‌تك كردنی من
له‌و دیوتۆشه‌وه‌
ده‌ڕوانمه‌ وێران بوونی زمان و فیراقی تۆ
ئێستاكه‌
من و تۆ شعور ده‌هێنین بۆ مه‌مله‌كه‌تێك كه‌ نازانین چۆنه‌
هه‌ستێك ده‌هێنین كه‌ نوغرۆی ته‌م بووه‌
ده‌یخه‌ینه‌وه‌ ناو فه‌رهه‌نگه‌كان
كه‌ خوێنه‌رێك نیه‌ پێی ئاشنا بێت
كارێك ده‌كه‌ین لایه‌ق به‌كه‌س نیه‌
سكێچه‌كان له‌وێنه‌دا بوونی نیه‌
ئه‌ندێشه‌ی خۆمان له‌ڕسته‌یه‌كدا خه‌سار ده‌كه‌ین
كه‌ كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م ئه‌هریمه‌نێك
كه‌ لێزانه‌ له‌ درۆدا و گرفتاره‌ له‌ مندا
***
كه‌ له‌عه‌شق ڕامكرد
بهێڵه‌ له‌په‌نجه‌ره‌ی ڕقه‌وه‌ بێمه‌ ژورێ‌
كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ هه‌ڵدێم
بهێڵه‌ سۆز بێته‌ گریفانمه‌وه‌
كه‌ له‌ گیرفان هه‌ڵدێم
بهێڵه‌ پاره‌ سه‌رتاتكێ‌ نه‌كات و نه‌هێته‌ هزرمه‌وه‌
كه‌ له‌ هزرم هه‌ڵهاتم
بهێله‌ با زمانم بێده‌نگ نه‌بێت
كه‌ له‌ بێده‌نگی هه‌ڵدێم
بهێله‌ با حه‌قیقه‌ت ڕوون بێته‌وه‌
كه‌ له‌هه‌قیقه‌ت هه‌ڵدێم
بهێله‌ با جه‌نگ له‌گه‌ڵا سه‌رابدا نه‌كه‌م
كه‌ له‌سه‌راب هه‌ڵدێم
بهێڵه‌ له‌ خه‌ون نزیك ببمه‌وه‌
كه‌ له‌خه‌ون هه‌ڵهاتم
بهێڵه‌ بانیشتمانێكم هه‌بێت
كه‌ له‌نیشتمان هه‌ڵدێم
بهێله‌ خیانه‌ت له‌ درزه‌وه‌ نه‌بینم
ئه‌مێستا لێوان لێوت ده‌كه‌م له‌ گومان پاش ئه‌م گه‌مانه‌
له‌وه‌ زیاتر شك نابه‌م
گه‌ر دێیت له‌گه‌ڵم
باشترین ئه‌ندێشه‌ ده‌كه‌مه‌ ڕابردووت
قێزه‌ونترین شت بۆ داهاتوت
له‌وه‌ زیاتر شك نابه‌م
شایسته‌ی دێوانه‌یه‌ك بیت... تف له‌ ئه‌ندێشه‌كانت بكات
لایه‌ق به‌ئه‌هریمه‌نێك بیت ... فریشته‌كان له‌پێده‌شته‌كاندا بكوژێ‌
شایسته‌ی گه‌ڕیده‌یه‌ك بیت .... بۆنی خیابانه‌كان بمرێنێ‌
لایه‌ق به‌كه‌سێك بیت ... ژوانه‌كان به‌ ئاسمانه‌وه‌ بكوژێ‌
شایسته‌ی شۆڕشگێرێك بیت... نیشتمان بفرۆشێته‌وه‌
شایسته‌ی كۆچه‌ریه‌ك بیت... خه‌ون له‌ خه‌ون بكات
شایسته‌ی نیشتمانێك بیت... كه‌ خاكێكی نه‌بێت


 

           

 

12/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com