ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د و شیعری لیریك

  

سه‌نگه‌ر قانع



خوێندنه‌وه‌ بۆ شیعری لیریك پێویستی به‌ شاره‌زایی بوون له‌ هه‌ر یه‌ك له‌(مۆسیقا،ستاتیكا،گرێ‌،هارمۆنی)هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ بۆ فكری ئه‌و شعره‌, ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ناوه‌رۆكی شیعره‌كه‌ كه‌ تا چه‌ندێ‌ ده‌توانێ‌ دنیایه‌كی تر له‌ جوانی و مۆسیقا له‌ ڕه‌هه‌ندی فكری شعردا هه‌بێت،ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و شیعره‌ زیاد له‌ دیوێك و لایه‌كی هه‌بێ, ئا لێره‌وه‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌و ده‌نگانه‌ی ده‌كرێت زیاتر بخوێنرێته‌وه‌و زیاد له‌ چه‌ند نوسینێك بنوسرێت بۆ ناسینی دیوه‌ شاراوه‌كانی ئه‌گه‌ر چی دنیای شیعری كوردی تا ئێستا وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ شیعری گۆرانی به‌رهه‌م بهێنێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شیعری لیریكی ده‌ورو به‌ردا (ئه‌مه‌ له‌ دوای شیعری كلاسیكه‌وه‌ ) ئه‌حمه‌د كاتێك شیعرێكی لیریك به‌رهه‌م ده‌هێنێت وه‌ك ژێنه‌ری مۆسیقا و شاره‌زا له‌ ڕنگ و حیكایه‌ته‌كانی ڕۆمانێك كار ده‌كات به‌ پاڵپشت به‌ وێنه‌ی فره‌ مانایی كه‌ وا ده‌كات له‌ ئاستێكی به‌رزدا چێژی تایبه‌ت به‌ خوێنه‌ر بدات هاوكار بێت له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژ بۆ وتنی گۆرانیه‌كه‌ وه‌هه‌م یه‌كێك بێت له‌ ژێنه‌ری تیپی مۆسیقاكه‌ له‌ ناو ژێنه‌ره‌كاندا ئه‌مه‌ وا ده‌كات له‌ بونی ئه‌حمه‌د له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كایه‌كانی نوسین و گۆرانی و ستایتكا بونێكی كارای هه‌بێت به‌ تایبه‌ت كاركردن له‌ دروست كردنی چوارچێوه‌یه‌كی مۆسیقی بۆ بابه‌تێك له‌ گواستنه‌وه‌ی بۆ ناو چوارچێوه‌ی شیعری وێنه‌یی كه‌ دنیایه‌كی تازه‌ و بینینێكی جوان به‌ خوێنه‌ر ده‌دات وه‌ ده‌یباته‌ شوێنێك كه‌ جگه‌ له‌ چاو بۆ چێژ وه‌رگرتن ده‌بێته‌ هاوڕێی گوێ‌ و بیستن و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر شیعرێكی ئه‌حمه‌دا هه‌ست دكه‌ین شاعیرێك گۆرانیت بۆ ده‌ڵی مۆسیقات بۆ ده‌ژه‌نێ‌ شیعرت بۆ ده‌نوسێ‌ و ته‌فسیری عه‌شقت بۆ ده‌كا و سه‌فه‌رێكت له‌گه‌ڵ ده‌كات بۆ ناو سروشت تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌نگ له‌ناو سروشتدا وبه‌ستنه‌وه‌ی به‌ ناخی مرۆڤه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت سه‌رچاوه‌ی چێژێكی به‌رده‌وام بێت بۆیه‌ شیعری ئه‌حمه‌د له‌ دنیای لیریكدا وه‌ك دابه‌ش بونی مۆسیقا ئاماده‌یه‌ ئه‌م ئاماده‌گیه‌ی كار ئاسانی بۆ گۆرانی بێژو خوێنه‌ر ده‌كات تا بتوانن به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌دائی گۆرانی بكرێ‌ و خێراتر بیسه‌رو خوێنه‌ر چێژی لێ‌ وه‌رگرێ‌ ئه‌م چێژوه‌رگرتنه‌ به‌رده‌وامیه‌كی هه‌یه‌ چونكه‌ جوانیه‌كان فره‌ مانان ده‌توانرێ‌ له‌ چه‌ند دیوێكه‌وه‌ ببینرێ‌ بۆ هه‌ر دیوێكیش خوێندنه‌وه‌ی گشت گیری بۆ بكرێ‌ ئه‌كرێ‌ ئه‌حمه‌د وه‌ك باخچه‌یه‌كی فره‌ ده‌رگا سه‌یر بكرێ‌ كه‌ پڕبێت له‌ گوڵی ڕنگاو ڕنگ هه‌ر یه‌ك له‌م گوڵانه‌ گۆرانی بێژی عه‌شق بن وه‌ گۆرانی بۆ ژیان بڵین و ته‌فسیرێكی ئاویانه‌ بۆ جوانی و مرۆڤ دۆستی هه‌بێت .
تا ئێستا تێگه‌یشتنی ئه‌حمه‌د تێگه‌یشتنه‌ له‌ سروشتی مرۆڤ له‌و دیو ئه‌و كه‌لتورانه‌وه‌ كه‌ مرۆڤ خاڵی ده‌كاته‌وه‌ له‌ وێنه‌ و مۆسیقا ئه‌حمه‌د ده‌یه‌وێ‌ له‌ ڕێ‌ی شیعری لیریكه‌وه‌ ئه‌م مانایانه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ سروشتی مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌قیقه‌تێك كه‌ ڕوانینێكی مۆسیقایانه‌ی بۆ ژیان هه‌بێت ...ئا لێره‌وه‌ ئه‌حمه‌د یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی له‌ ماوه‌ی شیعر نوسینیدا توانیویه‌تی ببێته‌ به‌شێك له‌ دوڵه‌مه‌ند كردنی شیعری لیریك له‌ گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند شاعیره‌ی كه‌ شیعری لیریك ده‌نوسن ده‌یانه‌وێ‌ ماناو پانتاییه‌كانی لیریك فراوانتر بكه‌ن ئه‌حمه‌د ئه‌و شاعیره‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت گۆرانی بڵێت و مۆسیقا بژه‌نێ‌ و جوانیه‌كان ببینێ‌ له‌گه‌ڵ هارمۆنیه‌ت و ته‌كنیك و وێنه‌ی فره‌ مه‌دلولی له‌ ناو جوانی شیعری لیریكدا , هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كاته‌ ئاستێكی باش و هه‌ناسه‌یه‌كی ئاوی بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌نگی گوڵێك له‌ ڕێگه‌ی مۆسیقاوه‌ .


sangarmaref@hotmail.com



.



 

           

 

16/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com