نامه‌كانی عیشق
 

  

سه‌ردار جاف


بۆ رۆحم و له‌ گوڵا گوڵتر رۆزا خان
سڵاوێ له‌ بۆنی به‌یبوونه‌وه‌ سڵاوێ له‌ هه‌ناسه‌ت ، ئه‌و هه‌ناسه‌ی بۆنی جوانیتی لێ ده‌تكێ و ئه‌زیش به‌و بۆن و به‌رامه‌وه‌ سه‌ر مه‌ست ده‌بم و له‌ كه‌ف وكوڵی ژیان ده‌گه‌م .....
ئازیزم به‌ حه‌یرانت بم
رۆزا گیان : زۆر ده‌مێكه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌م له‌ جوانیت بدوێم ، وه‌ك گوڵێك له‌ به‌رۆكی خۆمت بده‌م ، لێ جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد هه‌رچه‌نده‌ تۆیش پێت خۆشه‌ ، له‌ حه‌ژمه‌تا په‌نجه‌كانم ده‌له‌رزین نه‌با وه‌ك خۆت وه‌سفی جوانیت نه‌كه‌م ، هه‌نگی زوویر ده‌بووی منیش پڕ به‌ ئه‌وكم ده‌مگوو : ( تووڕه‌ مه‌به‌ زویر مه‌به‌ خوا ئه‌تگرێ‌ خوا ئه‌تگرێ ) تۆیش گوێم بۆ رانادێری و له‌ كه‌لی شه‌یتان نایه‌یته‌ خوارێ ، رۆزاكه‌م گوێم بۆ راخه‌ ، با وشه‌ و ده‌نگه‌كانم له‌ سه‌ری بنوون و ئاسووده‌بن ، بزانم گوێم لێده‌گری ، هه‌ر چه‌نده‌ تا نهۆ به‌ كوڵا و به‌ عیشقه‌وه‌ له‌ هه‌موو ناخ و دڵته‌وه‌ گوێم لێ نه‌بووه‌ تۆیش پڕ به‌ ئه‌وك و به‌ نێو چرپه‌كانتا پێم بیژی خۆشم ده‌وێی ، خۆشه‌ویستی عیشق خۆشه‌ویستی شتی دی نا ، ده‌بزانه‌ گوڵم خۆم و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ چۆن سه‌رشێتانه‌ له‌ دواندنت سڵا ناكه‌ینه‌وه‌ ده‌تۆیش وابه‌ .....
خواوه‌ند ئه‌و ده‌مانه‌ی جوانی به‌ سه‌ر كائینه‌كانی خۆی ده‌به‌خشییه‌وه‌ له‌ دڵی عاشقانی ده‌ڕوانی ، هێنده‌ جوانی كردووی ئه‌و خودایه‌ هه‌میشه‌ دڵم داده‌خورپێنێ ، كه‌چی تۆیش نه‌ك بێئاگاو نازم به‌ سه‌ردا ده‌كه‌ی لێ فۆتۆیه‌كیشم پێ ناده‌ی تا جوانتر له‌ جوانیت هوورد ببمه‌وه‌ و به‌ به‌ژن و باڵاتا هه‌ڵیڵێم ، زبانی كابرا مووی لێبێ ئه‌گه‌ر له‌ ئاستتدا جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و په‌رستن چیترت پێ بڵێ ، ده‌ڵێن قه‌دری زێڕ لای زه‌ڕه‌نگه‌ره‌ ئه‌منیش زه‌ڕه‌نگه‌ری تۆمه‌ ، په‌نجه‌كانی كابرا برزێ ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ به‌ رووتا هه‌ڵبشاخێ ، من گه‌ره‌كمه‌ زبانم به‌ جوانی و ته‌ڕی كولمه‌كانت جوان بكه‌م نه‌با رۆژێ له‌ رۆژان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێ و هه‌جووی پێ بكه‌م ، په‌نجه‌كانم به‌ نێو تاڵا تاڵی قژتا ناسك بكه‌مه‌وه‌ نه‌با رۆژێ لێم هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ زبری خۆیم نیشان بدا .
ئازیزم ... تۆ ده‌زانی ئه‌وانه‌ی ده‌ینوسم به‌شێكن له‌و حه‌سره‌تانه‌ی له‌ ناخمدا په‌نگیان خواردۆته‌وه‌ و ناتره‌كن ئه‌گه‌ر جوانی و نازو عیشوه‌كه‌ت له‌ باری نه‌با ، ئه‌وانه‌ نه‌مامی خۆرسكی نین ئه‌وانه‌ له‌ جوانی تۆوه‌ ئیحایان وه‌رگرتووه‌ و دێنه‌ گۆ ، دڵنیابه‌ ئه‌گه‌ر جوانیت نه‌بن قه‌ڵه‌م و هزر له‌ خۆوه‌ هارو هاج ده‌رناكه‌ون ، تۆی ده‌یانوروژێنیت ، تۆ ختوكه‌یان ده‌ده‌ی ، ئه‌وانیش بۆ تۆ دێنه‌ گۆ ....
جوانی تۆ له‌ باڵا و ئاسۆ و دیدی شاعیرا كه‌م وێنه‌یه‌ ، نه‌ك له‌ پیره‌ شاره‌كه‌تاندا وه‌لێ له‌ ته‌واوی دیدی منا ، زۆرم له‌ دیمه‌نی جوانی سروشت روانیوه‌ ، زۆر له‌ كیژانی ناسك و به‌ژن زراف به‌لامدا تێپه‌ڕیوون ، تاڤگه‌ و قه‌ڵبه‌زه‌ و خووڕه‌ی ئاوی زۆر سه‌رنج راكێشم دیوون ، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ بارته‌قای تۆ جوان بان ، رووحه‌ پاك و بێگه‌رده‌كانیان له‌ حاله‌ته‌ سه‌رشێتییه‌كانیان لووش ده‌ده‌ن ، وه‌ك تۆ چۆن رۆح و دڵی منت لوول داوه‌ ، و رێبواران سه‌ر مه‌ست ده‌كه‌ی . له‌ سارا لماوییه‌كانی گه‌رمه‌سێر دڵم بۆ مناڵه‌ پێخاوسێكی لای خۆمان قرچه‌ی لێوه‌ ده‌هات نهۆ قرچه‌م له‌و قرچه‌ و داخ و كه‌سه‌رانه‌ زێتره‌ بۆ تۆ ، تۆیش بێ ئاگا و هه‌ناسه‌ ساردیم به‌ سه‌ردا ده‌كه‌یت ، هه‌سته‌كانی گوێم هێند هه‌ستیارن هه‌ر زوو ئاشنا ده‌بن ، هه‌ر له‌ زمانی شنه‌ی سپێده‌ و گڤه‌ی نێو گه‌ڵای گوڵان تا به‌ لرفه‌ی به‌ر ده‌ربه‌ندان را ده‌گات ، گوێم به‌ ده‌نگی به‌ سۆزی ئه‌وان كرایه‌وه‌ تا له‌ ده‌نگی نۆته‌ی مۆزیك بگات ، كه‌چی ئه‌وانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ دامێنی سرته‌ و چرپه‌كانی تۆ بگه‌ن ، له‌ره‌ی ده‌نگت له‌ له‌ره‌ی میلۆدییه‌كانی جه‌سته‌من ، گوڵی زۆر جوانم بینیون له‌ لاله‌ باس و گوڵه‌ باخ و به‌یبوون و ده‌مه‌شێر و شه‌وبۆ و شلێر و هێرۆ و گوڵه‌ به‌هاره‌ ...... تۆ ئه‌و گوڵه‌ی هێشتا سروشت به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌یدیوه‌ تا جوانتر برازێته‌وه‌ . هه‌موو گوڵه‌كان كه‌ ناگه‌نه‌ رووی تۆ به‌ ده‌ست عاشقانه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێن وه‌لێ تۆ هه‌ر ده‌مێنی و گوڵی چوار وه‌رزه‌ی سروشتی .
هه‌موو سپێده‌یه‌ك خه‌یاڵه‌كانم هێند ده‌فڕن له‌ پڕ وه‌ئاگام دێننه‌وه‌ كاتی روومه‌ته‌كانت وه‌ك شه‌ونمی سه‌ر په‌ڕی گوڵا خۆیم نیشان ده‌دا ئه‌و نمه‌ ئاونگانه‌ی به‌ سه‌ر كولمه‌كانته‌وه‌ ده‌بن وه‌ك دووڕی شاهانه‌ن به‌ سه‌ریانه‌وه‌ .
حه‌سرته‌كانم زۆرن و هه‌ر رۆژه‌ی یه‌كێ له‌ قه‌ده‌ره‌كانیت بۆ ده‌نێرمه‌وه‌ ، تا ده‌گاته‌ زه‌ماوه‌ندی پێكگه‌یشتنمان و شه‌وی سووری ئه‌به‌دییه‌ت .
ببم به‌خشه‌ خانمه‌كه‌م له‌ گه‌ڵا رێزمدا


هه‌ره‌ دڵسۆزت
ئه‌وی خۆشتی ده‌وێ و تۆ كه‌متر
30 /6 /2010
كه‌ركووك




 

           

 

02/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com