١٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا،
چەکدارەکانی دەزگای ئاسایشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بێ هیچ پاساوێک و تەنها بە مەبەستی ترساندنی کۆمەڵگا،
پەلاماری بارەگاو نووسینگەکانی حزبی کۆمۆنیستی
کرێکارییان لە شاری سلێمانی دا. لەم پەلامارەدا، کە
پلانی لەوەوپێشی بۆ داڕێژرابوو، پێنج کەس لە هاوڕێیانی
حزب گیانیان لەدەست داو بوونە قوربانی ملهوڕیو
تاوانکاریی یەکێتی. یەکێتی کە ئەو کاتە بۆ ماوەی نۆ
ساڵیش بوو دەسەڵاتی لە شارەکان بە دەستەوە گرتبوو
هەروەک ئێستا بە هەمان شێوازی هێزێکی میلیشیاییو
ناموتەمەدین مامەڵەی لەگەڵ ئازادیو جیاوازیەکان
دەکردو ئەو تاوانە بیرنەچوەوە تەنها زادەی دوژمنایەتی
ئەم حزبە لەگەڵ ئازادیو تەحەمول نەکردنی موخالەفەتو
ڕای جیاواز بوو.
ئەگەرچی یەکێتی نیشتیمانی ئەو کاتە لە لایەن هەمان
سەرکردایەتی ئێستاوە ڕابەرایەتی دەکرا. بەڵام دەسەڵاتی
فیعلی لە شاری سلێمانیدا، بە دەستی جێگری سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتیمانی واتە نەوشیروان مستەفاوە بوو. تاوانی
١٤ی تەموز لە بەرانبەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا بە
سەرپەرشتیو فەرمانی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا کە
ئێستا کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕانە ئەنجام درا.
یەکێتیو نەوشیروان مستەفا دەبێ ئەو ڕاستیە باش بزانن
کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان ئەو تاوانەیان لەیاد
ناچیتەوە. مەلەفی ئەو تاوانە دڕندانەیە لە لای
هاوڕییانی ئەو قوربانیانەو کۆمۆنیستەکانو
ئازادیخوازانی کوردستان هەروا کراوەیە. ئەو کەیسە
تەنها ئەو کاتە بەتەواوی دادەخرێت کە یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان وەک حزبو دەسەڵاتو نەوشیروان مستەفا وەک
کەسێک کە ڕاستەوخۆ دەستی لەو تاوانەدا هەبووە، قەبوڵی
بەرپرسیارێتیەکانی خۆیان لەبەرانبەر ئەو تاوانەدا
دەکەنو نەوشیروان مستەفاو هەموو ئەوانەی لە
نەخشەدانانو ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا دەستیان هەبووە
لە دادگایەکی عادیلانەو بێ لایەندا سزای ئەو
کردەوەیەیان وەردەگرن. پێ داگرتن لەسەر ئەو کەیسەو بە
کراوە هێشتنەوەی عەینی وەفاداری بە ئازادیو
ئازادیخوازیەو پێوانەی ڕاستەقینەی ئەو وەفادارێتیەیە.
بەرزو بەڕێزە یادی هاوڕێیانی گیانبەخش، قوربانیانی
تاوانکارییو قینی ڕەشی کۆنەپەرستان لەبەرانبەر
کۆمۆنیزمو ئازادیخوازیی: عەبدولباست موحسن، ئیبراهیم
محمد ڕۆستەم، هاوڕێ لەتیف، محمەد مستەفا و ئومێد
نیکبین.
شەماڵ علی
2010-07-14
|