پارچه‌کانم کۆ که‌ره‌وه‌..
 

  

سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شید
2010



ده‌سته‌کانتم بۆ راخه‌
با له‌ نێو له‌پی ده‌سته‌کانتا
غه‌ریبی خۆم له‌ خاچی ئه‌به‌دی بده‌م
***
گریان ناهێڵێت
ره‌سمێک به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ بگرم و
بۆ تۆی پۆستکه‌م
***
وه‌ره‌و ده‌ستم پێهه‌ڵگره‌ له‌ گریانێک
ته‌مه‌نێکه‌ قووڕگی گرتووم
وه‌ره‌و ئازادمکه‌ له‌ زیندانی ئه‌و ته‌نهاییه‌ی
عومرێکی درێژه‌ درێژ له‌ ناو خۆیدا
به‌نديکردووم
***
وه‌ره‌و له‌ ره‌شه‌باکانی غه‌ريبييم بسێنه‌وه‌
مه‌هێڵه‌ له‌وه‌ زیاتر دڵم به‌سه‌ر تاشه‌ به‌رد و
که‌پکه‌ شاخه‌کانی شکانا بشکێت
وه‌ره‌و له‌ گه‌له‌ گورگه‌کانی تاريکييم بسێنه‌وه‌
مه‌هێڵه‌ له‌وه‌ زیاتر ئاسکی رۆحم
له‌ باوه‌شی تاریکييدا نێچيرێکی ده‌سته‌مۆ بێت
وه‌ره‌ بچۆره‌ لای ده‌رياو پێی بڵێ شه‌پۆله‌کانی هێمنکاته‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ په‌راسووه‌کانی وجوودم به‌ که‌ناره‌ دڵره‌قه‌کانی عه‌زابا نه‌یات
وه‌ره‌ بچۆره‌ لای نیشتیمان و پێی بڵێ ئه‌و مه‌نفای غه‌ریبييه‌
له‌ حه‌وشه‌ی رۆحم بگوازێته‌وه‌
وه‌ره‌ کۆمکه‌ره‌وه‌ ئه‌ی یار، پار‌چه‌کانم کۆ که‌ره‌وه‌
له‌تێکم وا له‌ ژیر شه‌خته‌ی ته‌نهاييداو
له‌تێکيشم وا به‌ خاچی شه‌پۆله‌ دڵڕه‌قه‌کانی ده‌ریاوه‌
له‌تێکم وا له‌ نێو ته‌پوتۆزی مه‌نفاکانی نيشتیماندا و
له‌تێکیشم وا به‌ ده‌می گورگه‌ برينداره‌کانی تاريکييه‌وه
وه‌ره‌ کۆمکه‌ره‌وه‌ ئه‌ی یار، پار‌چه‌کانم کۆ که‌ره‌وه‌
‌کۆمکه‌ره‌وه‌ و بمبه‌ره‌وه‌ لای سپێده‌یه‌کی بۆنخۆش به‌ ئاونگی
نيگا سیحراویه‌کانی عه‌شق
بمبه‌ره‌وه‌ لای عه‌سرانێکی مه‌ست ، مه‌ست به‌ پرووشه‌ بارانی دڵنيايی و
ئاوه‌دان به‌ سه‌وزايی باخ و
سیخناخ به‌ ترپه‌ ترپی باڵی کۆتره‌ ئه‌وینداره‌کانی ئارامیی
بمبه‌ره‌وه‌ لای شه‌وانێکی رۆشن ، رۆشن به‌ نووری خه‌ونه‌ ئارمووشييه‌کانی
‌ئه‌وين و نيگا گه‌رمه‌کانی چاوت
جه‌سته‌ی سڕم داگيرسێنه‌
پڕمکه‌ره‌وه‌ له‌ جووله‌
پڕمکه‌ره‌وه له‌ ده‌نگ
پڕمکه‌ره‌وه‌ له‌ ژیان
کۆمکه‌ره‌وه‌ ئه‌ی يار ، پارچه‌کانم کۆ که‌ره‌وه‌‌




Esmael970@yahoo.com




 

           

 

04/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com