چه‌ند سانتیمه‌ترێک به‌ر له‌ من...

  

سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد



به‌ ترسه‌وه‌ شه‌کرێک ده‌شکێنم
زۆر ده‌ترسم
يه‌کێک له‌ دراوسێکانم ، له‌ هاوڕێکانم
ناسیاوێک ، که‌سێک له‌م شاره ، له‌ بیابانه‌کانی باشوور
ره‌شپێستێکی نه‌ناس
کریستيانێک ،
خوشکێک ، برايه‌کی دینییم ،
غه‌یره‌ دینێک
چووزانم
که‌سێک که‌ خه‌ڵکی گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه‌ بێت
چه‌ند سانتیمه‌ترێک به‌ر له‌ من
هه‌مان شه‌کری شکاندبێت
***
به‌ ترسه‌وه‌ ده‌چمه‌ میحرابی ته‌نهایی و
نوێژی شیعرێک ئه‌دا ده‌که‌م
ده‌سته‌کانم ده‌له‌رزن و
ناکۆکييه‌ک ده‌که‌وێته‌ نێوان زه‌وی و پێيه‌کانم
ورد ورد هه‌نگاو هه‌ڵده‌هێنم
زۆر ده‌ترسم
پێیه‌کانم ببنه‌ قاتڵی په‌پووله‌ی
رسته‌یه‌ک و
بکه‌ومه‌ به‌ر غه‌زه‌بی خواوه‌ندی شيعر


 

           

 

20/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com