کتێبی ''سێوی سێهه‌م'' دوایین کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی
فیکریی کاک به‌ختیار عه‌لییه که له سێ ووتاری درێژ
و ده‌قی چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ گۆڤاری ''مه‌هاباد''
پێکهاتووه. کتێبه‌که له 180 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره
مامناوه‌ندیی پێکهاتووه و له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای
چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ''ئه‌ندێشه''یه.
ئه‌م کتێبه، تا ئه‌و شوێنه‌ی من ئاگادار بم، دوای
ده‌رچوونی و تائێستا هیچ هه‌ڵسانگاندنێکی بۆ نه‌کراوه
و قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر به‌ها و سه‌نگی نه‌کراوه. ئه‌مه‌ش
ڕه‌نگه ده‌رفه‌تێکی باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک
بتوانێت هه‌لسه‌نگاندنێک بۆ به‌های حه‌قیقیی ئه‌م
کتێبه بکات بێئه‌وه‌ی قسه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆلی
پیاهه‌ڵدانی ناحه‌قانه و شکاندنی ناحه‌قانه‌دا
ڕاماڵرێت که به‌دوای ده‌رچوونی هه‌ر به‌رهه‌مێکی کاک
به‌ختیاردا دێت.
خه‌سڵه‌تێکی گرنگ و خوویه‌کی جوانی کاک به‌ختیار عه‌لی
له بیرکردنه‌وه و نووسیندا ئه‌وه‌یه که ئه‌و
چه‌نان ساڵه سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات قوڵتر
له باو موعاله‌جه‌ی بابه‌تێک بکات و ته‌واو خۆی له‌و
شێوه لێکدانه‌وه ڕاسته‌وخۆ و ڕووکه‌شانه‌یه
بپارێزێت که باوه له‌ناو ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و
فیکریی ئێمه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه قه‌ت مانای ئه‌وه
نییه که هه‌ر ئه‌م نییه‌ته کافیی بێت و هه‌ر که‌سێک
به‌س ئه‌وه‌نده ویستی قوڵتر موعاله‌جه‌ی بابه‌تێک
بکات، ئیتر بتوانێت بیکات. کارێکی وا له‌پاڵ
ئاگاداربوون و تێگه‌یشتنێکی ڕیشه‌یی له، به‌لای
که‌مه‌وه، هێڵه سه‌ره‌کییه‌کان و تێزه
جه‌وهه‌رییه‌کانی ناو ئه‌و بواره‌ی قسه‌ی تیا
ده‌که‌یت، ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت که بتوانیت به
تاوتوێکردنێکی زانستیی و ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دراوانه،
به ته‌سه‌لسولێکی لۆجیکیی ڕوون و ئاشکرا تێزی
سه‌ربه‌خۆی خۆتیان له‌سه‌ر بونیاد بنێیت. ئه‌م کتێبه‌ی
کاک به‌ختیار له‌م ڕووه‌وه له هه‌ر کتێب و ده‌قێکی
فیکریی پێشووتری زیاتر کورت ده‌هێنێت. خوێنه‌رێکی
مامناوه‌ندیی ئاگادار له مه‌رجه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی
ئه‌کادیمیی ده‌توانێت ڕوون ئه‌وه ببینێت که نووسه‌ر
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه وه‌همی ئه‌وه ده‌دات که
لێکدانه‌وه و تاوتوێکردنی فیکریی و هه‌ڵهێنجانی
مه‌نتیقیی ده‌کات، ئه‌گینا له‌حه‌قیقه‌تدا هیچ ناکات
به غه‌یری هێنانوبردنێکی ڕووکه‌شانه‌ی ئه‌فکاری
پچڕپچڕ و زۆرجار ناکۆک به‌یه‌ک و
به‌رامبه‌ریه‌ککردنه‌وه‌یه‌کی میکانیکییان به‌ده‌وری
بیرۆکه‌یه‌کدا که به درێژایی باسه‌که به‌شێوه‌یه‌کی
ته‌واو بێزارکه‌ر هه‌ر دووباره و دووباره
ده‌کرێته‌وه.
''سێوی سێهه‌م'' کتێبێکی فیکرییه که به ده‌گمه‌ن
ئارگیومێنتی راسته‌قینه‌ی تیا ده‌ست ده‌که‌وێت،
له‌کاتیکدا توخمی سه‌ره‌کیی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکریی
ئه‌کادیمیی ئارگیومێنتکردنه. نووسه‌ر به‌درێژایی
کتێبه‌که هه‌ر باسی ئه‌وه ده‌کات که
قه‌ناعه‌ته‌کانی ئه‌و چین و چۆنن، له‌کاتێکدا نووسینی
لێکۆڵینه‌وه و ئارگیومێنتکردن عه‌رزی قه‌ناعه‌ته‌کانی
لێکۆڵه‌ر نییه به‌ڵکو ئه‌وه‌یه هه‌وڵبده‌یت
قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بهێنیت که ئه‌و قه‌ناعه‌تانه‌ی
تۆ ته‌واون.
تێزی سه‌ره‌کیی، یان ڕاستتر، ته‌نها تێزی ناو ئه‌م
کتێبه قه‌ناعه‌تێکی وایه که: ''له‌ناو هه‌ر
سیسته‌مێکدا ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره هه‌یه که ڕێگا
له‌وه ده‌گرێت سیسته‌م ببێته شتێکی جێگیر و
ئه‌به‌دیی و داخراو'' (ل6). کورتهێنانی گه‌وره‌ی ئه‌م
کتێبه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و مێتۆده‌دایه که بۆ
سه‌لماندنی ئه‌م تێزه ده‌یگرێته به‌ر. نووسه‌ر بۆ
پیشاندانی دروستیی ئه‌م تێزه دێت تێزه‌کانی چه‌ند
فه‌یله‌سوفێک به‌رچاو ده‌خات که (به‌رهه‌رحاڵ به ڕای
نووسه‌ر) هه‌ر هه‌مان ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌یان
هه‌یه. بۆیه خوێنه‌ر له چه‌نان شوێنی ئه‌م کتێبه‌دا
ڕووبه‌ڕووی ئارگیومێنتکردنی له‌و چه‌شنه ده‌بێته‌وه
که، بۆ نموونه، جاک لاکان یان جاک دریدا یان ئێرنست
بلۆخ وای وتووه، بۆیه ده‌بێت ئه‌ویش قه‌ناعه‌تی
وابێت. ئه‌م جۆره له ئارگیومێنت له ناوه‌نده
ئه‌کادیمییه‌کاندا به ''ئارگیومێنتی قه‌ڵب - Invalid
argument'' ناو ده‌برێت، به‌وه‌ی که قه‌ناعه‌تی
ئۆتۆریته‌یه‌ک ده‌کرێته به‌ڵگه‌ی دروستیی ئیدیعایه‌ک.
به وه‌سفێکی تر که‌سێک ده‌توانێت بڵێت که ئه‌م
میتۆده میتۆدی ''سه‌لماندنه به وه‌سیله‌ی ووته‌ی
ناوداران''. دیاره کارێکی گرنگ ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئه‌م
کتێبه ته‌نها عه‌رزکردنێک بوایه یان موحازه‌ره‌یه‌کی
نووسراو بوایه سه‌باره‌ت به تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌ی
ئه‌و فه‌یله‌سوفانه، به‌ڵام ئه‌م کتێبه له‌سه‌رووی
ئه‌م ئه‌رکه‌وه ئه‌رکێکی تر ده‌گرێته ئه‌ستۆ و
ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت که ''هیچ سیسته‌مێک ئه‌به‌دیی
نییه'' (ل5).
له‌هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌م کتێبه‌دا خوێنه‌ر
ڕووبه‌ڕووی تێزی نه‌سه‌لمێنراو ده‌بێته‌وه که
نووسه‌ر ئیدیعای ده‌کات و بێئه‌وه‌ی ئه‌رکی ئه‌وه
بکێشێت ته‌بریری خۆی بڵێت بۆیان، ده‌چێت درێژه‌ی
پێده‌دات و تێز و ئیدیعای تریان له‌سه‌ر بونیاد
ده‌نێت. بۆ نموونه هه‌ر له لاپه‌ڕه‌کانی یه‌که‌می
کتێبه‌که‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌دیهییه‌تێک باس بکرێت،
قه‌ناعه‌تێکی وا به‌رچاو ده‌خرێت که ''هه‌ر سیسته‌مێک
دوو پنتی جیاوازی تیایه، یه‌که‌میان ڕۆحییه‌تی
گۆڕانه و ئه‌ویتریان ڕۆحییه‌تی سیسته‌م''. ئینجا
له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م تێزه ناکۆنکرێت و
نه‌سه‌لمێنراوه لێکدانه‌وه‌ی تر بونیاد ده‌نرێت که
گوایه ''ئه‌م دووانه له ململانێدان و یه‌که‌میان
به‌ره‌و ده‌رچوون له سیسته‌م ده‌ڕوا و، دووه‌میان
ده‌یه‌وێت سیسته‌م له هه‌ر گۆڕانێک بپارێزێت''. دوای
ئه‌وه‌ی ئه‌م تێزه‌ی دوایی، چه‌نان جار به چه‌نان
شێوه‌ی جیاواز به‌ڵام به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆکه‌وه
دووباره ده‌بێته‌وه، ئینجا وه‌ک قسه‌یه‌کی لێبڕاوه
ده‌کرێته بناغه بۆ لێکدانه‌وه له چوارچێوه‌یه‌کی
گه‌وره‌تردا و ده‌ووترێت که ''له‌و ڕوانگه‌یه‌وه
ده‌توانین له‌و ململانێ قوڵه تێبگه‌ین که له نێوان
میتافیزیک و پۆست‌مۆدێرن و ته‌فکیکییه‌تدا هه‌یه''
(ل10-11)، ئه‌مه بێئه‌وه‌ی بۆ هیچ خوێنه‌رێک دیار بێت
چۆن و بۆچی ڕه‌وایه ئه‌م ته‌عمیمکردنه‌وه‌یه ''له‌م
ڕوانگه‌یه‌وه'' بکرێت؛ یان مه‌به‌ست له چی
ململانێیه‌که له‌نێوان ئه‌و سیانه‌دا و ئه‌و سیانه
بۆچی وا کۆکرانه‌وه و لێره‌دا له‌پڕ ده‌رکه‌وتن.
ئه‌م کتێبه ڕه‌چاوی ساده‌ترین مه‌رجه‌کانی
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی ناکات. باسه‌که به
گه‌شه‌یه‌کی لۆجیکیی (Logical progression) ناچێته
پێشه‌وه، به‌ڵکو له باسێک باز ده‌دات بۆ باسێکی تر و
دوایی به دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئیدیعا ئه‌سڵییه
نه‌سه‌لمێنراوه‌که دێته‌وه سه‌ر خه‌ت و ئیلحاح
له‌سه‌ر خوینه‌ر ده‌ست پێده‌کاته‌وه بۆ قبوڵکردنی
تێزه‌که‌ی. ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی که عه‌قڵی ڕه‌خنه‌یی
خۆیان ده‌که‌نه مه‌حه‌ک بۆ قه‌ناعه‌تهێنان به‌هه‌ر
تێزێک، وه به شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و
ئارگیومێنتی په‌یوه‌نددار و ڕوون و حه‌قیقیی نه‌بێت
ڕازیی نابن، له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا
هه‌ست به هه‌وڵێکی به‌رده‌وامی نووسه‌ر ده‌که‌ن بۆ
مانیپۆلکردنی مێشکیان. له هه‌مان کاتدا بۆ
خوێنه‌رانێک که ئه‌م مه‌رجه‌یان نییه،
لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌م کتێبه له ڕووکه‌شدا وا قوڵ و
زانستیی خۆیان ده‌نوێنن که ڕه‌نگه سه‌دانیان هه‌ر
زوو ته‌سلیم بن و قه‌ناعه‌تی ڕۆحیی به قوڵیی و گرنگیی
باسه‌کان بهێنن به‌ڵام بێئه‌وه‌ی هیچیشی لێ تێبگه‌ن.
خوێنه‌ری ئه‌م کتێبه به درێژایی کتێبه‌که
ڕووبه‌ڕووی چه‌نان ڕسته‌ی پڕ له ڕێتۆریک و چه‌مکی لێڵ
(Vague conception) ده‌بێته‌وه که هیچ مانایه‌کی
کۆنکریت و دیار ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه. بۆ نموونه:
- ''له‌ناو مێژوودا ده‌بێت هه‌میشه هێزێک هه‌بێت که
به دروستیی تێینه‌گه‌ین، واته نه‌توانین به دروستیی
ماهییه‌تی ده‌ستنیشان بکه‌ین. (ل53)''،
- ئێمه ده‌بێت ''فیکرێکی ناسیونالیی وامان هه‌بێت که
به‌سه‌ر زیاد له ئه‌گه‌رێکی مانا و ئه‌گه‌رێکی
شوناسدا کرابێته‌وه. (ل177)''،
- ''ئه‌و هێزانه‌ی باوه‌ڕیان وایه که به ڕوونیی
شوناسی هێزێک ده‌بینن ترسناکن چونکه له‌ئاستی
مێژوویی‌دا شوناس هه‌میشه ده‌مامکه (ل52)''.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌نان ده‌سته‌واژه دێنه
ناوه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیج مانایه‌کی ڕوون و
کۆنکرێتیان بدرێتێ. بۆنموونه: ''پرۆژه‌ی
به‌رجه‌سته‌بوونی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی''،
''دیموکراسیزمی تیۆریی''، ''مرۆڤی جه‌وهه‌رگه‌را'' و
''دینه‌مۆ ستراتیجییه‌کانی مۆدێرنه''.
مه‌رجی ڕه‌چاوکردنی پره‌نسیپه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی
زانستیی و ئه‌کادیمیی له‌م سه‌رده‌مه‌ی ڕۆشنبیریی
کوردییدا مه‌رجێکه که له‌هه‌ر کاتێکی تر گرنگتره
پێی له‌سه‌ر دابگرین و سازشی له‌سه‌ر نه‌که‌ین چونکه
له‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی دواییدا هه‌وڵی سیسته‌ماتیک و
خه‌ته‌رناک هه‌بووه بۆ به‌دئیستیفاده له
که‌متوانایی و که‌موزۆر نازیندوویه‌تیی خوێنه‌ری ئێمه
و خۆتێپه‌ڕاندن به‌سه‌ریدا. لادانی ئه‌و مه‌رجه له
درێژه‌ی خۆیدا دیالۆگ و ئاڵۆگۆڕی فیکریی حه‌قیقیی له
ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و له کۆمه‌ڵگادا
ده‌کوژێت و له درێژه‌شدا له مه‌یدانی سیاسیی‌دا
ڕووبه‌رێک دروست ده‌کات که تیایدا ده‌سه‌ڵاتێکی
سته‌مکار بتوانێت به‌ئاسانیی دیماگۆجییه‌ت و ڕێتۆریکی
سیاسیی خۆی به قیمه‌تی حیکمه‌تی سیاسیی به‌سه‌ر
خه‌ڵکدا ساغ بکاته‌وه. نموونه‌یه‌کی ئه‌مه ده‌کرێت
ئه‌وه بێت که ئه‌م ڕۆژانه سه‌رۆکی کوردستان مافی
خۆی بۆ سه‌رکوتکردنی نه‌یارانی خۆی به‌وه ئارگیومێنت
بۆ ده‌کرد که حیزبه‌که‌ی ئه‌و ''مێژووی خه‌بات''ی
هه‌یه.
سازشکردن له مه‌رجی ئه‌کادیمییه‌تی لێکۆڵینه‌وه
ڕێگه خۆشده‌کات له ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکرییدا
هه‌ڵه و کورتهێنانی ئاشکرای پێ داپۆشرێت و به نرخی
لێکدانه‌وه‌ی قوڵ به خوێنه‌ر بفرۆشرێت. کاک به‌ختیار
له باسی دووه‌می ئه‌م کتێبه‌دا ده‌ستپێکردنێکی
ناموه‌فه‌قانه ده‌ست پێده‌کات کاتێک بۆ چوونه ناو
باسه‌که‌وه نوکته‌یه‌ک ته‌وزیف ده‌کات که بۆ
بیرۆکه‌ی باسه‌که‌ی ئه‌و ناشێت. نوکته‌که باسی که‌سێک
ده‌کات که سێ سێوی له به‌رده‌ستدایه. یه‌که‌میان
له‌ت ده‌کات و ده‌بینێت کرمێیه. دووه‌میشیان
هه‌مانشت. بۆیه به‌رله‌وه‌ی سێیه‌میان له‌ت بکات،
گڵۆپه‌که ده‌کوژێنێته‌وه ئینجا له‌تی ده‌کات و
ده‌یخوات. کارێکی خۆخه‌ڵه‌تێنه‌رانه که ئه‌م که‌سه
ده‌یکات و هه‌موومان دێنێته پێکه‌نین، کاک به‌ختیار
به نووسینی 37 لاپه‌ڕه، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت
که ئه‌وه کارێکی گرنگه و ''ده‌لاله‌تی تێکه‌ڵبوونه
به تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگ و پێویست و بزافساز
(ل52)''، وه ئه‌و که‌سه ''که‌سێکی ئه‌زمونگه‌ره و
ساتی کوژاندنه‌وه‌ی چراکه و خواردنی سێوه‌که‌ش ساتێکی
به ئیمتیاز سیاسییه چونکه ئه‌ویش وه‌ک سیاسه‌ت
په‌لاماردانی ئه‌گه‌رێکی نادیاره'' (ل69).
ڕێتۆریک و قسه‌ی سۆفیستییانه له کۆمه‌ڵگا
زیندووه‌کاندا هه‌ر زوو خوێنه‌ر ده‌رکی پێده‌کات و
ده‌ست ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر به هه‌ڵه‌دا
چووه له لێکدانه‌وه‌یه‌کدا، یان نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات
به ڕێتۆریکی ڕووکه‌شانه لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه
تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری ناو کۆمه‌ڵگای
ئێمه به‌داخه‌وه هێشتا ئه‌و پله‌یه له حه‌ساسییه‌ت
و وردبینیی نییه، گرنگه به دانانی مه‌رجی هه‌بوونی
هاوئاهه‌نگیی (Consistency) له هه‌ر گوتارێکدا و
شازشنه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه و ڕه‌خنه‌کردنی
لادان لێی، کۆمه‌ڵگایه‌کی زه‌دیده (Vulnerable)ی وه‌ک
کۆمه‌ڵگای کوردیی له خه‌ته‌ری ده‌ستزاڵبوونی
بێکه‌فائه‌تان بپارێزرێت.
دیاره کاک به‌ختیار عه‌لی نه‌ک هه‌ر که‌سێکی
بێکه‌فائه‌ت نییه، به‌ڵکو کارکردنی ئه‌و چه‌ند
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گرنگی هه‌یه و له‌م کتێبه‌شدا
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه به زه‌قیی دیارن، له‌وانه،
یه‌که‌م، ئه‌و پێشڕه‌ویی هه‌یه له‌وه‌دا که خۆی له
باسی تازه ده‌دات و ڕۆشنبیریی کوردیی له‌گه‌ڵ خۆیدا
ده‌بات بۆ ئاقارهایه‌کی فیکریی که ئه‌م ڕۆشنبیرییه
پێشتر خۆی لێ نه‌داوه و ته‌واو پێی نائاشنایه.
دووه‌م، ئه‌و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که به عه‌قڵی
خۆی بیر بکاته‌وه و (باش یان خراپ) تێزی سه‌ربه‌خۆی
هه‌بێت. سێیه‌م، ئه‌و پۆتێنسیاڵێکی بێئه‌ندازه
گه‌وره‌ی تیایه بۆ گه‌شه‌کردن و بوون به بیریارێکی
گرنگی کورد. به‌ڵام به‌دیهاتنی ئه‌م خه‌ونه به‌ڕای من
به‌وه‌وه به‌نده که ئه‌و چه‌ند ئاماده‌یه واز له
پێداگریی له‌سه‌ر ئیمکانییه‌تی هه‌ڵکه‌وتنی بیریار
به‌بێ خوێندنی ئه‌کادیمیی بهینێت و بچێت له
زانکۆیه‌کدا به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک له بوارێک‌دا
خۆی قاڵ بکاته‌وه و ببێته پسپۆڕ. من پێموایه
چاره‌نووسی ئه‌و وه‌ک نووسه‌رێکی به‌ئیعتیبار و
ته‌نانه‌ت چاره‌نووسی ''بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند''یش
له‌ناو ڕۆشنبیریی کوردییدا به مه‌رجی خوێندنی
ئاکادیمییه‌وه به‌ستراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و و ئه‌و
بزوتنه‌وه‌یه ئاماده بن بچنه سه‌ر ته‌خته‌ی خوێندن
له زانکۆکان‌دا، ئه‌وا ئیعتیبارێک و ته‌مه‌نێکی
درێژتریان ده‌بێت وه‌ک نووسه‌رێک و وه‌ک
بزووتنه‌وه‌یه‌کی زاڵ و به‌ئیعتیباری ناو ڕۆشنبیریی
ئێمه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه ناکه‌ن، ئه‌وا ئه‌و و
بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند ده‌بێت ئاماده‌ی ئه‌وه بن که
هه‌ر ئه‌وه‌نده ساڵی تر له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی
کوردییدا به‌جیددی وه‌رده‌گیردرێن تا ئه‌و نه‌وه
تازه کوردییزانه‌ی گه‌نجانی کورد که ئێستا له
زانکۆکانی وڵاته ڕۆژئاواییه‌کاندا ده‌ستیان به
خوێندن کردووه، له خوێندنه‌کانیان ده‌بنه‌وه.
ئۆسلۆ، ۱٠ / ۶ / ٢٠١٠
sirwanebdul@yahoo.com
|