دیسان شه‌و هات ..
 

  

ته‌یب جه‌بار


دیسان شه‌و هات ، بۆ ناڵه‌ی من .
گڕ به‌ردرا ..
له‌ شاره‌ زه‌رده‌واڵه‌ی من .
نه‌ دیوار هه‌ناسه‌ ده‌دا ،
نه‌ ده‌رگایه‌ ده‌دوێ .
نه‌ په‌نجه‌ره‌ رووم تێده‌كا ،
نه‌ سازێ‌ ده‌ده‌نگێ .
نه‌ تارمایی یارێ‌ ..
سه‌رم لێده‌دا ،
نه‌ كه‌سێك دێ .
ئۆقره‌ ناگرێ ..
ئه‌م روحه‌ رووت و ره‌جاڵه‌ی من !!
تۆ بڵێی له‌م دونیایه‌ ..
كه‌سێك هه‌بێ ..
سه‌ر ده‌ربكا ،
له‌ هه‌گبه‌ی ورده‌واڵه‌ی من ؟!
كاتێ حه‌زی خه‌وتنم ده‌مرێ ،
ده‌مه‌وێ ده‌ست بكه‌م ..
به‌ نه‌رمكردنی ئاو .
له‌ولاوه‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ..
ئاوساندنی به‌رد ،
سواری سه‌رم ده‌بێ .
ئه‌و ساته‌ی ..
ته‌ته‌ڵه‌ی تریفه‌ ده‌كه‌م ،
كوت وپڕ ..
حه‌زی شۆرینه‌وه‌ی با ،
یه‌خه‌م ده‌گرێ .
ئه‌و وه‌خته‌ی خه‌ریكی ..
پینه‌كردنی ئاسمانم ،
جله‌وی ئه‌سپی گڕكان ،
له‌ ده‌ستم به‌ر ده‌بێ .
ئه‌و كاته‌ی سه‌رقاڵی ..
درونی جل و به‌رگی خه‌ونم ،
زه‌وقی داو نانه‌وه‌ ..
بۆ گزنگ ،
له‌ ده‌ست و په‌نجه‌م ده‌ئاڵێ‌ .
جار به‌ جار هه‌وڵئه‌ده‌م ..
ره‌شه‌با بهاڕم ،
خولیای له‌ بێژنگدانی ..
شڵپه‌ی تاڤگه‌ ،
سه‌ر ودڵم ده‌گرێ .
كه‌ حه‌زم ده‌چێته‌ ..
سه‌ر پاڵاوتنی ته‌م و مژ ،
خه‌می پاشقولدانی ..
هه‌وره‌ تریشقه‌ ،
دامده‌گرێ .
زۆر جار خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م ،
بۆ سه‌ربڕینی گه‌رده‌لوول ،
چنگی واسواسه‌ی ..
په‌لاماردانی لافاو ،
رێم لێده‌گرێ .
ئه‌و ده‌مه‌ی خه‌ریكی ..
دادانی نوكی چه‌خماخه‌م ،
حه‌ز و ختوكه‌ی ..
تیژ كردنی ده‌مه‌ شه‌پۆل ،
شه‌ڕم پێ ده‌فرۆشێ .
وه‌ختێ پێسته‌ی ئاگر ..
خۆشه‌ ده‌كه‌م ،
له‌ سه‌د لاوه‌ گیانم ده‌خورێ .
هه‌ست به‌ چێژێك ده‌كه‌م ،
خۆش .. وه‌ك چێژی سوتان ،
سه‌راپای جه‌سته‌م ..
داده‌پۆشێ .
ئه‌و كاته‌ی ده‌مه‌وێ ..
بومه‌له‌رزه‌ بتوێنمه‌وه‌ ،
مار و مێروی ..
وڵاتێكی سه‌راپا كاول ،
تێم ده‌وروكێ .
خودایه‌ ..
به‌زمی بێ سه‌ر و هه‌ودای من ،
كه‌ی ته‌واو ده‌بێ ؟
خودایه‌ ..
دیسان شه‌و هات بۆ حاڵی من .
فریام كه‌وه‌ ..
ئاگر بارانه‌ له‌ ماڵی من .
خودایه‌ ..
چ شتێ دادم ده‌دا ؟
تۆ بڵێی داسراكێ ..
روحی هه‌راسان و لاڵی من ؟
له‌ ناو گه‌ڵای نه‌رمی كتێبدا ،
یا باوه‌شی گه‌رمی كچێ ؟

شوباتی 2010



• له‌ ژماره‌ (8 ) ، به‌رواری (30/3/2010) دا ، له‌ پاشكۆی روبه‌ری داهێنان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

 

           

 

04/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com