مه‌ڕۆ هاوڕێ ، جارێ زووه .
هێشتا دووكه‌ڵ ..
هه‌ر خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه .
كه‌فی خنكان ..
نه‌نیشتووه .
په‌ت و داوی كشانه‌وه ،
گڵۆڵه‌ی خۆی ..
گه‌وره ده‌كات .
خه‌ونی لێخن ،
له‌گه‌ڵ شه‌كانه‌وه‌ی مێژوو ،
تێكه‌ڵ ده‌بێ ،
په‌لامارمان ده‌دات .
په‌شیمانی ،
ورده‌كاری خۆی ..
ئاشكرا نه‌كردووه .
مه‌ڕۆ هاوڕێ ..
موچڕكی سۆز نامانناسێ .
سه‌رمان نه‌داوه ..
له مێرگی به‌خشین .
كۆرپه‌ی گفت و گۆ ..
پێی نه‌گرتووه .
جارێ زووه ..
جارێ زووه ..
بۆ ماسته‌ر پلانی ئاسمان ،
هێشتا هیچمان نه‌كردووه .
* * *
مه‌ڕۆ هاوڕێ ، ئیشم پێته .
بڕیار نه‌بوو ،
به قاقا ..
گه‌مارۆی گریان بده‌ین .
پلانێك دانێین ..
بۆ كوشتنی هه‌را و هوریا .
به خشه خش ..
سه‌ر له گرمه گرم تێكده‌ین .
به هیواشی راوه‌شێنین ..
فریشته‌ی ده‌نگ .
فیكه‌ی شل لێده‌ین ،
بۆ كێڵانی كێڵگه‌ی ره‌نگ.
بڕیار نه‌بوو ،
بچین بۆ یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران
گوێ بگرین له بێده‌نگی .
بۆشایی به‌تاڵ كه‌ین .
به چرپه چرپ ..
شه‌و درێژ كه‌ینه‌وه .
بۆ به‌یانی ،
به قڕه قڕ ..
رۆژ كورت كه‌ینه‌وه .
ده‌مه‌و ئێواره ،
دوای چاك و چۆنی ..
له‌گه‌ڵ گاڵته‌دا ،
به ده‌م پیاسه‌وه ،
بكه‌وینه دانوسان ،
یاسای چاودێری نوكته ..
هه‌موار كه‌ین .
بڕیار نه‌بوو ،
دیڤز .. دیڤز (* ) ،
شۆڕ بینه‌وه ..
بۆ دۆڵی ده‌ست پێشخه‌ری ،
به ئاشكرا ،
ونبوون بشارینه‌وه .
چادرێ هه‌ڵده‌ین ..
بۆ چاره‌سه‌ری چۆكدادان .
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ..
سپێتی شیر بنوسین .
ره‌شێتی قیر راده‌ستی ..
داستانی هه‌ڵلوشین كه‌ین .
په‌پوله‌ی ده‌رفه‌ت ..
به‌رده‌ینه ده‌شتی ده‌سته مۆ.
پێشبڕكێیه‌ك ..
بۆ راوه شه‌رم سازده‌ین .
* * *
مه‌ڕۆ هاوڕێ ، جێم مه‌هێڵه .
بڕیار نه‌بوو ..
پێكه‌وه ..
مۆزه‌خانه‌ی كات دروست كه‌ین .
مه‌ڕۆ هاوڕێ ، جێم مه‌هێڵه .
مه‌ڕۆ هاوڕێ ، جێم ..
مه‌ڕۆ هاوڕێ ،
مه‌ڕۆ ..
مه .
كۆتایی شوباتی 2010
(*) دیفز .. دیفز / ناوی شانۆگه‌ریه‌كه له ده‌رهێنان
و نواندنی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ( حسین میسری) یه
، من له بری وشه‌ی " ورده .. ورده " یاخود "هیواش
.. هیواش " یاخود.............. هتد ، به‌كارمهێناوه
.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ*
له ژماره (212) رۆژی (10/5/2010) له پاشكۆی
ره‌خنه‌ی چاودێردا بڵاو كرایه‌وه .
|