به‌ چه‌ند سه‌عات هه‌تا ئاوا بوونی ده‌قه‌یه‌ك ده‌چم ؟
پێشكه‌شه‌ به‌ سه‌باح ره‌نجده‌ر / ی شاعیر

  

ته‌یب قادر



به‌ ته‌نیشت سه‌عاته‌كاندا ده‌ڕۆم
به‌ پێش خوله‌كدا ڕه‌ت ده‌بم
ده‌ست له‌ پشت ئاسمانه‌وه‌ ده‌گرم
به‌ جۆرێك دونیا نه‌مناسێته‌وه‌
به‌ پیاسه‌ سه‌عاتێك له‌ ڕۆژ وه‌رده‌گرم
كه‌پوم له‌ته‌مه‌ن ده‌خشێنم
هه‌ندێك ئاو به‌ ئاخێك ده‌سوتێنم
نزیك ده‌بمه‌وه‌ له‌هه‌رای مه‌قرییه‌ك
نزیك ده‌بمه‌وه‌ له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌وچكێك
وورد گوێ بگره‌
له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌م
له‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌كان قاپێكم هه‌یه‌
له‌ هه‌ر قاپێك خۆمم چه‌نگاڵ له‌ دووكه‌ڵی شه‌قام ده‌ده‌م
پیاسه‌ باشه‌ بۆ هێوربونه‌وه‌ی خه‌ون
پیاسه‌ باشه‌ بۆ ناسینی ته‌نیایی ڕه‌سیف
ئه‌وهایه‌ ده‌بێ شتێك هه‌بێ
بیكه‌یته‌ نیشانه‌
تا میوان به‌ پێشه‌نگای ڕۆحمان بكه‌ون
دارلاستیق باشه‌ بۆ به‌رگرتنه‌ دڵه‌ كرێچیه‌كان
خۆ هه‌موو جار نابێ به‌سه‌ری ته‌ڕو دڵی ته‌ڕو ده‌ستی ته‌ڕو لێوی ته‌ڕ
بێینه‌ به‌رده‌رگای ماڵه‌كان
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ به‌ تاكسی له‌ شه‌ودا
له‌ مه‌نجه‌ڵێك به‌ دراوسێی پیاوه‌ غه‌ریبه‌كان ده‌فرۆشین
خۆ هه‌موو جار نازانین كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ دوێنێ
به‌ ته‌شتێك خه‌می ووردكراو
ئه‌وهایش نازانم دونیا هی من بێ
ڕه‌نگه‌ سه‌فه‌رێكم بۆخۆم پێ نه‌كڕێ
ڕه‌نگه‌ قورگی بیرچونه‌وه‌م بهێشێ و
ده‌سته‌سڕی ته‌نهایم پێ نه‌بێ
خه‌ون قورسایی ژیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌
هه‌واڵێكم پێیه‌ بۆ هه‌ندێك له‌وانه‌ی به‌له‌میان نیه‌
بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ تۆزی گه‌رما
ڕیزكردنی چرا له‌ نێو تانكی ڕابردوو
ده‌بده‌به‌ی به‌دبه‌ختیت ده‌ته‌قێ
ئارامی ده‌به‌خشێته‌ بلوزی ژێره‌وه‌ی رۆح
بازێك هات شه‌قامه‌كانی ئاوڕشێن كرد
ته‌یرێكی بچووك له‌ په‌نجه‌ی مناڵی دراوسێكه‌مان ده‌چوو
له‌ ناوه‌ندی عومری من دایبه‌ستایه‌ ده‌ف ژه‌نیین له‌ سه‌ر ئاوازی نوێژێكی درێژ
سێبه‌ری دیوارێكی كۆن چاو له‌ ده‌زی به‌ ده‌رزی پێوه‌كردنی پیرێژنێكی به‌ ساڵه‌ چوو سوور ده‌كاته‌وه‌
ده‌ڵێ : چیبوو نوقرچه‌ی گه‌سكی ده‌ستی سه‌بوریه‌ك نه‌گه‌یشته‌ جێ ؟
باشترین وه‌خت كاتی پێگه‌یشتنی قینچكه‌یه‌
هه‌ر له‌وێ سلوف له‌ ماچ بده‌و
بلوزێكی تازه‌ بخه‌ ئامێزت
تازه‌ له‌ تایی بێئاگایی هاتومه‌وه‌
ده‌نا باشتر پاڵم به‌ خێراییه‌وه‌ ده‌نا
زورتر كولێره‌ی شه‌وم دروست ده‌كرد
ڕۆژه‌كانم خڕده‌كرده‌وه‌ و ده‌مخسته‌ نێو زه‌رفێك
ده‌مهێنان لای ده‌بده‌به‌ی منداڵێك سه‌رفم ده‌كرد
چه‌ند ئێوه‌ره‌یه‌كی تر ماوه‌ بۆ چاوه‌ڕێ كردن
تا جگاره‌ی ته‌مه‌ن ده‌كوژێته‌وه‌
كه‌پرێكی شین له‌ ڕه‌نگی كراوه‌نه‌وه‌
به‌سه‌ بۆ داگیرسانی سێبه‌ر
په‌نجه‌كانم ده‌ته‌قێنم و نامه‌یه‌ك بۆ باران ده‌نێرم
ده‌نوسم ئه‌وجاره‌ هاتی له‌ كن گۆشه‌ی دڵی من دابه‌زه‌
ته‌واوی مووی جه‌سته‌م له‌ هاتنی تۆدا دانیشتوه‌
خڕو خرپن به‌ سه‌ر میوانیم دا بگه‌ڕێ
كلۆ دابه‌ش بكه‌ به‌سه‌ر گه‌نمی خه‌مم
چه‌قۆ بخه‌ ده‌می بێ قه‌راریم
چه‌ند جوان ده‌له‌رێته‌وه‌ مه‌دالیای سینگی ڕۆیشتن
هه‌رچیت پێیه‌ داینێ ئه‌ی سه‌به‌ته‌ی شادومانی
یه‌ك په‌رده‌ی بچوكی لێ هه‌ڵده‌گرم
به‌ سه‌ر سێبه‌ری خۆم دا ده‌ده‌م و
خۆم له‌ بێ تاقه‌تی بزر ده‌كه‌م
به‌خێرایی خۆم به‌ كۆڵانه‌كانی منداڵیم داده‌كه‌م و
هه‌تا قوه‌تم هه‌یه‌ بیركردنه‌وه‌م
فڕێده‌ده‌مه‌ نێو په‌قره‌جی چرا
به‌ پێ هه‌تا سه‌ر مانگ ده‌چم
له‌و ڕۆیشتنه‌مدا
بێ ئاگایی سێ شار ده‌خه‌وێنم
خۆم له‌ دڵه‌ڕاوكێ گڤ ده‌كه‌مه‌وه‌
پێم له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كان ده‌سڕمه‌وه‌
فلچه‌ی هه‌تاوو
ده‌رزی ته‌مه‌ن درێژی و
ئه‌رشیفی داهاتووی لانه‌ی پیری و
كیسه‌یه‌ك كلێنسی به‌كار هاتووی ساڵ و
هێڵنجی په‌تاته‌یه‌كی هه‌رزه‌كار
له‌ گه‌ڵ خۆم ده‌به‌م
به‌ سه‌تڵێك له‌ سه‌بوری چاوه‌ڕانی دێمه‌وه‌
دونیا چاوه‌ڕانی تێدا نه‌با زۆر تاریك ده‌بوو
چاوه‌ڕوانی هێلكه‌ی مراویه‌كی نائۆقره‌یه‌ ، پشیی درێژی ده‌وێ
تا ده‌توروكێ
له‌ بن كه‌پڵی ئاسمان كه‌پڵێك له‌ ڕه‌نگی گیا درووست ده‌كه‌م
دوو سێ كۆترو
چوار پێنج مریشك
بۆ دڵدانه‌وه‌ی ڕژانی دونیا ڕاده‌گرم
سه‌عات ده‌گرمه‌وه‌
هه‌تا ئێواره‌ چه‌ند ڕۆژو چه‌ند مانگم پێ ده‌چێ ؟
ئه‌و باره‌ی له‌ سكی ئاوێنه‌دایه‌ ، كه‌ چه‌ند منداڵێكی له‌ پیتی خۆمه‌
كه‌ی ده‌گاته‌ جێ ؟
كه‌ی كه‌سێك ده‌رگای جه‌سته‌م كه‌ دڵمه‌
له‌ ژێره‌وه‌ هه‌ڵده‌ته‌كێنێ و ده‌ستی ده‌ریا ده‌گرێ و
نێو چه‌وانی نزام بۆ ئاو ده‌دا ؟
به‌ چه‌ند سه‌عات هه‌تا ئاوا بوونی ده‌قه‌یه‌ك ده‌چم ؟
خۆم له‌ كن كیلۆیه‌ك غلۆر بونه‌وه‌ داده‌نێم
توند ڕۆیشتن به‌ دانیشتنه‌وه‌ گرێده‌ده‌م
توند سه‌رم به‌ نه‌رمی ده‌كێشم


taibeqadir@gmail.com





 

           

 

18/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com