كه‌واته‌ ته‌نهام

  

ته‌یب قادر



هه‌موو شتێكم هه‌یه‌
ده‌لاقه‌ی ماڵ
گیرفانی ڕۆیشتن
فه‌خوری گه‌ڕانه‌وه‌
گڵاسی پشوو
فه‌رشی سڵاو
شه‌ربه‌تی هاوڕێیان
ترێی شه‌و
هه‌فته‌ی سێبه‌ر
باخچه‌ی نارنجی
ئه‌وه‌ی نیمه‌ گوێ گرتنه‌ له‌ گۆرانی ژن
كه‌واته‌ ته‌نهام

هه‌موو شتێك ده‌بینم
ڕۆیشتنی با
بۆنی پیاسه‌ له‌ زۆر دوور
ڕه‌نگی پێش منداڵیم
سه‌فه‌ری گه‌وره‌بوونی هه‌نجیر
ئه‌وه‌ی نایبینم نیگای تیژی ژنه‌
كه‌واته‌ ته‌نهام

ژنێك پرچی له‌ ته‌مه‌نی درێژ تربێ
ژنێك چاوی له‌ بینینی گه‌وره‌ تربێ
ژنێك به‌ژنی له‌ یه‌ك سه‌عاته‌ ڕێ درێژ تر بێ
ژنێك دڵی له‌ سینگی گه‌وره‌ تربێ
ژنێك جوان جوان گه‌سك له‌ خه‌م بدا
ژنێك هه‌موو ڕێگاكانی بۆلای من بێ
ژنێك
ده‌نگی پیاسه‌ی
ڕه‌نگی خه‌ونی
چرای چاوی
هه‌موو ڕێگاكانی بۆلای من بێ

ئه‌وه‌ی نیمه‌ گوێ گرتنه‌ له‌ گۆرانی ئه‌و
ئه‌وه‌ی نایبینم نیگای تیژی ئه‌وه‌
هیچ له‌ ڕێگاكانی نایه‌ته‌وه‌ لای من
كه‌واته‌ ته‌نهام
زۆر
زۆر


هه‌ولێر 27/6/2010
taibeqadir@gmail.com

تێبینی ـ ئه‌م شیعره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی هه‌واڵ ژماره‌ 387بڵاو كرایته‌وه‌ .


 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com