تاوانەکانى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى
لەدژى کۆمۆنیستەکان هەرگیز لەبیرناچنەوە!

  

 




14/7/2000 دە ساڵ بەسەر پەلامارە چەکداریەکەى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، کە بە بڕیارى تاڵەبانى و بە ڕابەرى نەوشیروان مستەفا، لەدژى کۆمۆنیزمى کرێکارى بەڕێوەچوو، تێپەردەبێت. ئەم پەلامارە لەچوارچێوەى سیاسەتێکى شەڕفرۆشى و کۆنەپەرستانەى یەکێتى بۆ ڕازیکردنى کۆمارى ئیسلامى ئێران و ڕژێمى بەعسدا هاتەکایەوە، کە لە سەرەتاوە بە ناردنى هەڕەشەى دەمکوتکردن دەستى پێکرد، پاشان هەوڵیاندا پەردەى قانون بەسەر ئەم سیاسەتەدا بدەن، بۆ ئەمەش شکاتنامەیەکى پر لە شەرمەزاری بە بە ئیمزای "نەزەر عەلى ئەکبەر"ەوە خستە بەردەم دادگاى خۆیان و داوایان کرد حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى وەکو حزبێکى تاوانبار لەسەر ئەوەى داواى "هەڵوەشاندنەوەى قانونى ئەحواڵى شەخسى بەعس و سەربەخۆیى کوردستان و جیاکردنەوەى شەریعەتى ئیسلامى لە دەوڵەت و سیستەمى کارگێڕى دەکاو یاساى کارى کرێکارى و پلاتفۆرمی خواستەکانى مناڵان و ژنان و لاوانى بڵاوکردۆتەوە"، بدرێتە دادگاو هەڵسوڕانى قەدەغە بکرێت.
گوایە ئەم داوایانە تاوانن و پێچەوانەى ئەو دەستورەن کە دەسەڵاتەکەى یەکێتى لە ڕژێمى بەعسەوە بەمیرات وەریگرتووە، بەڵام کاتێک ئەم پیلانە سەرى نەگرت و لەگەڵ ناڕەزایەتى ئازادیخوازان بەرەو ڕوو بووەوە، سەرکردایەتى یەکێتى کەوتە هێزکۆکردنەوەو گەمارۆدانى بنکەو بارەگاکانى حزب لەشارى سلێمانى و بڕینى ئاوو کارەباو تەلەفۆن و قەدەغە کردنى هاتووچۆو زیندانى کردنى دەیان ئەندام و لایەنگرى حزب و تەقەکردن لە خۆپیشاندانى هێمنانە. سەرەنجام بڕیارى داخستنى دەرگاى دانوسان و گفتۆگۆیان لەبەردەم حزبماندا بەست و دەستیان برد بۆ کوشتارى کۆمۆنیستەکان و ژمارەیەک هاوڕێی حزبیان بەناوەکانى"عەبدولباست موحسن، ئیبراهیم محمد ڕۆستەم، هاوڕێ لەتیف، محمەد مستەفا، ئومێد نیکبین" لە نێو شارداو بە بەرچاوى خەڵکەوە لە کەمینێکدا کوشت و هاوڕِێیانێکیشیان بەبریندارى دەستگیرکرد. سەرکردایەتى یەکێتی بەم تاوانەشیەوە ڕانەوەستاو دواتریش وەفدێکى حزبمان کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرى کێشەکەو بەرگرتن بەفراوان بوونەوەى پەلاماردانەکە چووبووە لایان، وەفدەکەیان دەست بەسەرکرد و بڕیارى داخستن و قەدەغەکردنیان خستە برى گیانى ڕابەرى حزبەوە، بەمجۆرەش دەستیان گرت بەسەر بنکەو بارەگاکانى حزبداو کەوتنە تاڵانکردنى مومتەلەکاتەکانى. لەکەنار ئەم تاڵانچێتیەشدا، پەلامارى بنکەى ڕێکخراوە جەماوەریەکانى وەک رێکخراوى سەربەخۆى ئافرەتان و سەنتەری پاریزگاری لە ژنان و سەنتەرى بەرگری لە مافەکانى منداڵان و ڕێکخراوى مامۆستایانیانداو دەرگاى حزب و ئەم ڕێکخراوانەیان بەست. بەمجۆرە سەرکردایەتى یەکێتى نمونەیەکى ترى لەکوشتارو تاڵانچێتى خستە سەر مێژووى تاوانکاریەکانى خۆی، مەگەر ئەمە لە هێزەکانى تاڵیبانى ئەفغانستان و چەتەکانى سۆماڵ بینرابێت.
ئەوکات سەرکردایەتى یەکێتى ئەم سیاسەتی شەڕفرۆشی و ملهوری و پەلامارەى خۆى بۆ سەر حزبى کۆمۆنیست بە"ناردنە دەرەوەى هێزى چەکدارى حزبەکان لە شار" پاساو دەکرد، لەکاتێکدا بۆ هەر ئینسانێکى سادە رۆشنبوو کەئەم هێرش و پەلاماردانە نەک هەر هیچ پەیوەندیەکى بەم پاساوەوە نەبوو بەڵکو ڕاستەوخۆ پیلانێک بوو بە دژى ئازادیخوازى کۆمەڵگاو بە دژى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێشى کوردستان و بۆ کپکردن و سەرکوتى بزوتنەوەى ناڕەزایەتى جەماوەرى، کە حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى لەجەرگەیدا ئاڵاى داخوازیەکانى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوانى، لەڕاستاى هێنانەکایەوەى دەسەڵاتدارێتى جەماوەرى وکۆمەڵگایەکى ئازادو یەکسان و خۆشگوزەرانى کۆمەڵایەتیدا هەڵبڕیبوو. بەتایبەتى کە دەسەڵاتى حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانى کوردستان و لەپێشیانەوە یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بەتوندى خۆیان بەقانون و سیستەمى کارگێڕى بەعسەوە گرێ دابوو. هەروەها بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتى میلیشیایی و ناوچەگەرێتیان و بۆ پاراستنى بازاڕى گەندەڵى و تاڵانچێتیان چاویان لەپەیوەندیەکانى خۆیان بە وڵاتانى کۆنەپەرستى ناوچەکەوە بڕیبوو، لەئاستى قەبوڵکردنى کەمترین داخوازى خەڵک و هیچ لایەنێکى ئازادیخوازدا نەبوون و دەترسان لەوەى کە بزوتنەوەى ناڕەزایەتى جەماوەرى بەڕەیان لەژێرپێ دەربکێشێت. هەربۆیە سیاسەتى شەڕفرۆشى و کوشتارى کۆمۆنیستەکانیان گرتەبەر، تا لە ڕیگاى سەرکوت و هەڵپێچانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریەوە، کۆمەڵگاى کوردستان سەرکوت بکەن و جەماوەرى ناڕازى چاوترسێن بکەن. لە هەمان کاتدا بارەگا چەکداریەکانی خۆیان و حزبەکانی تر لە گەرەکەکان و شوێنەگشیەکاندا وەک خۆیان مانەوەو جێگای نیگەرانی خەڵکی بوون.
ئەگەرچى لەم پەلامارو تاوانکاریەدا سەرەنجام سەرکردایەتى یەکێتى توانى بەئامانجەکانى خۆى بگاو دڵى دۆستانى کۆنەپەرستى خۆى ڕازى بکات، بەڵام ڕووبەڕووى ڕیسواییەکى سیاسى وکۆمەڵایەتى گەورە بوەوەو ئەم سەرکەوتنەشى بە نرخى تۆمارکردنى تاوانێکى تر لە مێژوویى کوردستاندا جێگیرکرد، کە بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوەو پەنجەى ئازادیخوازانى بۆ رادەکێشریت و وەک سیاسەتێکى سەرکوتگەرى بەنمونە دەهێنرێتەوە. ڕووداوەکانى ئەم مێژووەو تاوانێک کەیەکێتى دەستى بۆ برد، هەرگیز لەبیر ناچنەوەو تەنانەت ئەم کێشەیەش لەنێوان ئێمەو بەرەى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازان لەلایەک و سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانیدا، بەهەردوو باڵى تاڵەبانى ونەوشیروان مستەفاوە دەهێلێتەوە.
سەرکردایەتى یەکێتى و دوژمنانى کۆمۆنیزم لەم پەلاماردانەیاندا ئومێدیان وابوو کە ئیتر کۆمۆنیزم و هەڵسورانى کۆمۆنیستەکان و حزبەکەیان بۆ هەتاهەتایە لەکوردستان دەسڕنەوەو دەنگێک نامێنیت بۆ ئازادیخوازان و خواستەکانى خەڵکى ناڕازى کوردستان. ئەم ئومێدەیان پوچ دەرهات و کوشتارو سەرکوتگەرى نەیتوانى تاسەر مەیدان لەبەردەم بۆرژوازى کوردو حزبە ناسیونالیستەکانیدا بەبێ رکەبەر بهێلێتەوە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، راوەستاوى کۆمۆنیستەکان و خەباتى پەیگیرانەى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى بۆ هێنانە مەیدان و بەهێزکردنى بزوتنەوەى نارەزایەتى جەماوەرى وخواستەکانیان بەدژى دەسەلاتداران، وەک هێزێکى شۆڕشگێڕو بەرگریکەر لەبەرژەوەندیەکانى کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەقامەتى خۆیەوە راوەستاو رێگاى تێکۆشانى خۆى گرتەوەبەر. نمونەى ڕۆڵگێڕانى حزبمان لە ناڕەزایاتیە جەماوەرییەکانى ئەمساڵدا کەبەدواى تیرۆرى سەردەشت عوسماندا ڕووبەڕووى دەسەڵاتداران بووەوە، شاهیدى ئەم ڕاستیەن. سەرەڕاى ئەمەش حزبى ئێمە بەدریِژایى 10 ساڵى ڕابردوو وەک لایەنێکى سەرەکى لەپێکهێنانى دەستەکانى داکۆکى لەخواستەکانى خەلکى کوردستان بۆ ئاوو کارەباو دابینکردنى خزمەتگوزرایەکان و دژی گەندەڵی، لەنێو کۆڕوکۆمەڵى جەماوەرى و هێنانە مەیدانى ناڕەزایەتیەکاندا بەشدارى کردووەو تێکۆشاوە. بەڵام بەپێچەوانەوە هەر لەم ماوەیەشدا ئەوە سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى بووە کەئەندامان وکادران و دۆستانى حزبى ئێمەى ڕاپێچى زیندانەکان کردووەو بەبەهانەى نایاسایى بوون رێگرى پێکهێناوەو دەرگاى هەلڵسووڕانى ئازادانەى بەڕووى حزبماندا داخستووە. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدابوون کەحزبى ئێمە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیەوەو بۆ بەرگرتن بە پشێوى و نائارامى و هاوکات پێکهێنانى فەزایەکى سیاسى سالم و ئازاد لەبەردەم خەباتى جەماوەریدا بەڕەسمى هەڵوێستى یەکلایەنەی خۆى لەمەر چارەسەرکردنى تاوانەکانى 14/7 بەکۆمەڵگا ڕاگەیاندوە.
ساڵى پار لەسەروبەندى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستاندا، سەرکردایەتى یەکێتى لەڕۆژنامەى "ئاسۆ"دا پروپاگەندەى ئەوەى بلاوکردەوە کە "یەکێتى" ئامادەیە بۆ قەرەبوکردنەوەى زیانەکانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى، کەلەم رووداوەدا لێی کەوتووەو بەڵام لەبەدواچوونیکدا، دەرکەوت کەئەم هەوڵانە جگەلە پروپاگەندەى درۆو فریودانى ڕاى گشتى خەڵکی کوردستان شتێکى تریان بەدواوە نەبوو. هەر بۆیە ئێمە لێرەدا بۆ ئاگادارى ڕاى گشتى خەڵکى کوردستان و بۆ بەرگرتن بە دووبارەبوونەوەى هەر هەوڵێکى هاوشێوەى لەم بابەتە ڕادەگەیەنین، کە چارەسەرى کێشەى نێوان ئێمەو حزبەکەى تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، نە قەرەبووى زیانەکانەو نە وەرگرتنى ئیمتیازاتێکە، بەڵکو مەرجى چارەسەربوونى ئەم کێشەیە لەلایەن ئێمەوە بەندە بەوەى کەئەوان ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنن کەئازادى سیاسی و بەیان و ڕەخنە، بەڕەسمى دەناسن و لەسەر جیاوازی سیاسی و بیروباوەر دەست بۆپەلامارى چەکدارى بۆ سەر هیچ لایەنیِک نابەن. دەبى ئەوان رایبگەیەنن کەداخوازى جیابوونەوەى کوردستان و پێکهێنانى دەوڵەتی سەربەخۆ، یەکسانى ژن و پیاو، جیاکردنەوەى دین لەدەوڵەت، مافەکانى خەڵکى کریکارو زەحمەتکێش، ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسى، تاوان نین. ئەو کات ئەم کێشەیە لەلایەن ئێمەوە بەئەنجامى چارەسەربوون گەیشتووە.
ئێستا بەدواى تێپەڕبوونى 10ساڵ بەسەر ڕووداوەکانى 14/7دا، رۆشنتر ناوەرۆکى چینایەتى و سیاسەت و هەڵسوکەوتى هەریەک لەئێمەو یەکێتی و ناوەرۆکى کێشەیەکى سیاسى کە هاتە کایەوە، بۆ خەڵکى کوردستان بەرجەستەیە. لەلایەکەوە ئەوە یەکیتى و دەسەڵاتى حزبە بۆرژوازیەکانى کوردستانە، کە لەگەڵ دابڕانێکى چینایەتى خەڵکى کوردستان بەرەو ڕووبون و ئەو باوەڕەشى لەلاى جەماوەر پێکهێناوە، کە ئەم حزب و ئەم دەسەڵاتەى بۆرژوازى کورد نوێنەرى سیاسى چینى دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و تاڵانچی و گەندەڵکارانێکە کە هیچ سیاسەت و کردەوەیەکیان لە بەرژەوەندیى خەڵکى هەژارو کەمدەرامەتدا نییە. ئەوە ئەوانن کە بۆ قازانجپەرستى وکۆکردنەوەى سەرمایەو دزینى داهاتى خەڵک، ئامادەن دەست بۆ کۆنەپەرستترین و دژى ئینسانیترین سیاسەت و هەڵوێست بەرن. ئەوە ئەوانن کەوتونەتەوە سەرکوتى ئازادى و لەسەر نووسین و ڕەخنەو بۆچوون، نوسەران و رۆژنامەنوسان تیرۆردەکەن. بەهۆى پاڵدانەوەى ئەوانەوە بەئیسلام و شەریعەتەکەیەوە، ئەوە ژنانى کوردستانن کە زیاتر لەهەرکاتێکیتر ڕووبەڕووى کوشتن و خۆسوتاندن دەبنەوە. ئەوە لاوانى کوردستانن کە لەبەر نەبوونى فرسەتى کارو خویندن و سەرگەرمى بەناچارى ڕێگاى هەندەران هەڵدەبژێرن، ئەوە کرێکارانى کوردستانن کە لە دەرەوەى هەر یاسایەکى کرێکارى، هێزى کارى هەرزانیان خراوەتە بەردەم بازارى سەرمایە و کۆمپانیا بیانى و نێوخۆییەکان و دەچەوسێندرێنەوە. تەنانەت ئەوە هاوڵاتیانى کوردستانن کە بەدژى نەبوونى خزمەتگوزاریەکان و گرانى بازاڕو کەمى مووچە دێنە مەیدانەوە. سەرەنجام ئەوە یەکێتی و هاوپەیمانەکانیەتى کە خەڵکى کوردستانیان لە سەرگەردانى ئاوارەیی و نەبوونى دەوڵەتدا، بەدیار تۆپباران و ململانێی لایەنە عروبی و ئیسلامیەکانەوە ڕاگرتووە. لەکەنار ئەم ڕاستیانەشەوە ئەوە ئێمە کۆمۆنیستەکانین بەشەرافەتمەندى و ڕاستگۆیى خۆمانەوەو بەخواستەکانى خەڵکەوە ڕاوەستاوین و بۆ بەدیهێنانیان تێدەکۆشین.
واقعیەتەکانى ئێستاو ڕابردووى کوردستان، ئیتر نیشانى داوە کە بۆرژوازى کوردو دەسەڵات و حزبەکانى لەبەرامبەر ژیانى ئێستاو داهاتووى خەڵکى کوردستاندایە. ئەم مێژووە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە چینى بۆرژوازى و دەسەلاتەکەى، بە درێژایى مێژووى کۆمەڵگاى بەشەرى لەهەر شوێنێکى ئەم دنیایەدا بووبن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە چینایەتیەکانیان و بۆ ڕاگرتنى دەسەڵاتى چەوسینەرانە و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى بەسەر زۆرینەى کۆمەڵگاوە، میژووی بەخۆین و کوشتارى کۆمۆنیستەکان و تێکۆشەرانى ڕێگاى ئازادى و یەکسانى و خۆشگوزەرانى کۆمەڵایەتی و داخوازیەکانى جەماوەر، نوسیوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە پەلاماردانەکەى تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفاو سەرکردایەتى یەکێتى بۆ سەر حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى هەمان ڕاستیان نیشاندایەوە کە بۆرژوازى کوردو حزبە ناسیونالیستەکانى بەبێ دەستبردن بۆ سەرکوتگەری و پەلاماردان و کوشتن و بڕین، ناتوانن دەسەڵاتى تاڵانچێتی و ژیانى فیرعەونى و بازاڕى قازانج و کەڵەکەى سەرمایەیان بەسەر سەرى خەڵکى هەژارو بێبەشەوە ڕابگرن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکى ناڕازیى کوردستانیش بۆئەوەى بەخواستەکانى خۆیان بگەن و کۆمەڵگا بەرەو ژیانێکى شایستەى ئینسانى بەرن، بەبێ یەکلایى کردنەوەى حسابى خۆیان لەگەڵ چینى بۆرژوازى کوردو حزبە ناسیونالیستەکانى، لەڕێگاى بزوتنەوەیەکى جەماوەرى و شۆڕشگێڕانەوە مومکین نییە.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کوردستان لەسەر ڕێگاى ئەم ئامانجەدا لەڕیزى پێشەوەى خەباتى کرێکاران و زەحمەتکێشانى کوردستان راوەستاوەو ئامادەیە بۆ تەحەمولکردنى هەرجۆرە گیان فیداکاریەک، ئایندەش هەر بۆ کرێکاران و خەباتى ڕەواو ئینسانى کۆمۆنیستەکانە.

بژی ئازادى، یەکسانى، حکومەتى کریکارى!

مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

10/7/2010

www.hkkurdistan.org


 

           

 

12/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com