كێن ئه‌وانه‌ی تاوانبارن له‌ كوشتنی دۆعادا
 
بژار
 

 


ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه‌ دڕندانه‌ تاوانبار نین , كه‌ دۆعایان په‌لكێش كرد بۆ مه‌یدانی قه‌سابیی كردن . ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی كوردستان تاوانبار نییه‌ , له‌ ئاوه‌ڵا كردنی ڕێگا بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ جه‌للاده‌ . ته‌نیا مه‌لاكان و بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌ گه‌شه‌ كردووه‌كه‌یان , تاوانبار نین به‌ كوشتنی مرۆڤێكی دڵ پڕ هیوا . ته‌نیا دابونه‌ریت تاوانبار نین به‌ تڵیشاندنی كه‌لله‌ی سه‌ری ئافره‌تێكی حه‌ڤده‌ ساڵه‌ . ته‌نیا سه‌رمایه‌داری تاوانبار نییه‌ به‌ ڕشتنی خوێنی چه‌وساوه‌یه‌كی سه‌وداسه‌ر . ته‌نیا نه‌خشه‌وپلانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا تاوانبار نییه‌ به‌ بلۆك باران كردنی كیژێك كه‌ خۆشه‌ویستی له‌ ناخه‌وه‌ دایده‌گرساند . تاوانباران ژماره‌یان زۆر له‌وانه‌ زیاترن . كۆمه‌ڵگا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر چین و توێژ و ڕه‌گه‌زدا دابه‌ش نابێت , به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی زه‌به‌لاحدا دابه‌ش ده‌بێت كه‌ ئه‌وانه‌ش " به‌ره‌ " كانی تاكی تایبه‌ت و تاكی هه‌موانین . ململانێی ئه‌سڵیی كۆمه‌ڵگا له‌ نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دایه‌ . مێژووی مرۆڤایه‌تی , مێژووی چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌ره‌ی تاكی هه‌موانی بووه‌ له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ته‌وه‌ . به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ت , هه‌میشه‌ , له‌ هه‌ر به‌رگێكدا بووبێت , چه‌وسێنه‌ر بووه‌ . هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ چه‌وسێنه‌ر ناسراون له‌ كۆمه‌ڵگادا , به‌شێكن له‌ به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ت .
ڕیزه‌كانی به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ت له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا به‌رفراوانن . ڕیزه‌كانی به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ت به‌ سه‌ر ئاسته‌ به‌رز و نزمه‌كاندا دابه‌ش بوون . هه‌ر هه‌موو حزبه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌مپه‌ڕی ڕاسته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ , به‌شێكی به‌رچاوی به‌ره‌ی تاكی تایبه‌تن . سه‌رله‌به‌ری هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ڕیزه‌كانی به‌ره‌ی تاكی تایبه‌تدا دابه‌ش ده‌بن , كه‌موزۆر تاوانیان له‌ كوشتنی دۆعادا به‌ر ده‌كه‌وێت . به‌ره‌ی تاكی تایبه‌ت , له‌ بناغه‌دا به‌ره‌ی له‌یه‌ك هه‌ڵپێكانی هه‌رسێ سیستمه‌كه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤن (واته‌سیستمی عه‌قڵ سالاریی و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی) . بۆ وه‌لانانی مردنی هه‌موو ئه‌و " دۆعا " یانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌ن , بۆ وه‌لانانی ئه‌م دیارده‌ قێَزه‌وونه‌ی كه‌ ناوی نامووس په‌رستییه‌ , بۆ وه‌لانانی ئه‌خلاق و گۆڕبه‌گۆڕ كردنی و داخستنی ئه‌م چه‌كه‌ ژه‌نگاوییه‌ی كه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست كۆنه‌په‌رستان , ده‌بێت خه‌بات بۆ وه‌لانانی تاكی تایبه‌ت بكرێت . ده‌بێت سیستمی عه‌قڵسالاریی و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ . ده‌بێت یه‌كسانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا پیاده‌ بكرێت . ده‌بێت خێزان وه‌كو دواكه‌وتووترین و كۆنه‌په‌رستترین یه‌كه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا و بنه‌ڕه‌تترین سه‌رچاوه‌ی زینده‌گیی تاكی تایبه‌ت هه‌ڵبپێچرێت . گره‌وی ڕزگار بوونی مرۆڤایه‌تی , ته‌نیاوته‌نیا , له‌ نه‌مانی تاكی تایبه‌تدایه‌ .


بژار 2007-05-01

 

           

 

01/07/2012

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com