" هه‌بوونی هێز و به‌كارهێنانی بۆ سه‌روه‌ری " , ئه‌مه
ڕێك ئه‌و پێناسه‌یه‌یه كه بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌مه .
ووشه‌ی سه‌روه‌ری به‌جیا , له‌وه‌ی كه له كه‌سێكه‌وه
بۆ كه‌سێكی تر و له بارودۆخێكه‌وه بۆ بارودۆخێكی تر
, به پێی سه‌رده‌مه‌كان و چۆنیه‌تی گه‌ڵاڵه بوونه‌كان
, ئاڵوگۆڕی جیاواز له خۆی ده‌گرێت ,, هه‌میشه‌ش كۆمه‌ڵێك
توخمی بنچینه‌یی ده‌چنه پرۆسه‌ی پێكهاتنیه‌وه . له
مه‌یدانی عه‌قڵ سالاریدا , سه‌روه‌ری مرۆڤ هه‌میشه له‌سه‌ر
بناغه‌ی ناسه‌روه‌ری به‌رانبه‌ره‌كه‌یه‌وه بنیات ده‌نرێت
. واته له به‌رانبه‌ر هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كدا , له
دووتوێی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا , ناسه‌روه‌رییه‌ك
" زه‌بوونییه‌ك " , به لانی كه‌مه‌وه , بوونی هه‌یه
. ووشه‌ی ناسه‌روه‌ری , هه‌ر له دۆشدامان و خه‌فه‌ت
خواردن و داماوی و به ته‌نگ هه‌ڵهاتن و نا‌ئومێد بوونه‌وه
, ده‌ست پێده‌كات هه‌تا كۆنترۆڵ كردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی
هه‌مه‌لایه‌نه . له خودی ئه‌م سه‌روه‌ری و ناسه‌روه‌رییه‌دا
. عه‌قڵ وه‌كو توخمێكی كارا " چالاك " له هه‌ڵسووڕاندایه
. عه‌قڵ لای خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه , كه سه‌روه‌رییه‌كه‌ی
خۆی به شێوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و و به پێی بڕی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی
مسۆگه‌ر كردووه , چابووكانه كار ده‌كات بۆ به ئه‌نجام
گه‌یشتنی خواسته ده‌روونییه‌كانی . لای ده‌سه‌ڵات
تاڵانكراویشه‌وه , عه‌قڵ نه‌خشه‌داڕێژه‌ری خۆپارێزی و
ڕاوه‌ستان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه و ڕزگار بوونه .
لای مرۆڤی سه‌روه‌ر و ناسه‌روه‌ر , عه‌قڵ به پێی ته‌وه‌ره
به‌ستنی به ده‌وری خۆویستنیانا , ده‌چێته خانه‌ی
خزمه‌ت كردنی به‌رده‌وامیانه‌ی ئاره‌زووه‌كانیانه‌وه
.
ووشه‌ی سه‌روه‌ری له‌م پێناسه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا , ڕاڤه‌یه‌كی
قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌ڵده‌گرێت . ئه‌و توخمانه‌ی
كه له ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا خۆیان مه‌ڵاس " حه‌شار "
داوه , توخمگه‌لێكی زۆر و به ڕاده‌یه‌كی باشیش به‌رچاوون
. سه‌ركه‌وتن و كۆنترۆڵ و ئۆرگه‌نایز كردن و هه‌ڵاواردن
و عه‌قڵ و گۆڕان و چێژ وه‌رگرتن ,, كۆمه‌ڵێكن له‌و
توخمانه‌ی له ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا كۆبوونه‌ته‌وه .
سه‌ركه‌وتن كه له جه‌مسه‌رێكیدا به مانای به‌ده‌ست
هێنانی جێگاوڕێگایه‌كی باشتر و گه‌یشتن به ده‌ستكه‌وتێكی
زیاتر و خستنه ڕووی هێز و كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زنتر
دێت , تێكشكاندنی كه‌س و لایه‌نێكی تریش ده‌بێته‌وه
به جه‌مسه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی . سه‌ركه‌وتن له بواری
كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌میشه له سه‌ر حسابی ژێركه‌وتنی به‌رانبه‌ره‌كه‌یه‌تی
. له هه‌موو شوێنێكی دنیادا و له دووتوێی په‌یوه‌ندییه
سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا , سه‌ركه‌وتنێك نابینرێت
به بێ ژێركه‌وتنێك له به‌رانبه‌ریدا . هه‌موو كه‌سێكی
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات , سه‌ركه‌وتنی حۆی به پێی بڕی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی
هه‌ست پێده‌كات و له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیدا
كرده‌یی ده‌كاته‌وه . سه‌ركه‌وتن له‌ناو ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا
, به‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی خه‌باتێكه . هه‌موو سه‌ركه‌تنێك
ئه‌ڵقه‌یه‌كه له زنجیره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان . له
پشتی هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكه‌وه , مێژوویه‌كی كورت خایه‌ن
وه یان درێژ خایه‌ن ڕاوه‌ستاوه . هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك
, كاكڵه‌ی وه‌به‌رهاتووی گۆڕانكارییه‌كه . هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك
, له دایك بووی ململانێیه‌كه . هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك
, به چاك یان به خراپ , جۆرێك له لۆژیك له‌گه‌ڵ
خۆیدا ده‌خاته ڕوو . سه‌ركه‌وتن له ناو سه‌روه‌رییدا
, به‌رده‌وامیی خۆی وه‌رده‌گرێت . سه‌ركه‌وتن هه‌رچه‌نده
حاڵه‌تێكی نوێ ده‌هێنێته بوون و پرۆسه‌یه‌كی " كار "
ی تیا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه ,, به‌ڵام سه‌روه‌ریی , ئه‌و
سه‌ركه‌وتنه له خۆیدا ده‌مه‌یه‌نێ " ده‌یگرسێنێ " و
وه‌كو به‌شێك له بوونی خۆی " واته بوونی سه‌روه‌ری "
, به‌رده‌وامیی پێده‌به‌خشێت .
كۆنترۆڵ كه له لایه‌نێكیدا به‌شێكه له سه‌قامگیر
كردنی ده‌سه‌ڵات , له لایه‌نێكی دیكه‌شیدا , به ڕاده‌ی
جۆراوجۆر , كاره‌ساتی ده‌روونی و دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه
بۆ كۆنترۆڵ كراوه‌كه به‌رپا ده‌كات . كۆنترۆڵ حاڵه‌تێكه
له نێوانی ده‌سه‌پاچه " بێ توانا " یی و به‌ره‌نگار
بوونه‌وه‌دا . سه‌قامگیر بوونی كۆنترۆڵ كردن , هه‌میشه‌یی
و داكوتراو نییه , به‌ڵكو كاتییانه و له‌رزۆكانه‌یه
. مانه‌وه‌ی كۆنترۆڵ , په‌یوه‌سته به كات و شوێن و
هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌كانه‌وه . توندوتۆڵی " پته‌وی "
ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵ , وه‌ك لاوازییه‌كانیان , ڕاسته‌وانه‌ن
له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا . بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی چوونه‌ته
ژێر باری كۆنترۆڵه‌وه , ئازار ده‌چێژ ن و قه‌بووڵی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك
ده‌كه‌ن كه داسه‌پاوه به سه‌ریاندا ,, به‌ڵام بۆ ئه‌و
كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتیان ڕاهێشت ده‌كه‌ن و
كۆنترۆڵی كه‌س و لایه‌نی دیكه یان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن
, به‌رهه‌می سه‌روه‌ری خۆیان ده‌چننه‌وه . سه‌روه‌رییه‌ك
كه ئه‌مان " واته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان " هه‌یانه
, له سه‌ر بناغه‌ی كۆنترۆڵ كردنی ئه‌وانه‌وه " چه‌وساوه‌كان
" به ده‌ست دێت . سه‌ركه‌وتن چۆن له ناو سه‌روه‌ریدا
به‌رده‌وامیی پێده‌درێت , كۆنترۆڵیش هه‌ر ئاوا‌و به‌و
پێیه به‌رده‌وامیی پێده‌درێت . سه‌ركه‌وتن و كۆنترۆڵ
كردن كه له ناو سه‌روه‌ریدا حه‌شار دراوون , هه‌میشه
له ناو خودی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌دا , له په‌یوه‌ندییه‌كی
توندوتۆڵدان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا .
ئۆرگه‌نایز بوون " ڕێكخستن " له‌گه‌ڵ له دایك بوونی
سه‌روه‌ریدا , له دایك ده‌بێت . له هه‌مان پرۆسه‌ی
دروست بوونی سه‌روه‌ریدا , ئه‌میش " واته ئۆرگه‌نایز
بوون " وورده وورده پێده‌گات و ده‌خه‌مڵێت . ئۆرگه‌نایزبوون
یه‌كێك له پێكهێنه‌ره‌كانی سه‌روه‌رییه . خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات
له دووتوێی سه‌روه‌رییه‌كه‌ی خۆیدا , ئۆرگه‌نایزی هه‌ردوو
لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌كه‌ی ده‌كات . له لایه‌كه‌وه
ئۆرگه‌نایزی به‌ره‌ی كۆنترۆڵ كرا‌و بۆ ڕاوه‌ستان و چه‌سپاندنی
ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌كات , وه له لایه‌كی تریشه‌وه
ئۆرگه‌نایزی بارودۆخی تایبه‌تی خۆی بۆ هاتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ
مه‌ودای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا ده‌كات . ئه‌م پرۆسه‌ی
ئۆرگه‌نایز كردنه , پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و هه‌مه‌لایه‌نه
و له هه‌مان كاتیش‌دا یاسا ئامێزه . هه‌ڵه كردن له
ئۆرگه‌نایز كردن‌دا , هه‌ڵه كردنه له پاراستنی سه‌روه‌ریدا
. ئۆرگه‌نایز بوون به‌ده‌ر له ویستی ده‌سه‌ڵاتدار ,
یه‌كێك له پایه‌كانی سه‌روه‌رییه‌كه‌ی پێك ده‌هێنێت .
ئۆرگه‌نایزبوون , ڕایه‌ڵ كردنی ئه‌و په‌تی په‌یوه‌ندییه‌یه
كه سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتن به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه
. به واتایه‌كی دی , ئۆرگه‌نایزبوون له سه‌روه‌ریدا
, ڕێكخستنه‌وه‌ی لایه‌نی ژێركه‌وتووه به پێی هاتنه‌وه‌ی
له‌گه‌ڵ جێگیر بوونی لایه‌نی سه‌ركه‌وتوودا . بردنه
پێشه‌وه‌ی ئۆرگه‌نایزبوون له به‌ره‌ی ژێركه‌وتوودا,
كۆنترۆڵ كردنی زیاتریانه . كۆنترۆڵ كردنی زیاتریشیان
, سه‌قامگیر كردنی سه‌روه‌ری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته .
هونه‌ری ئۆرگه‌نایز كردن , له دوایین لێكدانه‌وه‌دا ,
هونه‌ری چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاته .
هه‌ڵاواردن له دووتوێی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا
و له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه , حاشا هه‌ڵنه‌گره . هه‌موو
ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكایه‌تی " چاك
بێت یان خراپ " هه‌ڵاواردن له هه‌ناویایه‌تی . سه‌روه‌ری
كه به‌ره‌نجامی به‌كار هێنانی هێزه له ده‌سه‌ڵاتدا
( ده‌سه‌ڵات بریتییه له هه‌بوونی هێز و به‌كارهێنانی
بۆ سه‌روه‌ری ) , بێ هه‌ڵاواردن نه دێته بوون و نه
ده‌چه‌سپێت . هه‌ڵاواردن وه‌كو به‌رهه‌می پله‌وپایه
سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان , له پرۆسه‌ی دروست بوون
و گیرساندنی جیاوازییه‌كاندا , ئه‌میش " واته هه‌ڵاواردن
" دروست ده‌بێت و ده‌گیرسێت . هه‌ڵاواردن , ته‌نانه‌ت
له نێوان دوو كه‌سیشدا , كه یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی به
سه‌ر ئه‌وی تریاندا هه‌بێت , ئاماده‌یی هه‌یه . هه‌ڵاواردن
, به‌ده‌ر له ویستی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات , له ناو خودی
ده‌سه‌ڵاتدا , خۆی لوول داوه . ناكرێت له مه‌یدانی
په‌یوه‌ندییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا , سه‌روه‌ری
هه‌بێت و هه‌ڵاواردن نه‌بێت . هیچ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێك
له دنیادا نییه كه هه‌ڵاواردن پیاده نه‌كات , له
به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ژێر ڕكێفی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدان
. هیچ ڕابه‌رێكی حزبیی نییه له دنیادا بتوانێت بێ هه‌ڵاواردن
, ڕابه‌رایه‌تییه‌كه‌ی كرده‌یی بكاته‌وه . هه‌موو
جۆره ده‌سه‌ڵاتێك له دنیادا , به پێی بڕ و مه‌ودا و
پیاده بوونی , ڕایسستانه‌یه ,, رَایسستانه‌یه چونكه
هه‌ڵاواردن " جیاوازی كردن " له هه‌ناویایه‌تی . هه‌ڵاواردن
له هیچ كات و شوێنێكدا چاره‌سه‌ر ناكرێت , ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ری
چاره‌سه‌ر نه‌كرێت . خه‌بات كردن به دژی هه‌ڵاواردن ,
ده‌بێت خه‌بات كردن بێت به دژی سه‌روه‌ری . خه‌بات
كردنیش به دژی سه‌روه‌ری , خه‌بات كردنه به دژی ده‌سه‌ڵات
. ده‌سه‌ڵاتیش بۆ خۆی , به یارمه‌تی سیستمی نوێنه‌رایه‌تی
و عه‌قڵ سالاریی , به‌رهه‌مهێن و هه‌ڵگری ئه‌و
تراژیدیایه‌یه كه مرۆڤایه‌تی ژیانی تیا ده‌باته سه‌ر
. هه‌ڵاواردن و سه‌روه‌ری , ژیان و مردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدایه
. هه‌موو جۆره هه‌وڵدانێك بۆ سه‌روه‌ری , هه‌وڵدانه
بۆ هه‌ڵاواردن . هه‌ڵاواردن هه‌میشه بنه‌مای دروست
بوونی سه‌روه‌رییه .
مه‌سه‌له‌ی عه‌قڵ و كاركرد وپێكهاته‌كانی , به‌جیا له‌وه‌ی
كه ئاڵۆز و هه‌مه‌لایه‌نه و دژوارن ,, دۆزینه‌وه‌ی
شوێنه‌كانی له دیارده‌ی ده‌سه‌ڵاتدا و له‌وێشه‌وه
شیكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه‌كانی له‌گه‌ڵ
خودی ئه‌و دیارده‌یه‌دا " واته ده‌سه‌ڵات " , كارێكی
هه‌روا ئاسان و سه‌رپێیی نییه . عه‌قڵ له بواری ده‌سه‌ڵاتدا
, هه‌ر ته‌نیا ئامڕازی باڵانس پێكردنی ده‌سه‌ڵاتخوازیی
و به‌دیهاتنه‌كانی نییه له مه‌یدانه جیاوازه‌كانی
سنووربه‌ندییه‌كانیدا ,, به‌ڵكو ئامڕازی زیندوو
ڕاگرتنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌شه . ده‌سه‌ڵاتخوازیی
لای مرۆڤه‌وه نایه‌ته مه‌یدانی پێ‌زانین و پراكتیس
كردنه‌وه , ئه‌گه‌ر عه‌قڵ پێ به پێی په‌یدابوون و گه‌وره
بوون و سه‌قامگیر بوونی " واته هی ده‌سه‌ڵاتخوازیی "
, له‌گه‌ڵیدا نه‌بێ و په‌لكێشی نه‌كات بۆ چوونه پرۆسه‌ی
خه‌مڵاندنیه‌وه . له‌م نێوه‌دا هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌نده
به‌س نییه كه عه‌قڵ به به‌رده‌وامیی هه‌ناسه ده‌به‌خشێته
ده‌سه‌ڵاتخوازیی و به سنووربه‌ندییه‌كانیدا تێی ده‌په‌ڕێنێت
,, به‌ڵكو به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌ر یه‌كێك له پێكهاته‌كانی
ده‌سه‌ڵاتیشه . یه‌كێك له گرفته‌كانی ئه‌م بابه‌ته
له‌ویادایه , كه له ناو عه‌قڵدا سیمای ده‌سه‌ڵات و
له ناو ده‌سه‌ڵاتدا عه‌قڵ هه‌یه . هه‌رچه‌نده بوونی
عه‌قڵ له ناو ده‌سه‌ڵاتدا , فره‌چه‌شنه و خۆلێدان و
ڕوونكردنه‌وه‌دان له سه‌ری گرنگه , به‌ڵام گرنگتر له‌وه
هه‌بوونی ڕووخساری ده‌سه‌ڵاته له ناو عه‌قڵدا و
چوونه پای قووڵ بوونه‌وه‌یه تیایدا .
سه‌ركه‌وتن و كۆنترۆڵ كردن و ئۆرگه‌نایزبوون و گۆڕان و
چێژبردن , كۆمه‌ڵێكن له‌و فاكته‌ر و به‌رئه‌نجامانه‌ی
ده‌سه‌ڵات , كه له ناو خودی هه‌ر یه‌كێكیاندا عه‌قڵ
ئاماده‌یه و چاوساغی ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیه‌تی .
لێره‌دا و له‌م ڕووه‌وه ده‌رفه‌ت نییه بۆ چوونه ناو
وورده‌كارییه‌كانی ئه‌م باسه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی
عه‌قڵ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێكیاندا و پیشاندانی ڕۆڵ
بینینی " واته ڕۆڵ بینینی عه‌قڵ " له پرۆسه‌ی
چالاكییه‌كانیاندا و دواتریش كۆبوونه‌وه و یه‌كگرتن و
چاوساغییان " مه‌به‌ست له عه‌قڵه‌كانه " بۆ ده‌سه‌ڵات
, به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ندێك سه‌رنجی كورت و خێرا له‌م
باره‌یه‌وه بخرێته ڕوو . له پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا
كه بریتییه له هه‌بوونی هێز و به‌كارهێنانی بۆ سه‌روه‌ری
, عه‌قڵ به به‌ربڵاوی " فراوانی " له ناو هه‌موو
كونوقوژبنێكی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه . له
چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی به‌كارهێنانی هێز و له هه‌موو
ئه‌و به‌شانه‌ی كه سه‌روه‌ری پێك ده‌هێنن , عه‌قڵ نه‌ك
هه‌ر بوونی هه‌یه , به‌لكو توخمێكی چه‌لاكیشه . ئه‌م
عه‌قڵه وورد و تایبه‌تانه‌ی ناو به‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات
, جیاوازه له‌و عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌ی ناو خودی
ده‌سه‌ڵات خۆی . عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه له
ڕێڕه‌وی به‌دیهاتنی ده‌سه‌ڵاتدا , به شوێن مه‌رامێكه‌وه
یان كۆمه‌ڵێك مه‌رامه‌وه‌یه و ڕێك له به‌رانبه‌ر گه‌یشتن
به‌و مه‌رام و مه‌رامانه‌وه , پرۆسه‌ی چالاكییه‌كانی
ده‌ست پێده‌كات و گه‌ڵاله بوون و ده‌رهاتنیشی به ئه‌نجام
ده‌گات . سه‌باره‌ت به عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كانیش
, به‌ده‌ر له هۆشیاری بكه‌ر " مرۆڤه‌كه " ,
سیستیماتیكانه تێكهه‌ڵكێشی پێكهاته‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌بن
. ئه‌م عه‌قڵه وورد و تایبه‌تانه , بناغه‌ی لێوه‌هه‌ڵسانی
عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه‌ن . پێكهاته‌كانی ده‌سه‌ڵات
, ئه‌گه‌ر عه‌قڵ له هه‌ناویاندا نه‌بێت " مه‌به‌ست له
عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كانه " , ده‌بنه كۆمه‌ڵێك
پێكهاته‌ی مردوو . له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی
مردووشدا , بێگومان نه ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت و نه
عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه‌ش . ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی
كه له نێوان عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كان و عه‌قڵه
گه‌وره و گشتییه‌كه‌دا هه‌یه , یان به واتایه‌كی دی
له ناو پێكهاته‌كانی ده‌سه‌ڵات و خودی ده‌سه‌ڵات
خۆیدا هه‌یه , په‌یوه‌ندییه‌كی بناغه‌یی و ژیان
ئامێزه بۆ ده‌سه‌ڵات . عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كان
له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا و هه‌ر هه‌مووشیان له‌گه‌ڵ عه‌قڵه
گه‌وره و گشتییه‌كه‌دا , له ناو ده‌سه‌ڵاتدا چۆن یه‌ك
ده‌گرنه‌وه ؟ له پێشدا عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كان
له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا یه‌ك ده‌گرن و دوایی ده‌چن له‌گه‌ڵ
عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه‌دا یه‌ك بگرن , یان هه‌ر
یه‌كه و له شوێنی خۆیه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌قڵه گه‌وره
و گشتییه‌كه‌دا یه‌ك ده‌گرێت ؟ ئه‌ی عه‌قڵه وورد و
تایبه‌تییه‌كان له ناو خۆیاندا گرووپی بچوك بچوك پێك
ناهێنن , تا له‌و ڕێگایه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌قڵه گه‌وره
و گشتییه‌كه‌دا یه‌ك بگرنه‌وه ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و
گرووپكارییه له ناو عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كاندا
هه‌بێت , چۆن گروویه‌كان له یه‌كتری جیا ده‌بنه‌وه و
چۆن چۆنیش بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ عه‌قڵه گه‌وره و
گشتییه‌كه‌دا , ڕیزبه‌ندی " ڕیز به‌ستن " ده‌كه‌ن ؟ یه‌كگرتنی
ئه‌م عه‌قڵه وورد و تایبه‌تانه , چ به شێوه‌ی تاك
بێت یان به شێوه‌ی گرووپ له‌گه‌ڵ عه‌قڵه گه‌وره و
گشتییه‌كه‌دا , له یه‌ك كاتی دیاریكراودا و له‌پڕ ده‌بێت
, یان كاته‌كانیان جیاواز و یه‌كگرتنه‌كانیش به‌رنامه‌ڕێژیی
ده‌بن ؟ عه‌قڵه وورد و تایبه‌ته‌كان , ئاره‌زوومه‌ندانه
ده‌چن بۆ یه‌كگرتنه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌قڵه گه‌وره و
گشتییه‌كه‌دا , یان عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه به
زه‌بری هێز نواندن له خۆیدا ئه‌یانتوێنێته‌وه ؟
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێكن له‌و پرسیارانه‌ی كه چاوه‌ڕوانی
وه‌ڵام ده‌كه‌ن . من نازانم له پرۆسه‌ی درێژ بوونه‌وه‌ی
نووسینه‌كانمدا و له شوێنی تردا ده‌چمه‌وه سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه
به‌م پرسیارانه یان نا , به‌ڵام له كاتی ئێستادا و
له‌م ووتاره‌دا , ده‌رفه‌ت ناڕه‌خسێت . بابه‌تێكی تر
كه به په‌یوه‌ند به‌م عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاته‌وه دێته
گۆڕێ , خاوه‌نداریه‌تی یه‌كێكیانه بۆ ئه‌وی تریان "
واته یان عه‌قڵ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتخوازی بێت , یان ده‌سه‌ڵاتخوازی
خاوه‌نی عه‌قڵ بێت " یان هاتنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ردووكیانه
بۆ ناو یه‌ك كایه‌ی هه‌ڵسووڕان و له‌وێشه‌وه ئاوێزان
بوونیانه به یه‌كتری ؟ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتخوازیی
" ده‌سه‌ڵاتخوازیی خواستێكی ده‌روونی مرۆڤه " بێت ,
ئه‌وا كۆمه‌لًَێك پرسیار بۆ وه‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه قووت
ده‌بنه‌وه " ڕاست ده‌بنه‌وه " . له‌و پرسیارانه‌ی كه
له‌م باره‌یه‌وه ده‌كرێت : بۆ عه‌قڵ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتخوازییه
؟ پرۆسه‌ی ڕوودانی خاوه‌ندارێتییه‌كه چۆن چۆنییه ؟
مه‌رامی عه‌قڵ له پشتی ئه‌م خاوه‌نداریه‌تییه‌وه
چییه ؟ عه‌قڵ خۆی ئه‌مه ده‌كات , یان پێی ده‌كه‌ن ؟
ئه‌گه‌ر به زۆر عه‌قڵ ده‌كرێت به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتخوازیی
, ئه‌و هێزه یان ئه‌و هێزانه كێیه و كامانه‌ن ؟
كاتی ڕوودانه‌كه‌ی , چركه‌ساتێكه یان مێژوویه‌كی پڕ
له چركه‌ساته ؟ كه‌ی و چۆن كۆتایی به‌م خاوه‌نداریه‌تییه
دێت ؟ پاش كۆتایی هاتن به خاوه‌نداریه‌تییه‌كه‌ی , چی
ڕوو ده‌دات ؟ په‌یوه‌ندی ئه‌م خاوه‌نداریه‌تییه‌ی عه‌قڵ
بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازیی له‌گه‌ڵ پێناسه‌كه‌ی عه‌قڵ خۆیدا
چییه ( پێناسه‌ی عه‌قڵ : ئامڕازی باڵانسه له نێوان
ئاره‌زووه‌كان و به‌دیهاتنه‌كانیاندا . ئه‌ڵبه‌ته له
نووسینه‌كانی ئه‌م دواییانه‌مدا ئه‌وه‌ش دراوه‌ته ده‌م
ئه‌م پێناسه‌یه , كه عه‌قڵ ئامڕازی زیندوو
ڕاگرتنیشیانه " واته زیندوو ڕاگرتنی ئاره‌زووه‌كان "
) ؟ ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه , له‌مه‌ڕ ئه‌گه‌ری
خاوه‌نداریه‌تی عه‌قڵه‌وه بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازیی .
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتخوازیی خاوه‌نی عه‌قڵ بێت , ئه‌وا
دیسانه‌وه كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه
, ڕێچكه ده‌به‌ستنه‌وه . ئه‌ڵبه‌ته من له ووتاره‌كانی
پێشوومدا , باسم له‌وه كردووه كه نه عه‌قڵ خاوه‌نی
ده‌سه‌ڵاتخوازییه و نه ده‌سه‌ڵاتخوازییش خاوه‌نی عه‌قڵه
, به‌ڵكو هه‌ردووكیان ده‌چنه خانه‌ی به‌شه بوونیه
ناوه‌كییه‌كانه‌وه " به‌شه بوونییه ناوه‌كییه‌كان
بریتین له خواسته ده‌روونییه‌كان و خه‌یاڵ و عه‌قڵ و
....هتد" .
عه‌قڵه وورد و تایبه‌تییه‌كان و عه‌قڵه گه‌وره و
گشتییه‌كه , له ڕاستیدا له ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و
پێكهاته‌كانیدا , ئاوا لای منه‌وه ده‌ناسرێن ,, ئه‌گینا
له ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا , كۆمه‌ڵێك عه‌قڵی
سه‌ربه‌خۆ و له هه‌مان كاتیش‌دا ئاوێزانن به شێوه‌ی
دی به یه‌كتری . له ووشه‌ی سه‌ركه‌وتندا , گۆڕان و
پێكه‌نین و چێژ بردن و ژێركه‌وتن و به‌ره‌نگار بوونه‌وه
و ...هتد بوونیان هه‌یه . له ووشه‌ی پێكه‌نیندا , سه‌ركه‌وتن
و خۆشبه‌ختیی و گریان و گۆڕان و ...هتد بوونیان هه‌یه
. له هه‌موو ووشه‌یه‌كدا كۆمه‌ڵێك ووشه‌ی دیكه هه‌ن
. یانی هه‌موو ووشه‌یه‌ك له ناو خۆیدا سیستماتیكه .
به واتایه‌كی دی , هه‌موو ووشه‌یه‌كی تاك , كۆمه‌ڵێك
ووشه به‌ندن پێیه‌وه . كه‌واته هه‌موو ووشه‌یه‌ك
كۆبه‌نده . هه‌موو ووشه‌یه‌كی تاك كه كۆبه‌نده ,
خۆیشی " واته ووشه تاكه‌كه " ده‌بێته‌وه به ووشه‌یه‌ك
له هه‌موو ئه‌و كۆبه‌ندییانه‌ی كه هه‌ر یه‌كێك له
ووشه‌كانی كۆبه‌ندییه‌كه‌ی خۆی " واته كۆبه‌ندی ووشه
تاكه‌كه " دروستی ده‌كات . ده‌سه‌ڵات وه‌كو ووشه‌یه‌كی
تاكی كۆبه‌ند له ناو خودی خۆیدا ئاوێزانه به كۆمه‌ڵێك
ووشه‌ی دیكه‌وه , كه من ئه‌و ووشانه‌م , به شێوه‌یه‌كی
گشتی , له ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا كۆكردووه‌ته‌وه . به
ڕای من هه‌رچی ووشه هه‌یه " ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم به شێوه‌یه‌كی
ڕه‌ها , ئه‌وا ده‌توانم بڵێم به شێوه‌یه‌كی گشتی " ,
هه‌موویان تاكی كۆبه‌ندن . ئه‌و عه‌قڵه وورد و تایبه‌تییانه‌ی
پێكهاته‌كانی ده‌سه‌ڵات , بریتین له‌و عه‌قڵانه‌ی كه
كۆبه‌ندییه‌كه‌یان له ووشه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا دروست
كردووه . عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه‌ش , عه‌قڵی
ووشه تاكه‌كه‌یه كه خودی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی . یانی
هه‌موو ووشه‌یه‌ك كه تاكی كۆبه‌نده خاوه‌نی عه‌قڵێكی
گه‌وره و گشتییه كه هی ووشه ئه‌سڵییه‌كه‌یه و به
تاك ده‌یناسینه‌وه له تاكی كۆبه‌نددا , وه عه‌قڵه
وورد و تایبه‌تییه‌كانیش كه هی ئه‌و ووشانه‌ن كۆبه‌ندییه‌كه‌یان
دروست كردووه , هه‌ر به كۆبه‌ند ده‌یانناسینه‌وه له
هه‌مان ووشه‌ی تاكی كۆبه‌ندا . به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه
جێگای سه‌رنجه , عه‌قڵه گه‌وره و گشتییه‌كه خۆی ,
بریتییه له كۆی عه‌قڵه وورد و تایبتییه‌كان و شێوه‌یه‌كی
جیاواز له به‌رانبه‌ر هه‌موویاندا به خۆیه‌وه ده‌گرێت
. مانای ووشه‌ش هه‌ر به هه‌مان شێوه بریتییه له
كۆی مانا وورد و تایبه‌تییه‌كانی ووشه‌كانی ناو كۆبه‌نده‌كه
. وه چۆن له ووشه‌ی تاكی كۆبه‌ندا یه‌ك عه‌قڵ و یه‌ك
مانای گه‌وره و گشتیی ده‌رده‌كه‌وێت , سه‌باره‌ت به
ده‌نگ و مۆسیقاش هه‌ر هه‌مان شته . ئه‌و تیۆرییه‌ی كه
باس له زمان ده‌كات وه‌كو جیاكاری و بوونی ووشه‌كان
ده‌باته‌وه سه‌ر جیاكارییه‌كانیان , ته‌نها له یه‌ك
لاوه ڕاستییه‌كان ده‌پێكێت . واته په‌ی به یه‌ك
ڕاستیی بردووه له ووشه‌دا نه‌ك به هه‌موو ڕاستییه‌كان
. ڕاسته جیاكاری بۆ ناسینه‌وه‌ی ووشه گرنگه , به‌ڵام
له‌و گرنگتر , تاكی كۆبه‌نده . له تێگه‌یشتن له
تاكی كۆبه‌نده‌وه , تێگه‌یشتن له ووشه به ده‌ست
دێت , نه‌ك له تێگه‌یشتن له جیاكارییه‌وه . جیاكاری
خۆی به‌شێكه له ناو تاكی كۆبه‌ندا .
دۆزینه‌وه‌ی سیمای ده‌سه‌ڵات له عه‌قڵدا دژوار نییه
. ئه‌م تێگه‌یشتنه , جگه له‌وه‌ی له باری لۆژیكییه‌وه
دروست دێته‌وه ¸په‌ی بردنیشه به په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه‌كانی
نێوانیشیان .
به ئامڕاز بوونی عه‌قل َبۆ باڵانس پێكردنی خواستی ده‌روونی
مرۆڤ و به‌دیهاتنه‌كانی , كه له سنووربه‌ندییه‌كاندا
به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه ,,ده‌سه‌ڵات وه‌كو ئامڕازی
جێبه‌جێ كردن , له هه‌ناویدا بوونی هه‌یه . ئه‌وه
عه‌قڵه, كه نه‌خشه داده‌ڕێژێت بۆ به‌دیهاتنی ئاره‌زوویه‌كی
مرۆڤ , یانی كارێك له چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا
به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت , . له پشتی هه‌موو به ئه‌نجام
گه‌یاندنی كارێكه‌وه , سه‌روه‌رییه‌ك بوونی هه‌یه .
ئه‌گه‌ر كار له پرۆسه‌ی به‌كارهێنانی هێزدا , به
شوێن مه‌رامێكه‌وه‌یه و پێی ده‌گات ,, یانی سه‌روه‌رییه‌ك
, جا بۆ هه‌ر كه‌سێك بێت , به ده‌ست هاتووه . كه له
پرۆسه‌ی به‌كارهێنانی هێزدا , سه‌روه‌ری به‌ده‌ست بێت
, یانی ده‌سه‌ڵاتێك هاتووه‌ته به‌رهه‌م . هه‌رچه‌نده
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ناو عه‌قڵدا , بوونێكی كۆنكرێتیی
" عه‌ینیی " نییه , وه‌ك ده‌سه‌ڵاته عه‌ینی و به‌كارهاتووه‌كه‌ی
ناو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ,, به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی
نێوان مرۆڤه‌كان له كۆمه‌ڵگادا , له رَاستیدا
گوێزانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ناو عه‌قڵه بۆ مه‌یدانی
په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان . عه‌قڵ وه‌كو یه‌كێك
له به‌شه بوونییه ناوه‌كییه‌كان كه له خه‌یاڵه‌وه
بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی سنووربه‌ندییه‌كان و له
پێناوی خۆویستنی مرۆڤدا , دێته به‌رهه‌م ,, بێ هه‌بوونی
سیمای ده‌سه‌ڵات له ناویدا , ناتوانێت وه‌كو بوویه‌كی
پێویست و به‌كه‌ڵك , هه‌ڵسووڕێت و چالاكییه‌كانی بباته
پێشه‌وه . نه‌خشه داڕشتنی عه‌قڵ له دووتوێی هه‌لومه‌رجێكی
دیاریكراودا و بۆ دروست كردنی سنووربه‌ندییه‌ك , كه
له پێناوی هاتنه‌دی خواستێكی ده‌روونیدایه , یانی له
باری تیۆرییه‌وه ده‌چێته پرۆسه‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندنی
كارێكه‌وه كه پێداویستییه‌ك پڕ ده‌كاته‌وه و سه‌روه‌رییه‌كیش
بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێت . هیچ كارێك له
دنیادا ده‌ستی پێ نه‌كردووه و به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه
, ئه‌گه‌ر عه‌قڵ بڕیاری له سه‌ر نه‌دابێت . هه‌میشه
عه‌قڵ بڕیاری داوه , جا كار كراوه . خودی بڕیاردان
خۆی ده‌سه‌ڵاته . ماده‌م له ناو عه‌قڵدا بڕیار هه‌یه
, یانی له ناو عه‌قڵدا ده‌سه‌ڵات هه‌یه . یه‌كێك له
توخمه‌كانی عه‌قڵ , به ئاگا بوونه . ئه‌م به ئاگا
بوونه , جگه له‌وه‌ی كه كرۆكی بزووتنه‌وه " حه‌ره‌كه
" له دیارده‌ی عه‌قڵدا پێك ده‌هێنێت , سیمای ده‌سه‌ڵاتیش
له ناویدا جێكه‌وته‌یه . لۆژیك كه ئامڕازی "پێوان
"ه له عه‌قڵدا , به زۆریی له‌م " به ئاگابوون " ه‌وه
, سه‌رچاوه ده‌گرێت . به‌ئاگابوون و لۆژیك و ده‌سه‌ڵات
, له پێكهاته‌كانی عه‌قڵن . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ,
به‌ئاگابوون , پێكهاته‌یه‌كی عه‌قڵه , هێزی بزوێنه‌ریشه
تیایدا " واته له ناو عه‌قڵدا " . نه‌خشه داڕشتنی
عه‌قڵ و بڕیاردان تیایدا , له بناغه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ئه‌م توخمی " به‌ئاگابوون " ه .
ئه‌وه‌ی كه عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاته تاكایه‌تی و سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه ,
له لایه‌نێكیدا ئه‌م سیمای ده‌سه‌ڵاته‌یه له ناو عه‌قڵدا
,, وه له لایه‌نێكی دیكه‌شیدا " به‌جیا له‌وه‌ی كه
عه‌قڵ به شێوه‌یه‌كی گشتی جه‌وهه‌ری ده‌سه‌ڵات پێك ده‌هێنێت
" خول خواردنی عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاته به ده‌وری
خۆویستنی مرۆڤدا . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه سیمای ده‌سه‌ڵات
له ناو عه‌قڵدا هه‌یه , عه‌قڵیش بۆ خۆی توخمێكی ناو
ده‌سه‌ڵاته .
من لێره‌دا نامه‌وێت بچمه ناو درێژه پێدانی زیاتره‌وه
, چونكه ووتاره‌كه‌م له بناغه‌دا بۆ ئه‌م باسه ته‌رخان
نه‌كراوه . مه‌سه‌له‌ی عه‌قڵیش وه‌كو توخمێكی ناو ده‌سه‌ڵات
, لێره‌دا كۆتایی پێ ده‌هێنم و ده‌چمه سه‌ر توخمێكی
دیكه‌ی كه گۆڕانه .
به‌كار هێنانی هێز له لایه‌نێكیدا , دروست كردنی
گۆڕانكارییه . جا ئه‌و گۆڕانكارییه به چ پله‌یه‌ك
بێت و چ پانتاییه‌ك داگیر بكات , هاوكێشه‌كه لاسه‌نگ
ناكات . ناكرێت هێز به‌كار بێت و گۆڕانكاری په‌یدا نه‌بێت
. هه‌موو به‌كارهێنانی هێزێك , گۆڕانكاری له پرۆسه و
ئه‌نجامیدا " واته پرۆسه و ئه‌نجامی به‌كارهێنانی
هێز " به‌شداره . گۆڕان له ووشه‌ی سه‌روه‌ریشدا
ئاماده‌یه . ماده‌م سه‌روه‌ری هه‌یه , یانی
گۆڕانكارییه‌ك ڕوویداوه . گه‌وره‌یی و فراوانی
گۆڕانكاری له ده‌سه‌ڵاتدا , به‌ستراوه‌ته‌وه به گه‌وره‌یی
و فراوانی به‌كارهێنانی هێز و به‌ده‌ست هاتنی سه‌روه‌رییه‌وه
. تا هێزه‌كه زۆرتر بێت و دروستتر به‌كار بێت و
ئاراسته‌ی ڕوو له‌سه‌ری باشتر بگرێته به‌ر , مه‌ودای
گۆڕانكارییه‌كه فراوانتر و سه‌روه‌رییه‌كه‌ش گه‌وره‌تر
و جێگیرتر ده‌بێت . سه‌روه‌ری كه خۆی به‌رئه‌نجامی به‌كارهێنانی
هێزه له سه‌ر به‌رنامه‌ڕێژیی عه‌قڵ , به مانای به‌ده‌ستهێنانی
گۆڕانكارییه‌كه له كێشه و هه‌لومه‌رجێكی
دیاریكراودا . گۆڕان , ووشه‌یه‌كی ناو كۆبه‌نده‌كه‌ی
سه‌روه‌رییه , كه سه‌روه‌ریش بۆ خۆی تاكه كۆبه‌نده‌كه‌یه
. به‌كارهێنانی هێز و سه‌روه‌ری , كه پرۆسه و به‌رئه‌نجامن
, هه‌ڵگری گۆڕانكارییه‌كیشن كه ده‌یهێننه به‌رهه‌م .
گۆڕانكاری , ده‌رهاویشته‌یه‌كی زیاده نییه له ناو
ده‌سه‌ڵاتدا , به‌ڵكو له هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتدا به‌شێك
له پرۆسه‌كه و یه‌كێك له پێكهاته‌كانیه‌تی . ئه‌ڵبه‌ته
كات و شوێن و هه‌لومه‌رج و بزووتنه‌وه " خه‌ره‌كه "
, له‌و توخمانه‌ن كه ڕۆڵی تایبه‌تی حۆیان هه‌یه له
پێگه‌یاندنی گۆڕانكاریدا . گۆڕانكاری له ناو خودی ده‌سه‌ڵاتدا
, سه‌ربه‌خۆ بوون و په‌یوه‌ست بوونی , له یه‌ك پرۆسه‌ی
به‌رده‌وامدا , به یه‌كتریدا ئاڵاوون .
چێژ وه‌رگرتن , یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به ده‌ست
هێنانی ده‌سه‌ڵاته . له ناو خودی ده‌سه‌ڵاتدا جێكه‌وته‌یه
. له دووتوێی خواسته ده‌روونییه‌كاندا , ده‌بێته یه‌كێك
له پێكهاته‌كانی به‌شه بوونیه ناوه‌كییه‌كان . وه‌لانانی
چێژ وه‌رگرتن له ده‌سه‌ڵاتدا , یانی وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات
خۆی . هه‌موو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێك به گوێره‌ی بڕی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی
, مه‌زنایه‌تییه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێت . ئه‌م مه‌زنایه‌تییه
, شۆروشه‌وقێك ده‌باته ناخیه‌وه , كه هه‌موو چركه‌ساتێكی
, چێژ وه‌رگرتنێكه . گرنگیدان به قسه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات
, ڕێز گرتن له كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی , ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كان
بۆی , پیشاندانی ملكه‌چی له ئاستیدا ,, ئه‌مانه هه‌موو
له‌و ئامڕازانه‌ن كه چێژ وه‌رگرتن له ژیان , ده‌به‌خشنه
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات . ئه‌و مه‌زنایه‌تییه‌ی كه خاوه‌ن
ده‌سه‌ڵات به سه‌ر خه‌ڵك و هه‌وادارانی خۆیدا پیاده‌ی
ده‌كات , كاكڵه‌ی چێژ وه‌رگرتنێكه كه ئاماده نییه
, ئه‌گه‌ر بۆ چركه‌یه‌كیش بێت , له ده‌ستی خۆی بدات .
دووكه‌رت بوون له حزبه‌كاندا " به هه‌موو حزبه
كۆمۆنیسته‌كانیشه‌وه له سه‌رانسه‌ری دنیادا " , هه‌میشه
له ده‌سه‌ڵاتخوازیی ڕابه‌ره‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت
. ده‌سه‌ڵاتخوازیی له پرۆسه‌ی به‌رجه‌سته بوونه‌وه‌ی
خۆیدا كه به‌رهه‌م هێنانی ده‌سه‌ڵاته , سامانه
مادیی و مه‌عنه‌وییه‌كانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت
. ئه‌م سامانه مادیی و مه‌عنه‌وییانه له ناو حزبه
ڕاست و چه‌په‌كانی دنیادا , بناغه‌ی كاری ڕابه‌ره‌كان
پێك ده‌هێنێت . چێژ بردن له ده‌سه‌ڵات , به‌جیا له‌وه‌ی
چێژ بردنه له هاتنه‌دی ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتخوازیی
چێژ بردنیشه له‌و سامانه مادیی و مه‌عنه‌وییانه‌ش كه
ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانهێنێت .
له ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا , نه‌ك هه‌ر ته‌نیا سه‌ركه‌وتن
و كۆنترۆڵ و ئۆرگه‌نایز بوون و هه‌ڵاواردن و عه‌قڵ و
گۆڕان و چێژ وه‌رگرتن , كۆبوونه‌ته‌وه ,, به‌ڵكو چه‌ندین
ووشه‌ی دیكه‌ی وه‌كو بزووتنه‌وه و كات و شوێن و ده‌ستكه‌وت
و خۆنواندن و مێژوو ....هتد له‌گه‌ڵیاندا , ئاماده‌ییان
هه‌یه . چوونه ناو شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ووشانه‌ی
كه له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ریدا و له ناو خودی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌دا
, هه‌موانییه‌ك پێك ده‌هێنن ,, من و خوێنه‌ر ده‌باته
مه‌یدانێكی دیكه و باسێكی جیاوازتره‌وه كه مه‌یدان
و باسی تاكی كۆبه‌نده . نه به ڕه‌وای ده‌زانم , له‌م
ووتاره‌دا , زیاتر بچمه پای درێژه‌دانه‌وه به تاكی
كۆبه‌ند , وه نه پێویست بوونی زیاتریش له‌م ڕووه‌وه
ده‌بینم بۆ شۆڕبوونه‌وه به ناو ووشه‌ی سه‌روه‌ریدا .
هێز كه ووزه‌یه‌كی وه‌به‌رهاتووی چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵێك
له ئه‌ندام و كۆئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤن , له به‌كارهێنانیدا
كار و له دروست كردنی سه‌روه‌ریشدا , ده‌سه‌ڵات دروست
ده‌كات . ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه‌كان له به‌رانبه‌ر یه‌كتریدا
, پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه‌كان خۆیانن له به‌رانبه‌ر
سروشتدا . ئه‌گه‌ر له لایه‌نێكیدا چاره‌سه‌ر نه‌كردنی
كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له نێوان مرۆڤه‌كاندا " واته مرۆڤه‌كانی
هه‌ر هه‌موو دنیا " بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ژاریی و ده‌ستكورتی
عه‌قڵ له‌و بواره‌دا , ئه‌وا له لایه‌نێكی تری‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ بێتوانایی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر سروشتدا . به‌و ڕاده‌یه‌ی
مرۆڤه‌كان له ململانێیاندا له‌گه‌ڵ سروشتدا ده‌چنه‌پێشه‌وه
, به‌و ڕاده‌یه ده‌رگیرییان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا كه‌م
ده‌بێته‌وه .
بژار 29\01\2007
|