ماوه‌یه‌که سروودی"ئه‌ی ڕه‌قیب" بووه‌ته بنێشته‌خۆشه‌ی بن
ددانی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که لێره و له‌وێ له سه‌ری ده‌نووسن و
له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێن. هه‌موو ئه‌و قسه‌وباسانه‌ش له‌وه‌وه
سه‌ریهه‌ڵدا، که له یه‌که‌م جڤینی په‌رله‌مانی
تازه‌هه‌ڵبژێردراوی کوردستاندا، له 6ی نۆڤه‌مبه‌ری 2013، گرۆی
کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، له کاتی گوتنی سروودی ئه‌ی
ڕه‌قیبدا، که وه‌ک سروودی نیشتمانی و مارشی نه‌ته‌وه‌یی کورد،
سه‌یر ده‌کرێ، ههڵنهساونهته سه‌ر پێ! ئیدی ئه‌و
ههڵنهسانه سه‌رپێیه، کرایه مۆرێکی خیانه‌ت و نرا به
نێوچاوانی په‌رله‌مانتارانی کۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه، وه‌ک بڵێی
تاوانێکی یه‌کجار گه‌وره‌یان کردبێ و وڵاتیان فرۆشتبێ یا
ڕاده‌ستی نه‌یاریان کردبێ و له‌شکری بیانییان هێنابێته سه‌ر
کوردستان!
ئێمه ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، که سروودی ئه‌ی
ڕه‌قیب، هیچ قانوون و گرێبه‌ست و پێکهاتن و بڕیارێکی بۆ
نه‌دراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سروودی نیشتمانی کوردستان.
ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی به‌وه و ئه‌و
پایه‌یه‌ی پێ داوه، ته‌نێ ئه‌وه‌یه، که له سه‌رده‌می
کۆماری کوردستاندا له مه‌هاباد، وه‌ک سروودی نیشتمانی، چاوی
لێکراوه و گوتراوه و له سه‌رده‌می بزاڤه‌کانی کوردیش‌دا، به
تایبه‌ت له ڕابوونی ئه‌یلووله‌وه و له سه‌رده‌می بارزانیدا
و له لایه‌ن پارتییه‌وه، وه‌ک سروودێکی نیشتمانی،
ژمێردراوه و دواتریش خه‌ڵکه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی کورد، له
هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، هه‌میشه له بۆنه
تایبه‌تییه‌کانی خۆیاندا گوتوویانه‌ته‌وه و به گوێره‌ی
شێوه‌زار و ده‌ڤه‌ریش، گۆڕان به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک و وشه‌کانیدا،
نه‌ک ئاوازه‌که‌ی، هاتووه، له‌وه به‌ولاوه ئیدی ئه‌ی ڕه‌قیب،
هیچ سیفه‌تێکی ڕه‌سمی و قانوونی نه بووه و نه هه‌یه.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ئایینه‌وه ته‌ماشای سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب
بکرێ، وه‌ک که کۆمه‌ڵی ئیسلامی کردوویه‌تی، ئه‌وا دڵداری
شاعیر، ڕێکوڕه‌وان گوتوویه‌تی:"دینمانه ئایینمانه
نیشتمان.."،که هه‌رچه‌نده دین و ئایین هه‌ر یه‌ک واتایان
هه‌یه، به‌ڵام ئیدی له‌وێدا گومانێک نییه، که دڵدار،
نیشتمان ده‌کاته ئایین و پێیوایه ئایینی کورد، یه‌کسانه به
نیشتمانه‌که‌ی. دیاره "خۆشه‌ویستیی نیشتمان له
باوه‌ڕه‌وه‌یه / حب الوطن من الإیمان"، که گوایه
گوته‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه، ئه‌گه‌ر ڕاست بێ، چونکه
به‌شێکی یه‌کجار زۆری ئه‌و گوتانه‌ی، که به‌ناوی
په‌یامبه‌ره‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه، ناڕاستن و هه‌ڵبه‌ستراون و
به ناوی ئه‌وه‌وه گوتراون، ئه‌وا ئه‌و گوته‌یه‌ش ناکاته
ئه‌وه‌ی، نیشتمان ببێته ئایین، به‌ڵکه ته‌نێ ده‌کاته
ئه‌وه‌ی، که خۆشویستنی نیشتمان به‌شێکه له باوه‌ڕ یا که‌سی
باوه‌ڕدار نیشتمانی خۆشده‌وێ. ده‌شگوترێ، که ئیمام عه‌لی
گوتوویه‌تی:" الوطن كالأم فكیف یلام المر‌ء علی حبه، واته:
نیشتمان وه‌ک دایکه، چۆن گله‌یی له مرۆڤ ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر
خۆشی بووێ"، لێره‌شدا ئیمام عه‌لی، نیشتمان ده‌خاته ڕیزی
دایکه‌وه و به ئایین یه‌کسانی ناکات. چوونیه‌ک دیتنی نیشتمان
و ئایین و بهیهکسانزانینی ئه‌و دووه، بۆ موسوڵمانێکی
باوه‌ڕدار، لادانه له بنه‌ماکانی ئایین و به‌و پێیه‌ش،
بۆچوونه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی، به گوێره‌ی باوه‌ڕ و دید و
هزری خۆیان، دروسته و هه‌ڵه نییه.
ئه‌ی ڕه‌قیب، که ئێستا بووه‌ته سروودی نیشتمانیی کوردستان،
له ڕاستیدا سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی کورده، نه‌ک کوردستانیی.
زۆر به ڕوونی ته‌نێ باس له کورد ده‌کات و هه‌ستێکی زۆر توندی
نه‌ته‌وه‌یی به سه‌ریدا زاڵه. له کوردستان، به هه‌موو
به‌شه‌کانییه‌وه، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک و یه‌ک خاکی یه‌کپارچه،
بێجگه له نه‌ته‌وه‌ی کورد، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دیکه،
له‌گه‌ڵ کورددا ده‌ژین، تورکمان، ئاسووری، کلدان، سریان،
ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب و...ئه‌ی ڕه‌قیب، به هیچ جۆرێک، گچکه‌ترین
ئاماژه و ناوهێنانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی تێدا نییه، که‌واته
سرووده‌که، ته‌نێ بۆ خه‌ڵکه کورده‌که‌ی کوردستانه و
سروودێکی نه‌ته‌وه‌ییه، نه‌ک نیشتمانیی کوردستانیی!
به‌شێکی دیکه‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:"ئێمه
ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌وین..."، ئه‌وه به‌ڕاستی گوتنێکه
دوور له ڕاستی و چ پێوه‌ندێکی به کورده‌وه نییه. تا
ئه‌مرۆیش، به هیچ جۆرێک و له لایه‌ن هیچ که‌سێکه‌وه، ئه‌وه
ساغ و یه‌کلایی نه‌بووه‌ته‌وه، که کورد ڕۆڵه یا نه‌وه‌ی ماد
و ماده‌کانه! ئه‌وه‌ی لێره و له‌وێ له لایه‌ن هه‌ندێ
خه‌ڵکه‌وه ده‌گوترێ، ته‌نیا مه‌زه‌نه و ڕهمڵلێدانه و هیچی
تر! تاکه یه‌ک شتی زانستی و مێژوویی یا بچووکترین نیشانه‌یه‌ک
نییه، گرێدراویی کورد به ماد و ماده‌کانه‌وه بسه‌لمێنێ.
هه‌رچی"که‌یخوسره‌و"یشه، که به فارسی به کهیخوسرو"کیخسرو"
ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ، ناوی یه‌کێکه له پادشایانی زنجیره‌ی
"کیانی" و "کیانیان"، که‌یخوسره‌و کوڕی "سیاوه‌ش"ه و
نه‌وه‌ی"که‌یکاوس" و "ئه‌فراسیاب"ه، که "که‌یقوباد" یه‌که‌م
پادشا و "دارا" دواپادشای ئه‌و زنجیره‌یه بوون. کیانیان، له
ده‌ڤه‌ری مازنده‌ران و گورگانی ئێستای ئێران، ده‌سه‌ڵاتدار
بوون. له هێرشه‌که‌ی ئه‌سکه‌نده‌ری مهکهدۆنیدا. بۆ
ڕۆژهه‌ڵات و ئێران، ئه‌و کیانیانهی ڕووخاند و کۆتایی به
دهسهڵاتداریهتییهکهیان هات. باس له‌وه ده‌کرێ، که
کیانیان و ماده‌کان هه‌ر یه‌ک هۆز و ده‌سه‌ڵات بووبن و له
سه‌رده‌مێکدا، که زه‌رده‌شت و ئا‌ڤێستا بووبێ، ئه‌وانه‌ش
بووبن، واته: 700 – 800 ساڵێک پێش عیسا . ئێران، ته‌واوی ئه‌و
مێژووه، به هی خۆی ده‌زانێ، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئه‌و
مێژووه، به هی خۆی بزانێ، ده‌بێ خۆی به به‌شێک له مێژووی
ئێران، بزانێ و ئێرانیه‌تی پێ شه‌رم نه‌بێت و به
شانازییشه‌وه قه‌بووڵی بێت و ئێران و ئێرانیان و
ئێرانناسانیش، وه‌ک به‌شێک له نه‌ته‌وه ئێرانییه‌کان و
مێژووی ئێران، بیانناسن و بیانژمێرن. تا ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌و
تیۆرییه ساغ نه‌بێته‌وه و یه‌کلا نه‌بێته‌وه "ئێمه ڕۆڵه‌ی
میدیا و کهیخوسرهین.."، له قسه‌یه‌کی ڤالا و خۆهه‌ڵکێشانێک
زیاتر نییه و به‌کارهێنانیشی له سروودێکی نیشتمانیی
کوردستانی‌دا، که بۆ ته‌واوی دانیشتووانی کوردستان بشێ، نه‌ک
سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردیی بێت و ته‌نێ بۆ کورد بێت، نه‌ک
هه‌ر پێویست نییه، به‌ڵکه ناپێویست و بێواتایه!
سروودی نیشمانیی سوێد، که به "تۆی دێرین(یا تۆی کۆن، تۆی
له‌مێژینه، پیره تۆ)، تۆی ئازاد../ Du gamla, du fria"،
ناسراوه، به هیچ شێوه‌یه‌ک ناوی وڵاتی "سوێد"ی تێدانییه و
هه‌ست به نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کی سوێدییانه، له سرووده‌که‌دا
ناکرێ و له‌بری سوێد، باس له باکوور و سکه‌ندیناڤیا ده‌کرێ و
له ده‌سپێکیشدا سروودێک بووه بۆ باکوور و ده‌شێ پتر، وه‌ک
سروودێکی سکه‌ندیناڤیایی و باکووریی(ژوورووی ئه‌وروپا)،
ته‌ماشا بکرێ و ئه‌گه‌ر هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌ییشی تێدا بێت،
ئه‌وا هه‌ستێکی سکه‌ندیناڤیایی(ئایسلاندی، نۆروێژی، سوێدی و
دانمارکی) یا هه‌ستێکی باکووریی(ئه‌و چوار وڵاته‌ی پێشوو و
فینلاندی)ی تێدایه . له گه‌لێک بۆنه‌دا دیتوومه گوتراوه و
خه‌ڵکیش هه‌بوونه هه‌ڵنه‌ساون و له‌گه‌ڵ کۆڕ و ئاپۆره‌که‌دا
نهیانگوتووهتهوه و ده‌میان نووقاندووه. هه‌ڵنه‌سان
له‌به‌ر سروودی نیشتمانیی، وه‌نه‌بێ ته‌نێ له کوردستان، ڕوو
بدا، به‌ڵکه له هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه، هه‌ڵسان له‌به‌ر
سروودی نیشتمانی، یا گوتنه‌وه‌ی له کاتی گوتنه‌وه و چڕینیدا
له بۆنه‌کاندا، نه فه‌رزه و نه تۆبزییه، به‌ڵکه مرۆڤ
سه‌رپشک و ئازاده له‌وه‌ی هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ یا نه،
ده‌یڵێته‌وه یا نه!
له پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییدا بووم، له کوڵه‌جۆ، که
ئه‌وده‌می گوندێکی سه‌ر به شارۆکه‌ی کفری و ئوستانی که‌رکووک
بوو، ده‌مخوێند. مامۆستایه‌کی نوێمان بۆ هاتبوو، مامۆستا
"حه‌سه‌ن به‌گی عه‌لی به‌گی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌گی جاف". ئێمه
وه‌ک ماڵبات، تێکه‌ڵاویمان هه‌بوو و ناسیاو و دۆست و خزمی
یه‌کدی بووین. من له ماڵه‌وه و به هۆی ئه‌وه‌ی باوکم
ئه‌وده‌می پارتیی بوو و باسی کورد و کوردستان و پرسی
نه‌ته‌وه‌یی و کتێب و ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردی و باسی
فه‌رهه‌نگی کوردیی له ماڵدا، هه‌مووده‌م هه‌بوو، سروودی ئه‌ی
ڕه‌قیبم له‌به‌ر کردبوو و زۆر باشیشم ده‌گوته‌وه. مامۆستا
حه‌سه‌ن، هه‌میشه ههڵیدهساندم و وه‌ک مایسترۆیه‌کی مۆسیقا،
له‌به‌رده‌م پۆله‌که‌دا ڕاده‌وه‌ستام و به ده‌نگێکی بڵند و
به ئاواز و دهستڕاوهشاندنهوه، ئه‌ی ڕه‌قیبم ده‌گوت و
منداڵانیش به دوومدا ده‌یانگوته‌وه. ئه‌وده‌می له‌ژێر
کاریگه‌ریی ماڵ و جڤاک و فه‌رهه‌نگه باوه‌که‌دا بووم و
زۆریشم، به‌و دینمانه، ئایینمانه نیشتمان(ئێمه ده‌مانگوت
کوردستان) و ئێمه ڕۆڵه‌ی میدیا و کهیخوسرهوینهوه،
خۆههڵدهکێشا. ئه‌وده‌می له‌و دهقهشیعرییهی دڵداری شاعیر،
تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئێستا تێیده‌گه‌م و ده‌زانم، ئه‌و سرووده
ته‌نێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورده و پڕه له بزواندنی هه‌ستی
نه‌ته‌وه‌یی به دیوه نهئێنییهکهیدا . تۆ خۆت له جێی
تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان، ئه‌رمه‌ن، یا عه‌ره‌بێکی
کوردستان دابنێ و گوێ ڕادێره بۆ خهلقوڵڵای کورد، کاتێک به
ده‌نگێکی توند و گڕه‌وه هاوار ده‌که‌ن و ده‌قێڕێنن و سروودی
ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ڵێنه‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی بیبه‌رێکی توون، یه‌کجار
توون، له چاوت ده‌که‌ن و مێشکت ده‌رزیئاژن ده‌که‌ن و تیرێکی
تیژ له هه‌ناوت ده‌ده‌ن. ئه‌ی ڕه‌قیب، بۆ تۆ پڕه له
تووڕه‌یی و تیژی و توونیی، چونکه به هێچ جۆرێک ئاوڕێک له
هه‌ستی تۆی ناکورد، به‌ڵام کوردستانیی، ناداته‌وه و تۆ
ناژمێردرێی و ناخوێنرێیتهوه! بۆ کوردستانێک، که نیشتمانی
کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه بێت، ئه‌ی ڕه‌قیب، هه‌رگیز به‌که‌ڵک نایه‌ت
و ده‌بێ بیر له گۆڕینی بکرێته‌وه و سروودێک جێی بگرێته‌وه،
کوردستان، وه‌ک نیشتمانێک بۆ هه‌موو کوردستانیان، به
جیاوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیانه‌وه، وێنا بکات و
بخوێنێته‌وه!
ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، له
جڤینه‌که‌ی په‌رله‌ماندا کردوویانه و گوتوویانه، نه
هه‌ڵه‌یه، نه خیانه‌ته، نه ناقانوونییه، نه دژایه‌تی
کورد و کوردستانه و نه پاشێلکردن و سووکایه‌تیکردنه به
پیرۆزیی، به‌ڵکه داخوازیی پێداچوونه‌وه و ڕاستکردنه‌وه‌ی
هه‌ڵه‌یه‌کی چه‌ندین ساڵه‌ی جێگرتوو و باوه، که گه‌ره‌که
ئیدی چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌ی ڕه‌قیب، وه‌ک هه‌موو شتێکی ئه‌م
گه‌ردوونه و هه‌موو شتێک له هه‌بووندا، پیرۆز نییه و
ئه‌گه‌ر به‌لای خه‌ڵکانێکیشه‌وه پیرۆز بێت، ئه‌وا پیرۆزییه‌کی
هه‌میشه‌یی نییه و هه‌موو پیرۆزییهکیش بهرگۆڕان و
بهرگهنگهشه و بهرکاڵبوونهوه و بهرنهمانه.
27 – 11 - 2013
-------------------
http://www.loghatnaameh.org
|