لەماوەی پێشودا چەند ڕووداوێکی تیرۆریستی کوردستانی گرتەوە، کە
هەرهەموویان هەڵگری ئاماژەیەکی ئێجگار ترسناکن بۆ سەر ئەم
هەرێـمە. هەر لەگەڵ تەواوبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی
دەرئەنجامەکانی، یەکسەر لە هەولێری پایتەختدا ، تەقینەوەیەکی
گەورە هەولێر و کوردستانی هەژاند. پاشان تیرۆرکردنی چەند
کەسایەتییەی دیار، لەوانە پاسەوانە شەخسیەکەی مام جەلال و چەند
کەسایەتیەکی تریش. هەفتەی پێشووش دوو کرداری تیرۆریستیانە،
دیسانەوە گەرمیان و کوردستانی بریندارکردەوە.
کردەوە تیرۆریستیەکەی شاری کەرکوک ، خۆی لەخۆیدا زەنگێکی
ئێجگار مەترسیدار بوو بۆ ئەمشارە بریندارە، تیرۆریستان بە ڕۆژی
ڕووناک پەلاماری ئەو دەزگایە دەدەن و بنکەکەی داگیردەکەن، کە
دەبوایە پارێزگاری لە خەڵكی بکات دژ بە تیرۆریستان. لێ هەواڵی
جەرگبڕ ، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانی هاورێ و هاوپیشەمان کاکە کاوە
گەرمیانی بوو، کە هەموومانی توش شۆکێکی دەروونی و رۆحی
گەورەکرد.
دیارە گەرمیان لە دیرۆکی کوردیدا، ئاماژەیە بۆ تراژیدیایەکی
گەورەو ترسناک، هەموومان یەکسەر تراژیدیای ئەنفالمان
بیردەکەوێتەوە. لێ بەداخەوە ئەمجارەیان لەلایەن هێزێکی
داگیرکەرەوە پەلاماری گەرمیان نەدرا ، تاوەکو ڕۆڵەکانی بکوژێت،
بەڵکە لەسایەی دەسەڵاتێکی کوردییەوە، بە ڕۆژی ڕوناک، ڕۆڵەیەکی
زیرەک و چالاکی دەڤەری گەرمیان تیرۆر دەکرێت.
فەیلەسوف نێوداری ئینگلیزی " تۆماس هۆبز" دابینکردنی " ئەمنیەت
و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان" بە کاری سەرەکی دەوڵەت داناوە، بگرە
هۆبز بە پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسوفانی تری ئینگلیزی و ئوروپی،
تاکە هۆکاری بۆ دروستبوونی دەوڵەت ، گەڕاندۆتەوە بۆ پاراستن و
بەرگریکردن لە هاوڵاتیان و ئەمەشی بەکاری سەرەکی دەوڵەت
داناوە. دیارە یەکێک لەکارە سەرەکیی و گرینگەکانی دەوڵەت ،
دابینکردن ئاسایش و پاراستنی ماف و ژیانی هاوڵاتییانە. گەر
حکومەتکیش نەتوانێت باری ئەمنی و ئاسایش بۆ هاوڵاتییانی ژێر
قەڵەمڕەوی خۆی مسۆگەر بکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو
حکومەتە یان بە واتایەکی تر ئەو حزبەی کە حوکمڕانیی دەکات، لە
بەڕێوبردنی دەوڵەتدا فەشەلی هێناوە.
لە لایەکی ترەوە هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی ئەم دواییە،
هەڵگری پەیامێکی ئێجگار ترسناکن بۆ ئەم هەرێمە. ئەمە مانای
ئەوەیە کە ئەم هەرێمەی ئێـمە دیسانەوە ڕووبەڕوی توندوتیژی
دەبێتەوە. هەرچەندە هەتاوەکو ئێستاش ئێمە نازانین کێ لە پشت
ئەم کارە تیرۆریستیانەوەیە، لێ ئەوەی بەلای منەوە گرینگە
ئەوەیە، کە دیسانەوە لایەنە دژ بەیەک و نەیارەکانی گۆڕەپانی
سیاسی کوردی، هانا بۆ زمانی کوشتن و توندوتیژی دەبەن.
مێژووی گەلان پێمان دەڵێن، کە هەمووکاتێک تیرۆر هەڵگری
پەیامێکی ترسناکە بۆ دەوڵەتەکان. نازییەکان پێش ئەوەی بێنە سەر
حوكم و ببنە حاکمی موتڵەقی ئەڵمانیا، سەرەتا هانایان بۆ
تیرۆرکردنی لایەنە نەیارەکانی خۆیان برد، پاشانیش کە
بەتەواوەتی دەسەڵاتییان گرتە دەسەت، تەواوی نەیارەکانی
خۆیانیان لە ناوبرد و مرۆڤایەتییان بەرەو نەهامەتییەکی گەورە
برد. بەعسیەکانیش بەهەمانشێوە، پێش ئەوەی ساڵی ١٩٦٣ دەسەڵات
بگرنە دەست، سەرەتا بە تیرۆر دەستیان پێکرد، سەدام بۆ خودی خۆی
بەشداری هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک قاسم بوو، لێ کاتێک ١٩٦٣ هاتنە
سەر دەسەڵات، قەسابخەنەیەکی گەورەیان بۆ نەیارانییان دانا و
جەهەنەمێکیشیان بۆ عێراق و دراوسێکانی خوڵقاند. لە وڵاتی
لوبنانیش پێش ئەوەی جەنگی ناوخۆ ڕووبدات، سەرەتا لایەنە
سیاسییەکان بە تیرۆر دەستیانپێکرد، پاشان ئاگری جەنگی ناوخۆ
هەموو وڵاتی گرتەوە.
گەر سەیری مێژووی کوردستانیش بکەین دەبینین پێش جەنگی ناوخۆ ،
لە سەرەتای نەوەتەکاندا، هەڵمەتێکی تیرۆری نەگریس کوردستانی
گرتەوە، دەیان کەسی سیاسی و رووناکبیر تیرۆرکران. لەپاش
هەڵمەتی تیرۆر ئینجا ئاگری شەری ناوخۆ هەڵگیرسا.
ئەم کردەوە تیرۆرانەی ئەم دواییە ، تیرۆرەکانی ساڵانی
نەوەتەکانمان بیردەخاتەوە، کە پاشان کارەساتی جەنگ ناوخۆی بە
دوای خۆیدا هێنا. ئەم کۆمەڵە تیرۆرو کوشتنەی ئەم دواییەش ،
هەموویان هەڵگری پەیامێکی ترسناکن، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت،
کە لایەنە نەیار و جیاوازەکان ، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان خۆیان
چارەسەر بکەن، هانا بۆ کوشتن و تیرۆر دەبەن، ئەمەش مانای
ئەوەیە، کە جارێکی تر زمانی چەک و توندوتیژی ، بەسەر زمانی
دیالۆگ و عەقڵدا زاڵ دەبێت، کەئەمەش بەرەو کارەسات و نەهامەتی
گەورەمان دەبات.
|