بێباكییەكەی حزب و هێزو لایەنە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە بەرامبەر
بەوەی هەتا ئێرە بەدیهاتووە، بەرامبەر بەوەی هەتا ئێستا
قوربانی لەپێناودا دراوە، بەرامبەر بەهەبوونی یەكتری، ئەوەتا
هەبوونە جڤاكییەكەی بەمانای وشە، یانی بەهەموو ماناكانییەوە،
بردوەتە ژێر پرسیارو مەترسیەكانی لەناو چوونەوەو،
تەموومژاویكردوە !..
ئێستا لەم وڵاتەدا، ئێستا لەم بەشە كوردستانە ڕزگاركراوەدا،
چاندنی تۆوی باوەڕایی گەوجێنەرو گوێڕایەڵیكردنی كوێرانە،
گەواهیدانی درۆزنانە، تۆمەتباركردنی بێمروەتانە، تۆخكردنەوەی
ئەم ڕەنگ و كاڵكردنەوەی ئەو ڕەنگ لەخوێناوی بەقوربانیكراوو
قوربانیدەردا، تەنها لەپێناو سڕینەوەی یەكتریدا، تەنها لەپێناو
ڕەوایەتیدان بەناڕەوایەتیدا، تەنها لەپێناو جێپێكردنەوەی خودو
شوێنپێكاڵكردنەوەی ئەودا، بووە بەشای هەموو شتێك !..
چەند بەرزە فڕن ئەو مرۆڤانەی لەپێناو هێنانە ئاراوەی ژیانێكی
باشتر، هەبوونێكی شایستەتردا، شەهید دەبن، چەند نەمرن ئەو
مرۆڤانەی بەزیندویی دێنە دنیاوەو، هەر بەزیندویش دەمرن، بەڵام
بەداخەوە، بێباكی حزب و هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە
بەرامبەر بەخەون و خەمە جڤاكییەكە، ئەوەندە ئاست نزمە،
وایكردوە تاكە خاوەن نەخشەكان، وایكردوە نووسەرو ڕۆژنامەوان و
مەخلوقە ئازادیخوازەكان، لانیكەم وەها شەرەفێكیان بەبەردا
نەبڕێت، وایكردوە باوەڕی لایەنداری لەعەقڵگەرایی باڵاتر
ببیندرێت، وایكردوە ژانی لەدایكبوونی عەقڵ و عەقڵانیەت، لەژێر
پرسیارو مەترسیەكانی لەبار چووندا، وەك هەمیشە لەچەمك و فۆڕمی
جیاوازدا خۆی وێنا بكاتەوەو بناڵێنێت !..
عبدالستار، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی
و، هەموو ئەوانەی ڕفێندران، هەموو ئەوانەی بێسەرو شوێنكران،
هەموو ئەوانەی سنوردارو زیندانی و غەڕامەو ئازار دران، ئامانجی
وەها بێباكییەك بوون بەرامبەر بەكەوڵكردنی یەكترو ساغكردنەوەی
ململانێكانی نێوان حزب و هێزو لایەنە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە،
نەك قوربانی ڕوانگەو هزرو كاریگەری پێگەو توانستەكانی
پیشەگەرییان .
ئەمە لەكاتێكدایە، هەر یەك لەحزب و هێزو لایەنە سیاسیەكانی
كوردستان، لەوپەڕی ڕاستیانەوە تا ئەوپەڕی چەپ، ڕۆژانە
تەبلیغاتی ئەوە دەكەن، مافێكی بنەڕەتی مرۆیی و سروشتیە، هەر
مرۆڤێك بییەوێ بەپێی خودی باوەڕەكانی خۆی، ژیانبكاو ئەزموون
بكات، بەدڵنیاییەوە، سەپاندنی هیچ شێك بەشێك نییە لەماف و
ئەرك، بەڵكو ئەوە ویستی ئازادە بەرەو كەمالیەتمان دەبات، نەك
ترس و تۆقاندن و تیرۆرو بڵاوپێكردنی هزری گەوجاندن و،
دیماگۆجییەت.
بەڵام ئەوەتا لەسایەی ئەم ڕەوشە بێباكییە تەژی لەغەوشەی تەواوی
ئەم حزب و هێزو لایەنە سیاسیانەدا، دەیانساڵە بەدەیان نووسەرو
بەدەیان ڕۆژنامەوان و بەدەیان خەڵكانی خاوەن نەخش،
دەترسێندرێن، زیندانی و بێسەرو شوێن و تیرۆر دەكرێن، بەتەنها
لەپێناو بەلادابردنی ململانێ حزبییەكانی نێوانیان، ئەوەتا
دەیانكەنە ئامانج، سەرئەنجامیش زەرەرمەندە یەكەمەكە بەتەنها
هەر بەقوربانیكراوەكەو، قوربانیدەرەكەی لێكەوتووەتەوەو
لێدەكەوێتەوە.
بۆچی؟، چونكە دروست دۆسییەی بەقوربانیكراوەكە، بەحزبی و
بەسیاسی كراوەو، دەكرێت، هەرگیز دەرفەتی ئەوە لەبەردەمی
دۆسیەكاندا ناهێڵنەوە، تا ڕەوتە ئاسایی و یاساییەكەی خۆی
بگرێت. لەبە ئەوە ئەگەر خانەوادەو خەڵكانی مەدەنی و
ئازادیخوازانی ئەم وڵاتە، وەك ئەوەی پێویستە نەیەنە سەر هەست
جوڵاندنی خەڵك، تا بەر بەوەها هەمەكییەت و بێباكییەك بگرن،
ئەوە بەدڵنیاییەوە، دۆسیەی ڕۆژنامەوانە تیرۆركراوو
جوانمەرگكراوەكەی گەرمیانیش"كاوە گەرمیانی" بەهەمان ئەو دەردەی
ئەوانی دی دەبردرێت. چونكە بەتەجروبە دەركەوتووە، بەسیاسیكردنی
دۆسییەی ڕۆژنامەوانە زوڵملێكراوەكانی رابردو، دواینجار هێندەی
دۆسییەكانی ئەوانی دیزە بەدەر خۆنەكرد، ئەوەندە نەیتوانی
بیانگەیەنەتە ئەنجام و ساغكردنەوە.
بەڵایە سەدای دەنگ، كوشندەیە ناونیشان، بێئەوەی بەخۆتبزانی،
بێباكی دەتكاتە ئامانجی بەلادابرنی ململانێیە حزبییەكان، لێرە
وایە، ناونیشانێك دەپوكێننەوە تا بێناوێك شكۆفە بكات، سەدایەك
دەبێ بخنكێت تا نەشازێك ببێت بەجێگرەوە، لەبەر ئەوە، بەحزب و
سیاسیكردنی هەر دۆسییەكی وەها، جا لەلایەن هەر حزب و هێزو
لایەنێكی سیاسییەوە بێ، تەنها لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێكی
دیاریكراودایەو، بەر لەهەر شتێك دەچێتە خانەی تیرۆركردنی
حەقیقەتەوە.
سەرنجبدەن، ئەم هەموو كوشتارەی بەناوی " ئازادی، شەرەف، پارە "
لەم وڵاتەدا خەریكە دەبێ بەدیاردەیەكی بەرپێنەگیراو، ئەرێ
ئایا نیشانەی ئەوەیە ئەم میللەتە لەبنەمادا ئەوەندە بەر بادو
بەربەری و ماددییە؟، ئەرێ ئایا وەها كوشتارگەیەك دەرئەنجامی
نائاگامەندی و نالێبوردەیی و ناشكۆمەندی ئەم میللەتەیە؟، یان
لەبنەمادا، دەرهاویشتەی سەرئەنجامی مفرەداتی فورسەتبازی
ئۆینبازە بێباكەكانی ئەم وڵاتەیە وایكردوە خەڵك ناچار بەشێوە
ڕەفتارێك بكرێ، ئەسڵەن خۆی هەڵینەبژاردوەو، ڕەنگكراوە، میڵتۆن
دەڵێت" ئازادی باشترین قوتابخانەی فەزیلەتە." بەڵام فەزیلەت
تەنها كاتێك ڕاست و چاكە ئەگەر ئازادانە هەڵبژێردرابێت، ئەگەر
لەدەرەوەی ویستەكانی خۆی، ڕەنگنەكرابێت.
حزب لەدەرەوەی پڕۆگرامە فەرمییە ڕاگەیەندراوەكەی خۆی، ئەگەر
وەك تاكتیكێكی ئانی یا ستراتیژیش بێت، مافی ئەوەی نییە چیپێخۆش
بێت ئەوە بكات، هەروەك ئەوەی ئەمە سەبارەت بەحكومەتیش هەر
ڕاستە، ئەویش ئازاد نییە لەدەرەوەی سیستەمی بڕیارلێدراوی
حكومڕانێتیدا، چیپێخۆش بێت ئەوە بكات، تەنانەت ئەگەر ئەو شتە
ببێتە مایەی هێنانە ئاراوەی هەبوونێكی شایستەتریش، ئەگەر بەر
لەوە هەم پڕۆگرامە حزبییەكەو هەم دەستورە حكومڕانێتیەكەیش
پێویستییان بەهەموواركردنەوەو، گونجاندنەوەی هەبێ، ئەوە
دواینجار رێسایەك هەیە، ڕێسای سروشت، ئەو وەك حوكمێكی
هەتاهەتایی بۆ هەموو مرۆڤەكان و، یاسادانەران و هەروەها ئەوانی
دیكەش دەمێنێتەوە، بەڵام لەكوردستاندا، جگە لەوەی دەستورێكی
پەسندكراو نییە، حزب هەیە واتێدەگا، ئەوەی هەیە خۆرسكانە لەژێر
دەسەڵاتی ئەودایەو، هەر جۆرە لادانێكیش لەبری ماف، بەدەرچوون
لەپرەنسیپە جێگرەكانی خۆی دەبینێت، هەیشە هەر بوارو هەنگاوێك
بەئاڕاستەی تەنانەت گەشەكردنیشدا، بكەوێتە دەرەوەی سەرچاوە
جێگرەوەكانی پاكێجەكەی خۆی، ڕەتیدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بشلوێت
بۆی، بەر لەهەر شتێك لەداگیركردنی ماڵەكانی خوداو، خوێندنگەو،
خانەی خانەوادەكانەو، یاریگەو مەلەوانگەكانەوە دەستپێدەكات.
ماوەتەوە بگوترێت، ئێستا پەلاماردانی " ی.ن.ك " و، بەرگرتن
بەپەرلەمانتارەكانی، دەچنە خانەی وەها بێباكیەتێكەوە،
لەكاتێكدا، زەرەرمەندی یەكەم لەتیرۆركردنی شەهید كاوە
گەرمیانی، بەر لەخانەوادەكەی و بەر لەهەر شتێك، خودی یەكێتێی
نیشتیمانی كوردستانەو بەر لەهەر لایەن و حزبێكیش دەبێ "ی.ن.ك"
ئەم دۆسییە بەهاوكاری دامەزراوە ئەمنییەكان و خەڵكانی تری
ئازادیخواز، ساغبكاتەوەو، وابكا حكومەت بەبێ سڵەمینەوە
ئەنجامەكانی بخاتە بەردەم میدیاو خەڵك، ئیدی موزایەدەی هەر
هێزو لایەنێك، هات و هاواری هەر تاك و گروپ و كۆمەڵێك،
لەدەرەوەی ئەم لۆژیكە، بۆ تیرۆركردنی ڕاستیەكانە، بۆ ئەوەیە
ئەم دۆسییەیەیش وەك دەیەها دۆسییەی تری هاوشێووە، دواینجار
نەگاتە دوا وێستگەو هەنگاوەكانی ساغكردنەوە.
|